١٠ درۆ کە ڕێگرە لە دڵخۆشی و پێشکەوتنت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-02-15:15:00 - کۆدی بابەت: 5717
١٠ درۆ کە ڕێگرە لە دڵخۆشی و پێشکەوتنت

ناوه‌ڕۆك

وشەی ڕوخێنەر

دڵخۆشی و وزە لەو تایبەتمەندیانەن کە تەنها خۆتیت دەتوانیت بەدەستی بهێنیت، وە هەر خۆتیت کە دەتوانیت لە دەستی بدەیت بە چەند درۆیەک کە لەگەڵ خۆتدا دەیکەیت و دەبێتە هۆکارێک بۆ ڕێگریکردن لە بەرەوپێش چوون و دڵخۆشیت.

هەندێک لەو درۆیانەی کە دەیکەیت، بۆ ئەوەیە کە خۆشحاڵتر ببیت و ڕزگارت ببێت لە کێشەکانت، بەڵام درۆکردن هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و هەمیشە هەستێکی ناخۆشت پێ دەبەخشێت.

دە درۆ کە ڕێگرە لە دڵخۆشی و پێشکەوتنت

"من ناتوانم هیچ کارێک بکەم"

وتنی ئەم ڕستەیە هیچ نییە جگە لە شکستهێنان بە کەسایەتی خۆت، کاتێک ئەم ڕستەیە دەڵێیت مێشکت وات لێدەکات کە باوەڕ بەوە بهێنیت کە هیچ هەوڵدانێک و ڕێگا چارەیەک سوودی نییە بۆ کێشەکەت.

هەمیشە شتێک هەیە کە دەتوانیت ئەنجامی بدەیت، تەنها بیرکردنەوەت بگۆڕە و بەرپرسیارێتی خۆت لە ئەستۆ بگرە.

"ژیان دادپەروەرانە نییە"

ئەمە تەنها بیانوویەکە کە لە پشت وشەیەکی ڕوونەوە شاراوەتەوە، بە وتنی ئەوەی کە ژیان دادپەروەرانە نییە، ئیزن بە خۆت دەدەیت کە لە دڵی خۆتدا نوقم ببیت و بەردەوام خۆت بەراورد بکەیت لەگەڵ کەسانی تردا، هەرگیز ئەم بیرۆکانە یارمەتی بەرەوپێشچوونی ژیانت نادەن.

"من پێویستم بە هۆکاری زۆرە بۆ دڵخۆشبوون"

ئەگەر بەردەوام بەدوای هۆکاری زۆرەوەی لە ژیانتدا تا خۆشحاڵت بکات، ئەوا هەرگیز خۆشحاڵیت دەست ناکەوێت، خۆشبەختی و دڵخۆشی هەمیشە بوونی هەیە و تەنها لە داهاتوودا نییە تاکوو چاوەڕێ بیت کە پێی بگەیت، تەنها پێویستە کە چاوەکانت بکەیتەوە و ئەو هەموو هۆکارە ببینیت بۆ دڵخۆشبوونت.

کاری نوێ و کڕینی ئۆتۆمبێل و هیچ کام لەمانە ناتوانن خۆشحاڵت بکەن ئەگەر ئێستا بەوەی کە هەتە دڵخۆش نەبیت و پێی ڕازی نەبیت.

"من ئامادە نیم"

لە ڕاستیدا مرۆڤ هەستی ئامادەیی نییە و دەترسێت، لە ئەنجامی ئەو کارە دەترسێت کە بڕیارە دەستی پێ بکات و بۆیە دەڵێت کە ئامادە نیم بەڵام تاکوو کارێک ئەنجام نەدەیت تواناکانت دەرناکەوێت و بەهرەکانی خۆتت بۆ دەرناکەوێت، بۆیە مەترسە و ئامادەبە.

"نازانم کە دەبێت چی بکەم"

لەوانەیە هەست بکەیت کە وەک بڵێیت ون بوویت، گێژیت و نازانیت کە دەبێت چی بکەیت، لەوانەیە ئەم هەستانەت بۆ دروست ببێت بەڵام هەرگیز مەهێڵە زاڵ ببێت بە سەرتدا، چونکە هەموو مرۆڤێک ئامانجێکی هەیە و دەزانێت دەیەوێت چی بکات.

"ئەگەر تەنها بمتوانیایە ئەوا ژیانم نایاب دەبوو"

ژیان خۆی نایابە ئەگەر بە شێوازێک لێی نەڕوانیت کە هەمیشە دەبێت چاوەڕێ بکەیت تاکوو ژیانێکی نایابت هەبێت، دڵخۆشیەکانت سنووردار مەکە، وا مەزانە کە ناتوانیت کارێک بکەیت لە ژیانتدا و مەرجە کە کارێکی زۆر گەورە بێت تاکوو ژیانت نایاب بکات.

"کاتی پێویستم نییە"

کات هەموو شتێکە کە ئێمە هەمانە، کاتی پێویست هەیە بۆ هەموو کارێک کە دەمانەوێت لە ژیانماندا بیکەین، تەنها ئەوەیە کە دەبێت پلەبەندی بکەین و کاتی زیاتر ببەخشینە کارە پێویستەکانی ژیانمان و لە کاری گرنگەوە دەست پێ بکەین.

"وا باشترە بدەیت تاکوو وەربگریت"

زۆرینە فێرین کە بەردەوام هەموو شتێک بدەین، کاتمان و وزەمان و پارەمان هەر دەدەین و دەدەین و بەڵام هەرگیز بیرمان لەوە کردووەتەوە کە وەربگرین؟
ڕاستە پێدان و بەخشین زۆر گرنگە، بەڵام لەبیری مەکە کە وەرگرتنیش گرنگە بۆ خۆت، بیرکەرەوە چ هەستێکی خۆشە کاتێک دایکت ٢٠ هەزارت پێ دەدات، یاخود کەسێک یارمەتیت دەدات لە کارێکدا.

"هیچ کەسێک لە من تێناگات"

زۆر کەس هەیە لەم دونیایەدا کە بەتەواوی لێت تێدەگات و هەمان کێشەی تۆی هەیە، بۆیە هەرگیز وامەزانە تەنهایت و تەنها تۆ لەو بارودۆخەدایت و کەس لێت تێناگات.

"من دۆڕاوێکم"

ژیان ٪١٠ـی ئەو ڕووداوانەن کە ڕوودەدات بۆت و ٪٩٠ـی کاردانەوەی خۆتە بۆ ئەو ڕووداوانە، کاتێک شکستێکی بچوک دەهێنیت وامەزانە کەسێکی دۆڕاویت و کاردانەوەیەکی وات نەبێت کە تەواوی ژیانت بخاتە مەترسییەوە و وابزانیت دونیا کۆتایی هاتووە.


سەرچاوەکان



1102 بینین