لەیلا قاسم

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-16-11:11:00 - کۆدی بابەت: 6322
لەیلا قاسم

ناوه‌ڕۆك

لەیلا قاسم کێیە؟

لەیلا قاسم چالاکوانێکی کوردی فەیلی بوو لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٢ ە لە گوندی بامیلی سەر بە ناوچەی خانەقینی عێراق لەدایکبووە، چالاکوانێکی دژ بە ڕژێمی بەعسی پێشووی عێراق بوو و نازناوی بووکی کوردستانی لێنرابوو بەهۆی ئەوەی لە تەمەنێکی کەمدا و لە ٢٢ ساڵدا لەسێدارەدرا و بەیەکەم ژنە شەهیدی باشووری کوردستان ناوزەندکراوە.

سەردەمی منداڵی

لەیلا قاسم پێنجەم مناڵی خێزانەکەی بوو و لە خێزانێکی کشتوکاڵکەر و کچی پیاوێکی جووتیار بەناوی قاسم حەسەن بوو، دایکی ناوی کانی بوو، لەیلا قاسم لە خانەقین لە خێزانێکی هەژارنشین لەدایکبووبوو، خاوەنی سێ برا بوو بە ناوەکانی (سەلام و سەفا و سەڵاح) و خوشکێک بەناوی (سەبیحە)، لەیلا و سەلامی برای فێری زمانی عەرەبی و کاری کشتوکاڵ بوون لەلایەن دایکیانەوە کاتێک تەمەنی لەیلا ٦ ساڵ و براکەی ٨ ساڵان بووە، ساڵی ١٩٥٨  خوێندن سەرەتایی لەیلا دەستپێدەکات و خوێندنی دواناوەندیش هەر لە خانەقین تەواودەکات، قاسم حەسەنی باوکی لەیلا، کرێکاری کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئەڵوەند بووە، دوای ئەوەی خانەنشین کراوە، لە ساڵی ١٩٧١ لە خانەقین ماڵیان گواستووەتەوە بۆ بەغداد، لەهەمان ساڵدا کچە تێکۆشەرەکەی کورد لە بەشی کۆمەڵناسی وەردەگیرێت لە زانکۆی بەغداد و لەوێ درێژە بەخوێندنەکەی دەدات، لەپاڵ خوێندندا لە ڕێکخستنەکانی ئەوکاتەی پێشمەرگەدا کاری کردووە و هەوڵی بەدیهێنانی ئازادی بۆ کوردستان داوە.

چالاکی سیاسی

لەیلا قاسم لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە ساڵی ١٩٧٠ دا لە ڕێگای سەلامی برا گەورەیەوە لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەکەی ئاشنا دەبێت و دەبێت بە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەنێو ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان خەبات و تێکۆشانی دەستپێدەکات، هەر زوو توانی ئەو قسە و باسانەی کە ژن ناتوانێت تێکۆشان بکات ڕەتبکاتەوە و بیسەلمێنێت ئەوە بیرکردنەوەی کۆمەڵگایە ئەو قسەیەی دروستکردووە، ئەگەرنا ئامانجت هەبێت هیچ شتێک مەحاڵ نییە.

لەیلا قاسم لەنێو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغداد ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە وشیارکردنەوە و ڕێکخستنیان، لەیلا بە پێچەوانەوەی کچانی سەردەم و هاوتەمەنەکانیەوە، شانبەشانی قوتابییە کوڕەکانی کورد خەباتێکی بەرفراوانتری بەڕێوەدەبرد و دژ بە نایەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان بوو، بەتایبەتیش کە بۆ خودی خۆی لە بواری کۆمەڵناسیدا دەیخوێند و لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگا شارەزابوو.

لەیلا قاسم دواتر لەگەڵ جەواد ھەمەوەندی کە خۆشەویستی بووە، پێکەوە خەبات و چالاکییان لەنێو ڕیزەکانی پێشمەرگە بەردەوامی پێداوە، ئەگەرچی لەیلا خوێندکاری زانکۆ و جەوادیش کرێکاری یەکێک لە کارگەکانی بەغداد بوو، لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی ھەردووکیان ھاوبیر و کۆک بوون لە پرسەکاندا لەپێناو سەرکەوتنی دۆزی گەلەکەیاندا، لەیلا قاسم تەمەنی تەنها ١٦ ساڵان بووە کە عەبدولڕەحمان عارف (سێیەم سەرۆکی کۆماری عێراق دوای کوودەتاکەی ١٤ ی تەمووزی ١٩٥٨) لەلایەن کاربەدەستانی ڕژێمی بەعس و سەرۆکی حیزبی بەعسەوە ئەحمەد حەسەن بەکر بەبێ شەڕ و خوێنڕشتن لە دەسەڵات لابرا، ئەو بارودۆخەی کە حیزبی بەعس درووستیکرد بووە هۆی یاخیبوونی چەندین دەستە لەنێویاندا کوردەکان و لەیلا قاسم.

لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٧٠ کە گەلی کورد لە باشووری کوردستان بە قۆناخێکی ھەستیاردا تێپەڕ دەبوو، لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێکانیان سەرباری نکۆڵیکردنی ڕژێمی بەعس لە ھەبوونی گەلی کورد، ئەوان سوور بوون لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلەکەیان.

