تەمەڵی چاو 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-10-12:49:00 - کۆدی بابەت: 5827
تەمەڵی چاو 

ناوه‌ڕۆك

تەمەڵی چاو چییە؟

تەمەڵی چاو دەستەواژەیەکە ئاماژە بۆ نەخۆشییەک دەکات کە توشی یەک چاو دەبێت نەک هەردوو چاو، ئەم حاڵەتەش ڕوودەدات لە ئەنجامی ڕوودانی کێشەیەک لە گەشەسەندنی کرداری بینین بەشێوەیەکی ئاسایی لە قۆناغی منداڵیدا بەبێ هەبوونی هیچ هۆکارێکی ئەندامی لە چاودا، بەڵکو کێشەکە لە دەماری بینیندایە کە وێنەکان لە چاوەوە دەگوازێتەوە بۆ مێشک، لەم حاڵەتەدا مێشک تیشک دەخاتە سەر وێنەی گەیەندراوی یەکێک لە چاوەکان و ئەوەی تریان پشتگوێ دەخات، کە ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی کێشەیەک لە گەشەسەندنی دەماری بینین لە چاوە پشتگوێخراوەکە لەلایەن مێشکەوە، ئەم کێشەیەش توشی لە سەدا ٢ـی منداڵەکان دەبێت تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها بە زۆرترینی ئەو هۆکارانە دادەنرێت کە دەبنە هۆی نابینایی یان نابینایی بەشەکی کە بەربڵاوە.

هۆکارەکانی تەمەڵی چاو 

توشبوون بە تەمەڵی چاو لە قۆناغی منداڵیدا ڕوودەدات بەهۆی هەبوونی کێشەیەکی نائاساییەوە کە کاریگەری دەکاتە سەر گوێزەرەوە دەمارییەکان کە کاردەکەن بۆ گواستنەوەی وێنە لە نێوان تۆڕەی چاو (کە دەکەوێتە بەشی پشتەوە چاو) و مێشک، بە جۆرێک یەکێک لە چاوەکان نیشانەی دەماری کەمتر لە مێشک وەردەگرێت بەراورد بەوەی تریان، کە ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی کەمکردنی کارکردنی پێکەوەیی چاوەکان و پشتگوێخستنی یەکێک لە چاوەکان لەلایەن مێشکەوە، بە شێوەیەکی گشتی، هەر هۆکارێک ببێتە بەربەست لە بەردەم بینینی منداڵدا ڕەنگە ببێتە هۆکاری ئەم کێشەیە، بۆ نمونە یەو خێلییەی توشی دەرەوە و ناوەوەی چاو دەبێت بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنرێت کە دەبێتە هۆی ئەم کێشەیە، چەندین هۆکاری تریش هەن دەبنە هۆی تەممەڵی چاو، لەوانەش: 

  • خێلی یان تێکچوونی ماسولکەیی: خێلی، کە بەرهەمی تێکچوونێکە لەو ماسولکانەی کە چاوەکان لە جێی خۆیاندا دەهێڵنەوە بە زۆرترینی ئەو هۆکارانە دادەنرێت کە دەبنە هۆی تەمەڵی چاو، چونکە ئەم کەموکوڕییە دەبێتە هۆی جوڵانی یەکێک لە چاوەکان بۆ دەرەوە یان ناوەوە، کە ئەمەش ڕێگرە لە کارکردنی پێکەوەیی چاوەکان.
  • هەبوونی جیاوازی لە توانای بینین لە نێوان چاوەکاندا: ڕەنگە نایەکسانی لە بینین وەکو توشبوونی یەکێک لە چاوەکان بە کورتبینی بە ڕێژەیەکی زیاتر لە چاوەکەی تر ببێتە هۆی توشبوون بە تەمەڵی چاو، لەم حاڵەتانەشدا چاویلکە یان هاوێنەی لکاو بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەرکردنیان، هەروەها گرنگە بزانرێت کە دەکرێت تەمەڵی چاو دەرئەنجامی یەکگرتنی هەریەکە لە خێلی و جیاوازی توانای بینینی دوو چاوەکە بێت پێکەوە.
  • هەر کێشەیەک لە یەکێک لە چاوەکاندا ڕوو بدات: وەکو ئاوی سپی دەبێتە هۆی ناڕوونی بینین، شتێکی تریش کە دەبێت ئاماژەی بۆ بکرێت ئەوەیە کە ئەم تەمەڵی چاوە پێویستی بە سەردانیکردنی پزیشک و دەستخستنی گرنگیپێدانی تەندروستی پێویستە بە زووترین کات، ئەویش بۆ ڕێگری لە نابینایی یەکجاری. 

