سوڕی تەمەنی بڵاوکردنەوەی نەرمەواڵە

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-29-03:00:00 - کۆدی بابەت: 6083
سوڕی تەمەنی بڵاوکردنەوەی نەرمەواڵە

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی سووڕی تەمەنی بڵاوکردنەوەی نەرمەواڵە

سووڕی تەمەنی بڵاوکردنەوەی نەرمەواڵە بریتییە لە کۆکراوەی هەموو ئەو قۆناغانەی کە تێیدا نەرمەواڵەیەکی کۆمپیوتەر تێیدا دروستدەکرێت و هەروەها ئەو قۆناغانەش لەخۆدەگرێت کە تێیدا وەشانی تازە و چاککردنەوە بۆ نەرمەواڵەکە بڵاو دەکرێتەوە.

لەوانەیە زۆربەی بەکارهێنەران دەستەواژەی (بێتا)ـیان بیستبێت کە یەکێکە لە قۆناغەکانی بڵاوکردنەوەی نەرمەواڵە کە تێیدا نەرمەواڵەکە بە تەواوی کار ناکات و لەوانەیە کێشەی زۆری تێدا هەبێت، هەروەها بۆیە پێیدەوترێت قۆناغی بێتا بۆئەوی بەکارهێنەران جارێ چاوەڕوانی ئەوە نەبن بە بەتەواوەتی پشت بە پڕۆگرامەکە ببەستن و بەبێ کێشە کاربکات.

مێژووی 

هەردوو دەسەواژەی ئەفا و بێتا سەرەتا لە کۆمپانیای (IBM)ـەوە سەریان هەڵدا، هەروەها چەند دەستەواژەیەکی تر بەکاردەهێنرا لەلایەن فەرمانبەرەکانی کۆمپانیاکەوە لە ساڵەکانی 1950ـکان و زووتر، ئەو دەستەواژانە بریتیبوون لە تاقیکردنەوەی (A) کە ئەو قۆناغەبوو تێیدا پڕۆگرامەکە تێیدا تاقیدەکرایەوە پاشان ئاشکرا دەکرا، قۆناغی دواتر بریتیبوو لە تاقیکردنەوەی (B) لەم قۆناغەدا نەرمەواڵەکە تاقیدەکرایەوە پێش ئەوەی بەرهەمبهێنرێت، پاشان قۆناغی تاقیکردنەوەی (C) کە لەم قۆناغەدا نەرمەواڵەکە دووبارە تاقیدەکرایەوە پێش ئەوەی بۆ بەکارهێنەران بەردەست ببێت.

قۆناغەکانی گەشەپێدان

پێش ئەلفا - Pre-alpha

قۆناغی پێش ئەلفا ئەو قۆناغەیە کە تێیدا کار لەسەر نەرمەواڵەکە کراوە پێش تاقیکردنەوەی فەرمی، ئەو کارانەی کە لەسەر نەرمەواڵەکە دەکرێن وەک، شیکارکردنی پێویستییەکان، دیزاینکردنی نەرمەواڵەکە، گەشەپێدانی نەرمەواڵەکە هەروەها تاقیکردنەوەی یەکەکە (unit testing).

ئەلفا - Alpha

قۆناغی ئەلفا یەکەم قۆناغی تاقیکردنەوەی نەرمەواڵەیە، لەم قۆناغەدا نەرمەواڵەکە تەنها لەلایەن کۆمەڵە کەسێکەوە یان هەندێک جار یەک کەسەوە تاقیدەکرێتەوە، لەم قۆناغەدا نەرمەواڵەکە زۆر بە وردی تاقیناکرێتەوە بۆیە لەوانەیە چەندین هەڵە و کێشەی تێدابێت، هەروەها ئەو نەرمەواڵانەی کە لەم قۆناغەدان زۆرجار هەموو تایبەتمەندێکانیان تێدا نییە کە پێویستە لەکاتی بڵاوکردنەوەی نەرمەواڵەکەدا هەبێت.

بێتا - Beta

بێتا دووەم قۆناغی بڵاوکردنەوەی نەرمەواڵەیە کە لەداوی قۆناغی ئەلفاوە دێت، نەرمەواڵەکە لەم قۆناغەدا هەموو تایبەتمەندییەکانی هەیە بەڵام هێشتا تەواو نییە و دووجاری شکان یان داخران (crash) ببێت، هەروەها ئەمە یەکەم قۆناغە کە نەرمەواڵەکا تێیدا کاریپێدەکرێت لەدەرەوەی ئەو کۆمپانیا و ڕێخراوەی کە دروستی کردووە.

زۆرجار نەرمەواڵەی قۆناغی بێتا بەدەرست دەکرێت بۆ هەموو بەکارهێنەران و هەندێکجار تەنها بۆ کۆمەڵە کەسێکی دیاریکراو کە لەڕێگەی ناو نوسینەوە دیاریدەکرێن، هەروەها ئەو کەسانەی کە وەشانی بێتای نەرمەواڵەیەک بڵاودەکەنەوە پییاندەوترێت تاقیکەرەوانی بێتا (Beta testers)، ئەم کەسانە هەڵدەستن بە بەکارهێنانی نەمەواڵەکە و هەروەها ئاگادارکردنەوەی ئەو کێشانەی کە لە نەرمەواڵەکەدا هەیە، ئەو کەسانەی ئەم کارەدەکەن بەبێ بەرامبەر ئەنجامی دەدەن بەڵام هەندێک جار وەشانێکی نەرمەواڵەکە بە خۆڕایی وەردەگرن یان دانشکاندنی تایبەتیان بۆدەکرێت.

