کۆماری ئەفغانستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-12-18:57:00 - کۆدی بابەت: 6274
کۆماری ئەفغانستان

ناوه‌ڕۆك

کۆماری ئەفغانستان

ئەفغانستان یان کۆماری ئیسلامیی ئەفغانستان (بە ئینگلیزی: Afghanistan) دەوڵەتێکی دەورەدراوە و دەکەوێتە ناوەڕاستی ئاسیا، هەریەک لە تاجیکستان و ئۆزپاکستان و تورکمانستان لە باکوورەوە و ئێران لە ڕۆژئاوا و چین لە ڕۆژهەڵات و پاکستان لە باشوورەوە هاوسنوورن لەگەڵیدا، واتای وشەی ئەفغانستان واتە زەوی ئەفغانەکان، یەکێکە لەو ناوچانەی دەکەونە سەر ڕێگای ئاوریشم و کۆچی مرۆڤەکان لە کۆندا، ناوچەیەکی ستراتیژییە و بەشی خۆرهەڵات و خۆرئاوای ئاسیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، زۆرێک لە نەتەوە و گەلە جیاوازەکانی تێدا ژیاوە و چاوی زۆرێک لە سوپاکانی لەسەر بووە، لە سەردەمی ئەغریقییەکان لەلایەن ئەسکەندەری گەورەوە فەرمانڕەوایەتی کراوە و دواتریش بەر فتوحاتی ئیسلامی و هێرشی مەغۆلەکان کەوتووە، زۆرێک لە مەملەکەتەکانیش تێیدا گیرساونەتەوە وەک پاکتریای ئەغریقی و کۆشانییەکان و هەیاتڵەکان و سەفاری سامانییەکان و غەزنەوییەکان و تەیمووریەکان، ئەفغانییەکان بەشێک لە نەتەوەی ئاریا و برای فارس و کورد و تاجیکییەکانن.

لە ناوەڕاستی ئابی ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە بۆ جاری دووەم تەواوی وڵاتەکە دەستی بەسەردا گیرایەوە و ناوی وڵاتەکە کرا بە ئیماڕەتی ئیسلامیی ئەفغانستان و ئەمریکا و هاوپەیمانان لە وڵاتەکە چوونە دەرەوە.

ناو کۆماری ئیسلامی ئەفغانستان (هەڵوەشایەوە و ئیمارەت شوێنی گرتەوە)
پایتەخت کابول
بەرزترین لوتکە نوشاخ - ٧,٤٩٢ مەتر
ڕووبەر ٦٤٧,٥٠٠ کم٢
بەرزی لە ڕووی دەریاوە ٢,٢٦٠ مەتر
زمانی فەرمی فارسی دوری و پەشتونی
جۆری حوکم کۆماری سەرۆکایەتی
سەرۆک ئەشرەف غەنی (تاوەکوو ٢٠٢١ و ڕووخانی دەوڵەت)
سەربەخۆیی لە بەریتانیا (١٩/٨/١٩١٩) و لە یەکێتی سۆڤیەت (١٩٨٨)
دراو ئەفغانی
ژمارەی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی ٩٣+

مێژوویەکی کورت

لە سەدەی ١٨ـیەمەوە و لەگەڵ دەرکەوتنی هۆزی پەشتونەکان مێژووی نوێی سیاسی ئەفغانستان دەستی پێکرد، لە ساڵی ١٧٠٩ ئەحمەد شای دەرانی دەسەڵاتی هۆتاکی دامەزراند و لە قەندەهارەوە دەستی بە فەرمانڕەوایی کرد تاوەکوو ساڵی ١٧٤٧ کە شانشینی دەرانی لەناوچوو، ئەو شانشینەش دەبێتە دایکی ئەفغانستانی ئێستا، ساڵی ١٧٧٦ پایتەختی وڵات لە قەندەهارەوە گوازرایەوە بۆ کابول و بۆ ماوەیەکی کاتی بەشێک لە خاکەکەی بۆ دەوربەرەکەی چۆڵ کرد، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم ئەفغانستان بوو بە یەکێک لەو وڵاتانەی لە نێوان جەنگی ئیمپڕاتۆری ڕووسیا و بەریتانیا گیری خواردبوو و بەردەوام لە کێشەدابوو، لە ١٩/٨/١٩١٩ جەنگی سێیەمی ئینگلیز و ئەفغانییەکان کۆتایی هات و وڵاتەکە سەربەخۆیی خۆی وەرگرتەوە.

