ناو و جۆر و ئەرکی ددانەکان

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-09-12-14:19:00 - کۆدی بابەت: 6561
ناو و جۆر و ئەرکی ددانەکان

ناوه‌ڕۆك

ددانەکان

ددانەکان یارمەتی مرۆڤ دەدەن لە بەکارهێنانی دەمیان لەکاتی خواردن، قسەکردن، هەروەها یارمەتیدەرە لە پێدانی شێوەیەکی جوان بە ڕووخسار، هەموو جۆرەکانی ددان ناوێک و ئەرکێکی دیاریکراو بە خۆیان هەیە، ددانەکان لە چینە جیاوازەکانی وەک (مینای ددان، عاج (بەشە ئێسکەکەی ددان)، کڕۆکی ددان، کلسی ددان پێکدێن).

بەشەکانی ددان

  • مینای ددان، کە ڕەقترین مادەیە لە جەستەدا، دەکەوێتە بەشی دەرەوەی ددان.
  • عاج (بەشە ئێسکەکەی ددان)، دووەم پێکهاتەی ددانە، هەروەها لە مینای ددان نەرمترە.
  • قوڵترین بەشی ددانیش بریتیە لە کرۆکی ددان و دەکەوێتە نێو ددانەوە و لە دەمار و خوێنبەر پێکهاتووە.
  • چینێك له‌ كلس ڕووپۆشی ره‌گی ددانه‌كان و به‌شی ژێره‌وه‌ی پوك ده‌كات

ژمارە و جۆری ددانەکانی کەسێک بەگوێرەی تەمەنی دەگۆڕدرێت، بە شێوەیەکی ئاسایی، مرۆڤ لەماوەی تەمەنیدا دوو دەستە ددانیان دەبێت، ددانی شیری (منداڵی) ، و ددانی هەمیشەیی (پێگەشتوویی).

جۆرەکانی ددان

ددانی بڕەر

ددانە بڕەرەکان ددانی تیژن کە دەکەونە بەشی پێشەوەی دەم و بەهۆیانەوە گاز لە خۆراکەکە دەگیرێت و پارچە دەکرێت بۆ بەشی بچوکتر، ئەوان سافن و لێوارێکی باریکیان هەیە، هەروەها پێشیان دەگوترێت ددانی پێشەوە. 

له‌ هه‌ریه‌ك له‌ منداڵان و پێگه‌یشتوواندا ٨ ددانی بڕه‌ر هه‌یه‌، چواریان ده‌كه‌ونه‌ به‌شی پێشه‌وه‌ی ده‌م، کە له‌ هه‌ر ڕیزێكدا دوو ددانی بڕەر هەیە، چوار ددانەکەی دیکەش لاوه‌كین و دەکەونە لا تەنیشتەکانی ڕاست و چەپ لە هەر ڕیزێکدا. 

ددانی کەڵبە

کەڵبەکان تیژن، وادەردەکەون کە لە تەنیشت ددانە بڕەرەکانەوەن و وەک چنگ دەردەکەون، کەڵبەکان درێژترین ددانن لەناو هەموو ددانەکاندا و خەڵکی بەکاریان دەهێنن بۆ کەرتکردنی خواردن.

٤ ددانی کەڵبە لە منداڵ و هەرزەکاردا بوونی هەیە، هەروەها منداڵ یەکەمین ددانی کەڵبەی هەمیشەیی لە تەمەنی ٩ بۆ ١٢ ساڵی دەردێت، هەروەها کەڵبەکانی خوارەوە زووتر دەردێن بە بەراورد بەوانەی کە لە بەشی سەرەوەی شەویلگە دەردێن.

ددانەکانی پێش کاکیلە

ددانەکانی پێش کاکیلە، یاخود ددانە نووک تیژەکان، ئەو جۆرە ددانانەن کە لە ددانی بڕەر و کەڵبە گەورەترن، چەند لایەکی هەیە و یارمەتی کرداری جوین و هاڕین دەدات، مرۆڤە پێگەشتوەکان ٨ ددانی پێش کاکیلەیان هەیە، یەکەمین و دووەمین ددانی پێش کاکیلە ئەو ددانانەن کە لە تەنیشت کەڵبەکانەوەن.

منداڵانی لاو ددانی پێش کاکیلەیان نییە، هەروەها تاکوو تەمەنی ١٠-١٢ ساڵی ئەم ددانانە سەرەتا وەک ددانی هەمیشەیی دەردەکەون.

کاکیلەکان

کاکیلەکان گەورەترین ددانن لەناو هەموو ددانەکاندا، گەورەن، و ڕوویەکی تەختان هەیە لەگەڵ لێوارێک، کە یارمەتی جوین و هاڕینی خۆراک دەدەن، لە مرۆڤە پێگەشتوەکاندا ١٢ ددانی کاکیلەی هەمیشەیی بوونی هەیە ٦ ددانیان لە نزیک شەویلگەی سەرەوەن و ٦ی دیکەش لە نزیک شەویلگەی خوارەوەن، منداڵانیش ٨ کاکیلەی شیریان هەیە.

