نوعمان عەلی خان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-07-29-20:07:00 - کۆدی بابەت: 6096
نوعمان عەلی خان

ناوه‌ڕۆك

نوعمان علی خان کێیە؟

نوعمان علی خان وتاربێژێکی ئیسلامی ئەمریکی و ئایینزانێکی پسپۆڕ و مامۆستای زانکۆیەکی عەرەبییە، دوای خزمەتکردنی لە کۆلێژی کۆمەڵگای "ناساو" وەکو مامۆستایەکی عەرەبی، پەیمانگای "بەینە"ی دامەزراند بۆ خوێندنی قورئانی پیرۆز و فێربوونی زمانی عەرەبی، هەروەها لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ئیسلامی شاهانەی ئوردنەوە وەکو یەکێک لە 500 کاریگەرترین موسڵمانەکانی جیهان دانرا.

ژیانی منداڵی و تایبەتی

نوعمان علی خان لە 4ی ئایاری 1978 لە خانەوادەیەکی پاکستانی و لە پایتەخی ئەڵمانیا لە شاری بەرلین لەدایکبووە، تەمەنی 43 ساڵە و موسڵمانێکی سوننە مەزهەبە، بە ڕەگەزنامە ئەمریکییە و لە شاری ڕیازی سعودیەی عەرەبی نیشتەجێیە و هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی کوڕێک و سێ کچە، هەروەها ساڵەکانی پێش چوونە قوتابخانەی لە خۆرهەڵاتی بەرلین بەسەر بردووە، باوکی لە شاری ڕیازی پایتەختی سعودییەی عەرەبی بۆ باڵوێزخانەی پاکستان ئیشی کردووە، نوعمان علی خان لە پۆلی 2 هەتا 8 لە قوتابخانەی باڵوێزخانەی پاکستان بووە، پاشان خێزانەکەی ماڵیان گواستەوە بۆ نیویۆرک لەکاتێکدا نوعمان عەلی خان لە تەمەنی هەرزەکاریدا بوو.

هەندێک ڕاستی زانراو دەربارەی نوعمان علی خان

- خۆشەویستی نوعمان علی خان بۆ خوێندنی زمانی عەرەبی لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە لە قوتابخانەی سەرەتایی بوو لە شاری ڕیازی پایتەختی سعودیەی عەرەبی.

- لە ساڵی 1993دا و کاتێک لە پاکستان بوو، بەخششی خوێندنی وەرگرت بەهۆی بەدەستهێنانی پلەیەک لە نێو 10 بەرزترین نمرەکان لە لیژنەی کارگێڕی تاقیکردنەوەکانی خوێندنی نیشتیمانی عەرەبی.

- لەگەڵ ئەوەشدا، نوعمان علی خان لەژێر دەستی دکتۆر عەبدو سامیدا بەشێوەیەکی تایبەت و زۆر بەدڵسۆزییەوە دەستی کردووە بە ڕاهێنان لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، دکتۆر سامی دامەزرێنەر و سەرۆکی پێشووی کۆلێژی قورئان بوو لە شاری "فەیسڵ ئاباد" لە وڵاتی پاکستان.

- پاشان نوعمان علی خان وەکو پرۆفیسۆرێکی زمانی عەرەبی لە کۆلێژی کۆمەڵگای "ناساو" لە شاری نیۆیۆرک هەتا ساڵی 2006 خزمەتی کردووە.

- نوعمان وەکو شارەزایەکی ستانداردی هاوچەرخ و کلاسیکی عەرەبی دادەنرێت.

- لە ڕێگای دامەزراندنی پەیمانگایەکەوە کە بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی و خوێندنی قورئانی پیرۆزە بە ناوی "بەینە"، زیاتر لە 20,000 خوێندکاری لە سەرانسەری جیهاندا فێرکردووە.

- هەروەها نووسەری دوو پەرتووکی دیار و سەرکەوتووە بە ناوەکانی "ئاخافتنی ئاسمانی"، کە باس لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە قورئانی پیرۆز دەکات وەکو ئەدەبیات و لە ساڵی 2016 بە زمانی ئینگلیزی بڵاوی کردۆتەوە، هەروەها پەرتووکی "دڵتان بژیێننەوە"، کە باس لە دامەزراندنی ژیان دەکات لەسەر بنچینەی توانای بیرکردنەوە لە کێشە و بڕیارەکان بە شێوەیەکی گونجاو بەبێ گەورەکردنیان، ئەم پەرتووکەی لە ساڵی 2017 و بە زمانی ئینگلیزی بڵاوی کردۆتەوە.

