بیروباوەڕی هەڵە و خورافیات لەبارەی دووگیانییەوە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-11-20:44:00 - کۆدی بابەت: 6254
بیروباوەڕی هەڵە و خورافیات لەبارەی دووگیانییەوە

ناوه‌ڕۆك

چەند بیروباوەڕێکی هەڵە و خورافیات لەبارەی دووگیانییەوە

لە کۆندا بیروباوەڕی زۆر جیاواز هەبووە لە نێوان خەڵکیدا لە هەموو بوارێکدا و دووگیانی بە تایبەت، کۆمەڵێک قسە و خورافیاتیان هەبووە لەسەری، هەرچەندە ئێستا ئەوانە کەمبووەنەتەوە بەڵام هێشتا کومەڵێک خەڵک هەیە کە باوەڕ بەم قسانە دەکات.

"ئەگەر سکت دەرچووە واتە کوڕت دەبێت، ئەگەر سکت پانە و منداڵەکە لە کەمەرتدایە زیاتر ئەوا کچە"

ئەمە یەکێکە لەو خورافاتیانەی کە زۆر جار باسکراوە و زۆر کەس بڕوای پێ دەکەن، لە کۆندا چونکە سۆنەر نەبووە هەمووان قسەیان کردووە لەسەر ڕەگەزی منداڵەکە و بە پێی گۆڕانکاری جەستەی ئافرەتەکە ڕەگەزیان دیاری کردووە، بەڵام زانست ئەوە دەردەخات کە گۆڕانکارییەکانی جەستەی دایک زانستییە و ئەو گۆڕانکاریانە هیچ پەیوەندییەکانیان نییە بە ڕەگەزی منداڵەکەوە، ئاگاداربە کە شێوەی سکی دایکەکە پەیوەندی بە جەستەی دایکەکەوە هەیە.

"دەمووچاوت پان و خڕە، کچت دەبێت، یاخود ڕانەکانت قەڵەو بووە کوڕت دەبێت"

قەڵەوی ڕووخسار و جەستەی دایک بە هۆی کۆبوونەوەی ئاوی زۆر لە جەستەدا و هەروەها کۆبوونەوەی چەورییە و پەیوەندی بە ڕەگەزی منداڵەوە نییە.

"ئەگەر دەستت ببەیتە سەر سەرت، ناوکە پەتک دەپێچرێت لە دەوروبەری ملی منداڵەکەت"

جوڵەی ئەندامەکانی دەرەوە کاریگەری نییە لەسەر جوڵەی ئەندامەکانی ناوەوە، پزیشکانی ژنان و منداڵبوون ئامۆژگاری خانمان دەکەن کە لە ماوەی دووگیانیدا بجوڵێن و وەرزشی گونجاو ئەنجام بدەن، ئەگەر وابێت دەبێت بەو جوڵانە هەموو منداڵەکان ناوکە پەتک گیر بکات لە ملیان، پێچرانی ناوکە پەتک لە مل بوونی هەیە بەڵام ئەم حاڵەتە پەیوەندی بە ناوەوەی منداڵدان هەیە نەک ئەمە.

"ئەگەر سەیری کەسی ناشرین بکەیت، منداڵەکەت وەک ئەو دەرەچێت"

یەکەم ئەوەی کە جوانی بنەڕەت نییە و گرنگ نییە، پێش ئەوە جوانی ناخ گرنگترە، جوانی و ناشرینی پەیوەندی بە حاڵەتی بۆماوەیی و لە داهاتووشدا گرنگیدان بە خودەوە هەیە، بۆیە بۆماوەیی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەمەدا و ئەم بۆچوونە تەواو بێ بنەمایە.

"ئەگەر سەیری مانگ گیران بکەیت، منداڵەکەت تووشی شەقبوون و یان جیابوونەوە دەبێت لە لێویدا"

ئەم بۆچوونە تەواو بێ بنەمایە و شەقبوون و جیابوونەوەی لێو حاڵەتێکی زگماکییە و هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە.

"لە ماوەی دووگیانیدا مەچۆرە حەوزەوە، چونکە منداڵەکەت پیس دەبێت"

بە پێچەوانەوە مەلەکردن و مانەوە لەناو حەوزدا و ئاوی شلەتێن زۆر یارمەتیدەرە بۆ دایکەکە تاکوو منداڵبوونێکی ئاسانتری هەبێت، ئەگەر بێت و ئاوەکەش پیس بێت کاریگەری ناخاتە سەر منداڵەکە چونکە منداڵەکە لە شوێنێکی پارێزراودایە و داپۆشراوە و بەڵام گرنگە کە ئاگاداری پاکوخاوێنی بیت.

