سیستەمی خۆراکی ڕووەکی 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-08-09-23:38:00 - کۆدی بابەت: 6237
سیستەمی خۆراکی ڕووەکی 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سیستەمی خۆراکی ڕووەکی (Vegetarianism) بریتییە لە خۆگرتنەوە و نەخواردنی جۆرێك یان چەند جۆرێك لەو خواردنانەی کە لە سەرچاوەی ئاژەڵیین، بەتایبەتی گۆشت.

دەتوانین بڵێین پشتبەستنە بەو خواردنانەی کە لە سەرچاوە ڕووەکییەکانن وەکوو میوە و سەوزە و دانەوێڵە و ڕۆنی ڕووەکی تەندروست.

ئەم سیستەمە خۆراکییە لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی سوودە تەندروستییەکانی بۆ مرۆڤ گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت، ئەو کەسانەی ئەم سیستەمە خۆراکییە لە ژیانیاندا پەیڕەو دەکەن، پێویستە ژەمە خواردنەکانیان هەمەجۆر بێت، بێجگە لە میوە و سەوزە و دانەوێڵە پێویستە پشت بە چەند سەرچاوەیەکی خۆراکی دەوڵەمەند بە پرۆتین و کانزاکان ببەستن، وەکوو پاقلەمەنییەکان و چەرەزاتی وەکوو گوێز و بادەم و گازۆ، هەروەها چەند تۆوێکی سروشتی وەکوو تۆوی سیا و کونجی و تۆوی کەتان.

ئەگەر خواردن و ژەمەکان هەمەجۆر و تەندروستبن، هەروەها دەوڵەمەند بن بە کانزا و پرۆتینەکان، و بڕی کالۆری پێویستی ڕۆژانەت بۆ دابین بکەن، ئەوا ئەم سیستەمە زیانی تەندروستیت پێ ناگەیەنێت، بەڵکو زۆر تەندروستە و سوودی زۆر زۆرە بۆ لەشی مرۆڤ و لە چەندان نەخۆشی سەردەم بەدوورت دەخەن وەکوو نەخۆشییەکانی دڵ و کۆلیسترۆل و پەستانی خوێن و چەندانی تر. 

جۆرەکانی سیستەمی خۆراکی ڕووەکی

ئەم سیستەمە خۆراکییە چەند جۆر و شێوازێکی هەیە مەرج و بنەمای سەرەکی ئەم سیستەمانە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ڕووەک دەبەستن، گۆشتی ئاژەڵی ناخۆن، جۆرەکانی ئەمانەن:

ڕووەکی و شیر  Lacto vegetarian Diet

لەم جۆرەدا خواردنی شیر و بەرهەمەکانی وەکوو ماست و پەنیر و کەرە ڕێگەپێدراوە، گۆشتی ئاژەڵی و مریشك و ماسی و هێلکە ئەو خواردنانەی کە ئەم پێکهاتانەی تێیدایە ڕێگەپێدراو نییە.

Ovo Vegetarian diet ڕووەکی و هێلکە

لەم جۆرەدا خواردنی هێلکە ڕێگەپێدراوە، بەڵام گۆشت و خواردنی دەریایی و مریشك و شیر و بەرهەمەکانی ڕێگەپێدراو نییە. 

ڕووەکی و شیر و هێلکە Lacto ovo Vegetarian diet

لەم جۆرە خواردنی هێلکە و شیر و بەرهەمەکانی ڕێگەپێدراوە، خواردنی گۆشت و ماسی و مریشك قەدەغەیە.

ڕووەکی و ماسی Pescatarrian diet 

لەم جۆری دایتە خواردنی ماسی ڕێگەپێدراوە، خواردنی گۆشت و مریشك و هێلکە و شیر و بەرهەمەکانی ڕێگەپێنەدراوە و قەدەغەیە.

تەنها ڕووەکی Vegan

خواردنی شیر و بەرهەمەکانی و هێلکە و ماسی و گۆشت و هەر خۆراکێک کە ئەم بەرهەمانەی تێدابێت هەمووی قەدەغەیە، تەنها پشتدەبەستێت بە خواردنی ڕووەکی.

نیمچە ڕووەکی Semivegetarian 

لەم جۆرەدا بە شێوەیەکی سەرەکی پشتدەبەستن بە خۆراکی ڕووەکی، بەڵام بە بڕی کەم کەم بەرهەمی ئاژەڵی گۆشت و هێلکە و شیر و بەرهەمەکانی ڕێگەپێدراوە.

