دەمارگیری نەمانی ئارەزووی خواردن - anorexia nervosa

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-16-17:42:00 - کۆدی بابەت: 5919
دەمارگیری نەمانی ئارەزووی خواردن - anorexia nervosa

ناوه‌ڕۆك

دەمارگیری نەمانی ئارەزووی خواردن چییە؟

نەخۆشییەکی دەروونییە کە جۆرێکی تێکچوونە لە خواردندا، کە بە دابەزینێکی زۆری کێشی لەش دەردەکەوێت، کەسەکە زۆر دەترسێت لە زیادبوونی کێشی، زۆر بە هەڵە لە کێشی جەستە تێگەیشتووە، ئەو کەسانەی توشبووی ئەم نەخۆشییەن زۆر گرنکی دەدەن بە کێشی جەستەیان و بەردەوامن لە خۆ لاواز کردن.

بۆ ڕێگری کردن لە زیادبوونی کێشی، کەسی توشبوو بەم نەخۆشییە، خواردنی زۆر کەم دەخوات و سنوورێک دادەنێت بۆ خۆراکەکانی، هەندێک جار بە ئەنقەست خۆی دەڕشێنێتەوە، وە ئەم کەسانە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کە کێشی جەستەیان دابەزێنن و بە گشتی بە شێوەیەکی زۆر نا ئاسایی کێشی جەستەیان دادەبەزێنن.

نیشانە جەستەییەکانی دەمارگیری نەمانی ئارەزووی خواردن

نیشانە جەستەییەکان

  • دابەزینێکی زۆری کێشی لەش
  • جەستەیەکی زۆر لاواز
  • ڕێژە خوێنێکی نائاسایی
  • ماندوویەتی زۆر
  • بێ خەوی
  • سەرگێژخواردن و بەرچاو ڕەشبوون
  • گۆڕانی ڕەنگی پێست
  • گۆڕانی ڕەنگی نینۆک بۆ شین
  • شکان و ناسکبوونەوەی نینۆکەکان
  • وەرینی قژ
  • دەرکەوتنی موی نەرم لەسەر هەموو جەستە
  • ناڕێکی سوڕی مانگانە
  • قەبزیی
  • پێستی زەرد و وشک
  • بەرگەنەگرتنی سەرما
  • ناڕێکی لێدانی دڵ
  • دابەزینی فشاری خوێن
  • وشکبوونەوەی جەستە
  • پوکانەوەی ئێسکەکان
  • هەوکردنی دەست و قاچەکان

نیشانە سۆزداری و ڕەفتارییەکان

  • بە توندی ڕەتکردنەوەی ژەمەکان و زۆر جاریش ڕۆژوو گرتن
  • وەرزشکردنێکی زیاد لە پێویست
  • خۆ ڕشاندنەوە بە ئەنقەست
  • زۆر جار خواردن دروست دەکەن بۆ کەسانی کە بەڵام خۆیان هیچی لێ ناخۆن
  • خواردنی خۆراکی گیایی، یان هیچ نەخواردن
  • ڕەتکردنەوەی برسێتی یاخود پاساوو هێنانەوە بۆ نەخواردنی
  • تەنها خواردنی چەند خۆراکێکی تایبەت، کە کەم چەوری و کەم کالۆری بن
  • بە قورسی بڕیاری ئەوە دەدەن کە خواردنەکە بخۆن و زۆر جاریش ئەگەر بیخۆن خێرا پاروەکە دەهێننەوە.
  • درۆ کردن لەبارەی ئەوەی کە ئایا چەند خواردنی خواردووە
  • بەردەوام سەیرکردنی جەستەی خۆی لە ئاوێنەدا
  • گلەیی کردن لەوەی کە قەڵەو بووە یاخود بەشێکی جەستەی چەوری زۆر بووە
  • لەبەرکردنی جلی زۆر
  • هەڵسوکەوتی سارد و سڕانە 
  • دوورکەوتنەوە لە کۆڕ و کۆمەڵ و تێکەڵی خەڵک
  • دوودڵی و ڕاڕایی
  • کەمی حەزی سێکسی

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

زۆرێک لە توشبووانی ئەم نەخۆشیانە نایانەوێت بە هیچ شێوەیەک سەردانی پزیشک بکەن و بەو حاڵەی خۆیان ڕازین، ئەگەر کەسێک ئەم نیشانانەی هەبوو ئەوا پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پێ بکرێت.

