دابونەریتەکانی جیهان 

له‌لایه‌ن: - سایە مستەفا - به‌روار: 2021-08-08-03:06:00 - کۆدی بابەت: 6216
دابونەریتەکانی جیهان 

ناوه‌ڕۆك

دابونەریت

زاراوەی دابونەریت لەو زاراوانەن کە بە شێوەیەکی گشتی قورسە دیاریبکرێن، بەھۆی پەیوەندی بە زاراوەیەکی گشتگیرترەوە کە کلتوورە، دابونەریتەکان بە بەشێک لە کلتووری کۆمەڵگە دادەنرێن، دەبەسترێتەوە بە کاتێکی دیاریکراوی کۆن و لە دەرەوەی نووسینەوەیە، تا ئەوەی دەبێتە بەشێک لەو هۆکارانەی کە وادەکات نەتوانرێت تێگەشتنێکی ڕێکوپێک و جێگیر هەبێت بۆی.

دابونەریت بە بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەی ھەموو  دەوڵەتەکانی جیھان دادەنرێت، لەگەڵ جیاوازی ڕەگەزنامە و  پێداویستییەکان و ئاینەکان لە نێوان مرۆڤەکاندا، و دابونەریتی تایبەت بە خێزان و ھۆز و دەوڵەت و چاخ ھەیە، ھەموو تاکەکانی نێو کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو پابەند دەبن بە دابونەریتەکانی و زیادەڕەوی تێدا ناکەن، و بە یاسای دادەنێن و ناتوانرێت سەرپێچی تێدا بکرێت، لە ھەندێک کاتدا تاکەکان سزا دەدرێن گەر پابەند نەبن بە دابونەریتەکانی ژینگەکەی دەوروبەریانەوە، بەھۆی پەیوەندی بوونی بە باوەڕ و پەروەردە و ڕەفتاری تاکەکان بە شێوەیەکی گشتی، و دەکرێت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئایینەوە ھەبێت، ھەندێک کات دابونەریتەکان باسی ئایینی دەگرێتەوە وەک ڕێوڕەسمی پەرستن، ھەروەھا دابونەریتەکان چۆنییەتی ڕەفتارکردن لە بۆنە گشتییەکان و چۆنییەتی ڕەفتارکردن لە نێوان ئافرەتان و پیاواندا و چەندین باسی دیکە دەگرێتەوە.

دابونەریتەکان لە دەوری جیھاندا 

لە دەوری جیھاندا چەندین دابونەریتی جیاواز ھەن، کە بوونەتە بەشێک و جیانابنەوە لە کلتوور و ژیانی نەتەوەکان، لە تەنھا بۆچوونێکەوە گۆڕاون بۆ بناغەیەک و ناتوانرێت بگۆڕدرێن یان یان نوێکردنەوەی تێدا بکرێت، یان پێشکەوتنی تێدا بکرێت یان وازی لێ بھێنرێت.

دابونەریتەکانی ھۆزی بوندۆ 

ھۆزەکانی بوندۆ دەگەڕێنەوە بۆ ھۆزەکانی ھیند، لەناوچەی ئۆریسا، یەکێک لە دابونەریتەکانی ھۆزی بوندۆ کاری ئافرەتان لە کێڵگە و دروستکردنی خشڵ و کەرەستەی جیاوازە، و پیاوان گرنگی دەدەن بە ڕاوکردنی ئاسک، لە دابونەریتی بوندۆدا شەرمەزارییە گەر پیاو بەھۆی توشبوون بە نەخۆشی یان بە ڕووداوێکی دیاریکراو کۆچی دوایی بکات، پێویستە لەکاتی شەڕکردنی لە جەنگدا کۆچی دوایی بکات. 

