دیواری ئاگرین

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-11-22:36:00 - کۆدی بابەت: 6261
دیواری ئاگرین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دیواری ئاگرین یاخود فایەرواڵ (بە ئینگلیزی: Firewall) بریتییە لە سیستمێکی ئاسایشی نێتۆرک کە هەڵدەستێت بە چاودێریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو داتایانەی لەناو نێتۆرکەکاندا دێن و دەچن بە پێی چەند یاسایەکی پارێزگاری کە پێشتر بۆی دانراوە، زۆرجار فایەرواڵ بەربەستێک دروستدەکات لە نێوان نێتۆرکە باوەڕپێکراو و نێتۆرکە باوەڕپێنەکراوەکاندا وەک ئینتەرنێت.

مێژوو

دەستەواژەی دیواری ئاگرین یەکەمجار بە دیوارێک دەوترا کە بەکاردەهێنرا بۆ وەستاندنی ئاگری نێوان دوو باڵەخانەی تەنیشت یەکتر، دەستەواژەکە یەکەمجار لە بواری کۆمپیوتەردا لە ساڵی 1980ـکاندا بۆ تەکنەلۆژیای نێتۆرکدا بەکارهێنرا، جۆرە کۆنەکانی فایەرواڵ کە لە کۆنتردا بەکاردەهێنرا ڕاوتەربوون، چونکە ڕواتەرەکان دەتوانن دوو نێتۆرک لەیەک جیابکەنەوە و داتاکانی کە پێیاندا دەڕوات فلتەری بکەن.

جۆرەکانی دیواری ئاگرین

فایەرواڵەکان دەکرێن بە دوو بەشەوە یەکێکیان لەسەر نێتۆرک دادەنرێت و ئەوەکەی تریان لەسەر سیستمەکانی بەکارهێنەر، ئەو فایەرواڵانەی کە لەسەر نێتۆرکەکان دادەنرێن دەکرێت لەسەر نێتۆرکی خۆجێیی (LAN) یاخود نێتۆرکی بەربڵاو (WAN) دابنرێت، دانانەکانی فایەرواڵ بە چەند جۆرێک دەکرێت، بۆ نموونە دەکرێت فایەرواڵەکە لەڕێگەی نەرمەواڵەیەکەوە دابنرێت یاخود دەکرێت ڕەقەواڵەیەکبێت و ببەسترێت لە سیستمەکە، فایەرواڵەکان دەکرێت خزمەتگوزاری تر بێجگە لە خزمەتگوازاری فایەرواڵی پێشکەش بکەن وەک پڕۆتۆکۆڵی (DHCP) و خزمەتگوزاری ڤی پی ئێن.

فلتەرکردنی پاکێت - Packet filter

یەکەم جۆری فایەرواڵ بریتییە لە فلتەری پاکێت (packet filter)، ئەم جۆرە فایەرواڵە هەڵدەستێت بە پشکنینی ئەو پاکێتانەی کە بەناو کۆمپیوتەرەکاندا دەگوازرێتەوە، هەروەها ئەم فایەرواڵانە لیستێکیان لایە بە ناوی لیستی کۆنتڕۆڵکردنی چوونەناوەوە یاخود دەستپێگەیشتن (access control list) ئەم لیستە پێکدێت لە زانیاری دەربارەی پاکێتەکان و هەروەها ئەو ڕێکارانەی کە دەبێت بەرامبەریان ئەنجامبدرێت، بەشێکی زۆری ئینتەرنێت لە سەدەکانی 20 و سەرەتاکانی سەدەی 21ـدا یەکێک لەم دوو جۆرەی پڕۆتۆکۆڵیان بەکاردەهێنا کە بریتین لە پڕۆتۆکۆڵی کۆنتڕۆڵکەری گواستنەوە (Transmission Control Protocol - TCP) یاخود پڕۆتۆکۆڵی داتاگرامی بەکارهێنەر (User Datagram Protocol - UDP)، یەکێک لەم دوو پڕۆتۆکۆڵە لەگەڵ پۆرتە ناسراوەکاندا بەکاردەهێنرا بۆئەوەی کە فایەرواڵەکان بتوانن جۆرە جیاوازەکانی پاکێت جیابکەنەوە، وەک وێبگەڕ و گواستنەوەی ئیمەیڵ و فایلە گوازراوەکان.

یەکەمین نووسراو کە دەربارەی تەکنەلۆژیای فایەرواڵ بڵاوکرایەوە لە ساڵی 1987 بوو لەلایەن ئەندازیارانی دەزگای ئامێرە دیجیتاڵییەکان (DEC)، کە سیستمێکی فلتەرکردنیان دروستکردبوو بە ناوی فایەرواڵی فلتەری پاکێتەکان.

شوێنکەوتنی پەیوەندییەکان

لە ساڵی 1989 بۆ 1990 سێ هاوپیشە لە کۆمپانیای (AT&T Bell Laboratories) بە ناوەکانی دایڤ پرێسێتۆ، جاناردان شارما و کیشیتجی نیگام، هەستان بە پەرەپێدان و دروستکردنی نەوەی دووەمی فایەرواڵ کە پێیاندەوت دەرگای ئاستی خولگەیی (circuit-level gateways).

نەوەی دووەمی فایەرواڵەکان هەمان کارەکانی نەوەی یەکەمی فایەرواڵی ئەنجامدەدا بەڵام دەیانتوانی زنیارییەکانی نێوان دوو خاڵ لەلای خۆیان بهێڵنەوە لەڕێگەی هەڵگرتنی ئەو ژمارەی پۆرتانەی کە دوو ئایپییەکە بەکاریاندەهێنا لە چینی چوارەمی مۆدێلی ئۆ ئێس ئای.

چینی حەوتەم (چینی نەرمەواڵە)

مارکۆس ڕانوم، وێی سو و پیتەر چەرچیارد هەستان بە بڵاوکردنەوەی نەرمەواڵەیەک بەناوی کەرەستەی فایەرواڵ (Firewall Toolkit - FWTK) لە مانگی 10 ساڵی 1993.

سوودی فلتەرکردنی چینی حەوتەم لەوەدایە کە دەتوانێت لە نەرمەواڵە و پڕۆتۆکۆڵەکانی (FTP) و (DNS) و (HTTP) تێبگات کە ئەمەش یارمەتی دەدات لە ناسینەوەی ئەو نەرمەواڵە و خزمەتگوزارییە نەویستراوانەی کە پۆرتە ناستانداردییەکان بەکاردەهێنن، هەروەها دەتوانن هەر پۆرتێک ئاشکرابکەن کە بە هەڵە و بۆ کاری زیانبەخش بەکاردەهێنرێن.

ڕێکخستن

ڕیکخستن و دامەزراندنی فایەرواڵ کارێکی ئاسان نییە و هەڵەی زۆری تێدا ئەنجامدەدرێت گەر بە وریاییەوە نەکرێت، بۆیە گەر هەڵە لە ڕێکخستنی فایەرواڵێکدا هەبێت ئەو کێشەی پارێزگاری بۆ نێتۆرک و کۆمپیوتەرەکە دروست دەکات.


سەرچاوەکان



1392 بینین