وۆنگ کار وای

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2021-07-27-19:51:00 - کۆدی بابەت: 6064
وۆنگ کار وای

ناوه‌ڕۆك

ژیاننامەی وۆنگ کار وای

وۆنگ کار وای (بە ئینگلیزی: Wong kar wai) فیلمساز و سیناریۆنووس و بەرھەمھێنەرێکی چینییە، لە ١٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ لە شەنگاھای کە شارێکە دەکەوێتە وڵاتی چین لەدایكبووە، بچووكترین منداڵی خێزانەکەی بووە، سێ خوشك و برابوون، باوکی دەریاوان و دایکی ژنی ماڵەوە بووە، تەمەنی پێنج ساڵان دەبێت كاتێك شۆڕشی چینی کرێکاران لە وڵاتی چین سەرھەڵدەدات کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر دەخاتە سەر دانیشتووانی وڵاتەکە، ئەمەش وا لە خێزانەکەی دەکات بڕیار بدەن چین بەجێبھێڵن و بەرەو ھۆنگ کۆنگ بەڕێدەكەون، لە سەرەتادا وا بڕیار بوو دوو منداڵی تریان کە لە وۆنگ گەورەتربوون دواتر بێن و لەگەڵیانبن، بەڵام سنوورەکان دادەخرێن و لە وڵاتی چین دەمێننەوە و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ وۆنگ ناتوانێت بیانبینێت، لە هۆنگ کۆنگ لە شاری (شم شا شیۆ) نیشتەجێ دەبن و باوکی لە یانەیەکی شەوانە كاردەكات، دابڕانی لە خوشك و برا و وڵاتەكەی و بوون بە منداڵێکی تاقانە كاریگەری دەکاتە سەر ڕەوتی ژیان و كارەكانی، دواتریش ھەوڵی فێربوونی زمانی ئینگلیزی و کانتنیس دەدات و لە تەمەنێكی كەمەوە ئاخاوتنێكی باشی بەو دوو زمانە کردووە، لە تەمەنی لاویدا دایکی لەگەڵ خۆی بردوویەتی بۆ سینەما و ئاشنای چەندین جۆری جیاوازی فیلم بووە، وەک خۆی دەڵێت: (تاکە ئاواتێک کە وەک منداڵێک هەمبووبێت سەیرکردنی فیلم بووە)، وۆنگ ئارەزووی لە گرافیك دیزاین بوو، لەسەرەتادا لە پۆلیتەكنیكی ھۆنگ كۆنگ لەو بوارەدا بڕوانامەی دبلۆم بەدەست دەھێنێت و دواتریش لە كۆلێژی هۆنگ كۆنگ ھەمان بوار دەخوێنێت، پاش تەواوکردنی کۆلێژ بەشداری دەكات لە کۆرسێکی فێرکاری سەر بە تۆڕی تەلەفزیۆنی TVB، كۆرسەكە بۆ فێربوونی دیزاین و بەرهەمهێنانی میدیایی بووە.

ھەر زوو دەستیکرد بە پیشەی نووسینی سیناریۆ و سەرەتا بە نووسینی سیناریۆی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان و زنجیرە دراماکان دەستیپێكرد، وەک زنجیرەی Don't Look Now لە ساڵی ١٩٨١ کە بۆ تەلەفزیۆنێك بەرھەمی دەھێنێت، پێش ئەوەی وەكوو سیناریۆنووس دەست بەكاربێت، وەکوو بەشداربوویەک لە تیمی فیلمەکاندا کاری دەکرد و بەشداربوو لە چەشنە هەمەجۆرەکانی وەک چەشنی ڕۆمانسی، کۆمیدی، تاوانکاری و چیرۆکی هەستبزوێن، لەسەرەتای دەستپێکردنیدا وۆنگ پەرۆشییەکی زۆری هەبووە بۆ کارەکەی، وۆنگ كار وای و ئیسێری ھاوسەری خاوەنی كوڕێكن بە ناوی كینگ، ئەوەی جێی سەرنجە لە ژیانی تایبەتی دەرھێنەرەكەدا ئەوەیە كە بەوە ناسراوە ھەمیشە بە چاویلكەیەكی ڕەشەوە دەردەكەوێت و دەكرێت ئەمەش وەكو ھەریەكە لە بەشە پێكھێنەری فیلمەكانی واتایەكی تایبەتی ھەبێت. لە ساڵی ١٩٩٢ کۆمپانیای بەرھەمھێنانی خۆی دادەمەزرێنێت و تا ئێستاش بەردەوامە لە پیشەی فیلمسازی.

