زەنگی هەڵەی بۆمبی ئەتۆمی یەکێتی سۆڤیەت - 1983

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-18-17:33:00 - کۆدی بابەت: 5952
زەنگی هەڵەی بۆمبی ئەتۆمی یەکێتی سۆڤیەت - 1983

ناوه‌ڕۆك

شەوی ترس

لە شەوی ٢٦ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٣ لە یەکێتی سۆڤیەت، ئامێری ژووری ئاگادارکردنەوەی خێرای چەکی ئەتۆمی ئاگاداری دا کە موشەکێک بە بۆمبێکی ئەتۆمییەوە هاوڕێ لەگەڵ چوار موشەکی دیکە لە ئاسمانی یەکێتی سۆڤیەتدان و ئاڕاستەیان لە ئەمریکاوەیە، ئەم ڕووداوەش بە ڕووداوی زەنگی هەڵەی یەکێتیی سۆڤیەت ناسراوە (بە ئینگلیزی: 1983 Soviet nuclear false alarm incident).

چیرۆکی ڕووداوەکە

لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٨٣ جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و ڕووسییەکان گرژییەکی زۆری تێکەوت کاتێک یەکێتی سۆڤیەت ١٤ موشەکی ئەتۆمی مەیدانی جۆری SS-20/RSD-10 پەرەپێدابوو و جێگیری کردبوون، فەرماندەی گشتی هاوپەیمانی ناتۆش لە مانگی ١٢ـی ١٩٧٩ بڕیاری دابوو بە جێگیرکردنی ١٠٨ موشەک کە بتوانێت لە ماوەی ١٠ خولەک هەریەک لە ئۆکرانیا و بیلاڕووسیا و لیتوانیا بپێکێت و زیاتریش، هەموو ئەمانەش بۆ ئەوە دانران کە هێزی ڕادارەکانی یەکێتی سۆڤیەت تاقیبکرێتەوە و هێزی ئەتۆمی وڵاتانی خۆرئاواش دەربکەوێت.

لە ١ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٣ یەکێتی سۆڤیەت فڕۆکەیەکی مەدەنی کۆریای باشووری خستە خوارەوە کاتێک ڕێگای لێ ونبووبوو و هاتبوویە ئاسمانی سۆڤیەتەوە و ڕادارەکانی یەکێتی سۆڤیەتیش وەک هەر فڕۆکەیەکی دیکە دەیخوێننەوە و بە هەڵە لێیدەدرێت، تەواوی سەرنشینەکانی فڕۆکەکە کۆچی دواییان کرد کە ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا و چەند ئەمریکییەکی دیکەی تێدابوون.

بەوەش تەواوی یەکێتییەکە ترسی ئەوەی لێ نیشت ئەمریکا وەڵامێکی قورسی هەبێت. 

ڕووداوەکە

لە ٢٦/٩/١٩٨٣ لە ژووری چاودێری ئاسمانی یەکێتی سۆڤیەت، پێشکاری سۆڤیەتی "ستانیسلاڤ پێترۆڤ"، ئەو شەوە لە چاودێری دەبێت لە بنکەی سێرپۆخۆڤ-١٥ نزیک لە مۆسکۆ، کە بەرپرسی ئاماژەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بوو بۆ هەر هێرشێک کە پێی دەوترێت "ئۆکۆ"، لەو کاتەدا بینی ڕادارەکان ئاماژە دەدەن بە هاتنە ناوەوەی پێنج موشەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە کە یەکێکیان لە پێش هەموویانەوە بوو و زووتر دەگەیشت، لە یاسای چاودێری سۆڤیەتیش هەیە کە لە کاتی بینینی ئاماژەیەکی لەوشێوەیە پەنجە دەنرێت بە گڵۆپی ئاگاداری و ڕاستەوخۆ لە کۆشکی کریملنەوە موشەکە ئەتۆمییەکانی یەکێتی سۆڤیەت ڕەوانەی دژمنەکانی دەکرێت، کە دەبێتە هۆی وێرانییەکی تەواو بۆ گۆی زەوی بەهۆی ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت خاوەنی گەورەترین و بەهێزترین موشەکی ئەتۆمی جیهانە.

