چەند پرسیار و وەڵامێک لەسەر یاساکانی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-30-14:49:00 - کۆدی بابەت: 6104
چەند پرسیار و وەڵامێک لەسەر یاساکانی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

یاساکانی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

ئاشکرایە کە هەموو شتێک یاسا و ڕێکار تایبەت بە خۆی هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە بچێت, لە پڕۆسەی لەبەرکردنی قورئانیشدا کۆمەڵێک یاسا بونیان هەیە, کە ئەم یاسایانە لەبەرکردن و پێداچوونەوە و لێ وردبوونەوە و کارکردن بە قورئانت بۆ ئاسان دەکات, هەڵبژاردنی ئەو یاسایانەش بە پێی مامۆستایان و شارەزایانی بواری لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز دەگۆڕێت, هەرچەندە لە بەشێکی زۆری یاساکاندا کۆکن, هەر بۆیە پرسیارانێک دەکرێت دەربارەی ئەم یاسایانە کە ئایا بۆچی گرنگن و ئەگەر ئایا ئەو یاسا نەبێت چی دەبێت؟, ئەم پرسیارانەش تایبەتن بە یاسا زێڕینەکانی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز, بۆ زانینی تەواوی یاسا زێڕێنەکان دەتوانیت خوێنەری بابەتی (یاسا زێڕینەکان بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز) بیت.

چەند پرسیار و وەڵامێک لەسەر یاساکانی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

هەبوونی نیەتێکی پاک لە لەبەرکردنی قورئان چی گرنگیەکی هەیە؟

نیەت سەرچاوەی هەموو کارێکە, واتە ناکرێت ئێمە کارێک ئەنجام بدەین بەبێ مەبەست, پێویستە بە نیازێکەوە ئەنجامی بدەین, هەر بۆیە قورئانی پیرۆزیش وتەی بەرز و پیرۆزی خودای گەورەیە, لەگەڵبوون و ژیان لە خزمەت قورئانی پیرۆزدا تام و چێژێکی تایبەتی هەیە, هەر بۆیە بۆ ئەوەی ئەو پەرستشەت وەرگیراو بێت پێویست دەکات کە نیەتت لە لەبەرکردنی قورئان لەبەر خودای گەورە بێت, واتە بۆ ئەوە بێت کە خزمەتی دینی خودای گەورەی پێ بکەیت, ئەوەی تۆ فێری دەبیت بە کەسانی دیکەشی ڕابگەیەنیت, پێویستە دوورکەوینەوە لە ڕووپامایی کە یەکێکە لە شیرکە بچووکەکان, چونکە وەک پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: سێ تاقم هەن لە ڕۆژی دواییدا کە ئاگری دۆزەخ بەوان تاو دەدرێت, یەکێک لەو سێ تاقمە کەسێکە کە خاوەن زانست و زانیاری بووە, شارەزای قورئان بووە, بەڵام بۆ ئەوە بووە کە خەڵک دەست خۆشی لێبکەن و بە گەورەیی بزانن, واتە لەبەر خودای گەورە نەبووە نیەت و نیازەکەی پەنا بە خودای گەورە, هەر بۆیە پێویستە ڕۆژانە و زوو بە زوو نیەتمان تازەکەینەوە بۆ خزمەت کردنی دینی خودای گەورە.

هەبوونی پلان و دانانی کاتێکی گونجاو گرنگی چیە لە لەبەرکردنی قورئان؟

پێویستە ئەوە بزانین کە لەبەرکردنی قورئان پێویستی بە بوونی پلانێکی تۆکمەیە, بۆ ئەوەی بزانیت کە ڕۆژانە پێویستە چی لەبەر بکەیت و چی پێداچوونەوەی بۆ بکەیت, هەروەها دانانی کاتێکی گونجاو بۆ لەبەرکردنی قورئان زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی کە هەندێک کات هەیە کە مێشک تێیدا باشتر توانای وەرگرتنی زانیاری هەیە, هەندێک کات هەیە وەک دوای نوێژی بەیانیان کە قەرەباڵغی تێدا نیە و دوور لە ژاوە ژاوە, هەر بۆیە وا باشترە ئەو کاتانە بقۆزرێتەوە و هەروا بە فیڕۆ نەڕوات.

ئایا هەبوونی هاوڕێیەکی باش لە ڕێی لەبەرکردنی قورئان گرنگە؟

هەبوونی هاوڕێیەکی قورئانی زۆر پێویستە, بە تایبەت هاوڕێیەک کە بە واتای وشە هاوڕێ بێت, هاوسەفەرت بێت, هاو خەمت بێت, حەز بکات کە هەمیشە تۆ لەو باشتر بیت, بۆیە پێویستە زۆر بە وریاییەوە هاوڕێکانمان هەڵبژیرین بۆ ئەوەی یارمەتیدەرمان بن, ئەگەر نا توشی هاوڕێیانێک دەبینەوە کە ساردمان دەکەنەوە لە لەبەرکردنی قورئان.