فیلم و کارە هونەرییەکانی

وەک سیناریۆنووس

وۆنگ کار وای سەرەتا وەک سیناریۆنووس کاری کردووە و لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢ تاكوو ١٩٨٧ سیناریۆی ١٠ فیلمی نووسیوە، لەوانەش كە ناوبانگ و سەركەوتنی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینی Just For Fun ١٩٨٣، Rosa ١٩٨٦، The haunted Cop Shop Of  Horrors ١٩٨٧، بەمەش ئاشنایی لەگەڵ چەندین دەرھێنەر و نواندنكار و تەكنیككاردا پەیدا دەكات كە لە بەرھەمھێنانی فیلمەكانیدا یارمەتیدەر دەبن و كاریگەرییەكی زۆریان دەبێت.

وەک دەرهێنەر

  • کە فرمێسکەکان دەڕژێن - As Tears go by 

یەكەم كاری دەرھێنانی وۆنگ لە ساڵی ١٩٨٨ و بە فیلمی As Tears Go By دەستیپێكرد كە بە سادەترین فیلمی دەرھێنەرەكە دادەنرێت بەراورد بە سەرجەم فیلمەكانی تری لە ڕووی تایبەتمەندی و ناوەڕۆك و شێوازی ھەمیشەیی دەرھێنەرەكەوە.

  • ڕۆژانی کێویبوون - Days of being wild

دوابەدوای ئەوەش لە ساڵی ١٩٩٠ فیلمی Days Of Being Wild بەرھەم دەھێنێت، كە یەكەم فیلمی بوو تێیدا تەكنیكی چیرۆكبێژیی بەكاربھێنێت و یەكەم فیلمیشی بوو لەگەڵ دوو ھاوڕێ و ھاوكارە ھەمیشەییەكانیدا كە كریستۆڤەر دۆیڵی سینەماتۆگرافەر و تۆنی لیونگی ئەكتەر بوون، فیلمەكە لە بۆكس ئۆفیس پێشوازییەكی باشی لێنەكرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئاھەنگی خەڵاتەكانی فیلمی ھۆنگ كۆنگی ساڵی ١٩٩١ خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین دەرھێنەری بردەوە.

  • خۆڵەمێشی کات - Ashes of time

دوابەدوای فیلمی Days Of Being Wild دوو ساڵ بە بەرھەمھێنانی فیلمی Ashes Of Time ـەوە خەریك دەبێت و کاتێکی زۆری بۆ تەرخاندەکات.

  • چیرۆکی خواردنگەی چەنکینگ ئێکسپرێس - Chunking express 

پاش دوو مانگ لە بەرھەمھێنانی فیلمی Ashes of time لە ساڵی ١٩٩٤ دەست دەكات بە دروستكردن و ھێنانە سەر شاشەی فیلمی Chungking Express چیرۆک و سینەماتۆگرافی فیلمەكە بینەر و هەواداری ھەمیشەیی تایبەت بەم دەرهێنەرەی پەیدا كرد، بەهۆیەوە بوو بە دەرهێنەرێکی دیار و ناسراو، لە ساڵی ١٩٩٥ لە ئاھەنگی خەڵاتەكانی ھۆنگ كۆنگدا خەڵاتی باشترین فیلم و دەرھێنەری بۆ بردەوە، ئەم فیلمە لە سایتی IMDB نمرەی ٨/١٠ وەرگرتووە.

  • فریشتە کەوتووەکان - Fallen angles 

لە ساڵی ١٩٩٥ کاری دەرهێنان بۆ فیلمێکی تری ناوازە لە چەشنی درامی و ڕۆمانسی دەکات بە ناوی Fallen angles کە وەک بەشێکی تەواونەکراوی فیلمی Chunking express دادەنرێت، وۆنگ ئەو بەشەی چیرۆکەکەی لە فیلمی chunking express لابرد چونکە پێی وابوو فیلمەکە پێویستی بەو چیرۆکە نییە، لەبری ئەوە بڕیاریدا چیرۆکەکە پێشبخات و بیکات بە فیلمێکی سەربەخۆ و لە هەمان شوێن و بە هەمان پێداویستی و کاریگەری فیلمی chunking express دەرهێنانی بۆکرد، بەڵام پێی وابوو پێویستە نوێگەری تێدا بکات و جیاوازبێت، بەو هۆیەشەوە لەگەڵ سینەماتۆگرافەری فیلمەکە كریستۆڤەر دۆیڵدا ڕێککەوت کە کاری وێنەگرتنەکە بە شێوەیەک بێت کامێراکە زۆر نزیکبێت لە ڕووخساری ئەکتەرەکانەوە، بۆ ئەوەی بە تەواوی جیایان بکاتەوە لە جیهانی چواردەوریان.

