ڕەفتاری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-12-15:29:00 - کۆدی بابەت: 6271
ڕەفتاری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ناوه‌ڕۆك

ڕەوشت و ئاکاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ئێمە بەهۆی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەتوانین پەیوەندی لەگەڵ هەموو جیهان ببەستین، ئاگاداری هەموو ڕووداوەکان و زانیارییەکان بین، وەک هەموو شتێکی دیکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش خاوەن چەندین ئاکار و ڕەفتاری تایبەتن و دەبێت هەمووکەسێک ئاگاداریان بێت، چونکە دەکرێت بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چەندین کێشە دروست ببێت و شتێک نەبێت کە ئەنقەست بێت.

پەیوەندی ڕوون و کاریگەر

  • دەبێت لە هەڵبژاردنی وشەکان وریابیت

لە هەموو پەیوەندی و نووسینێکدا دەبێت زۆرترین هەوڵبدەین ڕوون قسەبکەین، بۆ ئەوەی کەسی بەرامبەر تووشی هەڵەتێگەشتن نەبێت، پێش ئەوەی نامەکەتان بنێرن جارێکی دیکە بیخوێننەوە و ئەم پرسیارانە لەخۆتان بکەن:

  • قسەیەکی زیادە یان ناپێویستم نەکردووە؟
  • هەموو ئەو قسانەی کە ئەمویست بیکەم کردوومە؟
  • مەبەستەکەم ڕوونە؟
  • نووسینەکەم ئاڵۆز نییە؟
  • قسەکانم نابنە هۆی تێنەگەشتن یان هەڵەتێگەشتن؟
  • ئاگاداربن چ گاڵتەیەک دەکەن

لە ڕووبەڕوودا کاتێک چەند کەسێک قسەدەکەن پێکەوە، دەکرێت بە یارمەتی ڕەفتار و شێوازی دەنگ و دەربڕین و جووڵە کەسەکە بزانێت مەبەستت چییە، بەڵام لە پەیوەندی نووسراو کەسەکە تەنیا دەتوانێت نووسینێک بخوێنێتەوە، لەوانەیە ئەوەی لای تۆ زۆر ڕوونە بۆ ئەو بەوشێوەیە نەبێت و هەڵەتێگەشتن ڕووبدات، بۆیە پێش ئەوەی گاڵتەیەک بکەن دەبێت لەخۆت بپرسیت کە ئایا هەڵە تێناگات، ئایا دەتوانم بەباشی بیڵێم و بیگەیەنم؟.

بۆ یارمەتیدانی ئەمە دەکرێت پێش ئەوەی بڵێی با گاڵتەیەک بکەم، یان بە یارمەتی ستیکەر و ئیمۆجییەکان ئەوەی دەتەوێت بیڵێیت.

  • ڕێزی بەرامبەر لە بیر نەکەیت

لەوانەیە لەکاتی نووسینی کۆمێنت و نامەدا لەبیری بکەیت کەسی بەرامبەریش جگە لەوەی خاوەنی مۆبایلە و ئەویش وەک تۆ دەنووسێت، وەک تۆ خاوەنی هەست و سۆز و دەروونێکە کە نابێت ئازار بدرێت، هەمیشە دەبێت ئەوەت لەبیربێت نابێت بە خێرایی وەڵام بدەینەوە، نابێت شتێک بنووسین کەسێک دڵگران بکەین، گەر کەسێکیش بە وشەی نەشیاو و لەخۆوە هێرشی کرد، دەبێت بیربکەینەوە لە باشترین چارەسەر و نابێت هەڵە بە هەڵە وەڵام بدرێتەوە.

دەکرێت کاتێک لەگەڵ ڕاوبۆچوونی کەسێک هاوڕا نیت، وەڵامی نەدەیتەوە، بەجێی بهێڵیت و پۆستەکەی لایک نەکەیت، بەڵام ئەگەر دەتوانیت بیروبۆچوونێکی جوانترت هەبێت، دەتوانیت بە شێوەیەکی بەڕێزانە بینووسیت، بۆ نموونە لەجێگای "تۆ زۆر گەمژەیت کە هێشتا نازانیت ئەمە باش نییە"، باشتر وایە بنووسیت "لە مەبەستی تۆ تێگەشتم، بەڵام بەڕای من ئەمە باشترە و شتێکی لۆژیکی ترە".