پێترۆڤ لە کاتی بینینی ئاماژەی یەک موشەک لە ژووری چاودێری، وایدانا کە ئەمە ئاماژەیەکی هەڵە بێت و ڕادارەکان هەڵە بکەن، چونکە گەر ئەمریکا هێرش بکات هەرگیز بە یەک موشەکی ئەتۆمی هێرش ناکات لە کاتێکدا دەزانێت یەکێتی سۆڤیەت خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و هێرشی دەکرێتەوە سەر، بەڵام شۆک دەبێت کاتێک دەبینێت چوار موشەکی دیکە لە دوای ئەو موشەکە دێن، لەو کاتەدا دەکەوێتە گوومان کە ئایا کۆشکی سەرۆکایەتی ئاگاداربکاتەوە یان نا، بەڵام دووبارە بڕیار دەدات پەلە نەکات و پێنج موشەک هی هێرشی گەورە نین، هەروەها جارێک لەو مانگەدا ڕادارەکان هەڵەیان کردووە و جێی متمانەی گەورە نین بۆ هێرشێکی یەکلاکەرەوە.

پێترۆڤ ماوەی ٢٣ خولەک چاوەڕێ دەکات بۆ دڵنیابوونەوە و لەو کاتەدا تەنیا بیری لای ئەوە دەبێت کە کەی موشەکەکان بگەن و کۆتایی پێبێت.

بەڵام بۆی ڕووندەبێتەوە ڕادارەکە هەڵەی تێدایە و هیچ موشەکێک بوونی نییە، دواتر ڕوون بوویەوە کە ئەوە تیشکی خۆر بووە و کاتێک لە هەورەکان دەدات و بە خێرایی دەشکێتەوە و بە ئاسمانی یەکێتی سۆڤیەت دەڕوات ڕادارەکان وەک موشەک دەیانخوێننەوە و ئەو هەڵەیە دواتر چارەسەر کرا.

دوای ڕووداوەکە

لەدوای ئەوەی پێشکار پێترۆڤ دڵنیادەبێتەوە و هەواڵەکە دەگەیەنێت، سەرزەنشت کرا کە خەمسارد بووە بەرامبەر هێرشێکی زۆر گەورە، پێترۆڤ بۆ کارەکەی هیچ دەستخۆشییەکی لێ نەکرا چونکە بەهۆیەوە سەرکردەکانی هەستیان بە شەرمەزاری کردووە کە ئامێرەکانیان هەڵەی تێدایە، بۆیە پێترۆڤ لە شوێنێکی کەمتر هەستیار دانرا و دوای ماوەیەک و پێش وادەی خۆی خانەنشین بوو، بەڵام جەختی کردەوە کە زۆری لێنەکراوە لە سووپا بڕوات و بە ویستی خۆی بووە خانەنشین ببێت.

خەڵاتەکانی پێترۆڤ

  • ڕێکخراوی کۆمەڵەی خەڵکی جیهان کە بنکەکەی لە سانفرانسیسکۆیە خەڵاتی هاووڵاتی جیهان و بڕی ١٠٠٠ دۆلاری بە پێترۆڤ بەخشی بەهۆی کارەکەیەوە لە ساڵی ٢٠٠٤.
  • لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جارێکی دیکە خەڵاتی هاووڵاتی جیهانی پێبەخشرا.
  • خەڵاتی دریسدنی ئاشتی لە ئەڵمانیا لە ٢٠١٣ پێبەخشرا، لەگەڵ ٢٥ هەزار یۆرۆ.
  • لەدوای کۆچی دوایی پێترۆڤ لە ساڵی ٢٠١٧ وەک ڕێزێک بۆی لە نیویۆرک بڕی ٥٠ هەزار دۆلار بەخشرا بە کچەکەی.


سەرچاوەکان



688 بینین