حەشیش

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-09-12:56:00 - کۆدی بابەت: 6539
حەشیش

ناوه‌ڕۆك

حەشیش چییە؟

حەشیش دەرمانێکی هۆشبەرە بە پەستان خستنەسەر و تێپەڕکردنی ئەو بەشە دەزوولەییانەی کە لە موو دەچن و لەسەر بەری ڕووەکی حەشیشن بە چەند پرۆسەیەکی جیاوازدا بەرهەم دەهێنرێت، وەرگرتنی ئەم ماددە هۆشبەرە لە ڕێگەی کێشانەوە دەبێت بە بەکارهێنانی سیبیل، بۆنگ (لوولەی کێشانی ماددەی هۆشبەر) یاخود راستەوخۆ دەخورێت، حەشیش مێژوویەکی درێژی بەکارهێنانی هەیە لە وڵاتانی پاکستان، ئەفغانستان، هیندستان، ئێران، مەغریب، لوبنان، هەروەها ئەوروپا ناوبانگی هەیە لە بەکارهێنانی حەشیشدا، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوڵی وشککراوەی یاخود خەستکراوەی حەشیش زیاتر داواکاری لەسەرە، وەک زۆربەی دەرمانە هۆشبەرەکانی دیکە حەشیش بە پشت بەستن بە جیاوازی زمانی وڵات و نەتەوەکان ناو و ناسناوی جیاوازی هەیە.

مێژووی دۆزینەوەی حەشیش

حەشیش بۆ ماوەی چەندین سەدە بەکارهاتووە، هەربۆیە مێژوویەکی ڕوون نییە دەربارەی یەکەمجار بەکارهێنانی حەشیش، هیندستانی باشور و نیپاڵ مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لە بەرهەم هێنانی حەشیش، یەکەمین بەڵگەنامەیی کە باسی حەشیشی تێدا کرابێت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١١٢٣ پێش زایین لە نامیلەکەیەکدا لە قاهیرە کە بە پێی ئەو بەڵگەنامەییە گومان دەکرێت موسوڵمانە شیعەکان حەشیشیان خواردبێت، لە سەدەی ١٣ دا ئیبن تەیمییە بەکارهێنانی حەشیشی قەدەغەکرد، کێشانی حەشیش باونەبوو لە جیهانی کۆندا تاکوو جگەرە داهێنرا، لە ساڵی ١٥٠٠ زایینی حەشیش وەک خواردن بەکاردەهات لە جیهانی ئیسلامیدا، لە ساڵی ١٥٩٦ نوسەری هۆڵەندی جان هایگن لینشۆتن لە کارە مێژووییەکەی دەربارەی گەشتەکانی بۆ خۆرهەڵات سێ پەڕەی تایبەتکرد بە باسکردنی بانگ (بانگ شێوازێکی تری حەشیشە و لە ڕووەکی حەشیشەوە دروست دەکرێت و لە ١٠٠٠ ساڵی پێش زایین لە هیندستان لە دروستکردنی خواردن و خواردنەوەدا بەکارهاتووە)، جان بە تایبەتی ئاماژەی بە حەشیشی عەرەبیداوە و بەم شێوەیە باسی کردووە: بانگ بە شێوەیەکی بەرچاو لە تورکیا و میسڕ بەکاردێت و بە سێ جۆر دروست دەکرێت و سێ ناوی جیاوازی هەیە، جۆری یەکەمییان لەلایەن میسڕیەکانەوە لە ڕووەکی حەشیشەوە وەک هەویر بەرهەم دەهێنرێت بە ناوی حەشیش، بەکارهێنانی ئەم جۆرە زۆر باوە لە نێوان خەڵکیدا چونکە نرخەکەی هەرزانە.

ڕووەکی حەشیش

ڕووەکی حەشیش پێشی دەوترێت ڕووەکی ماریجوانا، لە  نەتەوەکانی ناوەڕاستی ئاسیا و هیندستان ڕووەکی حەشیش وەک دەرمان بۆ مەبەستی چێژ و کاریگەری دەروونی بەکارهاتووە لە چەندین چارەسەری کۆندا بۆ چەندین سەدە، تێتراهایدرۆکانابینۆڵ (Tetrahydrocannabinol (THC)) یەکێکە لە ٤٨٣ پێکهاتە چالاکەکەی ناو ڕووەکی حەشیش و پێکهاتەی سەرەکی بەرپرسە لە کاریگەرییە دەروونیەکانی ڕووەکی حەشیش، ڕووەکی حەشیش چەندین کاریگەری دەروونی و جەستەیی جیاوازی هەیە، وەک هەستکردن بە دڵخۆشی و بەختەوەری، گۆڕانی دۆخی مێشک و هەستکردن بە کات، نەمانی سەرنج، پەکخستنی بیرەوەرییە کورتخایەنەکانی مێشک و جووڵەی لەش، ئارامی، زیادبوونی حەزی خواردن، ئەم کاریگەرییانە هەستیان پێدەکرێت دوای چەند خولەکێک لە کێشانی بەرهەمی ڕووەکی حەشیش و نزیکەی ٣٠ بۆ ٦٠ خولەک لە خواردنی ڕووەکی حەشیش، هەروەها ئەم کاریگەرییانە بۆ ماوەی دوو بۆ شەش کاتژمێر دەمێننەوە بە پشت بەستن بە بڕی وەرگیراو.