  • ئاگاداری هەڵەی ڕێزمانی بە

نووسینی نامە و کۆمێنت و پۆست بە نووسینی هەڵە یەکێکە لەو شتانەی شپرزەیی بە واڵ و پەڕەکەت دەبەخشێت و وەک کەسێکی ڕۆشنبیر دەرناکەویت، پێویستە هەمیشە باشترین کەرەستەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خۆت بەردەست بخەیت بۆ ئەوەی باشترین پێشکەش بکەیت، زۆرێک لە خەڵکی هێشتا نەیانتوانیوە ببنە خاوەنی تەختەکلیل و کیبۆردی کوردی و پیتەکانی (ۆ،ێ،ڕ،ژ،گ،ڤ،چ) لەبیردەکەن و لەجێگایان بە پیتی عەرەبی دەنووسن کە شێوەیەکی زۆر ناڕێکی هەیە و دەبێتە مایەی گاڵتەپێکردن، بۆیە دەبێت هەمیشە بە کوردییەکی ڕێکوپێک و بەبێ هەڵە مەبەستی خۆت بنێریت بۆ کەسی بەرامبەر.

  • خۆدوورگرتن لە وشەی بازاڕی لەگەڵ هەمووکەس

نابێت کەسێک کە خۆی بە شێوازێک لە وڵات قسەدەکات، وەک ئەوەی لەگەڵ ماڵەوە و هاوڕێیان قسەی پێدەکات لەگەڵ هەمووکەس وابێت، چونکە پێویستە شێوەزارێک هەبێت کە خەڵکی باشتر لە یەکتری تێبگەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، واباشترە لەگەڵ کەسانی ناخۆماڵی و ئەوانەی کارمەند و خاوەن پەیج و شوێنی کارن، یان کەسێک یارمەتییەکی لێمان دەوێت بە زمانێک قسەبکەین کە بە ئاسانی لێی تێبگات و بە ڕێزەوە بیگەیەنین، وەک ئەوەی لەجێی "فشەیە بەڕێوبەر قەینا" دەبێت بنووسین "ئاساییە بەڕێوبەر، کێشە نییە". 

  • یاساکان

پێش هەمووشتێک و هەموو چالاکییەک، کاتێک لە گرووپێک دەبیت پێویستە یاساکانی گرووپ بزانیت بۆ ئەوەی دواتر کێشەت بۆ دروست نەکات و گلەیی بکەیت، زۆرێک لە گرووپەکان یاساکانیان ئەمانە لەخۆدەگرن:

  • ڕیکلام و بانگەشە قەدەغەیە.
  • ڕێزگرتن لە یەکتری ئەرکە.
  • بڵاوکردنەوەی بابەتی بەدڕەوشتی قەدەغەیە.
  • لەکاتی جنێودان و وشەی نەشیاو بلۆک دەکرێیت.
  • دەستەواژەی شارچێتی و ڕەگەزپەرستی و جیاوازی نەتەوە و ئایین قەدەغەیە.

 

  • لە ڕاستی هەواڵەکەت دڵنیابە و لە شتی بێسوود بەدووربە

کاتێک ستۆرییەک یاخود پۆستێک دەکەیت، بە جوانی بیگەیەنە و یەکەمجار لێی دڵنیابەرەوە، چونکە لەوانەیە بەهۆی ناڕاستی هەواڵ و زانیارییەکەت ژیانی کەسێک بخەیتە مەترسییەوە، یان بەو شێوەیە بڵاوببێتەوە و ببێتە کێشە بۆ خەڵکی، وەک بڵاوکردنەوەی:

لەدایکبوونی منداڵێک کە سەری گوێرەکەی لەسەر یاخود بەرازە.

بڵاوکردنەوەی وێنەی کەسێک بەهۆی ئەوەی شەقی لە کتێبێکی پیرۆز داوە بووە بە ئاژەڵ.

بڵاوکردنەوەی وێنەی کەسانی نامۆ و نووسینی "هاوڕێیەکەت تاگ بکە کە بەمشێوەیە".

