یاریی شەتڕەنج

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-25-14:58:00 - کۆدی بابەت: 6405
یاریی شەتڕەنج

ناوه‌ڕۆك

یاری شەتڕەنج چییە؟

شەتڕەنج یارییەکی ژیریی ڕکابەری دوو کەسییە کە لەسەر ڕوویەکی تەخت ئەنجامدەدرێت، ڕووتەختەکە بریتییە لە ڕووبەرێکی چوارگۆشەیی ‌دابەشکراوە بۆ ٦٤ خانەی ٨ بە ٨ و بەدوو ڕەنگ جیاکراوەتەوە، که ٣٢ خانەیان بەڕەنگێک، وە ٣٢ خانەکەی تر بەڕەنگێکی تر، کە بەزۆری بە ڕەنگەکانی ڕەش و سپی ڕەنگ دەکرێن، هەر یاریزانێک ١٦ پارچە بەکاردە‌هێنێت بەهەمان شێوە یەکیان پارچەی سپییە و ئەوی تر ڕەش، ٨ دانەیان سەربازن، دوو ئەسپ، دوو فیل، دوو قەڵا، یەک شاژن، یەک پاشا، کە ٨ سەربازەکە بەشێوەیەکی ئاسۆیی ڕیزی دووەم دە‌گرن، وە پادشا و شاژن دووخانەی ناوەندی دوای ئەوان بە جۆرێک شاژن لای چەپ و پاشا لای ڕاست هی یاریزانی پارچە سپییەکان بەڵام لە ڕەشدا بە پێچەوانەوە، وە لە ‌هەردوولای تەنیشت پاشا و شاژن فیلەکان دادەنرێن، وە لەتەنیشت ئەوانیش لە هەردوولا ئەسپ لە دوو خانە جێگیردەکرێت‌، لە کۆتایی هەردوو سەری ڕیزەکەشەوە لای چەپ و ڕاستەوە دووقەڵاکە دادەنرێن.

شەتڕەنج لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا یاریزانێکی زۆری هەیە لە سەرانسەری جیهاندا کە لەلایەن ملیۆنان کەسەوە یاری پێدەکرێت بە ڕاستەوخۆ یاخود لەڕێی ئۆنڵاینەوە، شوێنەکانی یاریکردن زۆرن خەڵک لە ماڵەوە و وێبسایتی ئۆنڵاین یانەکانی شەتڕەنج و پاڵەوانێتییەکان یاری پێدەکەن.

شەتڕەنج یارییەکی ستراتیژییە و پەیوەستە بە بیر و ژیری کەسەکانەوە و هەر هەنگاوێک کاریگەری لەسەر هەنگاوی دواتر دەبێت، یەکێکە لەو یارییانەی کە پێیان دەوترێت “زانیاری تەواوەتی” (بە ئینگلیزی: perfect information) بەهۆی ئەوەی هەردوو یاریزان تەواوی زانیاری و جوڵەکانی بەرامبەریان دەبینن و هیچ شتێکی شاراوەی تیا نییە وەک یاری دۆمینە یاخود پۆکەر.

بناغەی یارییەکە لەسەر کشوماتکردنی پاشاکەیە، کە جوڵەیەکە پاشا بەتەواوی دەوەستێنرێت و هیچ خانەیەکی نابێت کە بتوانێت بۆی بڕوات و هیچ پارچە و کەرەستەیەک نابێت کە بیپارێزێت، لە کاتی یارییەکەدا دەکرێت چەندان کشی تیابێت بێ ماتبوون، بەڵام تەواوی یارییەکە یەک کشوماتی تیایە کە یارییەکە بە کۆتا دەهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک یاسای هەیە کە یارییەکە بە بەرامبەر کۆتایی دێت.

مێژوو

شەتڕەنج مێژوویەکی کۆنی چەند هەزار ساڵێکی هەیە بەڵام ئەوەی بە فەرمی ماوەتەوە و لە پەڕەکانی مێژوودا نووسراون نزیکەی ٢٧٠٠ ساڵ دەبێت، زۆر وڵات و نەتەوە بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە ئەوان یاری شەتڕەنجیان داهێناوە، بەڵام لە هەموو ئەو بۆچووانە زاڵتر، ئەوەیە كە دەڵێت شەتڕەنج بۆ یەكەمجار ٦٠٠ ساڵ بەر لە زایین، لە وڵاتی هیندستان داهێنراوە، واتە هیندییەكان دایانهێناوە، بەڵام لەهەمان كاتدا یارییەكی تری هاوشێوەی شەتڕەنج لە وڵاتی چینیشدا هەبووە، کەواتە سەرەتای سەرهەڵدانی یاری شەتڕە‌نج دە‌گەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی پێش زایین.

