ڕشانەوە و هەڵهێنانەوەی شیر لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-19-14:57:00 - کۆدی بابەت: 5960
ڕشانەوە و هەڵهێنانەوەی شیر لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا

ناوه‌ڕۆك

ڕشانەوەی منداڵی تازە لەدایکبوو

ڕشانەوە و هەڵهێنانەوە لە زۆرینەی منداڵاندا ئاساییە، بەڵام ڕشانەوەی منداڵ لە هەندێک کاتدا دەکرێت نیشانەیەکی نەخۆشی بێت، ئەگەر منداڵەکەت هەر جۆرە ڕشانەوەیەکی هەبوو جگە لە هەڵهێنانەوەی شیر بە شێوەیەکی ئاسایی ئەوا پێویستە سەردانی پزیشکی پێ بکەیت.

هۆکاری ڕشانەوە یاخود هەڵهێنانەوەی شیر

زۆر خۆری

هۆکارێکی هەڵهێنانەوەی شیر لە لایەن منداڵی شیرە خۆرەوە زۆر خۆرییە، چونکە کاتێک منداڵەکە دەگری دایکەکە یەکسەر شیری پێ دەدات و فێری زۆر خۆری دەکات، بۆیە هەر کاتێک کە منداڵ برسی بوو شیری پێ بدە و ئەگەر دووچاری ڕشانەوە و هەڵهێنانەوەی یەک لە دوای یەک بوو ئەوا تاکوو ٢ بۆ ٣ کاتژمێر دوای ئەوە شیری پێ مەدە، ئەگەر منداڵەکە شیری هەڵهێنایەوە و بەڵام کێشی دانەبەزی نیشانەی ئەوەیە کە بڕێک شیری باشی خواردووەتەوە و کێشەی نییە و جێگای مەترسی نییە.

هەستیاری

هەندێک جار دایکان جۆرە ماست یاخود شیرێک دەخۆن کە منداڵەکە هەستیاری پێی هەیە، بە پێی ئەوەی کە دایکەکە هەرچی بخوات دەچێت بۆ منداڵەکەش بۆیە گرنگە کە ئاگاداری خۆراک و خواردنەوەی بێت و ئەو خۆراکانە نەخوات کە هەستیاری دروست دەکەن، ئەگەر ڕشانەوەکە زۆر بوو یاخود خوێنت بینی لە نێو ڕشانەوەکەیدا پێویستە سەردانی پزیشکی پێ بکەیت.

بوونی هەوا

منداڵ کاتی خواردنەوەی شیری دایک یاخود شیری وشک، هەواش لەگەڵ شیرەکەدا دەخوات و دەچێتە گەدەی، هەواکە گیر دەخوات و هەوڵ دەدات بێتە دەرەوە، هەر بۆیە لەگەڵ خۆشیدا کەمێک لە شیرەکە دەهێنێتە دەرەوە لە ڕێگەی دەمەوە یاخود لووتییەوە.

کەمی گەشەی کۆئەندامی هەرس

منداڵە بچوکەکەت بە تەواوی کۆئەندامی هەرسی گەشەی نەکردووە، ماسولکەکانی بەشی خوارەوەی منداڵەکە کە کۆنتڕۆڵی هاتن و چوونی شیرەکەیان لە ئەستۆ گرتووە، کاتێک ناچالاکن و باش گەشەیان نەکردووە بە خێرای شیرەکە هەڵدەدەنەوە.

جیاوازی نێوان ڕشانەوە و هەڵهێنانەوەی شیر

جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان هەڵهێنانەوە و ڕشانەوەدا دەبێت دایکان ورد بن و ئەمانە جیابکەنەوە، بە گشتی ڕشانەوە دوای خواردنی شیر ڕوودەدات دەبێتە هۆی بێزاربوونی منداڵەکە و فشارێکی زۆر دەخاتە سەر منداڵەکە، بەڵام هەڵهێنانەوە کێشە بۆ منداڵەکە دروست ناکات، زۆرینەی کات منداڵەکە هیچ کاردنەوەیەکی خراپی نابێت بۆی.

لە ڕشانەوەدا بڕی ئەو شیرەی کە لە دەمی منداڵەکەوە دێتە دەرەوە زیاترە لە بڕی ئەو شیرەی کە لە کاتی هەڵهێنانەوەی شیردا دێتە دەرەوە، ئەگەر ڕشانەوە بەردەوام بوو یاخود خوێنی تێدابوو، وە یاخود پساییەکەی ڕەش بوو ئەوا زوو سەردانی پزیشکی پێ بکە.

هەندێک لە منداڵانی شیرە خۆر لە منداڵانی دیکە زیاتر تووشی ڕشانەوە دەبن بۆیە پێویستە کاتی ڕشانەوەکەی منداڵەکە دایبنیشێنیت بۆ ئەوەی ڕشانەوەکەی کەم بکات.