هەمەجۆری خۆراك لە سیستەمی خۆراکی ڕووەکی

هەمەجۆری خۆراکی ژەمەکان زۆر گرنکە لە سیستەمی ڕووەکی، بەهۆی ئەوەی کە چەند پێکهاتەیەکی خۆراکی سەرەکی وەکوو پرۆتین و ئاسن و چەند ڤیتامینێك لە  خۆراکە ڕووەکیەکان کەمن یاخود ئەو پێکهاتانە کە لە خۆراکی ڕووەکی هەن لەلایەن جەستەوە هەڵمژینیان لاوازە، لە ناو خەڵکی واباوە کە ئەوانەی پەیڕەوی ئەم سیستەمە خۆراکییە دەکەن بەدەست کەمی پرۆتین و کانزا و ڤیتامینەکانەوە دەناڵێنن، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر بە شێوازێکی تەندروست پەیڕەوی ئەم سیستەمە خۆراکییە بکرێت و ژەمەکانی خواردن هەمەجۆر بێت ئەوا زۆر سوودی تەندروستی هەیە.

بە زۆری کالسیۆم و ئاسن و ڤیتامین b12 دەبنە کێشە بۆ ڕووەك خۆرەکان، دەکرێت لە ژێر چاودێری پزیشکی چەند دەرمانێك کە ئەم پێکهاتانەی تێدایە وەکوو تەواوکاری خۆراکی وەربگیرێن. 

ئەو خۆراکە ڕووەکیانەی دەوڵەمەندن بە ئاسن

وا باوە کە گۆشت سەرچاوەی ئاسنە، بۆیە بەشێك لە ڕووەك خۆرەکان ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاسن دەبنەوە لە لەشیان و بڕی ئەم کانزایە کەمە لە جەستەیان بە بەراورد لە گەڵ ئەو کەسانەی کە گۆشت دەخۆن، ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە ئاسن ئەمانەن: 

  • پاقلەمەنییەکان وەکوو نیسك و فاسۆلیا و نۆك
  • پەتاتە.
  • میوەکان بەتایبەتی مۆز.
  • ناوکە کولەکە و ناوکی گوڵە بەڕۆژە.
  • میوە وشککراوەکانی وەکوو هەنجیر و قەیسی و مێوژ.
  • سەوزەی گەڵا سەوزە تۆخەکان وەکوو بڕۆکلی و جەرجیڕ و سپێناخ.
  • نانێك کە لە دانەوێڵەی تەواو دروستکرابێت.

ئەو خۆراکە ڕووەکیانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین b12

ڤیتامین b12 زۆر گرنگە بۆ تەندروستی مرۆڤ، و گەشەکردن و چاککردنەوەی خانەکان، نە گشتی ئەم ڤیتامینە لە گۆشت و بەرهەمەکانی هەیە، ئەو خۆراکە ڕووەکیانەی کە ئەم ڤیتامینەی تێدایە:

  • سۆیا 
  • تۆفۆ (جۆرە پەنیرێکی ڕووەکییە لە گۆگردی کالسیۆم دروستدەکرێت).
  • شەربەتی میوە سروشتییەکان.
  • خورما.

دەکرێت ئەم ڤیتامینە لەسەر ڕێنمایی پزیشکی وەکوو دەرمانی تەواوکەری خۆراکی وەربگیرێت. 

ئەو خۆراکە ڕووەکیانەی دەوڵەمەندن بە کالسیۆم

کالسیۆم پێکهاتەیەکی زۆر گرنگە لە لەشی مرۆڤدا، پێویستە بۆ بنیاتنانی ئێسك و ددانەکان، کالسیۆم بە زۆری لە شیر و بەرهەمەکانی بەدەست دەکەوێت، هەروەها بەزۆری لەم خۆراکە ڕووەکیانە بەردەستن:

  • سەوزەی گەڵا سەوزە تۆخەکان وەکوو شێلم و کەلەرم.
  • پاقلەمەنییەکان و بڕۆکلی.
  • بادەم و گازۆ
  • میوەکان بەتایبەتی مۆز
  • کونجی 
  • شیری سۆیا
  • تۆفۆ (جۆرە پەنیرێکی ڕووەکییە لە گۆگردی کالسیۆم دروستدەکرێت). 

ئەو کەسانەی نابێت پەیڕەوی ئەم سیستەمە خۆراکییە بکەن

دەبێت بەپێی ڕێنمایی پزیشکی پەیڕەوی ئەم سیستەمە خۆراکییە بکەیت، چونکە ئەگەر کەموکوڕی هەبوو لە ژەمە خۆراکییەکان کێشەی تەندروستیت بۆ دروستەبێت، و ئەو کەسانەی کە نابێت ئەم سیستەمە خۆراکییە پەیڕەو بکەن:

  • منداڵان و هەرزەکاران.
  • ئەو کەسانەی نەخۆشییەکانی خوێنیان هەیە وەکوو  کەمخوێنی (ئەنیمیا).
  • ئەو کەسانەی کێشەی هەڵمژینی خۆراکیان هەیە لە جەستەدا.
  • کەسانی دووگیان. 


سەرچاوەکان



1463 بینین