"ئەگەر دڵەکزەت هەیە، ئەوە منداڵەکەت قژی درێژە"

درێژی و پڕی قژی منداڵەکەت بۆماوەییە کە لە باوانییەوە بۆی دەمێنێتەوە، هەروەها دڵەکزەی لە ماوەی دووگیانیدا بە هۆی ئەوەوەیە کە منداڵەکە فشاری زۆری هێناوە بۆ گەدەی دایکەکە و هەروەها گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانیش.

"ئەگەر میوەی زۆر نەخۆیت، منداڵەکەت بە پیسی دێتە دونیاوە"

ڕاستە کە زۆر خواردنی میوە گرنگە بە هۆی بوونی ئەو ڤیتامینانەوە کە گرنگن بۆ ماوەی دووگیانی، بەڵام هیچ منداڵێک نییە کە بە پاکی بێتە دونیاوە هەموو منداڵەکان پاشماوە و خوێنی سکی دایکەکە لەگەڵیاندا دێتە دەرەوە و بە جەستەیانەوەیە و پەیوەندی بە نەخواردنی میوەوە نییە.

"ئەگەر شیر و پەنیری زۆر بخۆیت، سەری منداڵەکەت توێژی سپی دەکات"

لەبیرت بێت ماددە شیرەمەنییەکان زۆر گرنگ و بەسوودن بۆ ماوەی دووگیانی، بەڵام ئەم بۆچوونە هیچ ڕاست نییە، توێژی سپی سەری منداڵ زۆر ئاساییە و بە هۆی بڕی زۆری چەورییە لە سەری منداڵەکەدا.

"ئەگەر هاوسەرەکەت ئەو شتەت بۆ نەهێنێت کە حەزت لێیە و بێزووی پێوە دەکەیت، تووشی هەڵئاوسان و هەوکردنی چاو دەبێت"

ئەمە زۆر بێ بنەمایە و دوو شتی زۆر جیاواز و لێک دوورن، ڕاستە گرنگە کە هاوسەران گرنگی بدەن بە حەز و داواکاری خانمە دووگیانەکەیان بەڵام هەوکردن و هەڵئاوسان بە هۆکاری تایبەتی تەندروستییەوە ڕوودەدات و هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە.

"ئەگەر بەسەر پلەکاندا بڕۆیت تووشی منداڵبوونی پێش وەختە دەبیت"

ڕاستە لە ماوەی دووگیانیدا خانمان دەبێت زۆر ئاگاداری خۆیان بن و شتی قورس هەڵنەگرن و زۆر بە بەرزایدا نەچن چونکە ئەگەری لەبارچوون و مردنی منداڵ و کێشەکانی ماوەی دووگیانی هەیە، بەڵام ئەمە هەڵەیە کە وتراوە هەر ئافرەتێک بچێت بەسەر پلەکانەدا تووشی منداڵبوونی پێش وەختە دەبێتەوە.

"حەزی دایک بۆ خواردنی شیرین و سوێر"

باوەڕێکی تری هەڵە بریتییە لەوەی کە وتراوە، هەر دایکێک حەز بە خواردنی بکات واتە کوڕی دەبێت، و هەر دایکێک حەز بە خواردنی شیرین بکات کچی دەبێت.

"تاکوو کێشی منداڵەکە لەکاتی لەدایکبووندا زۆر بێت واتە تەندروستە"

کێشی ئاسایی هەر منداڵێک دەبێت سێ کیلۆ و ٢٠٠ گرام بێت و بەلایەنی کەمەوە دوو کیلۆ و ٥٠٠ گرام و بە لایەنی زۆرەوە چوار کیلۆ بێت، ئەم باوەڕە هەڵەیە کە تاکوو منداڵەکە کێشی زیاتر بێت تەندروسترە، ئەو دایکانەی لە ماوەی دووگیانیدا تەنها دەخۆن و پشوو دەدەن دواتر منداڵەکانیان قەڵەو دەبێت و ئەمەش مەترسیدارە نەک باش بێت.


سەرچاوەکان



6043 بینین