ئابووریی عێراق

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-14-15:17:00 - کۆدی بابەت: 5886
ئابووریی عێراق

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگی کەنداو نرخەکەی لەسەر عێراق 100 ملیار دۆلار بوو و وڵاتەکە بە قەرزاری لەم جەنگە هاتە دەرەوە، هۆکارە ئابوورییەکان سەرەکیترین ڕۆڵیان هەبوو لە گەوزانی عێراق لە جەنگی دووەمی کەنداودا کە دوای دوو ساڵ لە جەنگی یەکەمی کەنداو چووە ناوی، جەنگی دووەم کێشە ئابوورییەکانی عێراقیان زیاد کرد، گەمارۆیەکی ئابووری لە ساڵی 1990ـەوە تا ساڵی 2003 خرایە سەر عێراق.

عیراق لەو ماوەیەدا بە شێوەیەکی گەورە پشتی بە بەرنامەی ''نەوت بەرامبەر خۆراک'' بەست کە لە ساڵی 1996ـەوە دەستی کرد بە جێبەجێکردنی، ئەم بەرنامەیە کەمێک ئاسانکاری بۆ باری قورسی عێراقییەکان کرد، ئەم بەرنامەیە بۆ شەش خول بەردەوام بوو کە ماوەی هەریەکەیان 6 مانگ دەبوو، کاری ئەم بەرنامەیە بە جۆرێک بوو کە ڕێگەی دەدا عێراق بەشێک لە نەوتەکەی بفرۆشێت تاوەکو ماددەی خۆراکی و پێویستییە تەندروستییەکان و ئەو ماددانەی کە وڵاتەکە لە دووبارە بنیاتنانەوەی کەرتی خزمەتگوزاری بەکاری دەهێنانی پێبکڕێت، بەڵام لە دواییدا دەرکەوت کە ئەم بەرنامەیە بەهۆی کێشەکانی گەندەڵیی کارگێڕییەوە ناڵاندوویەتی و گەورە کارمەندانی ''نەتەوە یەکگرتووەکان'' تێوەگلاون لە کەیسی بەرتیل و چاوپۆشی کردندا، ئەمەش ببوە هۆی ئەوەی تەنها بەشێکی زۆر کەم لەو پارەیەی لە بەرنامەکەدا عێراق دەستی دەکەوت بگاتە هاوڵاتییەکانی عێراق.

لە ساڵی 2000ـدا عێراق بڕیاری دا کە مامەڵە بە یۆرۆ بکات لەباتی دۆلاری ئەمریکی لە گرێبەستە نەوتییەکانیدا، پێش جەنگی عێراقی ساڵی 2003 بەرهەمهێنانی عێراق بۆ نەوت گەیشتە 3/4ـی ئەو نەوتەی کە لە پێش جەنگی دووەمی کەنداو بەرهەمی دەهێنا، نەتەوە یەکگرتووەکان 28٪ـی داهاتی ئەم نەوتەی عێراقی دەبرد بۆ ئەوەی بیدات بە کارمەندەکانی و بەڕێوەبردنی کارە کارگێڕییەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ''نەوت بەرامبەر خۆراک''ـەوە.

دوای هاتنی پۆل بریمەر دەسەڵات کۆمەڵە بڕیارێکی دا بۆ هاندان و بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت لە عێراقدا، بە تایبەت لە کەرتی نەوتدا، پۆل بریمەر ڕێگەی دا کە بە تەواوی ببنە خاوەنی بەرژەوەندی لە عێراقدا و باجی 15٪ـی خستە سەریان، بەڵام ئەم پلان و بڕیارە ئابووریانە لە لایەن حکومەتەکانی دوای پۆڵ بریمەرەوە جێبەجێ نەکران.

یەکێک لەو بەربەستەی گەورانەی کە ڕێگەی لە چاکبوونەوەی عێراق گرتووە بریتییە لەو قەرزە زەبەلاحەی کە عێراق لەسەریەتی بەهۆی جەنگی یەکەم و دووەمی کەنداوەوە، هەندێک لە بەرپرسە عێراقییەکان هەوڵیان داوە کە ئەم قەرزانە هەڵبوەشێننەوە، لەبەر ئەوەی دەڵێن ئەمە بەرەنجامی ''هەڵسوکەوتەکانی ڕژێمی پێشووە''، بەڵام ئەم بیانوانە گوێی بۆ ناگیرێ لە لایەن وڵاتانی خاوەن قەرزەوە کە ئێستە داوای قەرزەکانیان دەکەنەوە، لە 20-11-2005ـدا ''Paris Club of official creditors'' ڕەزامەندیی نیشان دا بۆ لابردنی 80٪ـی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق کە بڕەکەی 100 ملیار دۆلار بوو، بە هۆی ئەم ڕێککەوتنەشەوە عێراق لە 75 ملیار دۆلار قەرز ڕگاری بوو لە ساڵی 2006ـدا.

کەرتە سەرەکییەکانی ئابووریی عێراق

کشتوکاڵ

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە پێشدا عێراق زۆر بە ئاو دەوڵەمەند بووە، تا ئەم دواییانەش کەرتی کشتوکاڵ بەشێکی گرنگی ئابووریی عێراق بووە، ناوچەکانی کشتوکاڵیش لە دەوری دوو ڕووباری دیجلە و فوڕات چڕ بوونەتەوە، بەڵام ئەو وشکی و بە بیابانبوونەی کە یاویەتی لە ناوەند و باشووری عێراق بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە بۆتە هۆی داکشانی کشتوکاڵ بە شیوەیەکی بەرچاو.

لە ڕووی مێژووییەوە، 50 بۆ 60 لە سەدی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق هێشتا کشتوکاڵیان تێدا دەکرێت، بەڵام بەهۆی سیاسەتە ڕەگەزپەرستییەکانەوە، زەوییە بەنرخەکانی هەرێمی کوردستان هاریکار نەبوون لە پاڵپشتیکردنی ئابووری نەتەوەییدا، 

پیشەسازی

کارگەکانی عێراق هەمەجۆرن، هەروەها بەرهەمە پیشەسازییەکانی عێراق بە کوالێتی باش ناسراون سەرەڕای کۆنیی ئەو کارگە و ئامێرانەی کە لە وڵاتەکەدا هەن و ئەو بارودۆخەی کە وڵاتەکەی پێدا تێپەڕ بووە، لە نێوان ئە پیشەسازییانەدا پیشەسازیی ماددەکانی بیناسازی و ماددە پترۆکیمیاییەکان و توتن و پێست هەن، لە ئێستاشدا پلان هەیە کە پیشەسازیی خۆجێی لە ڕێگەی کردنەوەی دەرگای وەبەرهێنانەوە ببوژێنرێتەوە.


سەرچاوەکان



1772 بینین