لەدوای حەفتاکانی سەدەی بیستەم ئەفغانستان جارێکی دیکە ناسۆری بینییەوە کاتێک یەکێتی سۆڤیەت هێرشی کردە سەری و دواتریش جەنگی ناوخۆ و هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ وڵاتەکە.

جوگرافیا

ڕووبەری ئەفغانستان ٦٥٢,٢٣٠ کیلۆمەتری دووجایە و لەگەڵ هەریەک لە تاجیکستان و چین و ئێران و تورکمانستان و پاکستان و ئۆزپاکستان سنووری هەیە، وڵاتێکی دەورەدراوە و هیچ کەناراوێکی ئاوی نییە.

وڵاتێکی شاخاوی و سەختە و لە بەشی باکوور و باشووری ڕۆژئاوایەوە دەشتە، بەرزترین لوتکەی وڵاتەکە لوتکەی نوشاخە کە بەرزییەکەی ٧,٤٩٢ مەترە، هەریەک لە بەرهەمەکانی لۆکە و ئاسن و لیثیۆم و یۆرانیۆم و بەرهەمی گرانبەهای دەگمەن لەخۆدەگرێت، هەروەها خاوەنی زێڕ و کرۆمیت و زینک و گۆگرد و گازی سروشتی و نەوتە.

کەشوهەوا

ئەفغانستان زستانێکی زۆر سەخت و ساردی هەیە، هاوینی فێنکە و لە بەرزاییەکان زۆر فێنکە و هەست بە گەرمی ناکرێت، وڵاتێکی وشکە و لە بەهار و زستان باران دەبارێت و لە مانگی حوزەیرانەوە باران کۆتایی دێت.

کارگێڕی

وڵاتەکە لە ٣٤ ویلایەت پێکدێت و هەریەکێکیان خاوەنی پایتەختێکی تایبەتن و بەسەر ٣٩٨ بەشی بچووکتردا دابەش دەبن، سەرۆکی وڵات سەرۆکی ویلایەتەکان دیاری دەکات و ئەوانیش قایمقام دیاری دەکەن، بەپێی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور سەرۆکی شارەوانی بە هەڵبژاردن هەڵدەبژێردرێت و بۆ ماوەی چوار ساڵ دەمێنێتەوە.

ویلایەتەکان

  • بەدەخشان
  • بادغیس
  • بەغلان
  • بەلخ
  • بامیان
  • دایکەندی
  • فەرا
  • فاریاب
  • هێرات
  • جۆزجان
  • غەزنی
  • غور
  • هەرات
  • قەندەهار
  • نیمروز
  • کابول
  • کابیسا
  • خوست
  • هێڵمەند
  • ویردەک
  • زابول
  • تەخار
  • سەرپول
  • سمنکان
  • لەغمان
  • کونەر
  • کوندوز
  • پەکتیکا
  • پەکتیا
  • ئوورۆزگان
  • نەنگەرھار
  • لۆگەر
  • پەنجشێر
  • پەروان

دانیشتووان

لە هاوینی ساڵی ٢٠٢١ ژمارەی دانیشتووانی وڵات ٣٩,٨٩٧,٨٩٩ کەس بووە، کە لەو ڕێژەیە چەندین هۆز و نەتەوەی جیاوازی تێدایە.

