بۆچی نابێت خانمانی دووگیان شتی قورس هەڵبگرن؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-02-15:36:00 - کۆدی بابەت: 5718
بۆچی نابێت خانمانی دووگیان شتی قورس هەڵبگرن؟

ناوه‌ڕۆك

هۆکار چییە کە نابێت خانمی دووگیان شتی قورس هەڵگرێت؟ 

جەستەی خانمی دووگیان لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکەی سکیدا بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، هەر بۆیە هەڵگرتنی شتی قورس پەستان دەخاتە سەر ماسولکەکان و منداڵدانی خانمەکە.

هۆکاری سەرەکی بریتییە لە زیادبوونی مەترسی لەبارچوون لەسەر خانمەکە، ئەو خانمانەی شتی قورس هەڵگرن مەترسی لەبارچوونیان زۆر زیاترە لەو خانمانەی کە شتی قورس هەڵناگرن.

جەستەی خانمان لەماوەی دووگیانیدا گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت، منداڵدان دەکشێت و گەورە دەبێت ناوچەی حەوز فراوان دەبێت و جەستەی دایکەکە ناسک دەبێتەوە و قورسە بۆی بتوانێت هەمان ئەو کارانە بکات کە پێش دووگیانی کردوویەتی.

ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی خانمەکە دەبنەوە لە کاتی هەڵگرتنی شتی قورسدا

لەبارچوون

ئەگەر دووگیانیەکی قورست هەیە و یاخود مەترسی منداڵبوونی پێش وەختەت لەسەرە پێش هەر کارێک کە دەتەوێت بیکەیت ڕاوێژ بە پزیشک بکە وە بە هیچ شێوەیەک شتی قورس هەڵمەگرە چونکە تووشی لەبارچوون دەبیت.

زیان گەیشتن بە ناوچەی حەوز

بە دێژایی ماوەی دووگیانی ماسولکەکانی ناوچەی حەوز دەکشێن، هەڵگرتنی شتی قورس زیانێکی زۆر دەدات لە ناوچەی حەوزت کە دەبێتە هۆی ئەوەی میزت بۆ کۆنتڕۆڵ نەکرێت ئەمە جگە لە مەترسی لەبارچوونی منداڵەکەشت.

کەوتن

کاتی دووگیانی جەستەت خۆی قورسە و منداڵێکت پێیە و لەوانەیە لە کاتی ڕۆشتنی ئاسایشدا بکەویت و هاوسەنگی خۆت لە دەست بدەیت، بۆیە ئاگاداربە کاتێک کە دەچەمیتەوە و دەتەوێت شتێکی قورس هەڵبگریت ئەگەری زۆرە لەوکاتەدا بکەویت و زیانێکی زۆر بە خۆت و منداڵەکەت بگات، بە تایبەت لە سێ مانگی کۆتایی دووگیانیەکەدا کەوتن زۆر مەترسیدارە چونکە دەبێتە هۆی خوێن بەربوون و منداڵبوونی پێش وەختە یاخود لێبوونەوەی وێڵاش.

زیان گەیشتن بە پشت

منداڵدان لەماوەی دووگیانیدا دەکشێت و بەرەو ناوچەی کەمەر و پشت دەڕوات، خانمان بەردەوام کاتی دووگیانی ئازاری پشتیان هەیە چ بە هەستانەوەوە بێت یاخود پاڵکەوتن و دانیشتنەوە، بۆیە زۆر گرنگە کە شتی قورس هەڵنەگرن و ئەوەندەی کە پەستان نەخەنە سەر پشتیان، چونکە ئەو زیان و ئازارەی کە بە پشت دەگات ئەوکاتە لەوانەیە تا ماوەیەکی زۆریش دوای منداڵبوون بەردەوامی هەبێت.


سەرچاوەکان



3652 بینین