  • پێکەوە دڵخۆشین - Happy together 

ساڵی ١٩٩٧ دەست دەکات بە بەرھەمھێنانی فیلمی Happy Together، كە لە ڕۆمانێكی مانوێڵ پویگی نووسەرەوە وەریدەگرێت و خەڵاتی باشترین دەرھێنەر بۆ فیلمەكە دەباتەوە لە ڤێستیڤاڵی فیلمی کاندا لە ساڵی ١٩٩٧.

  • لە هەوای عەشقدا - In the mood for love 

لە ساڵی ٢٠٠٠ دەگەڕێتەوە بۆ ھۆنگ كۆنگ و فیلمی In The Mood For Love بەرھەم دەھێنێت، ئەم فیلمە بە ناوازەترین فیلمی دەرھێنەرەكە دادەنرێت لەڕووی ناوەڕۆك و تەكنیك و مۆسیقا و نەریتی وڵاتەكەوە، ھەروەھا بە یەكێك لە باشترین و جوانترین فیلمی چیرۆكی ھەستبزوێن ھەتاكوو ئێستا ھەژماركراوە و نواندنەكانی ھەر یەكە لە ئەكتەران تۆنی لیونگ و ماگی چیونگ جوانییەکی تایبەتییان بە فیلمەکە بەخشیووە، نمرەی ٨,١/١٠ وەرگرتووە لە سایتی IMDB لە ڕیزبەندی ٢٣٥م دێت لە ٢٥٠ باشترین فیلمەکانی مێژوو.

  • ٢٠٤٦

لە ساڵی ٢٠٠٤ ھەڵدەستێت بە بەرھەمھێنانی فیلمی ٢٠٤٦ وەكو تەواوكەری فیلمی In The Mood For Love بەرھەمی دەھێنێت، فیلمێكی پڕاوپڕ لە میوزیك و ڕەنگ و چیرۆكی جیاواز و فیلمەكە كۆكراوەی فیلمەكانی پێشووتری دەرھێنەرەكەیە،

هەروەها لە فیلمی in the mood for love لە یەکێک لە دیمەنەکاندا ژمارەی یەکێک لە ژوورەکان ٢٠٤٦ــە پاش چوار ساڵ فیلمی ٢٠٤٦ دروستکرا ئەمەش ئامادەکاری و زیرەکی دەرهێنەر وۆنگ کار وایە بۆ فیلمی داهاتووی ئەو سەردەمە.

  • شەوە تووتڕکاوییەکانم - My blueberry nights 

لە ساڵی ٢٠٠٧ ڕوو لە ئەمریكا دەكات و یەكەم فیلمی خۆی بە زمانی ئینگلیزی و لەگەڵ نواندنكاری بیانیدا بەرھەم دەھێنێت بە ناوی My Blueberry Nights و تێیدا خانمە گۆرانیبێژی پۆپ و شۆخ و شەنگ نۆرا جۆنز ڕۆڵی سەرەكی گێڕا، بەڵام فیلمەكە ئەو سەركەوتنەی بەدەست نەھێنا كە لێی چاوەڕێ دەكرا و بینەرانی دەرھێنەرەكەی لە ھۆنگ كۆنگ بێھیوا كرد.

دوابەدوای ئەم سەرکەوتنانەی لە ساڵی ٢٠٠٨ جارێكی تر و بە كورتبڕیی و دەستكارییەوە فیلمی Ashes Of Time دەھێنێتەوە سەر شاشەی سینەماكان و ساڵی ٢٠١٣ فیلمێكی ھونەریی، جەنگیی بە ناوی The Grandmaster بەرھەم دەھێنێت.

دەربارەی فیلمەکانی

سینەمای وۆنگ كەشێكی تایبەت بە خۆی ھەیە، بینەری فیلمەكانی تەواو جیاوازن لە ھەر بینەرێكی تر، مۆركی سینەمایی وۆنگ لە ھەر شوێنێكدا ببینرێت دەناسرێتەوە، ئەگەرچی چیرۆكی فیلمەکانی سادە و دووبارەن، دەوڵەمەندن بە ڕەنگ و میوزیك و مۆنتاژی خێرا و ھەمیشە ھەوڵیداوە كلتور و نەریتەكانی چین و ژاپۆن بخاتە بەرچاوی بینەرەكانی و ھەر شتێك لە ھەر دیمەنێكدا دەردەكەوێت واتای تایبەت بە خۆی ھەڵدەگرێت.


سەرچاوەکان



894 بینین