وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-04-14:31:00 - کۆدی بابەت: 6170
وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا

ناوه‌ڕۆك

ئەسکەندەناڤیا

ئەسکەندەناڤیا یاخود سکەندەنافیا بەو کۆمەڵە وڵاتە دەوترێت کە لە باکوری کیشوەری ئەوروپا هەڵکەوتوون، کە مێژوویەکی کۆن و کلتوور و زمانی جیاواز و تایبەت بە خۆیان هەیە.

زاراوەی ئەسکەندەناڤیا بەکاردێت بۆ وڵاتانی سوید، دانیمارک و نەرویج کە هەندێک کات پێشیان دەوترێت نیمچە دوورگەی ئەسکەندەناڤیا، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی فراوانتر و گشتی بەکاربێت جگە لەو وڵاتانە هەریەکە لە وڵاتانی فینلەندا و ئایسلەندا و دوورگەکانی ئالاند و ڤارۆی دەگرێتەوە.

پێناسە گشتییەکەی هاوشێوەیە لەگەڵ ئەو دەستەواژەیەکی تر کە پێیان دەوترێت وڵاتانی هەڵکەوتەی باکووری ئەوروپا (بە ئینگلیزی: Nordic Countries) کە لەگەڵیدا کۆمەڵێک ناوچەی تری تێدایە وەک دوورگەی نەرویجی (سڤالبارد) و (یان مایەن)، گرینلاند و وڵاتە بچووکەکانی ناو شانشینی دانیمارک.

لە زمانی ناو وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا (سوید، نەرویج و دانیمارک) ئەسکەندەناڤیا تەنها بۆ خۆیان بەکاردێنن بەڵام لە زمانی ئینگلیزیدا دەستەواژەی ئەسکەندەناڤیا و وڵاتانی باکووری ئەوروپا هەردووکیان بەنزیکەیی هاوواتان و هەریەک لە وڵاتانی (سوید، نەرویج، دانیمارک، فینلەندا، ئایسلەندا و دوورگە بچووکەکانی چواردەوریشیان دەگرێتەوە).

جوگرافیای ئەسکەندەناڤیا بە تەواوی جیاوازە، و خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی وەک دەربەندەکانی نەرویج (کە ڕێڕەوی ئاوین لە نێوانی دوو چیادا تێدەپەڕن، ئەم سیفاتە بەتەواوی ئەو وڵاتەی پێ دەناسرێتەوە)ـە، هەروەها چیاکانی ئەسکەندەناڤیا، تەختایی، زەوییە نزمەکانی دانیمارک، دوورگە زۆرەکانی سوید و نەرویجیش.

سوید کۆمەڵێکی زۆر دەریاچە و شەختەی هەیە وە شوێنەوارە سارد و میراتەکانی چاخی بەستەڵەک، کە ئەو چاخە هەزاران ساڵە کۆتایی هاتووە بەڵام کاریگەریەکەی لە ناوچەکانی سوید هەر ماوە.

هەرێمەکانی باشووری ئەسکەندەناڤیا ناوچەیەکە چڕی دانیشتووان تێیدا بەرزە، وە مەودایەکی فراوانی پلەی گەرمی هەیە لە نزمترین پلەی ژێر سفرەوە دەستپێدەکات هەتا پلە بەرزەکان کە بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت، ئەسکەندەناڤیا لە باکوورەوە درێژدەبێتەوە هەتا نیوەگۆی باکووری زەوی، وە زۆربەی چیاکانی ئەسکەندەناڤیا خاکەکانیان بەیارن و درەختیان تیادا ناڕوێت بەهۆی بەرزییانەوە لە ئاستی ڕووی دەریاوە.

زمانی ئەسکەندەناڤیا

دوو گرووپی زمان هەر لە کۆنەوە لە نیمچە دوورگەی ئەسکەندەناڤیا بەکاردەهێنرێن، ئەوانیش زمانە ئەڵمانیەکانی باکوور (بە ئینگلیزی: North Germanic languages) کە پێشیان دەوترێت زمانی ئەسکەندەناڤیا، وە زمانی سامیش بە زمانی دووەم دانراوە، وڵاتی فینلەندا زمانێکی تایبەت بە خۆی هەیە بەڵام وەک لقێکی زمانی سامی پۆلێنکراوە بەهۆی ئەوەی سەر بە هەمان خێزانی زمانن.

