لاڵی

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-31-03:27:00 - کۆدی بابەت: 6119
لاڵی

ناوه‌ڕۆك

لاڵی چییە؟

لەدەستدانی توانای قسەکردنە، کە توانای پەیوەندیکردنی لێ دەسەنێتەوە، دەکرێت کاریگەری بکاتە سەر توانای قسەکردن و نوسین و تێگەیشتن لە زمان، جا دەربڕین بێت یان نوسراو، کە زۆرجار پاش جەڵتەی مێشک یان بەرکەوتنێک بە سەر ڕوودەدات، بەڵام دەکرێت بە شێوەیەکی پلە بە پلە دەربکەوێت لە لوویەکەوە کە خاو گەشە دەکات لە مێشکدا یان نەخۆشییەک کە دەبێتە هۆی تێکچوون و پووکانەوەی هەمیشەیی و پلە بە پلە وەکوو نەخۆشییەکانی پووکانەوەی مێشک، چارەسەری سەرەکیش بۆ لەدەستدانی توانای قسەکردن چارەسەری دەربڕین و زمانە، کە کەسی توشبوو فێری قسەکردن و کارامەییەکانی زمان دەبێت و فێری بەکارهێنانی رێگەی تری پەیوەندی کردنیش دەبێت، وێڕای چارەسەرکردنی هۆکارەکەش.

نیشانەکانی لاڵی

لاڵی یان لەدەستدانی توانای قسەکردن نیشانەی چەند حاڵەتێکی ترن وەکوو جەڵتەی مێشک و لووی مێشک، بۆیە گرنگە نیشانەکانی نەخۆشییەکە بزانرێت لەکاتی سەردانی پزیشکدا و چارەسەرکردنیان بە تەواوی، توندی کێشەکانیش بەپێی بڕی زیان و ناوچەی کارتێکردووی مێشک دەبێت، لە نیشانەکانیش:

  • قسەکردن بە ڕستەی کورت و تەواو نەکراو. 
  • وتنی ڕستەی بێ واتا.
  • گۆڕینی وشەیەک بە یەکێکی تر یان دەنگێک بە دەنگێکی تر. 
  • وتنی وشەگەلێک کە نازانرێت چین.
  • بێتوانایی لە تێگەیشتن لەوانی تر.
  • نوسینی ڕستەی بێ واتا.

شێوازەکانی لاڵی

چەند جۆرێک لە لاڵی هەن، هەر یەکەشیان دەکرێت ببنە هۆی لاوازییەک کە لە نێوان کەم بۆ زۆردایە، ئەویش بەپێی توندی بەرکەوتنەکە بە مێشک، لە شێوەکانی لەدەستدانی توانای قسەکردن بریتین لە: 

  • لاڵی لە دەربڕین یان ناڕەها: لەدەستدانی توانای دەربڕینی قسەیە، کە کەسەکە دەزانێت دەیەوێت بڵێت چی، بەڵام توشی قورسی دەبێت لە گەیاندنی بە دەورووبەر.
  • لاڵی وەرگرتن یان ڕەها: لەدەستدانی توانای قسەکردنە، کە کەسەکە دەتوانێت گوێی لە دەنگ بێت یان نامە نوسراوەکە بخوێنێتەوە، بەڵام لێی تیناگات.
  • لاڵی ناونان: کەسی توشبوو قورسی بۆ دروست دەبێت لە دۆزینەوەی وشە، کە ئەمەش پێی دەوترێت هەژاری ناونان، بەهۆی ئەم قورسییانەوە کەسەکە زۆر هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەی وشەی گونجاو بۆ قسەکردن و نوسین.
  • لاڵی گشتگیر: قورسترین جۆری لاڵییە، زۆرجار ڕاستەوخۆ پاش توشبوون بە جەڵتەی مێشک توشی دەبن، لەگەڵ لەدەستدانی تەواوی توانای قسەکردن، کەسەکە توسی قورسی دەبێت لە قسەکردن و تێگەیشتن لە وشە، وێڕای ئەوەش کەسەکە توانای خوێندنەوە و نوسینی نابێت. 
  • لاڵی پێشکەوتووی یەکەمی: تیکچوونێکی دەگمەنە، کە کەسەکان توانای قسەکردن و نوسین و خوێندنەوە و تێگەیشتن لەوەی دەیبیستن بە هێواشی لەدەست دەدەن بۆ ماوەیەکی زۆر،  هیچ چارەسەرێکیش بەردەست نییە بۆ پێچەوانەکردنەوەی لاڵی پێشکەوتووی یەکەمی.

هۆکارەکانی لاڵی

لاڵی ڕوودەدات بەهۆی تێکچوونێک یان زیاتری ناوچەی بەرپرس لە کۆنترۆڵکردنی زمان لە مێشکدا، چونکە کاتێک زیانێک ڕوودەدات دەکرێت ببێتە هۆی رێگری لە گەیشتنی خوێن بەو ناوچانە و لاڵی دەردەکەوێت، چونکە کەمی ئۆکسجین و ماددەی خۆراکی بەهۆی نەمانی وروژمی خوێنەوە دەبێتە هۆی مردنی خانەکانی ئەو بەشەی مێشک، لە هۆکارەکانی لاڵیش بریتین لە:

  • جەڵتەی مێشک، بڵاوترین هۆکارە کە لە سەدا ٢٥ بۆ ٤٠ ی توشبووان بە جەڵتەی مێشک توشی لاڵی دەبن.
  • لووی مێشک.
  • هەوکردنی کۆئەندامی دەمار.
  • پیری یان تێکچوونی دەماریی تر. 
  • نەخۆشییەکانی پوکانەوەی مێشک.
  • خوینتێزانی سەر. 


سەرچاوەکان



1288 بینین