پارتی ئازادیی کوردستان - پاک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-03-14:35:00 - کۆدی بابەت: 6486
پارتی ئازادیی کوردستان - پاک

ناوه‌ڕۆك

پاک

پارتی ئازادیی کوردستان کە بە کورتکراوەی پاک دەناسرێت (Parti Azadi Kurdistan)، یەکێکە لە پارتە سیاسی و چەکدارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دژی ڕژێمی ئێران و بۆ دابینکردنی مافی گەلی کورد تێدەکۆشێت، لە ساڵی ١٩٩١ تا کۆنگرەی یەکەمی بە ناوی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانەوە لە خەباتدا بووە، دواتر ناوەکەی لە نزیک ٢٠٠٧ گۆڕاوە بۆ پارتی ئازادی کوردستان.

پارتەکە باوەڕی بە ڕووخاندنی تەواوی هێزی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە هەموو خاکی ڕۆژهەڵات بە کاری یەکەمی دەزانێت، باوەڕی وایە پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێران چارەسەر ناکرێت.

کڵێشەی حیزب

سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان حسێن یەزدان پەنایە، و بە یەکە سەربازییەکانیان دەوترێت پێشمەرگە یان سوپای میلـلی کوردستان.

جەنگ

هەڵۆکانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە جەنگ دژی داعش کرد بەتایبەت لە کەرکووک، هەروەها هەندێک لە چەکداران لەگەڵ هێزەکانی یەپەگە چوونە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پارێزگاری لە کۆبانێ.

ساڵی ٢٠١٦ـش هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە شاری سنە.

ئایدۆلۆژیا

باوەڕی حیزب وایە خاکی کوردان لەلایەن ئێرانەوە داگیرکراوە و پێویستە لەژێر دەسەڵاتی کوردەکان بێت و دژی دەسەڵاتی ئێرانن و دژی یەکپارچەیی خاکی ئێرانن کە کوردستانی تێدابێت.

چالاکی

پارتەکە چەند جارێک دەستی بردووە بۆ هێرشی چەکداری بۆ سەر دەوڵەت و جارێک هێرشی کردە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی پەرلەمانتاری ناوچەی ئیسلام ئاباد (حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە) و دوو کەس لە پاسەوانەکانی ئەویان کوشت، ساڵی ٢٠١٦ هێرشیان کردە سەر بنکەی پۆلیسی سنە و بۆکان و یەکە سەربازییەکانی سنە.

تاوەکو ساڵی ٢٠١٩ ژمارەی چەکدارەکانی حیزب ٧٠٠ بۆ ٢٠٠٠ کەس دەبوون و لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە لیستی گرووپە تیرۆرستییەکانە.


سەرچاوەکان



671 بینین