جووڵانەوەی نەوەی نوێ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-13-15:53:00 - کۆدی بابەت: 6567
جووڵانەوەی نەوەی نوێ

ناوه‌ڕۆك

نەوەی نوێ

جووڵانەوەی نەوەی نوێ حیزبێکی سیاسی باشووری کوردستانە و لە ساڵی ٢٠١٨ دروستکراوە، دامەزرێنەری حیزبەکە شاسوار عەبدولواحید بازرگانی کورد و خاوەنی گرووپی میدیایی نالیا و شاری یاریی چاڤی لاندە، لە هەمان ساڵ و لە ٢٩/١/٢٠١٨ حیزبەکە لەگەڵ هەریەک لە تەڤگەری ئازادی و بەرەی دیموکراسی هاوپەیمانییەتیان پێکهێنا، لە پەرلەمانی عێراق توانی لە یەکەم هەڵبژاردنیدا چوار کورسی بەدەستبهێنێت، و لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان توانی ببێتە خاوەنی هەشت کورسی.

مێژووی حیزب

ئەم حیزبە لە ساڵی ٢٠١٨ و ساڵێک لەدوای هەڵمەتی داخوازی و هەڵبژاردنی سەربەخۆیی کوردستان دامەزرا، شاسوار عەبدولواحیدی دامەزرێنەری حیزب لە ساڵی ٢٠١٧ بە کەمپینی "نەخێر لە ئێستادا" دژی هەڵبژاردنی سەربەخۆیی کوردستان وەستایەوە و پێیوابوو بۆ ئەو کاتە هەڵەیە و زیان بە کورد دەگات، ساڵێک دواتر بە پەیامی دژایەتی گەندەڵی و ئازادکردنی جوڵانەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەوەی نوێی دامەزراند.

ساڵی ٢٠١٩ سەرۆکی حیزب دەستگیرکرا و بەپێی ماددەکانی ٢٢٩ و ٤٣٤ لە دادگا ئامادەبوو و سەرانی حیزبەکە دەڵێن کە ئەوە تەنیا بەهۆی چالاکی سیاسی ئەوانەوەیە دژی حکوومەت و دەسەڵاتی دوو حیزبی دەسەڵاتدار چونکە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە خاوەنی دەنگی دژەگەندەڵی بوون لە کوردستان بەڵام دەستگیرنەکراون تاوەکوو دامەزراندنی حیزبەکە، هەرچەند لە ساڵی ٢٠١٧ شاسوار بەهۆی پاڵپشتی خۆپیشاندانەوە دەستگیرکرا.

گلەیی و جیابوونەوە

لە ٢٠١٩/٤/٢٢ هەریەک لە ڕابوون مەعروف و سەرکەوت شەمسەدین لە فەیسبووک پەیامێکیان بڵاوکردەوە کە ڕەخنە بوو لە سەرکردایەتی حیزب و بڕیارەکانی و وتیان کە جوڵانەوەکە شێوازی بڕیاردانی گۆڕاوە و سەرکەوت شەمسەدین وتی: لە ماوەی 6 مانگی رابردوو وردە وردە هەموو ئەو بنەمایانەی کە نەوەی نوێی لەسەر دروستبوو، بەشێوەی تەدریجی لەبەر یەک هەڵوەشێندران.

ڕۆژێک دواتریش ئەنجوومەنی باڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ لیژنەی ئینزیباتی لەسەر دوو پەرلەمانتارەکە دروستدەکات و رایدەگەیێنێت، ئەگەر سەرکەوت شەمسەدین و رابوون مەعروف وەڵامی پرسیارەکان نەدەنەوە، ئەندامێتییان لێ وەردەگیرێتەوە و لە جوڵانەوەکە دووردەخرێنەوە.

لە هەمان کات شادی نەوزاد پەرلەمانتاری حیزبەکە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "ئێمە وەک ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا، پەرلەمانتارانی کوردستان و فراکسیۆنەکەشمان لە بەغدا لە بەیاننامەکەماندا ئاگاداری خەڵکمان کردەوە کە شاسوار و باندەکەی دەیانەوێ جوڵانەوەکە بەرەو بنەماڵەیی ببەن، بەڵام ئەو هەڕەشانەی لە ئەنجامی ئەوەدا لێمان کرا شۆکی کردین، ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات و لە شارەکانی دیکەوە هاتوونەتە سلێمانی بۆ بەشداری لە چالاکییەکانی نەوەی نوێ، ئەو کەسانە لە شوققەکانی گوندی ئەڵمانی و کابینەکانی چاڤیلاند ماونەتەوە، کامێرای شاراوە لەو شوققە و کابینانە بۆ ئەو کەسانە دانراوە و ئێستا هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تایبەتی ئەو کەسانە دەکرێت، چەند کاژێرێک پێش بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکەمان ڤیدیۆیەکی دەستکاریکراوە بە دەنگ و فۆتۆ نێردراوە بۆ من و پەرلەمانتارەکانی ترمان کە تێیدا نووسراوە (چاوەڕوانی بڵاوکردنەوەی فیلمی رووتی خۆشتبە). من دەپرسم ئایا ئەگەر باندێکی سیاسی یان باندێک بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ سەرکردە ژنەکانی خۆی بکات، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کچە تازەپێگەیشتووانە دەکات کە روودەکەنە ئۆفیسەکانی باندەکەی شاسوار عەبدولواحید، ئەوەی دەگوزەرێ باندگەراییە، ئەوان جوڵانەوەی نەوەێ نوێ نین، ئێمە نەوەی نوێین. دەبینە قەڵغانی هەموو ئەو کچ و ژنانەی رووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە"

لە ڕۆژی ٢٠١٩/٥/٢ـش ئارام سەعید یەکێک لە دامەزرێنەرانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و کاندیدی حیزبەکە بۆ پەرلەمانی کوردستان وازهێنانی لە جووڵانەوەکە راگەیاند و وتی بەهۆی سەرنجەكانم لەسەر ئەو ئاڕاستەیەی ئێستا نەوەی نوێ گرتویەتیەبەر ناتوانم بەشێك بم لەو جوڵانەوەیە.

لە حوزەیرانی هەمان ساڵ ڕابون مەعروف سەرۆکی فراکسیۆنی حیزب لە پەرلەمانی عێراق ناوی فراکسیۆنەکەی گۆڕی بۆ فراکسیۆنی ئاییندە و وتی: "دوای سەرهەڵدانی ململانێ و کێشە لەنێو حیزب و هەوڵدان بۆ بە کۆمپانیاکردنی جوڵانەوەکە، داوامان لە شاسوار عەبدولواحید کردووە دەست لەکاربکێشێتەوە، بەڵام قبووڵی نەکردووە بۆ ئێمەش پەیوەندی لەگەڵ دەپچڕێنین و ناوی فراکسیۆنەکەشمان کردووە بە ئاییندە".

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ـیش هەریەک لە دیاری ئەنوەر، مەم بورهان قانع و سیروان بابان، پەرلەمانتارانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان وازهێنانی خۆیان لە حیزبەکە ڕاگەیاند و جیابوونەوە وەک کاندیدی سەربەخۆ خۆیان ڕاگەیاند.


سەرچاوەکان



1234 بینین