دەستگیرکردن

لەگەڵ بەردەوامی کارو خەباتی لەیلا لەو سەردەمەدا، ڕژێمی ئەوکاتەی عێراق هەوڵەکانی بۆ سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی ڕێکخستنەکانی کورد چڕ کردووەتەوە و لەو چوارچێوەیەدا لە ڕۆژی ٢٨ ی نیسانی ١٩٧٤ دا، لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی بە ناوەکانی (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران)، لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراواندا دەستگیرکران.

دوای دەستگیرکردنیان ڕۆژنامەی "الصورە"ـی زمانحاڵی ڕژێمی بەعس، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ناوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی وەک تێکدەر و گێرەشێوێن ناوبرد، لەبارەی ئازایەتی و بیری نەتەوەیی ئەو ژنە کوردە ڕێزان عەزیز، یەکێک خزمەکانی و نووسەر و کەسایەتیی خانەقین دەڵێت کاتێک "لەیلا قاسم لە زینداندا بووە و دایکی سەردانی زیندانی ئەبوغورێبی کردووە، لەوێ لەیلا قاسمی بینیوە و داوای لێکردووە دەستێک جلی کوردی بۆ ببەن، دایکیشی بەپەلە گەڕاوەتەوە و جلە کوردییەکانی بۆ بردووە، لەیلا وتوویەتی جلە کوردییەکانم بۆ ئەو ڕۆژە لەبەر دەکەم کە دەبمە بووکی کوردستان و لەگەڵ جەواد دا لەسێدارە دەدرێم، بەشێک لە قژەکەشم ببڕن و بە کێلی قەبرەکەمەوە هەڵیبواسن و با ئەوکاتەی کوردستان ئازاد بوو قژەکەم بە هەوای ئازادی کوردستان بشنێتەوە و ڕۆحم ئاسوودە بێت”.

لەبارەی ئازایەتی لەیلاوە دەشگوترێت لەکاتی ئەشکەنجەدان و لێپرسینەوە لەلایەن دەزگای ھەواڵگری بەعسەوە، دانی بەهیچدا نەناوە و خودی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات داوای دانپێدانانی کردووە و بەڵێنی ئازادی پێداوە، بەڵام بیروباوەڕی مەزن و سەرکەشتر بوو لە چیاکانی کوردستان، بەبوێری و ئازایەتییەوە پێی ڕاگەیاندوون کە “بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیاردەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم”.

لەسێدارەدان

ڕژێمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری كورد یەكسەر دوای دەستگیركردنیان دادگایەكی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێكانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەركرد، ھێشتا دوو ھەفتەی بەسەر دەستگیركردنیان تێنەپەڕیبوو، كە كاتژمێر ٧ ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢/٥/١٩٧٤ دا، لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێكەی لەسێدارەدران و گۆڕەکانیان بەپێی هەندێک زانیاری لە گۆڕستانێکی نەجەف نێژراوە.

سەلام قاسمی برای لەیلا قاسم، بە ماوەیەك دوای لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەكانەوە كوژرا، تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە كە وێنەی لەیلای خوشكی ناردبوو بۆ دەستی قوتابیانی كورد و ئەندامانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات، دایك و باوكی لەیلا قاسمیش بەھۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان، ھەر زوو بە كۆست و خەمێكی گەورەوە سەریان ناوەتەوە و كۆچی دواییان كردووە.

ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بە كوردستاندا بڵاوبۆوە، ھەروەھا ھەندێك لە چاپەمەنییەكانی ئەوکاتەی جیھان ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەك لەسێدارەدانی یەكەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوكردۆتەوە، بێگومان لەسێدارەدانی كچە كوردێك بەدەستی ڕژێمی عێراق كاریگەرییەكی گەورەی كردە سەر لاوانی ئەو سەردەمەی كورد، كە ئەمەیش بووە ھۆی ئەوەی بە ھەزاران لاوی كورد پەیوەست بن بە دۆزی گەلەكەیان و ڕوو لە چیاکان بكەن.

دوای لەیلا قاسم لە سەرتاپای كوردستان ھەزاران منداڵی كورد بە ناوی لەیلاوە ناونران، لەیلا قاسم بوو بە چیرۆك و داستان و کووردستانیش بووبوو بە مەجنوونەکەی لەیلا، ئەو کارەی لەیلا بووە هۆی ئازاردان و پیاهەڵگوتنی شاعیرانی گەورەی كوردی وەك جگەرخوێن و هێمن و شێرکۆ بێکەس زۆر کەسی تر، هەروەك هێمن موکریانی لەسەر قارەمانی لەیلا دەڵێ:

لەدووی لەیلا بە واوەیلا و شیوەن

دەڕۆم و پۆلێ شین گێڕ وا بەدواوەم

بزەی ھاتێ، وتی ڕوناکە ئاسۆم

وەرە جەلاد پەتت باوێژە ئەستۆم

ئەوە پەت نیە مێداڵی ئیفتخارە

کە بوومە قارەمانی میڵەتی خۆم

كە تۆ تۆرای لەچاوان وەك خەوی من

لەبسكت ڕەشترە مانگە شەوی من

بڕۆ مەجنون! بە لەیلای خۆت مەنازە

كە ناوبانگی پتر ڕۆیی ئەوی من


سەرچاوەکان



5041 بینین