دابونەریتەکانی ھۆزی ئەخا

ھۆزی ئەخا لە ھۆزەکانی باکوری تایلەندە، یەکێک لە نەریتەکانیان خانمان تەنورەی ڕازاوە بە قردێلە و ئاسن دەکەنە بەریان، و دانانی داپۆشەرێک لەسەر سەر کە لە تۆپی زیو و ڕازێنراو بە پارە و تەزبێحی ڕەنگاو ڕنگ دروستکراوە، و یەکێکی دیکە لەو دابونەریتانە ئەوەیە کە ئەم ھۆزە نوسین بەکارناھێنن، وە ئەمە بە پشت بەستن بە ئەفسانەیەکی کۆن ڕووندەکەنەوە، کە دەڵێت دەقی نوسراوەکانیان لەسەر پێستی تایبەت بە گا نوسیوە، و لە یەکێک لە جەنگەکاندا کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە داگیرکەران ئەم پێستانەیان خواردووە.

دابونەریتەکانی ھۆزی باوبا 

ھۆزی باوبا لە دووری ١٥٠ کیلۆمەتر لە ئوستورالیاوە بڵاوبوونەتەوە، لە ویلایەتی باوبا نیو گینیا دەژین، دابونەریتی ھاوسەرگیری یەکێکە لەو دابونەریتانەی بە باوی ماوەتەوە لە نێو ئەم ھۆزەدا، ھاوسەرگیری بە جۆرێک لە جۆرەکانی بازرگانی دادەنێن، و پشت بە نرخ و خواست و پێشنیار دەبەستێت، بۆ نمونە ئەگەر نرخی بووکەکە ٢٤٠ دۆلار بوو ئەوە نیوەی بڕەکەی بە پارەی کاش دەدەن و نیوەکەی دیکەی بە بەکارھێنانی گوێچکە ماسی.

دابونەریتەکانی ھۆزی تاسادای 

ھۆزی تاسادای پێش ساڵی ١٩٦٧ ناسراو نەبوون، بەوە جیا دەکرێنەوە کە یەکێکن لەو ھۆزانەی دەگەڕێنەوە بۆ پێش مێژوو، یەکێک لەو ڕاوچیانەی کە سەر بە ھۆزی بلیتە ئەم ھۆزەی دۆزێتەوە، و لە دابونەریتە باوەکانی ھۆزی تاسادای نەکوشتنی ئاژەڵەکانە بە مەبەستی خواردنیان، چونکە ئاژەڵان بە ھاوڕێی خۆیان دەزانن، بۆ دەستکەوتنی گۆشت تەنھا پشت بە ڕاوکردنی ماسی دەبەستن، ھەروەھا دووردەکەونەوە لە خواردنی ھەندێک جۆر باڵندە کە لەگەڵیاندا دەژین.

سەمای ئێسکەکان 

سەمای ئێسکەکان بە یەکێک لە دابونەریتە سیر و بەربڵاوەکان دادەنرێت  لە مەدەغەشقەر، پشت بە دەرھێنانی ئێسکی مردووەکانیان دەبەستێت لە گۆڕەکانیاندا و سەماکردن لەگەڵیان، ھەروەھا ئامادەکاری بۆ خوانی گەورە لە نێو ئەم بۆنەیەدا ھەیە، کەسی نزیکی مردووەکان لەگەڵ ئێسکەکاندا گفتوگۆ دەکەن، بۆ پرسیارکردن لەو ڕووداوانەی بەسەریدا ھاتووە لەو کاتەوەی کە کۆچی دوایی کردووە، وە بیروباوەڕێک ھەیە لەنێو دانیشتوانی ئەم ھۆزەدا، کە دەڵێت ڕۆحی کەسە مردووەکان و ڕۆحی کەسە زیندووەکان لە ڕۆژی ئاھەنگەکەدا یەک دەبینن.

مارەی مێش 

لەنێو ھەندێک لە ھۆزەکانی چیندا بەکارھێنانی مێش وەک مارەیی ھاوسەرگیری بەربڵاوە، خێزانی بووکەکە داوا لە خێزانی زاوا دەکەن کۆمەڵە مێشێک کۆبکەنەوە لەو ناوچانەی خاشاکی تێدا کۆکراوەتەوە، و شیرینی بکەن بە داردا تاکو بتوانن مێشەکان بگرن، پاشان وەک مارەیی ھاوسەرگیری بەکاربھێندرێت، دەبێت زاوا قاپێک لەو مێشەی کە ڕاوی کردووە لە بەردەم بووکەکەدا بیخوات.