کاکیلەکانی کۆتایی ئەو ددانانەن کە بە ددانی ژیری ناودەبرێن، زۆرینەی جار لەنێوان تەمەنی ١٧-٢١ دەردێن، هەروەها لە کۆتایی ڕیزی ددانەکانەوە جێگیر بوون، لە گۆشەیەکی دوور لە شەویلگە، هەندێک کەس دەکرێت هەر ٤ ددانە ژیرییەکەیان نەبێت، یاخود لەوانەیە ددانەکە بە دەرنەهاتووی لەناو ئێسکدا بمێنێتەوە و هەرگیز لەناو دەمدا بەدیار نەکەوێت.

ددانی ژیری

هەندێکجار ددانە ژیریەکان دەکرێت ببنە ددانی گیر خواردوو، کە مانای ئەوەیە دەتوانن لەژێر پووکەکەدا گیر بخۆن و ناتوانن بەباشی بێنە دەرەوە، ددانەکانی ژیری کە تەنیا تا نیوە دروست دەبن یان لە شوێنی هەڵەدا دروست دەبن دەتوانن مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی یاخود زیان گەیاندن بە ناوچەکانی دەوروبەری دەم زیاد بکەن، سەردان کردنی پزیشکی ددان ئەرکێکی زۆر گرنگە لە هەبوونی هەر کێشەیەک لە ددانی ژیریدا.

لەوانەیە خەڵک تووشی ناخۆشییەکی کەم بێت کاتێک ددانەکانی ژیری خۆیان دەست دەکەن بە پاڵنان بە پووکەوە، بەڵام هەر کەسێک هەستی بە ئازارێکی زۆر کرد یان توشی هەڵئاوسان بوو دەبێت سەردانی پزیشکی ددان بکات.

لەوانەیە پێویست بکات پزیشکی ددان ددانی ژیریت هەڵبکێشێت لە باروودۆخێکدا ئەگەر ددانەکەت توشی هەریەکێک لە کلۆر بوون، ڕزین، ئازار یاخود هەر نەخۆشیەکی دیکە هات، مرۆڤ بۆ کرداری جوین پێویستی بەم ددانانە نابێت، هەروەها پاک ڕاگرتنیان سەختە بەهۆی دووری شوێنەکەیان لە دەمەوە.

ژمارەی ددان

منداڵ ٢٠ ددانی شیری یاخود منداڵی هەیە، هەروەها ددانە شیرییەکان لە تەمەنی ٦ مانگییەوە دەردەکەون، بە شێوەیەکی گشتی منداڵان تا تەمەنی ٣ ساڵی هەموو ددانەکانیان دروست دەبێت، وردە وردە ئەو ددانانە دەکەون، و ٢٨ ددانی هەمیشەی شوێنیان دەگرنەوە، هەندێکجار ددانی هەمیشەی پاڵ بە ددانی منداڵیەوە دەنێت تا بکەوێت، بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی، لە پاش کۆتا ددانی شیری ددانە هەمیشەیەکان لە پووکەوە سەردەردەکەن کە دەکەوەنە بەشی دواوەی دەم و نزیک شەویلگە.

یەکەمین ددانە هەمیشەیەکان کە لە پووکەوە دەردێن بریتین لە چوار ددانەکەی سەرەتا، یاخوود ددانی "٦ ساڵی" و بۆیە وای پێدەگوترێت چونکە کاتێک دروست دەبن کە منداڵ تەمەنی ٦ ساڵە، هەروەها یەکەمین ئەو ددانە شیریانەی کە دەکەون بریتین لە ددانەکانی ناوەڕاست لە بەشی خوارەوە کە بڕەرەکانن، و ددانە بڕەرە ناوەڕاستینە هەمیشەیەکان لەهەمان ئەو کاتەدا دروست دەبن کە یەکەمین کاکیلەی هەمیشەیی لە دەوروبەری تەمەنی ٦ ساڵی دروست دەبێت.

بەگشتی خەڵک لە تەمەنی ١٤ ساڵی (پاش هەرزەکاری و نزیکی بیست ساڵی) هەموو ددانە شیرییەکانی لەدەست دەدات، هەروەها زۆرینەی خەڵک هەر چوار ددانە ژیرییەکەی تاکوو تەمەنی ٢١ ساڵی دروست دەبێت و کۆی گشتی ددانەکانی دەبێت بە ٣٢ ددان.

پاراستنی ددانەکان

خەڵکی دەتوانن ڕۆژانە دەم و ددانیان بە خاوێنی ڕابگرن بە جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە:

١- شۆرینی ددانەکان دووجار لە ڕۆژێکدا.
٢- هەویرێکی ددان بەکاربێنە کە ماددەی فلۆریدی تێدابێت.
٣- لە ڕۆژێکدا یەک جار دەزووی ددان پاککردنەوە بەکاربێنە.
٤- خۆلادان لە شەکری زیادە لە خواردن و خواردنەوەکان.
٥- سەردانی پزیشکی ددان بکە بە شێوەیەکی بەردەوام بۆ خاوێنکردنەوە و پشکنینی ددانەکەت کە دەتوانێت دڵنیات بکاتەوە لەوەی ددانەکانت لە تەندروستییەکی باشدا ماونەتەوە و ڕێگە بە چارەسەری خێرات بۆ دەکەن لە بوونی هەر کێشەیەک.


سەرچاوەکان



2431 بینین