چەند ڕێنماییەک بۆ ئەوەی منداڵەکە کەمتر بڕشێتەوە و شیر هەڵبهێنێتەوە

  • بە ئارامی و لە شوێنێکی بێدەنگدا شیر بدە بە منداڵەکەت.
  • کاتی شیر خواردنی دەنگە دەنگ مەکەن با منداڵەکە هۆشی نەڕوات لە کاتی شیر خواردنەکەدا، هەروەها لە ناکاو شیرەکە لە دەمی وەرمەگرەوە و نیوە نیوە پێی مەدە.
  • بە پاڵکەوتنەوە شیر مەدە بە منداڵەکەت.
  • پێویستە ئەو منداڵانەی شیری وشک دەخۆنەوە دوای شیر خواردنەوە چەند جارێک قورقێنە بکەن.
  • دوای شیرپێدانی بۆ ماوەی ٢٠ بۆ ٣٠ خولەک منداڵەکە بە پێوە ڕابگرە.
  • دوورکەوە لە یاریکردن و فشار خستنە سەر سکی منداڵەکە دوای شیر خواردنەوەی.
  • پێش ئەوەی زۆر برسی ببێت و زۆر توڕە ببێت شیر بدە بە منداڵەکەت.

چی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕشانەوە و هەڵهێنانەوەی شیر

مەمە شیرەکەی

گرنگە کە کاتی شیرپێدان ئەگەر منداڵەکەت شیری وشک دەخوات، سەری مەمەکە نابێت زۆر گەورە بێت و شیرەکە زۆر بە خێرایی بچێتە دەمییەوە، هەروەها نابێت زۆریش بچووک بێت کە نەچێتە دەمیەوە و منداڵەکە ماندوو تووڕە ببێت، ئەگەر دەتەوێت بزانیت کە کونی سەری مەمەکە چەند بێت باشە ئەوا مەمەکە هەڵگەڕێنەوە و ئەگەر چەند قەترە شیرێکی هاتە خوارەوە و دواتر نەما ئەوە دەکرێت بڵێین ئەو کونی مەمەیە گونجاوە.

چۆنییەتی خەوتنی منداڵەکە

منداڵەکە دەبێت بە جۆرێک بخەوێنیت کە سەری له جەستەی بەرزتر بێت و نابێت سەری منداڵەکە بچەمێتەوە، پەتوویەکی ناسک بدە بەسەر منداڵەکەتدا و هەرگیز بەتانی گەورەی پێدا مەدە چونکە قورسە و ئەگەر هەیە کاتی خەو ببێتە هۆی خنکانی منداڵەکە.

دەرکردنی هەوا لە گەدەی مندڵەکەتدا

دوای تێرخواردنی منداڵەکەت، بیخە باوەشتەوە و سەری بخەرە سەر شانت و بە ئارامی بدە لە پشتی، تاکوو هەوای گەدەی بێتە دەرەوە، ئەمە یارمەتیدەرە تاکوو هەموو ئەو هەوایەی لە گەدەی منداڵەکەدایە بێتە دەرەوە.

جلوبەرگی منداڵەکە

نابێت جلوبەرگی منداڵەکە ئەوەندە تەسک بێت کە ئازاری منداڵەکە بدات و فشار بخاتە سەر سکی منداڵەکە.

نەجوڵاندنی منداڵەکە

دوای شیر خواردنی منداڵەکە زۆر مەجوڵێنە، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بە ڕێکی دایبنێ. 

کام جۆری ڕشانەوە بێ کێشەیە؟

لە ڕشانەوەی بێ کێشە و ئاسایدا منداڵەکە کێشی جەستەی دانابەزێت بە هۆی ڕشانەوەکەوە، هەروەها حەزی بۆ شیرخواردنیش کەم نابێتەوە و ئەو شیرەی کە دەیهێنێتەوە بە شێوەی پەنیرییە، بەڵام لە ڕشانەوەی تردا ڕشانەوەکە وەک پەنیر نییە و منداڵەکە چەند جارێک لە ڕۆژێکدا دەڕشێتەوە.

کام ڕشانەوەیە مەترسیدارە؟

کاتێک لەگەڵ ڕشانەوەکەدا ئەم نیشانانە هەبوو ئەوا مەترسیدارە:

  • زیادنەبوونی کێشی منداڵەکە بە تێپەڕبوونی کات
  • سنگی منداڵەکە خیزە خیز دەکات و هەناسەی توند دەبێت و کۆکەی بەردەوامی دەبێت.
  • ڕشانەوە بە فشارێکی زۆرەوە
  • ڕشانەوە بە ڕەنگی زەرد و سەوز
  • بوونی پەڵە پەڵەی خوێنی ڕەنگ قاوەیی لە ڕشانەوەی منداڵەکەدا
  • نەمانی حەزی خواردن
  • بوونی خوێن لە پیسایی منداڵدا
  • ڕشانەوە لە تەمەنی شەش مانگیدا یاخود لەوە زیاتر بێ

ڕشانەوە بە هەڵدانەوە

ڕشانەوە بە هەڵدانەوە کاتێک ڕوودەدات کە شیرەکە لە دەمی منداڵەکە زۆر بە توندی دێتە دەرەوە و هەڵدەدرێت و دەوروبەری ژوورەکە پیس دەبێت، ئەمە بە هۆی ئاوسانی ماسولکەکانی بەشی خوارەوەی سکە کە ناهێڵێت خواردنەکە بڕوات بۆ ڕیخۆڵە باریکە.


سەرچاوەکان



6399 بینین