ڤیستیڤاڵی پەنیر

ڤیستیڤاڵی پەنیر بە یەکێک لە ڤیستیڤاڵە بەناوبانگەکان دادەنرێت لە ئینگلتەرا، و دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆمانیەکان، پشت دەبەستێت بە بەکارھێنانی پارچە پەنیرێکی گەورە کە کێشەکەی حەوت کیلۆگرام دەبێت، و پارچە پەنیرەکە خلۆر دەکرێتەوە بە ھەڵدانی لە شاخێکی بەرزەوە، پاشان پێشبڕکێکارەکان بەدوایدا ڕادەکان، ئەوەی بتوانێت بگات بە پارچە پەنیرکە ئەوە پەنیرکە بۆ خۆی دەباتەوە.

ئافرەتی زەڕافە

نەریتی ئافرەتی زەڕافە لە بورما بەربڵاوە، ئافرەتەکان ئەڵقەی مس دەکەنە ملیان تا ھەموو خانمێک ملی درێژ دەربکەوێت، ئەم نەریتە وەک نەریتێکی جوانی لە ویلایەتی کایاھ بڵاوە، ئەڵقە مسییەکان یارمەتی پەستان خستنە سەر ناوچەی قەفەزەی سنگ دەدات، کە دەبێت ھۆی دەرخستنی مل بە شێوەیەکی درێژتر لە شێوەی ئاسایی خۆی، ئەم نەریتە لە ئافرەتاندا لە تەمەنی پێنج ساڵیەوە جێبەجێ دەکرێت. 

دابونەریتی ھاوسەرگیری لە ھیند 

لە ھیند جۆرێک لە جۆرەکانی نەریتی ھاوسەرگیری بڵاوە، پشت دەبەستێت بە ھەڵبژاردنی کچ بۆ ئەو پیاوەی گونجاوە تا ببێتە ھاوسەری، لەڕێی لێدانی سەری و پشتی بە بەکارھێنانی دار، ئەو پیاوەی کە توانای بەرگە گرتنی لێدانەکەی ھەبێت ئەوە گونجاوە بۆ ھاوسەرگیری، ھەروەھا لە ھۆزی تۆدای ھیندی جۆرە نەریتێکی ھاوسەرگیری تایبەت بە کچان بڵاوە، کە کچەکە ناچار دەبێت بە ئەژنۆ و دەستەکانی بخشێت تا دەگاتە لای زاواکە، پاشان زاواکە قاچی دەخاتە سەر سەری بووکەکە بۆ پیرۆزکردنی.

دابونەریتی ھاوسەرگیری لە ئەڵمانیا

لە ئەڵمانیا چەندین نەریتی تایەبەت بە ئاھەنگی ھاوسەرگیری بڵاوە، یەک لەو نەریتانە کۆبوونەوەی خێزانی بووک و زاوا و کەسە نزیکەکانیان و ھاوڕێکانیان لە ماڵی بووک و زاواکە لە دوایی تەواو بوونی ئاھەنگی ھاوسەرگیرییەکە، تاکو چەندین قاپ و قاچاخ بشێکنن لە نێو ماڵەکەدا، و دەبێت بووک و زاواکە پارچە شکاوەکان پاک بکەنەوە، تاکو فێری پێویستی پشت بەستن بە یەکتری ببن لە ژیانی ھاوسەرییاندا.

شەڕی تەماتە 

شەڕی تەماتە بە نەریتێکی بەربڵاو دادەنرێت لە شاری ڤالێنسیا کە یەکێکە لە شارەکانی ئیسپانیا، چەندان کەس لە شارەکان کۆدەبنەوە بۆ دەستکردن بە شەڕە تەماتە، کە لە شەڕەکەدا ڕێژەیەکی زۆر تەماتە بەکاردەھێندرێت، و خەڵکەکان دەیکێشن بە یەکدا، لە دوای تەواو بوونی شەڕەکە خەڵکەکان کۆدەبنەوە تا پێکەوە خواردن بخۆن.


سەرچاوەکان



8076 بینین