بڵاوکردنەوەی وێنەی جەستەی منداڵ و هەور و هەر شتێکی دیکە کە لێی نووسراوە "الله" یان "محمد"، چونکە هیچکامێک لەو دووە پێویستیان بەوە نییە گەورەیی خۆیان بە شتێکی لەوشێوەیە بسەلمێنن.

جیاکردنەوەی تۆڕە تایبەتەکان

  • بۆ پەیامی فەرمی ئیمەیڵ بەکاربێنە

کاتێک لەگەڵ کەسێکی فەرمی و کۆمپانیایەک گفتوگۆ دەکەن، پێویست ناکات لە ڕێگای پەیج و شوێنی لاوەکییەوە پەیوەندی بکەیت، بەڵکو ڕاستی وایە کە بە ئیمەیڵ ئاگاداریان بکەیتەوە و پەیامیان بۆ بنێریت، بەتایبەت لە ناردنی سیڤی، و داواکاری.

  • بۆ چاتکردن و گفتوگۆی زۆر سوود لە پەیامنێر وەربگرە

ئەگەر پێویست دەکات کە قسەکانت زۆر بخایەنێت و زۆری پێبچێت، سوود لەو بەرنامانە وەربگرە کە نامەنێر و وەرگرن، وەک واتسئەپ و مەسنجەر و تەلەگرام و ڤایبەر، چونکە هەموو ڕێکارەکانی نامەناردنی دوور و درێژیان تێدایە و لەگەڵیشیان دەتوانیت وێنە و ڤیدیۆ بنێریت، بۆ پەیوەندی دوور و درێژتر یان ناڕوون، دەتوانیت سوود لە تەلەفۆنی دەنگی یان ڤیدیۆیی پەیامنێرەکان وەربگریت، یان بە ناردنی دەنگ پەیامەکەت بگەیەنیت.

  • گرووپ چات بۆ ڕێکخستن

گەر لە شوێنێک کاردەکەیت و چەند کەسێک لەوێ پێویستە چاودێری بکرێن و نوێترین هەواڵەکانیان پێبگات و شتێکی هاوبەش ئێوە پێکەوە دەبەستێتەوە، پێویستە پێکەوە گرووپێکتان هەبێت کە لە ڕێگایەوە هەموو ئەو شتانەی پێویستە هەمووان بیزانن بنێردرێت.

ئاسایش

لەکاتی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، با هەمیشە خاوەنی کۆدێکی بەهێز بیت و دوور بێت لە ناوی خۆت و بەرواری لەدایکبوون، هەروەها با جگە لە وشە، پیتی گەورە و بچووکی تێدابێت و ژمارە لەخۆی بگرێت، لەگەڵیشیدا دواتر دەبێت ئاگاداری ئەو پەیامانە بیت کە بۆت دێن و بڵاودەکرێنەوە، یاخود لینکەکان، دەبێت بە وریاییەوە بیانکەیتەوە و هەر کەسێک داوای ئیمەیڵ و پاسۆرد و کۆدی تایبەتی کرد نابێت بینێریت.

تێبینی: زۆرێک لەو کەسانەی دەیانەوێت هەژماری کەسێک بکەنەوە، پەیامێکی بۆ دەنێرن و دەڵێن کە کۆدێکی بۆ هاتووە و پێویستە بۆیان بنێرێت، کاتێک ئەویش بۆیان دەنێرێت هەژمارەکەی دەداتە دەست ئەوان و لە ژێر دەستی خۆی نامێنێت، بەمەش وادەزانێت هاککراوە، هەرچەند ئەمە لەگەڵ هاککردن نزیکن، بەڵام زیاتر بەهۆی هەڵەی خۆتەوەیە و نابێت کۆد بە هیچ کەسێک بدەیت، چ بیناسیت یان نەیناسیت، چونکە تۆ نازانیت بۆچی دەیەوێت بەکاری بهێنێت.

لەکاتی هاککردن یاخود نەکرانەوەی هەژمارەکەت پەیوەندی بە کەسێکی شارەزا یان کۆمپانیاییەکی پاراستن بکە و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکە.


سەرچاوەکان



1911 بینین