چیرۆکی دروستبوونی وەک باسدەکرێت بەم شێوەیە بووە کە پاشایەکی هیند نەخۆش دەبێت وە هیچ پزیشک و شارەزایەک ناتوانن چارەسەری نەخۆشیە‌کەی پاشا بکەن، وە داوا لەخەڵکی وڵات دە‌کات هەرکەسێک چارەسەری نەخۆشیەکەی بکات پاداشت دە‌کرێت، وە لەو کاتەدا کەسێک لەو شوێنە‌ ئامادە دە‌بێت، وە شەتڕە‌نجەکەی خۆی پێشکەشی پاشا ئەکات، وە ئەویش خۆی پێ سەرقاڵ دەکات، دوای ماوەیەک هەست دە‌کات نەخۆشییەکەی نەماوە، وە بەدوای ئەو کەسەدا دەنێرێت کەپاداشتی بکات،‌ شالیار (وەزیر) ـەکەی دەڵێت بیبە گەنجینەکە پاداشتەکەی بدەنێ، وە ئەویش دەڵێت لەخانەی یەکەم یەك ڕووپییە‌، لە خانەی دووەم دوو ڕووپییە‌، لەخانەی سێیەم چوار ڕووپییە‌،‌ لەهەرخانەیەک دوو ئەوەندەی وەرگرت.

‌وشەی شەترەنج لە زمانی کۆنی هیندۆ-ئارییەکانەوە وەرگیراوە کە پێی دەوترێت سانسکریتی، له زمانی سانسکریتیدا بە (شاتورانجا) هاتووە‌ کە واتای چوار بەشی سوپای کۆن دێت ‌(سەرباز، فیل، ئەسپ، قەڵای کاتی) وە لەوڵاتی هیندەوە گەیشتە وڵاتانی ئاری (فارس و عەرەب وڵاتانی تری ئێرانی نەژاد) وەلەئێرانیشەوە بە سەرجەم وڵاتانی جیهان بڵاوبووەوە بە تایبەت عەرەب لە سەردەمی ئیسلامدا.

بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییە فارسییەکان، شەتڕەنج لە سەردەمی شا (کیسرا ئەنەوشیروان) دا لە وڵاتی فارسدا پەیدابووە، هاوكاتی دەركەوتنی كتێبی "کەلیلە و دیمنە" کە کتێبێکی چیرۆکە لەسەر زاری ئاژەڵانەوە گێڕدراوەتەوە و لە وڵاتانی ئاسیادا زۆر بەناوبانگە هەر لەسەرەتای مێژووی نووسینیەوە، هەرچەندە كتێبی "كارمانک" كە چیرۆكی شا "ئەردەشێر" دەگێڕێتەوە، تێیدا ئاماژە بە بوونی شەتڕەنج لەو سەردەمەدا دراوە.

سەرهەڵدانی ڕێکخراوەکانی شەتڕەنج دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٩ (ساڵانی ١٨٠٠)، ڕکابەرییەکانی شەتڕەنج لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕێکدەخرێت لەژێر ناوی جیاجیادا بەڵام پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی هەیە لەژێر ناوی FIDE کە ئاماژەیە بۆ فیدراسیۆنی شەتڕەنجی نێودەوڵەتی و ساڵانە دەکرێتەوە، یەکەم پاڵەوانی شەتڕەنجی جیهان کە تۆمارکراوە بەناوی ڤیلهێم شتاینتز (بە نەمسایی: Wilhelm Steinitz) لە ساڵی ١٨٨٦ دا، کە ئەم یاریزانە خەڵکی نەمسا بوو و دواتر لە وڵاتی ئەمریکا درێژەی دابوو بە یاریکردن، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا ناوێکی بەرز و باو هەیە بۆ پاڵەوانی جیهان کە ئەویش مەگنس کارلسنی نەرویجییە کە هەڵگری نازناوی پاڵەوانی ئەمساڵی جیهانە.

پێکهاتە

هەر پارچەیەک لە یارییەکەدا جوڵەی جیاوازی هەیە و بۆ سوودی خۆی درووستکراوە، سەربازەکان هەموویان لە هەر جارێکدا یەک خانە بۆ پێشەوە دەجوڵێن کە لەسەر ڕیزێک دانراون بەڵام لە ستوونی جیادا، دەستپێکی یاری بە سەربازە و سەرەتا سپی دەجوڵێت پاشان ڕەش، قەڵاکان بە ئاڕاستەی ڕێک دەجوڵێن لە هەر ڕیز و ستوونێکدا بەڵام کام خانەی بوێت دەتوانێت بڕوات بەمەرجێک هیچ پارچەیەکی تری لێنەبێت، ئەسپەکان بە شێوەی پیتی (L) دەجووڵێن دوو خانە بە ئاڕاستەیەک و خانەکەی تر بە ئاڕاستەی چەپ یان ڕاست، فیلەکان بەشێوەی لا دەجوڵێن، شاژن جوڵەی بێ سنوورە و پاشاش تەنها یەک خانە دەجوڵێت.

پێکهاتەی بۆردەکە بەجۆرێکە بە شێوەی ئاسۆیی بە بە پیت ناونراوە، لە (a بۆ h) ناونووسکراوە کاتێک لە چەپی سپییەوە دەچیت بۆ ڕاست و لە ڕاستی ڕەشەوە دەچیت بۆ سپی، هەروەها بە شێوەی ستوونی بە ژمارەی ئینگلیزی داندراوە لە (1 بۆ 8) لای سپییەوە، بەڵام ئەگەر لە ڕەشەوە سەیربکەیت ژمارەکان پێچەوانەیە و ژمارە 8 لای خۆیەتی و دەچێت بۆ 1 کە لای پارچە سپییەکانەوەیە.