مەرجە بە تەجویەدەوە قورئان لەبەر بکەم؟

ئەم پرسیارە یەکێکە لە پرسیارە باوەکان, پێویستە بە تەجویدەوە قورئان لەبەر بکەیت بەو شێوەی کە بۆ پێغەمبەر ﷺ دابەزیوە,  لەبەر ئەوەی گەر بە تەجویدەوە قورئان لەبەر نەکەیت ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە کە بە هەڵە وشەکان فێرببیت و لەبەریان بکەیت, ئەوسا ڕاستکردنەوەشی کەمێک زەحمەت دەبێت.

هەبوونی مامۆستا و شێخێک گرنگە؟

هەبوونی شێخێک کە قورئانەکەت لێ بپرسێتەوە زۆر گرنگە, بۆ ئەوەی هەرکاتێک هەڵەیەکت کرد بۆت ڕاست بکاتەوە, هەروەها بۆ ئەوەی هەمیشە ئەزموونی خۆی بە تۆ بڵێت و یارمەتیت بدات و ئامۆژگاری ئاڵتوونیت پێشکەش بکات و بە ئیزنی خودای گەورە یارمەتیت بدات کە نەکەویتە ناو ئەو هەڵانەوە کە ئەو پێشووتر خۆی تێی کەوتووە.

تەدەبوور لە قورئان گرنگە؟

بەڵێ زۆریش گرنگە, پاش ئەوەی کە تۆ قورئانت لەبەر کرد و لێی تێگەیشتی پێویستە لێی وردببیتەوە و وەک مەلەوانێک بە شوێن گەوهەرەکانی ناو قورئاندا بگەڕێیت.

لە پێشبڕکێ قورئانیەکان و تاقیکردنەوەکان دەترسم, ئایا ئەمە چارەسەری چیە؟

تاقیکردنەوە و پێشبڕکێکان بۆ ئەوەیە کە تۆ زیاتر بە پێداچوونەوەی قورئانەوە سەرقاڵ بیت و هەمیشە لە خزمەت قورئاندا بیت, هەر بۆیە بەشداری کردن تێیاندا کارێکی زۆر باشە, هەم دەبێت بە ئەزموونێکی نوێ بۆت, هەم ئەو قورئانەی لەبەرتە زیاتر دەچەسپێت.

لە ئایەتە هاوشێوەکان دەترسم و ناتوانم لە یەکتریان جیا بکەمەوە, چی بکەم باشە؟

چارەسەر بۆ ئەمە ئەوەیە کە سوود لەو کتێب و نوسراوانە وەربگریت کەو بوارە نوسراوە, بە تایبەت بەرهەمەکانی شێخ دورەید ئیبراهیم الموصلی, کە بە ناونیشانی (أسئلة وأجوبة بضبط الألفاظ المتشابهة) ـیە.

ئایا نووسینەوەی قورئان بە دەست و خەتی خۆت پێویستە؟

نووسینەوەی قورئانی پیرۆز یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە زۆر بەسوودە لە زەبت کردنی قورئاندا, ئەم ڕێگەیەش زیاتر مەغریبیەکان بەکاری دەهێنن, هەر بۆیە دەبینیت لەبەرکارانی قورئانیان زۆر بەتوانا و لێهاتوون, بۆیە ئێمەش دەتوانین سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین, هەروەها ئەو کەسانەی کە ئەم ڕێگەیان بەکار هێناوە ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە زۆر سودیان لێبینوە.

ئایا لەبەرکردنی قورئان بە وەصلەوە پێویستە؟

وەصل واتای ئەوەیە کە تۆ بزانیت کۆتایی هەموو ئایەتەکان و شوێنی وەستانەکان بە چی جوڵەیەک کۆتایی هاتووە, ئەمەش وا لە مێشکی لەبەرکاری قورئان دەکات کە فراوان ببێت و بتوانێت زیاتر قورئان زەبت بکات, بێگوومان ئەوەی وەصل دەزانێت لەو کەسە جیاوازە کە نایزانێت هەروەک شێخ عبد الرشید صوفی باسی دەکات, وەصلکردنـی ئایەتەکان زۆر بەسوودە بە تایبەت لەو سورەتانەی کە ئایەتی کورتی زۆری تێدایە, واتە لەوەدەچێت لاپەڕەیەک 20 ئایەتی تێدا بێت بۆ نموونە, گەر تۆ بە وەصلەوە لەبەری بکەیت ئەوا وەک وابێت هەمو ئایەتەکانی لاپەڕەکە لە مێشکی تۆدا وەک ئایەتێک وایە, چونکە تۆ هەمووی پێکەوە گرێ دەدەیت و لە شوێنێکدا دەوەستیت کە واتای هەبێت و لە شێنێکدا دەست پێدەکەیتەوە کە  واتای هەبێت.


سەرچاوەکان



1106 بینین