پەشتون ٦٢%
تاجیک ٣٧%
هەزارە ٩%
ئۆزپاکی
تورکمان ٢%
جۆری تر ٢,٥%

ئەم داتایانەش فەرمی نین و لەلایەن حکوومەتەوە نەکراون، ساڵی ٢٠٠٤ حکوومەت دانی بە ١٤ کۆمەڵەی نەتەوەییدا نا لە وڵاتەکە بەبێ ناوهێنانیان.

هەروەها لەڕووی زمانەوە زمانی خەڵکی بە شێوەیەکی گشتی فارسییەکی دوریە کە هاوشێوەی فارسییە بەڵام جیاوازییان هەیە، ٧٧%ـی وڵاتەکە بە فارسی دوری قسەدەکەن کە زمانی فەرمی وڵاتە و ٤٧% لە زمانی پەشتویی قسەدەکەن، ١١%ـی وڵات بە ئۆزپاکی و ٦% بە ئینگلیزی و ٣% تورکمانی و ٣% ئوردو و ١% بەلوچی و %١ بە عەرەبی قسەدەکەن.

بەهۆی جەنگەوە لە وڵاتەکە زیاتر لە ٥ ملیۆن کەس کۆچی کردووە بۆ ئێران و پاکستان، ئەمە جگە لە پەنابەری بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

ئایین

ڕێژەی موسوڵمانان لە وڵاتەکە دەگاتە ٨٥% و زۆربەیان سوننەن، هەروەها هەریەک لە ئایینەکانی هیندۆسی و سیخ و مەسیحی و ئایینی دیکەی تێدایە.

ئابووری

کۆماری ئەفغانستان ئەندامێکی کۆمەڵەی وڵاتانی باشووری ئاسیای یەکگرتووی هەرێمی (سارک) و دامەزراوەی هاوکاری ئابووری (ئیکۆ) و دامەزراوەی کۆنگرەی ئیسلامی (ئۆیک)، وڵاتەکە یەکێکە لە وڵاتە وێرانکراو و هەژارەکانی جیهان، کەمترین ڕێژەی گەشەکردنیشی هەیە و سێ بەشی دانیشتووان بە کەمتر لە ٢ دۆلاری ڕۆژانە کاردەکەن، لەدوای جەنگی سۆڤیەتی و ساڵانی ١٩٩٨-٢٠٠١ زۆرترین ڕێژەی بێکاری و دواکەوتنی ئابووری بەخۆیەوە بینی.

ساڵی ٢٠٠٥ ڕێژەی بێکاری گەشتە %٤٠، ساڵی ٢٠٠٢ وڵاتەکە گەشەسەندنێکی کەمی بەخۆیەوە بینی دوای هاتنی سەرمایەدارانی ئەمریکی بۆ ئەوێ و دامەزراندنی کارگە و وێستگەی ئابووری، لە ڕووی کشتوکاڵەوە بوژایەوە.

سێ بەشی بەرهەمی ناوخۆی ئەفغانستان لە چاندنی ڕووەکی خەشخاش و بازرگانی ئەفیۆن و مۆرفین و هیرۆینەوە دێت، ئەمە جگە لە بەرهەمهێنانی حەشیش.

کەسایەتییەکانی ئەفغانستان

  • زوهەیردین بابر
  • ئەبوداود
  • جەلالەدینی ڕۆمی (مەولانا)
  • جەمالەدین ئەفغانی
  • ئەبوعوبەید قاسم بن سەلام
  • شەقیق بەلخی
  • موقاتل بن سولەیمان
  • ئیبن حەبان
  • مەلا عەلی قاری
  • ئیسماعیل سامانی
  • ئەکبەر خان
  • عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب بەلخی
  • ئەبو مەعشەری بەلخی
  • قازی عەبدولجەبار
  • ئەبوفەتح شەهرستانی
  • محەمەد ئیسحاق فەیاض


سەرچاوەکان



2361 بینین