هۆکارەکانی توشبوون بە دەمارگیری نەمانی ئارەزووی خواردن

بۆماوەیی

ئەگەر چی هێشتا دیار نییە کە کام لە بۆهێڵەکان بەرپرسن لەمە، بەڵام گۆڕانی بۆهێڵەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە خەڵکی دووچاری توشبوون بن بەم نەخۆشییە.

دەروونی

هەندێک لەو کەسانەی توشبوون بەم نەخۆشییە لەوانەیە هەندێک کێشەی تریان هەبێت خۆیان، وەک دوودڵی زۆر لە ژیانیاندا بە تایبەت لە کاتی هەڵبژاردنی خواردندا، ترس لەوەی خواردنەکە پیس بێت یاخود قەڵەویان بکات و ناتەندروست بێت.

ژینەگەیی

زیاتر کەسانی ڕۆژئاوایی گرنگی زۆر دەدەن بە لاوازی جەستە و دڵنیای دەکەنەوە کە قەڵەوی و کێشی زیادە چەند پڕ مەترسییە، بۆیە ئەمەش کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیە، هەموو شتێک دەکەن تاکوو کێشیان داببەزێنن بەتایبەت ئەم کێشەیە لە کچانی گەنجدا زیاترە.

ئەم نەخۆشییە لە کێدا زیاتر باوە؟

ئەم نەخۆشییە لە کچان و ژناندا زیاترە، وەک لە پیاوان و کوڕان، هەروەها لە نێو نەوجەوانان و گەنجانیشدا زیاترە، بەڵام کەسانی سەر و تەمەنی ٤٠ ساڵی تووشی ئەم نەخۆشییە نابن مەترسییەکە زیاتر لەسەر تەمەنی نەوجەوانانە چونکە لە تەمەنی هەرزەکاریدا کاتێک جەستە دەگۆڕدرێت و کەسانی هاوتەمەنی خۆیان دەبینن هەوڵی زۆر دەدەن کە وەک ئەوان بن. 

ئەو هۆکارانەی که مەترسی نەخۆشییەکە زیاد دەکەن

بۆماوەیی

گۆڕانکاری لە بۆهێڵە تایبەتەکاندا لەوانەیە ببێتە هۆکارێک بۆ توشبوون بە دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردن، ئەو کەسانەی کەسێکی نزیکیان توشبووی ئەم نەخۆشییەن وەک دایک و باوک و خوشک و برا زیاتر ئەگەری توشبوونیان هەیە بەم نەخۆشییە.

ژەمی خۆراک و برسێتی

ژەمی خوراکی هۆکارێکی زۆر مەترسیدارە بۆ توشبوون بەم نەخۆشییە، نابێت کەسێک زۆر برسی ببێت، چونکە زۆرینەی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە نیشانەی برسییەتین، برسێتی کار دەکاتە سەر مێشک و ڕەفتاری سەیر و سەمەرە له کەسەکە دەردەکەوێت.

پەستانی دەروونی

هۆکارێکی مردنی کەسێکی نزیک یاخود کێشەیەکی قورس و خەفەت خواردنێکی زۆر مەترسییە بۆ توشبوون بەم نەخۆشییە.

کاریگەریی لاوەکی مەترسیداری توشبوون بە دەمارگیری نەمانی ئارەزووی خواردن

دەکرێت کاریگەری لاوەکی زۆر خراپی هەبێت، وە لە خراپترین حاڵەتدا ببێتە هۆی مردنی کەسەکە و مەرگی لەناکاو ڕووبدات، تەنانەت ئەگەر کەسەکەش کێشی زۆر دانەبەزیبێت، ئەم مردنە لەوانەیە بەهۆی تێکچوونی بەشێکی جەستەوە بێت بە هۆی کەمی خۆراکەوە، وەک تێکچوونی لێدانەکانی دڵ یاخود تێکچوونی هاوسەنگی ئەلیکترۆلایتەکانی جەستە، وەک سۆدیۆم، پۆتاسیۆم، کالسیۆم، یاخود کەمی ئاو لە جەستەدا.

