هێرشی لاساییکردنەوە

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-07-00:04:00 - کۆدی بابەت: 6205
هێرشی لاساییکردنەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لە ئاسایشی زانیاریدا بەتایبەتی ئاسایشی نێتۆرک، هێرشی لاساییکردنەوە یان سپووف (بە ئینگلیزی: Spoofing attack) بریتییە لە حاڵەتێک کە تێیدا کەسێک یان نەرمەواڵەیەک کە هەڵدەستێت بە خۆناساندن بە کەسێک یان شتێکی تر لەڕێگەی پێدانی داتای هەڵە بەمەبەستی بەدەستهێنانی بەرژەوەندی نایاسایی.

لاساییکردنەوە و پڕۆتۆکۆڵی (TCP/IP)

زۆربەی پڕۆتۆکۆڵەکانی کە لە کۆمەڵەی (TCP/IP)ـدان میکانیزمیان نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی سەرچاوە و شوێنی مەبەستی نامەکان، کە ئەمەش وادەکات لاوازبن بەرامبەر هێرشەکانی لاساییکردنەوە، هاککەران لاساییکردنەوەی ئای پی (IP) و (ARP) بەکاردەهێنرێن بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی (man in the middle attack) هەروەها هێرشی نەهێشتنی خزمەتگوزاری (DoS Attack)، هێرشەکانی لاساییکردنەوە دەتوانرێت ڕێگرییان لێبگیرێت لەڕێگەی بەکارهێنانی دیواری ئاگیرنەوە (Firewall).

لاساییکردنەوەی ناسنامەی پەیوەندیکەر

تەلەفۆنە گشتییەکان زۆرجار زانیاری کەسی و ژمارەی تەلەفۆنی کەسەکە پێشکەشدەکات لە هەر پەیوەندییەکدا کە ئەنجامیدەدات، بەڵام هەندێک تەکنەلۆژیا هەیە وەک تەلەفۆنی ئای پی (VoIP) کە ڕێگە بە بەکارهێنەرانی دەدات کە زانیاری و ناوی هەڵە پێشکەشبکەن و پەیوەندییەکانیان ئەنجامبدەن.

لاساییکردنەوەی ئیمەیڵ

ئەو زانیارییانەی کە لە بەشی نێردەر (From) هەیە لە ئیمەیڵدا دەتوانرێت بەئاسانی بگۆڕدرێت، ئەم ڕێگەیە زیاتر ئەو کەسانە بەکاریدەهێنن کە ئیمەیڵی بێزارکەر و دووبارە دەنێرن بەمەبەستی شاردنەوەی ناو و زانیارییەکانیان. لاساییکردنەوەی ئیمەیڵ بەهەمانشێوەی پۆستەی ئاسایی دەنێردرێت بۆیە گەر هەموو زانیارییەکانی ناو ئیمەیڵەکە بە جوانی پڕبکرێتەوە ئەوا پڕۆتۆکۆڵی گواستنەوەی ئیمەیڵ (SMTP) هەڵدەستێت بە ناردنی ئیمەیڵەکە بۆ شوێنی مەبەست.

لاساییکردنەوەی شوێنی جوگرافی

لاساییکردنەوەی شوێنی جوگرافی دروستدەبێت کاتێک کەسەێک دەیەوێت وا لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بکات کە لە شوێنێکی تر دەربکەوێت واتا دوور لەو شوێنەی کە خۆی بە ڕاستی تێیدایە، لاساییکردنەوەی شوێنی جوگرافی زیاتر بەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ڤی پی ئێن و پڕۆکسی (DNS Proxy) ئەنجامدەدرێت، بەپێیی توێژینەوەیەک کە ئەنجامرداوە دەرکەوتووە کە ٪49 بەکارهێنەرانی ڤی پی ئێن بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی ئەو خزمەتگوزارییانە بەکاریدەهێنن کە لە ولات یاخود ناوچەکانی خۆیاندا بەردەست نییە، ئەم جۆرە لاساییکردنەوەیە پێیدەوترێت چەتەیی جیۆلۆجی، چونکە بەکارهێنەر هەڵدەستێت بە گۆڕینی شوێنی جوگرافی خۆی بۆ بەدەستهێنانی داتا، زانیاری یان هەر شتێکی تربێت کە مافی بڵاوکردنەوەی هەیە و لە ناوچەکەی خۆیدا قەدەغەیە.

لاساییکردنەوەی ڕێکخستەی شوێندۆزی جیهانی (GPS)

لاساییکردنەوەی GPS بریتییە لە هەوڵدان بۆ هەڵخەڵەتاندنی وەرگری GPS لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی شەپۆلی GPS دروستکراوەوە، یان لەڕێگەی دووبارە بڵاوکردنەوەی شەپۆلە ڕاستەقینەکان بەڵام لە شوێنێکی جیاوز یان کاتێکی جیاواز، ئەم شەپۆلە دروستکراوانەی GPS دەکرێت بەشێوەیەک دروستبکرێت کە وا لە ئامێرەکە بکات کە شوێنەکەی خۆی بە هەڵە دیاریبکات، هەروەها پێشنیارکراوە کە گرتنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی (Lockheed RQ-170) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران لە 12ـی ساڵی 2011 لە ڕێگەی بەکارهێنانی لاساییکردنەوەی GPSـەوە بووە.

لاساییکردنەوەی دەنگی

تەکنەلۆژیای زانیاری ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ژیانی ڕۆژانەماندا، هەروەها لە چەندین ڕیگای پشتڕاستکردنەوە (authentication) بەکاردەهێنرێت بەمەبەستی پاراستن و هەڵگرتنی داتا و زانیارییەکان، بۆ نموونە بایۆمەتری دەنگی، کە بەکاردەهێنرێت لە بانکە ئۆنلاینییەکان و هەروەها لەکاتی پەیوەندی کردن بە سەنتەرەکانی خزمەتگوزارییەوە.

چەندین تەکنەلۆژیا کە تایبەتن بە دروستکردنەوەی دەنگ زۆر بەخێرایی بەرهەمدەهێنرێن، کە ڕێگەدەدات بە دووبارە دروستکردنەوە دەنگی کەسەکان کە هەندێکجار لێکجیاکردنەوەیان مەحاڵە، ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانە پێیدەوترێت نووسین بۆ قسە (Text to Speech - TTS) کە هەڵدەستێت بە دروستکردنەوەی قسەکان، هەروەها خزمەتگوزاری گواستنەوەی ستایل (Style transfer) هەیە کە بەکاردەهێنرێت بۆ ناسینەوەی دەنگەکان.

ژمارەیەکی زۆر لە زانایان لە هەوڵدان بۆ دروستکردن و دۆزینەوەی ئەلگۆریذم بۆ ناسینەوە و جیاکردنەوەی دەنگە ڕاستییەکان لە دەنگە دروستکراوەکان، بەڵام دەبێت تاقیکردنەوەی زۆر لەسەریان بکرێت بۆئەوەی دڵنیاببنەوە کە سیستمەکە کاردەکات و هەڵە ناکات.


سەرچاوەکان



1033 بینین