نەشتەرگەری جوانکاری لووت 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-26-15:36:00 - کۆدی بابەت: 6413
نەشتەرگەری جوانکاری لووت 

ناوه‌ڕۆك

نەشتەرگەری جوانکاری لووت چییە؟

بریتییە لە نەشتەرگەرییەکی جوانکاری کە ئەنجام دەدرێت بۆ جوانکردنی شێوەی لووت یان باشکردنی کارکردنی، ئەم نەشتەرگەرییە بەکاردێت بۆ چارەسەری شکاوی لووت یان کێشەی زگماکی لووت، لەم نەشتەرگەریەدا ڕەنگە کڕکڕاگەی لووت یان ئێسکی لووت یان هەردووکیان جوانکارییان بۆ بکرێت، لە هەندێک کاتیشدا ڕەنگە پزیشکەکان هەندێک شانە بچێنن لە لووتدا، هەندێک جاریش ئەم نەشتەرگەرییە بۆ گۆڕینی شێوەی لووتە. 

هۆکاری ئەنجامدانی نەشتەگەری جوانکاری لووت

ڕەنگە ئەم نەشتەگەرییە ئەنجام بدرێت بۆ هۆکاری جوانکاری یان چاککردنەوەی لووت پاش توشبوون بە پێکان چارەسەری کێشەی هەناسەدان یان چاککردنی لێشەی زگماکی، ئەگەر ئامانجی نەشتەرگەرییەکە گۆڕینی شێوەی لووت بێت ئەوە دەبێت چاوەرێ بکرێت تاکوو ئێسکی لووت گەشە دەکات، لەم نەشتەرگەرییەدا گۆڕانکاری گەلێک ڕوودەدەن، لەوانە: 

  • گۆڕینی قەبارەی لووت.
  • گۆڕینی گۆشەی لووت.
  • ڕێککردنەوەی پردی لووت.
  • گۆڕینی شێوەی لووت.
  • تەسککردنەوەی دەرچەکانی لووت.

مەترسییەکانی نەشتەرگەری جوانکاری لووت

دەکرێت چەندین مەترسی ڕووبدەن لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری لووتدا وەکوو ڕوودانی خوێنبەربوون و هەوکردنی لووت و ڕوودانی هەستیاری بۆ دەرمانی بەکارهێنراو لەم نەشتەرگەرییەدا، هەروەها چەندین مەترسی تر ئەگەری ڕوودانیان هەیە وەکوو:

  • قورسی هەناسەدان.
  • هەست بە داخرانی لووت و دەوروبەری.
  • ئاوسانی لووت.
  • دەرکەوتنی جێ برین لە لووتدا.
  • ڕوودانی خوێنبەربوونی زۆر 
  • گۆڕانی شێوەی لووت.
  • کوونبوونی پردی لووت. 

ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری لووت

پێش نەشتەرگەرییەکە پزیشک قسە دەکات لەگەڵ نەخۆشدا و پرسیاری هۆکاری نەشتەرگەرییەکەی لێ دەکات، هەروەها چەندین رێکار دەگرێتە بەر بۆ زانینی ڕاددەی ئامادەیی کەسەکە بۆ نەشتەرگەرییەکە، لەو رێکارانەش:

- پرسیارکردن دەربارەی مێژووی نەخۆشی: پزیشک پرسیار لە کەسەکە دەکات دەربارەی پاڵنەرەکانی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە، هەروەها پرسیار دەکات دەربارەی هەبوونی کێشەی داخرانی لووت یان مەیینی خوێن یان ئەنجامدانی نەشتەرگەری پێشتر، هەروەها پرسیاری لێ دەکات دەربارەی وەرگرتن و بەکارهێنانی هەندێک دەرمان.

- پشکنینی جەستەیی: پزیشک پشکنینی جەستەیی بۆ نەخۆشەکە ئەنجام دەدات کە لەو رێگەیەوە سەیری شێوەی لووت دەکات و ئەستووری پێست دەپێوێت و پێوانەی توانای کڕکڕاگەی لووت، ئەویش بۆ زانینی کاریگەری ئەم نەشتەرگەرییە لەسەر هەناسەدان، لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە پشکنینی خوێنیش ئەنجام بدات.

- پشکنینە وێنگرییەکان: پزیشک چەند وێنەیەکی لووت دەگرێت، ئەم وێنانە وەردەگیرێن و بەراوردیان دەکرێت پێش و پاش نەشتەرگەرییەکە.

- گفتوگۆکردنی پێشبینییەکان: پزیشک وێڕای پرسیارکردن لە نەخۆش دەربارەی پاڵنەرەکانی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە، گفتوگۆشی لەگەڵ دەکات دەربارەی مەترسییەکانی نەشتەرگەری جوانکاری لووت و دەرئەنجامەکانی.


سەرچاوەکان



2310 بینین