کاریگەری لاوەکی جەستەیی

کاریگەری لاوەکی سۆزداری یاخود ڕەفتاری

  • خەمۆکی، دڵەڕاوکێ
  • کێشەی کەسێتی
  • دوودڵی
  • بە هەڵە سوود وەرگرتن لە خواردن
  • پەنا بردن بۆ بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر
  • زیان گەیاندن بە خۆیان، وەک هەوڵدان بۆ خۆکوشتن

چارەسەری دەمارگیری نەمانی ئارەزووی خواردن

ئەم نەخۆشییە پێویستە هەرچی زووە چارەسەر بکرێت، چونکە زیانی زۆر دەگەیەنێت بە تەواوی بەشەکانی جەستە، و زۆرینەیان لە حاڵەتی خراپدا مەترسی مردنیان لەسەرە.

چارەسەری هزری ڕەفتاری (CBT)

سەرەتا ئەم چارەسەرە گرنگە، چونکە کێشەی خواردنە لە بنەڕەتدا و ئەو کەسانە زۆر گرنکی دەدەن بە لەش و لاریان و جەستەیان و هەموو هەوڵێکیان بۆ خۆ لاوازکردنە، بۆیە گرنکە ئەم چارەسەرەیان بۆ بکرێت و قسەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەگەر حات و حاڵەتەکە قورس بوو و کێشە جەستەییەکان زۆرتر بۆ نەخۆشەکە و مەترسی مردنی لەناکاوی لەسەر بوو، دەبێت نەخۆشەکە لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت.

چارەسەری پزیشکی

دوای ئەوەی کە نەخۆشەکە خەوێنرا گرنگە کە چارەسەری کێشەکانی جەستەی بکرێت کە بە هۆی ئەم نەخۆشییەوە تووشی بووە، وەک کێشەی پووکانەوەی ئێسکەکان، کێشەی دڵ و گورچیلەکان، خەمۆکی و تێکچوونی ئەلیکترۆلایتەکانی جەستەی.

تێپەڕاندنی کێشەکان لەگەڵ پسپۆڕێکی خۆراکدا

گرنگه کە ئەو نەخۆشە پسپۆڕێکی بواری خۆراک قسەی بۆ بکات، پلانی خواردنی بۆ دابنێت و ورده وردە لەگەڵی بڕوات، باسی گرنگییەکانی خۆراکی بۆ بکات.

ڕاوێژکردن بە چارەسەرکەر

  • لە یەکەم قۆناغدا دەبێت قبوڵی بکەیت کە ئەم  نەخۆشییەت هەیە و کۆنتڕۆڵی لە دەستی تۆدا نەماوە و پێویستە کەسێک یارمەتیت بدات.
  • دوورکەوتنەوە لەو کەسانەی کە بەردەوام باسی خۆ لاوازکردن و کێشی کەم دەکەن.
  • ئاگاداربە کە ئەم نەخۆشییە تەنها دەربارەی خواردنی ڕۆژانەت نییە، بەڵکوو کێشەی زۆری جەستەی و دەروونی بە دواوەیە، تاکوو زیاتر هەوڵ بدەیت کێشی خۆت دابەزێنیت بە شێوەیەکی ناتەندروست زیاتر نەخۆشییەکەت لەسەر قورستر دەبێت.
  • بجەنگە لەگەڵ بیرە هەڵەکانی خۆتدا و بەسەریدا زاڵ ببە.

حەپ بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە

ئەگەر چی حەپ دەرمانێکی یارمەتیدەر نییە و سودێکی ئەوتۆی نابێت، بەڵام ئەم حەپه دەتوانێت چارەسەری نیشانەکانی تر بکات کە بە هۆی ئەم نەخۆشییەوە تووشی بوویت.


سەرچاوەکان



1522 بینین