فێرم وێر

له‌لایه‌ن: - محمد تاهیر - به‌روار: 2021-07-17-23:38:00 - کۆدی بابەت: 5934
فێرم وێر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لە بواری کۆمپیوتەردا، فێرم وێر بریتییە لە جۆرێکی تایبەتی نەرمەواڵە (Software)ـێکی کۆمپیوتەر یان هەر ئامێرێک کە کۆنتڕۆڵکردنێکی ئاست نزم دەبەخشێت بە پارچەکان یاخود ڕەقەواڵە (hardware)ـی ئامێرەکە، فێرم وێری وەک بایۆس (BIOS)ـی کۆمپیوتەر چەند تایبەتمەندییەکی کەم و سەرەتایی تێدایە کە بەکاردێن بۆ خزمەتکردنی نەرمەواڵە ئاست بەرزەکان، بۆ ئامێرە سادە و کەم ئاڵۆزەکان فێرم وێر وەک سیستمی کارپێکەری ئامێرەکە کاردەکات، ئەو ئامێرانەی کە فێرم وێریان تێدایە وەک کۆمپیوتەر و ئامێرە دەرەکییەکانی کۆمپیوتەر (computer peripherals).

فێرم وێر لە بیرگەی جێگیر (non-volatile memory)ـدا هەڵدەگیرێت وەک (ROM, EPROM, EEPROM)، بیرگەی جێگیر بریتییە لەو جۆرە بیرگانەی کە گەر سەرچاوەی کارەبای نەبێت، زانیارییەکانی ناوی هەڵدەگرێت و ناهیڵێت بسڕێتەوە.

بەکارهێنانەکان

کۆمپیوتەرە کەسییەکان

لە هەندێک حاڵەتدا فێرم وێر بە ڕادەی سیستمی کارپێکەر گرنگە بۆ کۆمپیوتەرەکان، بەڵام لە زۆربەی سیستمە کارپێکەرە نوێیەکان، فێرم وێر زۆر بە کەمی میکانیزمی خۆ نوێکردنەوەی هەیە بەمەبەستی چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک کە دروستدەبێت.
بایۆس دەکرێت لەلایەن بەکارهێنەرەوە نوێ (ئەپدەیت) بکرێتەوە لەڕێگەی بەکارهێنانی پڕۆگرامێکی سادەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە فێرم وێری ئامێرە هەڵگرەکان (هارد)ـەکان زۆر بەدەگمەن نوێ دەکرێنەوە.

زۆربەی ئامێرە دەرەکییەکانی کۆمپیوتەر وەک، ئامێری چاپ، پشکنەر (سکانەر)، کامێرا، ئەمانە هاموویان فێرم وێری تایبەت بەخۆیان هەیە و هەندێکیان ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدات کە نوێی بکاتەوە.

ئۆتۆمبێلەکان

لە ساڵی 1996ـەوە زۆربەی ئۆتۆمبێلەکان کۆمپیوتەری تایبەتیان هەیە کە چەندین هەستەوەری تێدایە بۆ دۆزینەوەی کێشە میکانیکییەکانی ئۆتۆمبێلەکە، لە ساڵی 2010ـەوە ئۆتۆمبێلە نوێیەکان چەندین تایبەتمەندییان هەیە کە بە کۆمپیوتەر کۆنتڕۆڵ دەکرێت وەک ئەی بی ئێس (ABS) و هەروەها یەکەکانی کۆنتڕۆڵکەری گێڕ گۆڕین (TCU)، هەروەها شۆفێر دەتوانێت بەبۆنەی کۆمپیوتەرەکەوە ڕێژەی بەنزین و هەروەها ڕێژەی پەستانی تایەکان ببینێت، کە ئەمانە هەمووی بەبوونی فێرم وێرەوە ئەنجام دەدرێن، هەروەها زۆربەی ئۆتۆمبێلە نوێیەکان فێرم وێرەکانیان نوێ دەکرێنەوە.

چەند نمونەیەکی فێرم وێر

لە کۆمپیوتەردا

  • بایۆس (BIOS) کە لە کۆمپیوتەرە کۆنەکانی ئای بی ئێم (IBM)ـدا هەیە.
  • فێرم وێری (UEFI)، کە لە کۆمپیوتەرە تایبەتەکاندا هەیە کە پڕۆسێسەری ئینتێل (Intel)ـیان لەسەرە.
  • بایۆسی ڤیدیۆ کە لە کارتی شاشەکاندا هەیە.
  • (ARCS) لەو کۆمپیوتەرانەدا بەکاردێت کە گرافیکی سلیکۆن (Silicon Graphics) بەکاردەهێنن.
  • لە ڕاوتەر و سویچ و فایەرواڵدا.
  • (IPFire) فێرم وێرێکی کراوەی فایەرواڵ و ڕاوتەرە کە لەسەر ناوک (kernel)ـی لینوکس کاردەکات.
  • (OpenWrt) فێرم وێرێکی کراوەی فایەرواڵ و ڕاوتەرە کە بەهەمان شێوە لەسەر ناوک (kernel)ـی لینوکس کاردەکات.

فلاش کردن

فلاش کردن (بە ئینگلیزی: Flashing) کردارێکە کە ئەنجامدەدرێت بۆ دووبارە نوسینەوەی ئەو داتایانەی کە لە هەڵگری فێرم وێرەکەدا هەن وەک (EEPROM) و (flash memory)، ئەم کارە ئەنجام دەدرێت کاتێک بەکارهێنەر دەیەوێت فێرم وێری ئامێرەکەی نوێبکاتەوە یان ئەو خزمەتگوزاریانەی کە لە فێرم وێرە کۆنەکەدا هەیە لایان ببات و فێرم وێری نوێ داببەزێنێت، هەروەها گەر فێرم وێرێک توانای نوێ کردنەوەی هەبێت ئەوا لەلایەن دابینکەری فێرم وێرەکەوە پرۆگرامی تایبەت ئامادە دەکرێت بۆ نوێ کردنەوەی.


سەرچاوەکان



1200 بینین