نیشانەکانی دووگیانی لەماوەی شیرداندا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-26-15:21:00 - کۆدی بابەت: 6412
نیشانەکانی دووگیانی لەماوەی شیرداندا

ناوه‌ڕۆك

دووگیانی لەماوەی شیرداندا

ئەگەری دووگیانبوون لەماوەی شیرداندا بوونی هەیە و زۆرینە واتێگەیشتوون کە شیردان ڕێگری دەکات لە دووگیانی، بەڵام ئەمە هەڵەیە، شیردان هێلکەدانان ئاڵوگۆڕ پێ دەکات و سوڕی مانگانە دوادەخات و بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە خانمێک بێخەم بێت و دڵنیا بێت لەوەی کە دووگیان نابێت.

نیشانەکانی دووگیانی لەماوەی شیرداندا

گۆڕانکاری لە مەمکەکاندا

گۆڕانکاری لە مەمکدا یەکێکە لە نیشانە سەرەتاییەکانی ماوەی دووگیانی و خانمان لە هەفتەی شەشەمدا هەست بە گۆڕانکاری و هەستیاربوونی مەمکیان دەکەن، کە ئەمەش بە هۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە ڕوودەدات، هۆڕمۆن کار دەکاتە سەر مەمک و ئامادەی دەکات بۆ شیردانی دوای منداڵبوون، ئەگەر بێت و خانمەکە شیریش بدات و دووگیان بووبێت ئەگەری ئەم گۆڕانکارییە هەر بە دی دەکرێت.

کەمبوونەوەی شیری دایک

کاتێک دایکێکی شیردەر شیری کەم دەکات لەناکاو لەوانەیە دووگیان بێت، چونکە دووگیانی لەماوەی شیرداندا شیری دایک کەم دەکاتەوە، بەڵام مەرج نییە هەر دایکێک شیری کەمی کرد وابزانێت کە دووگیانە چونکە هۆکاری زۆر هەیە وادەکات کە شیری دایک کەم بکات.

دڵتێکچوون و ڕشانەوە

دڵتێکچوون و ڕشانەوە لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا زۆر باوە و بە هۆی کاریگەری هۆڕمۆنەکان و هەروەها بۆنی هەندێک خۆراک و شتی دیکە خانمەکە تووشی دڵتێکچوون و ڕشانەوە دەبێت لە بەیانیاندا.

ماندوویەتی

دایکانی شیردەر خۆیان ماندوون چونکە ڕۆژانە پێویست دەکات شیری باش بدەن بە منداڵەکەیان و لە وزەی خۆیان سەرف بکەن، کاتێک دایکێکی شیردەر دووگیان دەبێت زۆر زیاتر لە جاران هەست بە ماندوویەتی و بێهێزی دەکات، بۆیە ئەگەر دایکێک زیاد لە پێویست بێهێز و ماندوو بوو پێویست دەکات گوومان بکات لەوەی کە دووگیان بێت.

وەستانی سوڕی مانگانە

زۆرینەی خانمانی شیردەر سوڕی مانگانەیان دەوەستێت کاتی شیردان، بەڵام گرنگە خانمەکە ئاگاداربێت چونکە وەستانی سوڕی مانگانە نیشانەیەکیشە بۆ دووگیانی و پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

خوێن بینینی کەم، کە بە هۆی چەقینەوە ڕوودەدات

زۆر هەفتەیەک دوای پیتێن کە چەقین ڕوودەدات کەمێک خوێن دەبینێرت کە بڕەکەی کەمە و ڕەنگەکەی کاڵترە، گرنگە خانمان بە بینینی ئەمە گوومان بکەن و پشکنین بکەن.

میزکردنی زۆر

کاتێک دایکێک دووگیان دەبێت و منداڵدانی گەورە دەبێت منداڵدان فشار دەخاتە سەر میزەڵدان و میزەڵدان زوو پڕ دەبێت و پێویستی بەوە هەیە کە زوو زوو خاڵی ببێتەوە، بۆیە زۆر میزکردنیش نیشانەیەکی دووگیانییە.

گەورەبوونی منداڵدان

وردە وردە منداڵدان گەورەتر دەبێت و منداڵەکە گەشە دەکات تێیدا، هەڵبەتە جگە لە دووگیانی هۆکاری دیکەش زۆرە بۆ گەورەبوونی منداڵدان، بەڵام ئەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی دووگیانی. 

هەستکردن بە یەکەمین جوڵەی منداڵ

لە هەفتەی ١٩ـیەمی دووگیانیدا منداڵ یەکەمین جوڵەی خۆی دەست پێ دەکات و هەست دەکەیت کە دووگیانیت.

گۆڕانکاری لە پێستدا

لە پێستدا گۆڕانکاری زۆر ڕوودەدات لەماوەی دووگیانیدا هەندێک خانم پێستیان جوان و ڕەونەقدار دەبێت و هەندێکی دیکە پەڵە و زیپکە دەکەن.

کاریگەری دووگیانی لەسەر شیری دایک

کاتێک دایکێک لەماوەی شیرداندا دووگیان دەبێت، جگە لە گۆڕانکاری لە جەستەی خۆیدا گۆڕانکاریش دەبینێت لە منداڵەکەیدا، لەوانەیە منداڵەکە ئیتر نەیەوێت کە شیری دایکەکە بخوات بەهۆی گۆڕانی تامی شیری دایکەوە و هەندێک کات شیرەکە سوێر و هەندێک کات شیرینە، بەڵام مەرج نییە هەرکات منداڵەکەت شیری نەخوارد بڵێیت کە دووگیانیت چونکە هۆکاری زۆر هەیەکە وادەکات منداڵ دوورکەوێتەوە لە خواردنی شیری دایک.


سەرچاوەکان



3466 بینین