تەختەی دایک

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-28-17:17:00 - کۆدی بابەت: 6074
تەختەی دایک

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی تەختەی دایک

تەختەی سەرەکی یاخود تەختەی دایک (Motherboard) هەروەها پییدەوترێ مەزەربۆرد، بریتییە لە نەخشەی سەرەکی ئامێرە ئەلیکترۆنی و کۆمپیوتەرەکان، کە هەڵدەستێت بە لەخۆگرتن و پێکەوەبەستنەوەی پێکهاتە ئەلیکترۆنییەکانی سیستمێک، وەک یەکەی چارەسەرکەری ناوەکی (CPU) و بیرگەی پێگەیشتنی هەڕەمەکی (RAM)، تەختەی دایک زۆرجار سیستمی لاوەکی لەخۆدەگرێت، وەک شیکەرەوەی ناوەکی، کۆنتڕۆڵکەری بیرگە و ئەکەکانی وەرگر و دەرکەر، هەروەها ڕووکارەکانی پێکەوەبەستن (interface connectors).

تەختەی دایک بریتییە لە تەختەیەکی کارەبایی چاپکراو (PCB) کە توانای فراوانبوونی هەیە، وەک لە ناوەکەیدا دەردەکەوێت تەختەی دایک بریتییە لە پێکەوە بەستەرەوەی هەموو پارچەکانی سیستمێک هەروەها توانای پێوەبەستنی ئامێری دەرەکی هەیە وەک کارتی شاشە و کارتی دەنگ و چەندین ئامێری تر.

هەروەها جۆرە تەختەیەکی کارەبایی هەیە کە پێیدەوترێت تەختەی سەرەکی (mainboard) کە بریتییە لە تەختەیەکی تەنها کە ناتوانرێت ئامێری پێوە ببەسترێت، وەک ئەو تەختە کارەباییانەی کە لە تەلەڤیزیۆن و ئامێری چاپ و مۆبایلەکاندا هەیە.

مێژووی تەختەی دایک

پێش داهێنانی شیکەرەوە وردەکان (Microprocessor) چەندین تەختەی ئەلیکترۆنی لە کەیسی گەورەدا هەڵدەگیران و وایەری مس بەکاردەهێنرا بۆ پێکەوە بەستنەوەی پارچەکان، پاشان تەختەی ئەلیکترۆنی چاپکراو بەکاردەهێنرا کە پارچەکانی سیستمەکە وەک یەکەی چارەسەرکەری ناوەکی (CPU) و بیرگەی پێگەیشتنی هەڕەمەکی (RAM) دەکران بە تەختەی تایبەی بەخۆیان و باشان لەسەر تەختەیەکی گەورەتر کە پێیدەوترا (backplane) هەمووی پێکەوە دەبەسترانەوە، سیستمی (ubiquitous S-100 bus)ـی ساڵی 1970ـاکان نموونەن بۆ سیستمی جۆری (backplane).

لە کۆتاییەکانی ساڵەکانی 1980 و سەرەتاکانی ساڵەکانی 1990 کۆمپانیاکان زیتار قازانجیان دەکرد بە زیادکردنی ئامێرە لاوەکییەکانی سەر تەختەی دایک، لە کۆتایی ساڵەکانی 1980 کۆمپیوتەرە تایبەتەکان (PC) زیاتر (IC)ـیان بەکاردەهێنا کە پێشیاندەوترێت یەکەی وەرگر و دەرکەری بەهێز (Super I/O chips)، ئەم ئامێرە ڕێگەیدەدا کە ئامیرە دەرەکییە هێواشەکان بە تەختەی دایکەوە ببەسترێنەوە، وەک تەختەکلیل و ماوسی جۆری (PS/2) لەگەڵ فلۆپی دیسک، لە ساڵی 1990ـکاندا کۆمپیوتەرە کەسییەکان تایبەتمەندییەکانی وەک دەنگ و ڤیدیۆ و بیرگە و نێتۆرکینگی لەخۆدەگرت بەبێ پێویستبوونی کارتی فراوانکەر.

پێکهاتەی تەختەی دایک

تەختەی دایک پەیوەندی ئەلیکترۆنی دابیندەکات لەنێوان پارچەکانی سیستمێکدا هەروەها یەکەی شیکارکەری ناوەکی تێدایە لەگەڵ چەند سیستمێکی لاوەکیدا، کۆمپیوتەرێکی دێسکۆپی ئاسایی شیکەرەوە وردەکان و بیرگەی سەرەکی چەند پێکهاتەیەکی گرنگی تری سیستمەکە بەستراون بە سیستمەکەوە، بەڵام پێکهاتەکانی وەک بیرگەی دەرەکی و کارتی شاشە بە شێوەی کارد یان کێبڵ دەبەسترێنەوە بە تەختەی دایکەکەوە، یەکێک لە پێکاتە گرنگەکانی تەختەی دایک بریتییە شیکەرەوە وردەکان (microprocessor)، ئەم بەشە هەڵدەستێت بە دابینکردنی ڕووکار لەنێوان یەکەی چارەسەرکەری ناوەکی (CPU) و تێپەڕگەکان (BUS) و ئامێرە دەرەکییەکان، پێکهاتەکانی تەختەی دایک:

  • شوێنی یەکەی چارەسەرکەری ناوەکی (CPU): ئەم بەشە یەکەی چارەسەرکەری ناوەکی سیستمەکەی لێدەبەسترێت، کە دەکرێت یەک دانەبێت یان زیاتر.
  • شوێنی بیرگە (RAM): ئەم بەشە بیرگە (RAM)ـی لێدەبسترێت وەک (DRAM) لە جۆرەکانی (DDR3, DDR4, DDR5)
  • چیپی بیرگەی جێگیر (Non-volatile memory chips): ئەم چێپە نەرمەواڵە و بایۆس (BIOS)ـی سیستمەکە لەخۆدەگرێت.
  • بەرهەمهێنەری کات (clock generator): ئەم بەشە هەڵدەستێت بە بەرهەمهێنای ئاگادارکەرەوە (سیگناڵ) بۆ ڕێکخستنی پارچەکانی سیستمەکە.
  • بەستەرەکانی کارەبا: هەڵدەستن بە وەرگرتنی کارەبا لە سەرچاوەی کارەبا (Power supply)ـەوە پاشان دابەشکردنی بەسەر پارچەکانی سیستمەکەدا، وەک یەکەی چارەسەرکەری ناوەکی و کارتی شاشە و بیرگەکان.
  • بەستەرەکانی پەپکەی ڕەق و خوێنەرەوەی سیدی و دیڤیدییەکان: کە زۆرجار کێبڵی جۆری (SATA) و (NVMe) بەکاردەهێنرێت.
  • هەموو تەختەی دایکەکان دەرچەی (USB)ـیان هەیە بۆ پشتگیریکردنی ئەو ئامێرانەی کە بە (USB) کاردەکەن، وەک تەختەکلیل و ماوسەکان.


سەرچاوەکان



2122 بینین