١٠ ڕێگا بۆ توندکردنەوەی پێستی سک دوای منداڵبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-08-13:40:00 - کۆدی بابەت: 5789
١٠ ڕێگا بۆ توندکردنەوەی پێستی سک دوای منداڵبوون

ناوه‌ڕۆك

شل بوونی پێستی سک دوای منداڵبوون

ماوەی نۆ مانگ ئافرەت منداڵێکی لە سکیدا هەڵگرتووە و چەندین گۆڕانکاری جیاواز بەسەر جەستەیدا هاتووە، لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکە منداڵدانی خانمەکەش گەورە بووە و کێشی هاتووە و پێستەکەی شل بووەتەوە، بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە جگە لەم چەند ڕێگایە پێویستە خانمەکە ئارامگر بێت و وردە وردە هەنگاو بنێت.

١٠ ڕێگا بۆ توندکردنەوەی پێستی سک دوای منداڵبوون

دابەزاندنی کێش بە هێواشی

دابەزاندنی کێش زۆر گرنگە تاکوو پێستی شلبووەوەی جەستە توند ببێتەوە، بەڵام گرنگە بە لەسەرخۆیی ئەم کارە بکەیت و هەنگاو و بە هەنگاو ڕۆژانە، نەک ئەوەی بە خێرایی بتەوێت کێشت داببەزێنیت و پێستت توند ببێتەوە چونکە ئەم ڕێگایە هیچ سوودێکی نابێت.

وەرزشی بەردەوام

ڕاستە دوای منداڵبوون جەستەت لاواز دەبێت و پێویستت بە پشوودانێکی باشە، بەڵام دوای ماوەیەک ئیدی دەبێت بیر بکەیتەوە کە جەستەت بگەڕێنیتەوە باری پێشووی و دەست بکەیت بە وەرزش کردن، پێویست ناکات وەرزشی قورس ئەنجام بدەیت، ڕێ ڕۆشتن و یۆگا زۆر سوود بەخشن، کاتێکیش کە پزیشک پێی وتیت کە ئێستا جەستەت ئامادەیە و دەتوانیت وەرزشی تر ئەنجام بدەیت، ئەوا دەست بکە بە چەند وەرزشێکی تایبەت بۆ بچوککردنەوەی سک و پاڵکەوتن و هەستانەوە و پاسکیلسواری، یۆگا و ڕێ ڕۆشن جەستە ئامادە دەکەن کاتێک پێش ئەم وەرزشانە ئەنجامی دەدەیت و زیاتر سوودیان لێ دەبینیت، ڕاستە خانمەکە ناتوانێت بە هۆی منداڵە بچوکەکەیەوە بچێتە هۆڵی لەشجوانی، بەڵام دەکرێت لە ماڵەوە یۆگا و پاسکیلسواری و مەلکردن و سەما کردن ئەنجام بدات.

مەساجکردنی پێستی سک بە زەیت

بۆ زیادبوونی ڕۆشتنی خوێن بۆ پێستی سک و نەرمبوونەوەی پێستت، ڕۆژانە به جوانی پێستی سکت مەساج بکە و دوای ئەوە خۆت بە ئاوی شلەتێن بشۆ، زەیتی زەیتوون یاخود زەیتی گوێزی هیندی زۆر لە پێستەکەت بدە، یاخود زەیتی گوێزی هیندی و گوڵی لاڤندەر لەگەڵ دوو کەوچک زەیتی بادەم تێکەڵ بکە و پێستتی پێ مەساج بکە، ئەم پێکهاتەیە وا دەکات کە پێستت توند ببێتەوە، یەکێک لەم ڕێگایانە دوو جار لە هەفتەیەکدا بکە و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکی زۆر بەردەوامبە.

بەکارهێنانی ئالۆڤێرا

ئالۆڤێرا پێکهاتەی سروشتی زۆر باشی تێدایە، کە جگە لە توندکردنەوەی پێستی سک ڕووشان و پەڵەکانی پێستیش لادەبات و شێدارکەرەوەیەکی باشیشە بۆ پێستەکە، ئالۆڤێراکە بدە لە پێستی سکت و دوای ١٥ بۆ ٢٠ خولەک با پێوەی بێت و دواتر بە ئاوی شلەتێن  بیشۆ، ئەم ڕێگایە ڕۆژی جارێک تاقیبکەرەوە.

بەکارهێنانی گوڵەباخ

ئاوی گوڵەباخ یارمەتی شێدارکردنەوەی پێست و ڕوونکردنی دەدات، جگە لەوەی کە پێستەکەش توند دەکاتەوە، شەوان پێش خەوتن ئاوی گوڵەکە بدە لەو شوێنانەی کە تووشی پەڵە و ڕووشاوی بوون، یان دەتوانیت پرداخێک ئاوی گوڵەباخ و کەوچکێکی چێشت ئاوی لیمۆ و زەیتی بادەم، پێکەوە تێکەڵیان بکەن و بیدە لە پێستت و بە هێواشی مەساجی پێ بکە، ئەم ڕێگایە چەند جارێک دووبارە بکەرەوە لە هەفتەیەکدا.

شیردان بە منداڵەکەت

جگە لە سوودە گرنگەکانی شیری دایک بۆ منداڵ، کاتێک شیری خۆت دەدەیت بە منداڵەکەت یارمەتیت دەدات تاکوو چەوری زیادەی جەستەت بسوتێت و لەناوبچێت.

پاککردنەوەی پێست

هەفتەی جارێک تەقشیر بۆ پێستت بکە و پاکی بکەرەوە، ئەم پاککردنەوەیە وادەکات پێستی نوێ دروست ببێت و خوێنی زیاتر بچێت بۆ پێستەکە و شێدارتر و ڕوونتر ببێتەوە.

خواردنی پڕۆتین

بۆ ئەوەی پێستت توند ببێتەوە، تۆ دەبێت سەرنج بخەیتە سەر ئەوەی کە ماسولکەکانت بەهێز بکەیت، پڕۆتین سەرچاوەیەکی زۆر باشە بۆ دروستبونی ماسولکە و توندکردنەوەی، ئەگەر شیری خۆت دەدەیت بە منداڵەکەت ئەوا پێویستت بە پڕۆتینی زیاتر دەبێت، ئەو خواردنانەی کە پڕۆتینی تێدایە وەک، هێلکە، گۆشتی مریشک، ماسی.

خواردنی تەندروست

خواردنی تەندروست یارمەتی دابەزینی کێش و جوانکردن و توندکردنەوەی پێست دەدات، ڤیتامینەکان و ئۆمێگا 3 یارمەتی توندکردنەوەی پێست دەدەن، خواردنی بڕێکی باشی سەوزە و میوەکانیش گرنگە.

خواردنەوەی ئاو

ئاو خواردنەوەی زۆری ڕۆژانە وادەکات کە پێستت زیاتر شێدار ببێتەوە و خوێنێکی زیاتری بۆ بچێت، بەمەش پێستەکە توندتر و نوێتر دەبێتەوە و خانمان پێویستە ڕۆژانە زیاتر لە هەشت پەرداخ ئاو بخۆنەوە.


سەرچاوەکان



8700 بینین