ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-12-13:52:00 - کۆدی بابەت: 5857
ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتە یەکگرتووەکان خاوەنی بەهێزترین ئابوورییە لە جیهاندا، پایەی ئەم ئابوورییە بەهێزەش لەسەر سیستمی ''ئابووریی بازاڕ'' وەستاوە کە پێکهاتووە لە وەبەرهێنانی ئازاد و کێبڕکێی بازرگانی.

ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕووی سروشتیشەوە خاوەنی  چەندین سامانی ژێر زەوی و وزەیە، وەک: نەوت و گازی سروشتی، خەڵوز و یۆرانیۆم، ئەمانە بە شێوەی سروشتی لە کانەکانی وڵاتەکەدا هەن، سەرەڕای ئەم سامانە سروشتییە زۆرە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین سووتەمەنی هاوردە دەکات.

هەلی کار لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا زۆرە و وڵاتەکەش دەتوانێت سەدان هەزار هەلی نوێ دروست بکات، بۆ نموونە لە مانگی 5-2021ـدا 560 هەزار هەلی کاری نوێ فەراهەم کران و ڕێژەی بەتاڵی لە وڵاتەکەدا بە ڕێژەی 5.8٪ کەمی کرد بە بەراورد بە مانگی پێشووی.

 کەرتەکانی ئابووریی ئەمریکا

ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکەم هێزی کشتوکاڵییە لەسەر ئاستی جیهان، جا چ ئەمە لە ڕووی بەرهەمەوە بێت یان لە ڕووی هەناردەوە، بارودۆخ و کەش و هەوای ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر گونجاوە و خاكەکەشی بەپیتە، بۆیە خاوەنی ئەو توانا کشتوکاڵییە بەرزەیە.

ویلایەتە یەکگرتووەکان خاوەنی گرنگترین بەرهەمە پیشەسازییەکانە لەسەر ئاستی جیهان، هۆکاری سەرکەوتنی پیشەسازیی ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ توانای نوێخوازی و نوێکردنەوەیان و پێشکەوتنی لە ڕووی تەکنەلۆژییەوە، هەروەها هەمەچەشنیی بەرهەمەکان و هەبوونی دەستی کاری شیاو لە وڵاتەکە.

ویلایەتە یەکگرووەکان پێشەنگە لە چەند بوارێکدا، وەک: نەوت، ئۆتۆمبێل، پیشەسازیی فڕۆکە، کارەبا و بەرهەمە بەکاربەرییەکان، بەڵام پیشەسازی لە ویلایەتە یەکگرووەکاندا لەسەر ئەمانە نەوەستاوە و لەم بوارانەشدا بەرەو پێش دەچێت: فڕین، بۆشایی، ئەلیکترۆنیات، چەک، کیمیای وردبین.

کەرتی خزمەتگوزاری لەمڕۆدا باڵادەستە و چەندین شوێنی بازاڕکردن و ناوچەی خۆشگوزەرانی جۆراوجۆر و بازاڕی گەورەی لێیە، وەک زنجیرە بازاڕەکانی ''واڵ مارت''، لە گرنگترین ئەو بوارانەی خزمەتگوزارییەکان دەیانگرنەوە بریتین لە: کارگێڕی، گەشتیاری، خۆشباری، بانک.

سەرەڕای ئەوەی ویلایەتە یەکگرووەکان گەورەترین وڵاتە لە ڕووی هاوردە و هەناردەوە، بەڵام سەرباری ئەمەش قەرزەکانی ئەو وڵاتە لە سەرووی هەموو وڵاتانی جیهانەوەیە، بەڵام ئەم قەرزانە ناوخۆیین و دەرەکی نین، بەم پێیەش دەبێتە ئاماژەیەک بۆ بەهێزیی ئابوورییەکەی.

هۆکارەکانی پێشەنگ بوونی ئابووری ئەمریکا

  • کۆی داهاتی ساڵانەی وڵاتەکە لە ساڵی 2018ـدا گەیشتە 53،101 ملیار دۆلار، ئەمە داتایەکی زۆر گرنگە و هەموو وڵاتان دەیانەوێ پێی بگەن، بۆیە هەتا داهاتی ساڵانە زیاد بکات، ئابووری زیاتر دەبوژێتەوە، ئەم ژمارەیە زۆر بەرز و گەورەیە و زیاترە لە وڵاتانی دراوسێی.
  • بیرە نەوتەکانی نێو وڵاتەکە، ئەم بیرانە داهاتێکی باش دەگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکە و هاوکاریش بوون لەوەی کە زیاتر پشت بە خۆی ببەستێت، ئەم بیرانە چەندین هەلی کاریش دەڕەخسێنن و بەرهەمە سەرەکییەکان هەرزانتر دەکەن بۆ هاوڵاتیان.
  • کەرتی پیشەسازی کە چەندین سوودی بۆ وڵاتەکە هەیە، گرنگترینیان ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ خەڵکی ناوخۆ و کەمکردنەوەی ئاستی بێکاری و باشکردنی ئاستی ژیانی تاکەکانە، ئەمەش بۆ خۆی بۆتە هۆی خێراکردنی چەرخی ئابووری و زیادکردنی ئاستەکانی گەشەسەندنی ئابووری.
  • ئەو ڕێژەی زۆرە ماددەیەی کە وڵاتەکە هەناردەی وڵاتانی دیکەی دەکات سوودێکی زۆر دەگەڕێنێتەوە و قازانجێکی باشی لەگەڵدایە، ئەمە وا دەکات وەبەرهێنەران ڕووبکەنە وڵاتەکە.
  • ویلایەتە یەکگرتووەکان خاوەنی سامانی وەک گازی سروشتی و ماددە سروشتییەکانی دیکەیە کە هەناردەی دەرەوەی دەکات و قازانجەکەی دەقۆزێتەوە.
  • کەرتی گەشتیاری لە ئەمریکادا تایبەتمەندی زۆر باشی هەیە و سوودی بۆ ئابووری زۆرە، بۆیە لە هەموو ناوچەکانی جیهانەوە خەڵک ڕووی‌تێدەکات، لە نێوان ئەمانەشدا وەبەرهێنەکان هەن کە دەکرێت بەهۆی گەشتیارییەوە بیر لە وەبەرهێنان بکەنەوە لە وڵاتەکەدا.


سەرچاوەکان



3224 بینین