گەرمبوونی مۆبایل و چارەسەری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-12-10:42:00 - کۆدی بابەت: 6262
گەرمبوونی مۆبایل و چارەسەری

ناوه‌ڕۆك

گەرمبوونی مۆبایل

ئەمڕۆ زۆرینەی ماڵەکانی جیهان مۆبایلیان تێدایە، زۆربەشیان مۆبایلە زیرەکەکانن کە خاوەنی ڕووکارێکی ڕوون و هاوڕێیانەن و بە پەنجەی دەست کاردەکەن وەک لەوەی لە کۆندا بە داگرتنی دوگمەکان کاریان دەکرد، بەڵام یەکێک لەو شتانەی بەکارهێنەرانی مۆبایل بێزاردەکات بریتییە لە گەرمبوونی مۆبایلەکانیان کە لە کەسێکەوە دەگۆڕێت بۆ کەسێکی دیکە بەپێی مۆبایل و ماوەی بەکارهێنانیان و جۆری بەکارهێنانەکەی.

هۆکارەکانی گەرمبوونی مۆبایل

کێشەی باتری، بارگاوی کردنەوە یان کێبڵی بارگاوی کردنەوە

جۆری باتری یان کێبڵی بارگاوی کردنەوە، یان ئەو سویچ پلاکەی بە مۆبایلەکەوە بەستراوە دەتوانێت ببێتە هۆی گەرمبوونی مۆبایلەکەت، هەوڵبدە هەمیشە بارگاوی کەرەوەی نایاب و باوەڕپێکراو بەکاربێنە و نرخێکی زیاتری پێبدە و کاتێکی زیاتر بەدەستبهێنە، چونکە زۆرێک لە بەرهەمە هەرزانەکان بەهۆی بێ کوالێتییەوە هەرزانن.

بۆ زیادکردنی تەمەنی باترییەکەتان با هەموو جارێک بارگەی مۆبایل نەبێتە ١٠٠، ئەگەر مۆبایلەکەت پێش ئەوەی بگاتە ٣٠ بارگاوی بکەیتەوە و پێش ئەوەی بگاتە ٨٠ لە بارگاوی کردن لێیبکەیتەوە، هەم مۆبایلەکەت گەرم نابێت، هەم تەمەنی باترییەکەت درێژ دەبێت.

بەرگی مۆبایل

لە هاویندا سوودوەرگرتن لە بەرگی پلاستیکی یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی گەرمبوونی مۆبایل، زۆرێک لە بەرگەکانی مۆبایل کە بۆ جوانکاری و پاراستنی مۆبایل بەکاردێن لە پلاستیک دروستکراون، ڕێگا بە دەرچوونی گەرما نادات و لەکاتی گەرمبوونی مۆبایلەکەش درەنگتر فێنک دەبێتەوە، ئەگەر مۆبایلەکەت گەرمبوو، دەتوانیت بەرگەکەی لاببەیت تا سارد دەبێتەوە.

ئەپڵیکەیشنە کاراکانی پشت باکگراوند

هەندێکجار دوای هاتنە دەرەوە لە بەرنامەیەک بیرمان دەچێت کە بە تەواوی بیکوژێنینەوە لە بەشی بەرنامە کاراکان، بۆیە بەردەوام دەبن لە کارکردن و زۆرجار کە دەڕۆینە سەر بەرنامەیەک دەبینین لە هەمان شوێنی پێشوودا وەستاوە کە تێیدا بووین ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە کە داماننەخستووەتەوە، بۆیە بەردەوام دەبێت لە کارکردن و مۆبایلەکە سەرقاڵ دەکات و وزەیەکی زیاتری پێ خەرج دەدات، بەوەش مۆبایلەکە گەرم دەبێت.

ڕووناکی ڕاستەوخۆی خۆر

شتێکی زۆر ئاشکرایە کە ڕووناکی خۆر بۆ ماوەیەک لە مۆبایلێک بدات کێشەی بۆ دروست دەکات و زیانبەخشە، لە کاتی کەشوهەوای زۆر گەرمدا تەنانەت ئەگەری تەقینی باتری یان خراپبوونی بەشێکی مۆبایلەکە هەیە، بەتایبەت کاتێک باترییەکەتان ١٠٠% بارگاوی کراوە با تیشکی خۆر لێی نەدات.

بەردەوام بەکارهێنانی کامێرا

بەردەوام بەکارهێنانی کامێرای مۆبایل و بەتایبەتتر بۆ ڤیدیۆگرتن، دەکرێت هۆکاری گەرمبوونی مۆبایل بێت، ئەگەر کەسێکیش زۆر پێویستی بە کامێرا هەبوو دەتوانێت کوالێتی ڤیدیۆگرتن یان وێنەگرتنەکە دابەزێنێت بۆ ئەوەی کەمتر کار لە مۆبایلەکە بکات.

ڤایرۆس

دەکرێت یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گەرمبوونی مۆبایل ڤایرۆساوی بوونی بێت، ئەگەر هەست دەکەیت مۆبایلەکەت بەبێ هۆ گەرمدەبێت لەوانەیە دابەزاندنی ئەنتی ڤایرۆسێک یاخود پاککردنەوەی مۆبایلەکەت لە شتی بێسوود و فۆڕماتکردنی دەکرێت سوود پێبگەیەنێت.

ڕووناکی شاشە

ڕووناکی شاشەی مۆبایل بەتایبەت لە هاویندا نابێت زۆر بێت، چونکە دەبێت هۆی گەرمبوونی مۆبایلەکە، بەتایبەت لە دەرەوەی ماڵەوە کە خۆر هەیە و ڕووناکییەکە زیاد دەکرێت و مۆبایلەکەش بەکاردەهێنرێت زیاتر دەبێتە هۆی گەرمبوونی مۆبایل، پێویستە مۆبایل لەسەر بەشی ئۆتۆماتیکی ڕووناکی بێت و خۆی ڕێکی بخات.


سەرچاوەکان



1560 بینین