بێتای هەمیشەیی - Perpetual beta

هەندێک نەرمەواڵە هەن کە هەمیشە تایبەتمەدی نوێ زیاد دەکەن بۆ نەرمەواڵەکانیان بەبێ ئەوەی جێگیربێت و بێ کێشەبێت بۆیە بەو جۆرە نەرمەواڵانە دەوترێت نەرمەواڵەی بێتای هەمیشەیی، بەڵام مەرج نییە نەرمەواڵەکە بە هەنیشەیی لە قۆناغی بێتادا بمێنێتەوە بەڵام کۆمپانیای خاوەن نەرمەواڵە بێتا هەمیشەییەکان هەندێکجار نەرمەواڵەکەیان بۆ ماوەی زیاتر لە چەند ساڵێک لە قۆناغی بێتادا دەمێننەوە پێشئەوەی وەشانێکی جێگیر بڵاوبکەنەوە، بۆ نموونە نەرمەواڵەی گەواڵی گوگڵ (Google News) یەکەم وەشانی نەرمەواڵەکە کە بێتابوو لە مانگی 9ـی ساڵی 2002 بڵاوبوویەوە بەڵام لە مانگی 1ـی 2006 نەرمەواڵەکە لە قۆناغی بێتا دەرچوو.

بڵاوکردنەوەی جێگیر - Stable release

بڵاوکردنەوەی جێگیر هەروەها ناسراوە بە بڵاوکردنەوەی بەرهەم، ئەو قۆناغەیە کە تێیدا نەرمەواڵەکە هەموو قۆناغەکانی تێپەڕاندووە و بڵاو دەکرێتەوە بۆ بەکارهێنەران، دەکرێرت لەم قۆناغەدا چەند کێشەیەکی بچووک توشی بەکارهێنەران ببێت بەڵام نابێتە هۆی لەدەستدانی داتا و سڕینەوەی بەڵکوو زۆرجار ئەم کێشانە دووچاری ئەو ئامێرانە دەبێتەوە کە کۆن بوون یاخود پاش بڵاوبوونەوەی نارمەواڵەکەوە کەوتوونەتە بازاڕەوە کە بە نوێکردنەوەیەک (Update)ـێکی نەرمەواڵەکە کێشەکان چارەسەردەبن.

پاڵپشتیکردن – Support

پاش بڵاوکردنەوەی نەرمەواڵەیەک بەکارهێانی لەلایەن بەکارهێنەرانەوە لەوانەیە کۆمپانیای خاوەن نەرمەواڵەکە چەند نوێکردنەوەیەک بۆ نەرمەواڵەکە بڵاوبکاتەوە بۆئەوەی بە تێپەڕبوونی کات نەرمەواڵەکە سوودی خۆی هەبێت و هەروەها چەند تایبەتمەندییەکی بۆ زیاد بکات کە بەبۆنەی زۆربوونی بەکارهێنەرانەوە پێویست بێت، بۆ نموونە سیستمی کارپێکەری ویندۆوس ئێکس پی (Windows XP) لەسەرەتای بڵاوکردنییەوە تا کۆتایی کارکردنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت سێ بەستەی خزمەتگوزاری (service pack)ـی بۆ سیستمەکە بڵاوکردەوە بۆئەوەی کە پشتگیری نەرمەواڵە و خزمەتگوزارییە نوێیەکان بکات کە بۆ سیستمە کارپێکەرە نوێیەکان بڵاودەکرانەوە.

کۆتایی ژیان - End of life

کاتێک نەرمەواڵەیەک چیتر کڕیاری نامێنێت یان لەلایەن کۆمپیانیای دروستکەرەکەیەوە پشتگیری ناکرێت، ئەوا بەو نەرمەواڵەیە دەوترێت کە گەیشتووە بە کۆتایی ژیانی، بەڵام هەندێک کات کۆمپانیاکان بۆ ماوەیەکی درێژکراوە نوێکردنەوەی تایبەت دەنێرن بۆ ئەو کەسانەی کە سیستمی کارپێکەر یان نەرمەواڵەکە بەکاردەهێنن بەڵام لەبەرامبەردا بەکارهێنەرەکان بڕێک پارە دەدەن بە کۆمپانیاکە، کە بەم قۆناغە دەوترێت پشتگیریکردنی درێژکراوە (Extended Support)، بەڵام پاش ئەوەی کە سیستمی کارپێکەر یان نەرمەواڵەکە هیچ بەکارهێنەرێکی نامێنێت یان کێشەی زۆری بۆ دوستدەبێت ئەوا خاوەنی سیستم یان نەرمەواڵەکە پشتگیریکردنی بە تەواوەتی ڕادەگرێت، هەروەها پاش ڕاگرتنی پشتگیریکردن هەندێکجار خاوەنی بەرهەمەکە کۆدی سەرچاوە (source code)ـی بەرهەمەکە بڵاودەکاتەوە و هەندێکجار کەسی خۆبەخش هەن کە هەڵدەستن بە دەستکاریکردنی و دووبارە بەکارهێنانەوە و ژیانەوەی نەرمەواڵەکە.


سەرچاوەکان



1049 بینین