پیاوی کەوتنەخوارەوە (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-08-03-21:53:00 - کۆدی بابەت: 6158
پیاوی کەوتنەخوارەوە (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

ناوه‌ڕۆك

سەد وێنەکەی مێژوو

گۆڤاری تایم بڕیاری دا بە دانانی لیستێک بۆ بەناوبانگترین وێنەکانی مێژوو و لیستەکەش پێکهاتبوو لە ١٠٠ وێنە، بۆ ئەمەش لەگەڵ زۆرێک لە وێنەگر و وێنەزانانی جیهان کۆبوونەوە، لێکۆڵەرەکان دەڵێن: "هەندێک لە وێنەکانمان داناوە چونکە تاکن، هەندێکیان چونکە بیری مرۆڤیان گۆڕی، هەندێکیش شێوازی ژیانمانی گۆڕی، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە نێوان هەموویان، ئەوەیە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە مرۆڤەکاندا".

ناوی وێنە پیاوی کەوتنەخوارەوە
ناوی وێنە بە فەرمی Falling Man
ڕیزبەندی شەشەم
جۆر کارەسات، جەنگی، تیرۆر
مێژوو ٢٠٠١
وێنەگر Richard Drew

پیاوی کەوتنەخوارەوە ٢٠٠١

وێنەی پیاوی کەوتنەخواروە یاخود بە ئینگلیزی  (Falling Man, 2001)، شەشەمین وێنەیە لە لیستی ١٠٠ وێنە بەناوبانگەکەی مێژوو، وێنەکە لە ١١ی مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠١ لە لایەن وێنەگر ڕیچارد درێو بە چەند ساتێک دوای کارەساتی ١١ی ئەیلوول گیراوە، کارەساتی ١١ی ئەیلوول بریتییە لەو هێرشەی کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێ شەممەی ١١ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠١ کرایە سەر چەند شارێک لە ئەمریکا لە لایەن ڕێکخراوی ئەلقاعیدەوە، بووە هۆی مردنی ٢٩٩٦ کەس، ئەم وێنەیە خستنەڕووی هەڵهاتنی پیاوێکە لە باڵەخانە خنکێنەرەکان، هێمایەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تاک لایەنە لە دژی کەوتنەژێر باڵەخانە هەوربڕەکان، لە ڕۆژی ماتەمینی ئەو کارەساتەدا (پیاوی کەوتنەخوارەوە) تاکە وێنەی بەربڵاوی بینراوە کە مردنی کەسێک نیشان دەدات، لە ڕۆژانی دوای کارەساتەکەدا وێنەکە لە ڕۆژنامەکانی ئەمریکا و دەوروبەریدا بڵاوکرایەوە، بەڵام بارودۆخی دەروونی خەڵک و کاریگەری ڕووداوەکە لەسەر هەست و سۆزیان وای لێکردن بە شێوەیەکی کاتی وێنەکە لەبیربکەن.

وێنەیەکی قورسە بۆ ڕوونکردنەوە، پیاوێک بە تەواوی لە نیوەی ستوونی باڵەخانەیەکی تایبەتتدا وەک تیرێک بەرەو زەوی خۆی دەهاوێژێت، ناسنامەی ئەم پیاوە کەوتووە تاکوو ئێستاش نەناسراوە، بەڵام وادیارە کە فەرمانبەر بووبێت لە چێشتخانەیەکی باڵەخانەکە و لەو ساتەدا لە نزیک پەنجەرەیەک بووبێت، هەرچۆنێک بێت زانیاری کەمە لەبارەی ئەوەی ئەو چی بووبێت، ئەوەی هەیە و باس دەکرێت ئەوەیە کە ئەو بووە بە سەربازێکی نەناسراوی هێمای سەردەمییانە لە جەنگێکی نەناسراو و گوماناویدا کە بۆ هەمیشە بوو بە هێما لە مێژوودا.


سەرچاوەکان



984 بینین