دەستنیشانکردنی تەمەڵی چاو 

لە کاتی سەردانیکردنی پزیشکی تایبەتمەند، بە شێوەیەکی گشتی پشکنین بۆ چاوەکە ئەنجام دەدات بۆ دەستنیشانکردنێکی دروست، کە پزیشکەکە دەگەڕێت بۆ هەبوونی هەر لاوازی بینینێک لە هەریەک لە چاوەکان یان هەر جیاوازییەک لە بینین لە نێوان چاوەکان، ئەوەی جێی ئاماژەیە ئەوەیە کە پزیشکەکە ڕەنگە یەکێک لە دڵۆپەکانی چاو بەکاربهێنێت کە دەبنە هۆی فراوانبوونی چاو لەکاتی ئەنجامدانی پشکنینەکان، ئەم دڵۆپانە ڕەنگە ببنە هۆی ناڕوونی بینین بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک یان ڕۆژێکی تەواو، پشکنینی گونجاوی چاوەکەش لەسەر بنچینەی تەمەنی منداڵەکە و ڕێژەی نەخۆشییەکە ئەنجام دەدرێت، بەم شێوانەی خوارەوە:

  • ئەو منداڵانەی لە قۆناغی پێش گۆکردنی زماندان: ئامێرێکی دیاریکراو کە هاوێنەیەکی گەورە و ڕووناکییەکی هەیە بەکاردەهێنرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە هەبوونی لێڵی هاوێنەی چاو، هەروەها پزیشکەکە پشکنینی تریش ئەنجام دەدات بۆ زانینی توانای منداڵی تازە لەدایکبوو بۆ جێگیرکردنی ڕەنگێنەی چاو. 
  • منداڵانی تەمەن ٣ ساڵ و زیاتر: کە لێرەدا تابلۆیەکی دیاریکراو بەکاردەهێنرێت کە وێنە و پیتی دیاریکراوی تێدایە لەم حاڵەتەدا بۆ هەڵسەنگاندنی توانای بینینی منداڵەکە، هەر چاوێکیش بە جیا پشکنینی بۆ دەکرێت، کە هەر جارێک یەکێک لە چاوەکان دادەپۆشرێت.

چارەسەری تەممەڵی چاو 

پێویستە ڕاستەوخۆ دەستبکرێت بە چارەسەر پاش دەستنیشان کردن، چونکە چارەسەرەکان بە باشترین شێوە کاردەکەن پێش گەیشتن بە ٦ ساڵی، چونکە پەیوەندی نێوان مێشک و چاو لە ڕێگەی دەماری بینینەوە لەکاتی گەشەسەندنایە لەو تەمەنەدا، کە ئەمەش ئەگەری سەرکەوتنی چارەسەرەکان زیاتر دەکات، هەروەها چارەسەرەکان دەگۆڕێن بە گۆڕانی هۆکارەکانی حاڵەتەکە، بە شێوەیەکی گشتی چەند چارەسەرێک هەن کە دەکرێ پەیڕەو بکرێن لەوانەش:

  • چاویلکەی پزیشکی: چاویلکەی پزیشکی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەکاردەهێنرێت وەکو چارەسەری تەمەڵی چاو ئەگەر جیاوازی ڕێژەی بینینی نێوان چاوەکان هۆکاری حاڵەتەکە بوو، کە پێویستە کەسەکە چاویلەکەکە بە درێژایی ڕۆژەکە لە چاو بکات جگە لە کاتی نوستن و چوونە گەرماو نەبێت. 
  • لەزگەی چاو: ڕەنگە لەزگەیەک بەکاربهێنرێت وەکو چارەسەر، بە جۆرێک لەزگەکە دەدرێت بەسەر چاوە ساغەکەدا تاکو وا لە مێشک بکات چاوە تەمەڵەکە بەکاربهێنێت، کە دەبێتە هۆی بەهێزبوونەوەی چاوە تەمەڵەکە، ئەم کردارە ڕەنگە چەند مانگ بۆ چەند ساڵێکی پێ بچێت.
  • دڵۆپەی چاو: دەکرێت ئەو دڵۆپەی چاوانە بەکاربهێنرێت کە ئەترۆپین لەخۆ دەگرن، دەخرێنە چاوە ساغەکەوە بۆ لێڵکردنی بینین و ناچارکردنی مێشک بۆ بەکارهێنانی چاوە تەمەڵەکە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونەوەی. 
  • ئەنجامدانی نەشتەرگەری: لە چەند حاڵەتێکی کەمدا پەنا دەبرێت بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری وەکو لێڵی بینایی یاخود بێتوانایی چاویلکەی پزیشکی لە چارەسەرکردنی هەندێک کێشە و جگە لەوانەش لە چەند حاڵەتێکی تردا. 

خۆپارێزی لە تەمەڵی چاو 

ئەم کێشەیە زۆرجار ڕوودەدات بەبێ دەرکەوتنی هیچ نیشانەیەک کە ئاماژە بۆ توشبوونەکە بکات، بۆیە پێویستە منداڵانی تازە لەدایکبوو و منداڵی بچووک ماوەی جارێک و بە شێوەیەکی ڕیکخراو پشکنینی چاویان بۆ ئەنجام بدرێت بۆ خۆپارێزی لەم کێشەیە، کە ئامۆژگاری دەکرێت بە ئەنجامدانی پشکنینی چاو لەم تەمەنانەی منداڵدا: 

  • پێش ئەوەی منداڵەکە بگاتە تەمەنی ٣ مانگی.
  • لە تەمەنی نێوان ٦ مانگی و ١ ساڵیدا.
  • لە تەمەنی ٣ ساڵیدا.
  • لە تەمەنی ٥ ساڵیدا.


سەرچاوەکان



1453 بینین