- لە ڕێگای یەکێک لە پۆستەکانی فەیسبووکەوە لە ساڵی 2005دا نوعمان ئەوەی ئاشکرا کرد کە کوڕە تازە لەدایکبووەکەی "خالید"، لە نیشانەکانییەوە دەرکەوتوە نەخۆشی دڵی هەیە و هەناسەدانی دوو هێندە خێراترە لە هەناسەدانی منداڵی ئاسایی.

پەیمانگای بەینه

پەیمانگای بەینە بیرۆکەی سەرەکی نوعمان علی خانە، ئامانجی بڵاوکردنەوەی پەیامی جیهانی ئیسلامە، بەینە لە ساڵی 2005دا دامەزراوە، ئێستا بنکەکەی لە شاری دالاس تەکساسە، ئیشی پەیمانگاکه فێربوونی زمانی عەرەبی و خوێندنی قورئانی پیرۆزە لە سەرتاسەری جیهاندا، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو کەسێک دەتوانێت بەژداری تێدا بکات بە شێوەیەکی نوێ و ئاسان بۆ تێگەشتن و بە شێوەیەکی تایبەت بەردەستە. 

دامەزرێنەری بەینە پێیوایە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای هاوچەرخ و ئامرازە هاوچەرخەکانی پەروەردە گرنگترین شتن بۆ هاندانی خەڵکی بۆئەوەی هەوڵبدەن بەشێوەیەکی تەواو لە قورئانی پیرۆز و زمانی عەرەبی تێبگەن بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت بە خوێندن خۆیان بەرەو پێش ببەن و نزیک ببنەوە لە خودای گەورە.

بۆ ئەوەی ئەم خەیاڵه ببێت بە ڕاستی، بەینە بەرنامەی فێرکردنی هەمەجۆر پێشکەشی خوێندکاران دەکات، فوڵ تایم "هەشت کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و چل کاتژمێر لە هەفتەیەکدا"، و پارت تایم "چوار کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و بیست کاتژمێر لە هەفتەیەکدا" و سێڵف پەیست "بە پێی ویست و خشتەی‌ کاتی خوێندکارەکە فێر ببێت"، لەگەڵ زانایانی پیشەگەر و پسپۆڕ لە بوارە دینییەکاندا، بەینە کاریگەری هێزی میدیا بەکار دەهێنێت بۆ گواستنەوەی ناوەڕۆکی بابەتەکان بە کوالێتییەکی بەرز، لەگەڵ ئەوەشدا دەقەکان فێری هەزاران قوتابی دەکات لە هەردوو ڕەگەز و لە هەموو پێگەکانی کۆمەڵگا و لە سەرتاسەری جیهاندا.

بەینە TV

"بەینە تی ڤی" کتێبخانەی میدیایی تایبەتی پەیمانگای بەینەیە، لە وێبسایتەکەدا زیاتر لە 2000 کاتژمێر ڤیدیۆی یەک لە دوا یەک دەربارەی ناوەڕۆکی بابەتەکان بەشێوەیەکی ئۆنڵاین بەردەستە و هەمیشە لە کاردایە لەگەڵ بەرنامە مۆبایلییەکانی "بەینە تی ڤی" بۆ ئەندرۆید و ئەپڵ، بەرنامەکان و وانەکان لەگەڵ وتارە گشتییەکان لەلایەن دامەزرێنەر نوعمان علی خان و زانا کاریگەرەکانەوە بەتایبەتی ڕێکخراون بۆ ئەوەی ڕابەری فێرکارەکان بن لە فێربوونی قورئانی پیرۆز و زمانی عەرەبیدا.

خەونی بەینە

هەموو کەسێک لە جیهاندا ئەگەر بیەوێت دەتوانێت فێری زمانی عەرەبی ڕەسەنی قورئانی پیرۆز ببێت، بەبێ گوێدانە زمانی بنەڕەتی کەسەکان دەکرێت بەشێوەیەکی ئاسان و بەردەست فێرببن، ئەمە ئەو خەیاڵە گەورەی بەرنامەی "DreamWorldWide"ـە کە زۆر بەلایانەوە گرنگ و کاریگەرە، تێدەگەین کە هێنانەدی ئەو خەونە پرۆسەیەکی پێشکەوتنخواز و هێواشە و هیوادارین ئەوەتان لەگەڵ بەش بکەین کە چۆن دەتوانین پێکەوە ببین بە بەشێک لە بەدیهێنانی ئەو خەونه.