جیاوازی نێوان حەشیش و ماریاجوانا

حەشیش پێکهاتەی ماددە هۆشبەرەکان واتە تێتراهایدرۆکانابینۆڵ (Tetrahydrocannabinol (THC)) بە ڕێژەیەکی خەستتر تێدایە بە بەراورد بە ماریوانا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ڕێژەی ئەو پێکهاتانە لە ماریاجواناشدا زیادکراوە، چونکە ماریاجوانا پێکهاتەی ڕووەکەکەی تێدا ماوە کاریگەرییەکانی لاوازترە لە حەشیش، ڕێژەی پێکهاتە هۆشبەرەکان گۆڕدراوە بەڵام بە شێوەیەکی گشتی توانای هۆشبەری ماریاجوانا ١٠٪ بۆ ٢٠٪ لە کاتێکدا توانای هۆشبەری حەشیش لە نێوان ٢٠٪ بۆ ٦٠٪ دایە، واتە بۆ گەیشتن بە کاریگەری خوازراو ڕێژەیەکی کەمتر لە حەشیش پێویستە بە بەراورد بە ماریاجوانا و وەرگرتنی یەکجاری حەشیش دەتوانێت کاریگەرییەکی خوازراوی تەواوی هەبێت، بۆ کەسێک کە ڕاهاتبێت بە ڕێژە کەمەکەی کاریگەری ماریاجوانا مەترسیدارە کە بیەوێت حەشیش لەبری ماریاجوانا بەکاربهێنێت و هەمان ئەنجامی دەست بکەوێت، چونکە حەشیش ماددەی بێهۆشکەری زیاترە لە ماریاجوانا و کاریگەرییە نەرێنییەکانیشی زیاترە و زووتر مرۆڤ ئالوودە دەکات.

نیشانەکانی کەسی ئالوودەبوو

  • بەکارهێنەر پێویستی بە بەکارھێنانی ماددەی زیاترە تاکوو زیاتر کاریگەری بخاتە سەری.
  • ناتوانێت واز لە بەکارهێنانی بهێنێت.
  • نیشانەکانی کەسی ئالوودەی لێدەردەکەوێت کاتێک دەیەوێت وازی لێ بهێنێت.
  • بەردەوامە لەبەکارهێنان بە پێی خواستی خۆی و حەزێکی زۆری دەبێت بۆ بەکارهێنانی حەشیش.
  • کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر ژیانی ڕۆژانە و کار و پیشەی بەکارهێنەر.
  • خەرج کردنی پارەیەکی زۆر و کاتێکی زۆر لە بەدەست هێنان و کێشانی حەشیش.

کاریگەرییە کورتخایەنەکانی بەکارهێنانی حەشیش

  • ئارامبوونەوە.
  • هەستکردن بە باشبوون و دڵخۆشی.
  • زیادکردن و هاندانی ئەزموونە سۆزدارییەکان.
  • هەستی بینین و تامکرد و بیستن بەهێزدەکات.
  • هەستکردن بە هێواشبوونەوەی تێپەڕینی کات.
  • هەستکردن بە تەممەڵی.
  • ڕووخۆشی و کۆمەڵایەتیبوون.
  • کەمبوونەوەی ترس.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی بەکارھێنانی حەشیش

کاریگەرییە لاوەکییەکانی حەشیش هەروەک کاریگەرییەکانی ماریوانا وایە و هەردووکیان هەمان کاریگەری دەروونی و جەستەییان هەیە، کاریگەرییە لاوەکییەکانی حەشیش:

  • تێکچوونی لایەنی هەستیاریی.
  • دڵتێکچوون، ڕشانەوە و ئازاری گەدە.
  • نەمانی هاوسەنگی لەش.
  • ناڕێکی هەناسەدان.
  • خێرابوونی لێدانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.
  • خەواڵووی.
  • زیادبوونی ئارەزووی خواردن و کەمبوونەوەی کێش.
  • خەمۆکی.
  • بێتاقەتی، ترسنۆکی و وڕێنەکردن، سەرلێشێوان، هەستکردن بە لە دەستدانی کۆنترۆڵ.
  • ڕاڕایی لە بڕیاردان.

کاریگەرییە درێژخایەنەکانی بەکارهێنانی حەشیش

  • کەمبوونەوەی بەرگری بۆ نەخۆشییە باوەکانی وەک، سەرمابوون، پەتا، هەوکردنی سیکڵدانۆچکە.
  • دواکەوتنی گەشە لە هەرزەکاراندا.
  • تێکچوونی پێکهاتە و دابەشبوونی خانەکان.
  • کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی تێستێستیرۆن و کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی.
  • ناڕێکی هەناسەدان.
  • کێشەی سۆزداری و دەروونی وەک بێباکی، بێزاریی، بێتاقەتی، زیادبوونی مەترسی توشبوون بە شێتی مێشک.
  • گۆرانی ئارەزوو و هەستپێکردن.

زۆربەی ئەم کاریگەرییانە بە تێپەڕبوونی کات بەردەوامن و لەوانەیە زیاتریش بکەن ئەگەر لە ڕادەبەدەر حەشیش بەکاربێت.


سەرچاوەکان



2193 بینین