زمانە ئەڵمانیەکانی باکوور ئەکرێت بە دوو بەشەوە لقی ڕۆژهەڵاتی ئەسکەندەناڤی کە سویدی و دانیمارکی دەگرێتەوە، لقی ڕۆژئاوای ئەسکەندەناڤی کە نەرویجی، ئایسلەندی و ڤێرویزی.

لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموویاندا هاوبەشی هەیە لەڕووی وشەی هاوبەش و کۆمەڵێک ڕێسای ڕێزمانییەوە، بەهۆی ئەوەی هەموویان سەر بە یەک کۆمەڵەی زمانن.

بەشێکی بچووکی خەڵکانی ئەسکەندەناڤیا بە زمانی سامی قسە دەکەن کە ئەوانیش دەکەونە ئەوپەڕی باکووری ئەسکەندەناڤیاوە، کە ڕێژەکەیان لە تەواوی جیهاندا نزیکەی ٣٠ هەزار کەس دەبێت و دانیشتووانی هەریەکە لە وڵاتانی (سوید، نەرویج، فیلەندا و ڕووسیان).

وڵاتی فینلەندا زۆربەی دانیشتووانەکەی بە زمانی فینلەندی دەدوێن، بەڵام بەشێکی بچووکی کە ڕێژەی لە ٪٥ پێکدەهێنن بە زمانی سویدی قسە دەکەن، بە هەمان شێوە بۆ سویدیش ڕاستە کە ڕێژەیەکی کەمی دانیشتووانەکەی بە فینلەندی دەدوێن.

فینلەندی بەتەواوی هاوپەیوەندە بە زمانی سامییەوە، کە هەردووکیان سەر بە هەمان خێزانی زمانی یورالیکن (بە ئینگلیزی: Uralic languages family) بەڵام بە تەواوی جیاوازن لە کۆمەڵەی زمانە ئەڵمانییەکانی باکوور. 

ئابووری ئەسکەندەناڤیا

لەڕووی بواری ئابوورییەوە وڵاتە ئەسکەندەناڤییەکان لە باشترین وڵاتانی کیشوەری ئەوروپا دێنە هەژمار بەهۆی ئەوەی سیستەمی بەخشندەیی خۆشگوزەرانی بەکاردێنن (بە ئینگلیزی: Generous welfare system) کە لەم سیستەمەدا چەند ڕێگایەک دەگیرێتە بەر وەک: خاوەن ئابوورییە بەرزەکان ڕێژەی قازانجیان کەمدەبێتەوە، ئەو کەسانەی خاوەن کار نیین کاریان بۆ پەیدادەکرێت، هەژاران لە باج دەبەخشرێن، خوێندنێکی ئاستبەرز و دڵنیایی تەندروستییان بۆ دابیندەکرێت، منداڵ، نەخۆش، خانەنشین هاوکاری داراییان دەکرێت.

گەشتیاری لە ئەسکەندەناڤیا

وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا ڕێکخراوێکی تایبەتیان هەیە بە گەشتیاری لەژێر ناوی بۆردی گەشتیاری ئەسکەندەناڤیا، کە لە نوێنەرایەتی هەر سێ وڵاتی سوید و نەرویج و دانیمارک پێکهاتووە، ئەم ڕێکخراوە هۆکارە بۆ بانگەشەی گەشتیاری وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا وەکو ئاسیا، ئوسترالیا، ژاپۆن و چین

هەروەها ڕێکخراوێک هەیە بەناوی ڕێکخراوی "ئەسکەندەناڤی-ئەمریکی" کە بارەگای سەرەکی لە شاری نیویۆرکە لە ئەمریکا کە بەهەمان شێوە گەشتیارانی ئەمریکی بۆ وڵاتانی باکووری ئەوروپا ڕادەکێشێت، بەو هۆیانە و هەڵکەوتەی جوگرافیای ناوچەکە وایان کردووە کە ئەم وڵاتانە ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر گەشتیارییان هەبێت و بەو هۆکارەش بەرزترین ڕێژەی داهاتییان هەبێت.


سەرچاوەکان



3126 بینین