تۆمەتە بەدکارییەکانی نوعمان علی خان

لە مانگی ئەیلولی 2017 دا، نوعمان علی خان تۆمەتبارکرا بە هەبوونی پەیوەندی نادروست لە ڕێگای ئۆنڵاینەوە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر ئافرەتدا، وەکو لە وتارەکەی ڕۆژنامەی "ناشناڵ"ـدا هاتووە و ئەم تۆمەتانە چەند بارە کراونەتەوە لە ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکاندا، خان بەم شێوەیە وەڵامیداوەتەوە کە دەقی ئەو گفتوگۆ دزەپێکراوانە لە نێوان کەسانی پێگەشتوودا بووە و لەلایەن یاساوە مافی ئەوەیان هەیە لە پەیوەندیدابن و بە ویست و ئارەزووی خۆیان هاوسەریان دەویست، هەروەها ئەوەشی ڕوونکردەوە کە ماوەی دوو ساڵە جیابوەتەوە لە هاوسەرەکەی، لە کانونی 2017دا "بەزفید نیوز" وتارێکی بڵاوکردەوە دەربارەی چالاکییەکانی نوعمان عەلی خان کە "هەوڵی بەکارهێنانی هێز و کۆنتڕۆڵکردنی کەسی بەرامبەر بە بەکارهێنانی دین و ئاین و بیروڕا"ـی پێ دەگووترا، ئەوەی خستەڕوو کە نوعمان بەشێوەیەکی سەرنەکەوتوانە چەند پارێزەرێکی هەبووە و داوا لە چوار کەسی قەشە دەکات کە ئەو لێدوانە دو قۆڵیە بڵاو نەکەنەوە کە ئاماژە بە "هاوسەرگیری نهێنی ساختە" دەکات، وتارەکەی ئەتڵەسی ئاماژەی بە هەندێک لەو کاردانەوە نەرێنیانە کرد دژی ئەو ئافرەتانەی که نوعمانیان بە تۆمەتی بەدکاری تاوانبارکرد.

لە تشرینی یەکەمی 2017دا، لیژنەیەک کە پێکهاتبوو لە زانایانی ئیسلامی هەمەجۆر و سەرکردەکانی کۆمەڵگا، لە نێوانیاندا ئەوانەش کە سەرکردایەتی پۆستەکانیان وەرگرتبوو لە کۆمەڵگای ئیسلامی ئەمریکای باکوور و ڕاوێژکارەکان لەگەڵ پسپۆڕانی تەندروستی دەروونی دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکانیان لەو بابەتە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، لە نێو کۆڕەکەدا کە هەر یەک لە "عائیشە ئەلعەدەوییە، سەلما ئەبوگیدەری، تارما گرەی، ئالتاف حسێن، محەمەد مەگید و ئینگرید ماتسۆن" هەبوون، لیژنەکە ئەمەیان ڕاگەیاند:

"بەداخەوە ئەوە دووپات دەکەینەوە کە نوعمان علی خان متمانەی خەڵکی قۆستۆتەوە و بە شێوازێک بیری لێ کراوەتەوە کە کاری باش بکات بەڵام ئەو بیرکردنەوەی بە شێوەیەکی خراپ بەکارهێنا و هەوڵی بەکارهێنانی هێز و کۆنتڕۆڵکردنی کەسی بەرامبەری داوە بە بەکارهێنانی دین و ئاین و بیروڕا وە ڕەفتاری نا ئەخلاقی ئەنجامداوە"، لەگەڵ ئەوەشدا لیژنەکە پێشنیاری ئەوەیانکرد کە نوعمان "ڕووبەڕوی لێکەوتەکانی کارەکانی دەبێتەوە و با پشوویەک وەربگرێت لە ژیانی ناسراوی ناو کۆمەڵگا دوور بکەوێتەوە بۆئەوەی پەند وەربگرێت و سەرقاڵ بێت بەو کردەوانەی کە دەبێتە هۆی بە دەستهێنانی لێخوشبوونی لەلای خودای گەورە".


سەرچاوەکان



775 بینین