جیاوازی نێوان ئەندازیاری و ئەندازیاری تەکنیکی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-07-29-16:32:00 - کۆدی بابەت: 6093
جیاوازی نێوان ئەندازیاری و ئەندازیاری تەکنیکی

ناوه‌ڕۆك

ئەندازیاری Engineering 

ئەم بەشە پەیوەستە بە خوێندنی بنەما ئەندازەیی و بیرکاری و فیزیاییەکان بە پشتبەستن بە تیۆرییە ئەندازیارییەکان، خوێندکار بنەما سەرەکییەکانی بیرکاری و فیزیا بە چڕی و قوڵی دەخوێنێ، پاش دەرچوون ئەندازیار زیاتر کاری دیزاین و پلاندانان و سەرپەرشتی پڕۆژەکان دەکەن. 

ئەندازیاریی تەکنیکی Technical Engineering

تەکنیکی یان پۆلەتەکنیك یان تەکنەلۆجی ئەم بەشە لقێکە لە زانستی ئەندازیاریی، لەم بەشەدا فێرخواز گرنگی دەدات بە خوێندنی پێکهاتەی تەکنیکی ئامێرەکان و ڕێگای کۆنتڕۆڵکردنیان و خستنەکاریان، هەروەها کۆنتڕۆڵکردنی کردارە کیمیاوییەکان و چەندان بابەتی تریش، خوێندکار بنەما سەرەکییەکانی بیرکاری و فیزیا دەخوێنێت و زیاتر گرنگی بەلایەنی كردارەکی دەدرێت، واتە بەگشتی کاری کردارەکی تاقیگە و جێبەجێکردنی بابەتە تیۆرییەکان لە واقیعدا.

جیاوازی نێوان ئەندازیاری و کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری

لە ڕووی ئەکادیمییەوە: ئەندازیاری زیاتر بایەخ بە تیۆری و دیزاین و گریمانەکان دەدات، بەڵام ئەندازیاری تەکنیکی پەیوەستە بە جێبەجێکردنی تیۆرییەکان لە واقعدا. 

لە ڕووی پسپۆڕییەکان: بەشێك لە پسپۆڕییەکان هاوبەشن لە ئەندازیاری گشتی دەخوێنرێت و هەروەها لە ئەندازیاری تەکنیکیش بەردەستە، بەڵام  چەند پسپۆڕییەکی گرنگ هەیە تەنها لە ئەندازیاری گشتی دەخوێنرێت چەشنی تەلارسازی کە لە ئەندازیاری تەکنیکی ناخوێنرێت و بەردەست نییە. 

لە ڕووی کۆنمرەوە: بەشی ئەندازیاری بە گشتی کۆنمرەی بەرزتر وەردەگرێت بە بەراورد بە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری، شێواز و بواری خوێندنیان جیاوازە. 

لە ڕووی بڕوانامەوە: بڕوانامەی هەردوو بەش بەپێز و گرنگە هەر پسپۆڕییەکی ئەندازەیی بن، ئەندازیاری بە گشتی دیزاین و پلانی پڕۆژەکان دەکات و تەکنیکار ئەو دیزاینانە جێدەکات.

لە ڕووی پلەبەندی پیشەییەوە: دەرچووی کۆلێژە ئەندازیارییەکان ئەندازیاری گشتیین یاخود ئەندازیاری زانستیین  Science Engineering، دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاریی تەکنیکی پێیان دەوترێت ئەندازیاری تەکنیکی، یاخود ئەندازیاری کرداری Technical Engineering.

لە ڕووی داهات و مووچە: داهات پەیوەستە بە مەرج و یاسای ئەو شوێنانەی کە کاری تێدا دەکەیت، ئەگەر کەرتی تایبەت بێت یان حکوومی، هەروەها پسپۆڕی و لێهاتوویی ئەندازیار کاریگەرن لە دیاریکردنی مووچە و داهات.

وەزارەتی خوێندنی باڵا نازناوی ئەندازیار دەبەخشێتە دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاری و نازناوی ئەندازیاری تەکنیکی جێبەجێکار دەبەخشێتە دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاری تەکنیکی.

نموونەیەکی کرداری کە جیاوازییەکان ڕوون دەکاتەوە 

ئەندازیارێکی کارەبا دیزاینی سیستەمی کارەبایی بۆ بینایەك دەکات، هەموو وردەکارییەکانی کارەبای ئەو بینایە بە وردی و ڕێکی دیزاین دەکات، ئەندازیاری تەکنیکی جێبەجێکاری کارەبایی دەست دەکات بە وەرگێڕانی ئەو دیزاینە بۆ واقیع، بە واتای جێبەجێکردنی دیزاینەکە لە دروستکردن و بەستنی ئامێرە کارەباییەکان پێکەوە لە بیناکە ئەرکی ئەندازیاری تەکنیکییە. 


سەرچاوەکان



2501 بینین