هەر خانەیەکی ناوەڕاست لەڕێی لێکدانی پیت و ژمارەکەوە ناونراوە، بۆ نموونە لای سپییەوە دووەم خانەی دەستە چەپ و سێ خانە بۆ سەرەوە ناونراوە بە (b3) کە (b) مانای دووەم خانەیە لای چەپەوە و (3) ش مانای بوونی خانەکەیە لە ستوونی سێیەمدا.

پاڵەوانێتییەکان

یارییەکە لە ئۆنڵاین و پاڵەوانێتییەکاندا لەسەر کات بەندە، کە ئامێرێکی تایبەت بەخۆی هەیە پێی دەوترێت کۆنتڕۆڵی کات (بە ئینگلیزی: Time Control) و کاتی هەردوو یاریزانەکەی لەسەر نووسراوە و هەرکات جوڵەکەی کرد دەست دەنێت بەسەر ئامێرەکەدا و کاتی ئەوی تر دەستپێدەکات، کاتەکان لە بەرزەوە بۆ نزم دەسپێدەکات و ئەگەر یارییەکە تەواو نەبووبێ و کاتی لایەکیان ببێت بە سفر ئەوا بە دۆڕاو هەژماردەکرێت، بە شێوەیەکی گشتی چەندین جۆر پاڵەوانێتی جیاواز هەیە بەپێی کاتەکانیان.

١- Bullet (1 min) (2|1): جۆری یارییەکە پێویستی بە خێراییە، یەک خولەکییەکە هەر یەکەیان تەنها یەک خولەکیان هەیە پێویستە لەو ماوەیەدا تەواوبکرێت پێش کۆتایی کاتەکە، دووەمیان هەر یەکە و دوو خولەکیان هەیە بەڵام لەگەڵ هەر جووڵەیەکدا یەک چرکە زیاد دەبێتەوە بۆیان.

٢- Blitz (3min) (5min) (3|2) (5|5): یاری لێرە کەمێک خاوترە بەڵام هەڵەی گەورەش زۆر دەکرێت کە لە یارییەکەدا ناسراوە بە (Blunder)، ئەوانەی تەنها یەک ژمارەن ئەوا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کاتەکە دیاریکراوە و چرکەی زیادکراو نییە، بەڵام دووانەکەی تر هەردووکیان ژمارەی یەکەم ئاماژەیە بۆ خولەک بۆ هەر یاریزانێک و ژمارەی دووەم چرکەی زیادکراوە لەگەڵ هەر جوڵەیەکدا.

٣- Rapid (10 min) (15|10) (30 min) (1 h) (2h): کات لە یاری ڕەپیددا زۆرترە و ماوەی یاریکردن زیاترە، یاریزانەکان زۆر بەوردی هەر جوڵەیەکیان دەکەن چونکە بوونی هەر هەڵەیەکی گەورە دەکرێت ببێتە هۆی لەدەستدانی یارییەکە.

هەر پاڵەوانێتییەک کە دەکرێتەوە لەسەر یەکێک لەو بنەمایانە و کاتێکی دیاریکراو هەڵدەبژێردرێت کە بۆ هەموو یاریزانان وەک یەکە، یاری بردنەوە ١ خاڵ و بەرامبەر بوون ٠.٥ و دۆڕانیش سفر خاڵ، کۆمەڵێک پاڵەوانێتی هەیە بەشێوەی خولە و هەموو خاڵەکان پێکەوە کۆدەکرێنەوە و براوە بە زۆرترین خاڵە، بەشێکیشیان لە ناویشیدا کە گەورەترین پاڵەوانێتییە FIDE، لەسەر سیستمی کردنەدەرەوەیە و یاریزان لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا یاریدەکات و زۆرترین خاڵ دەچێتە قۆناغی داهاتوو.

لە بواری تەکنەلۆژیادا

شەتڕەنج یارییەکە کە لەگەڵ زۆر بواری تردا هاوبەشی پێکراوە وەک ماتماتیک و کۆمپیوتەر و دەروونناسی و زۆر بواری تری تەکنەلۆژیادا، یەکێک لە ئامانجەکانی زاناکانی کۆمپیوتەر ئەوەبوو کە بتوانن کۆمپیوتەرێکی ئاستبەرز درووستکەن کە پێشەنگ بێت لە بواری شەتڕەنجدا، لە ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٩٧ دا کۆمپیوتەرێک درووستکرا بە ناوی “دیپ بلو” کە توانی پاڵەوانی ئەوکاتی جیهان ببەزێنێ کە گاری کاسپارۆڤ بوو، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا چەندین کۆمپیوتەری زیرەک هەیە کە توانایان لە باشترین یاریزانەکانی شەتڕەنج زیاترە و زۆرکات سوودی لێدەبینرێت بۆ پەرەپێدان و دۆزینەوەی پلانی نوێ لە یارییەکەدا.


سەرچاوەکان



2113 بینین