زیندانی گوانتانامۆ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-14-00:37:00 - کۆدی بابەت: 6574
زیندانی گوانتانامۆ

ناوه‌ڕۆك

گوانتانامۆ

گرتووخانەی گوانتانامۆ (بە ئینگلیزی: Guantanamo Bay detention camp) زیندانێکی سەربازی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە دەکەوێتە دوورگەی گوانتانامۆ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی کوبا کە بە کرێ بە هێزی دەریایی سوپای ئەمریکا دراوە، زیندانیانی زیندانەکە بریتین لە کەسانی تیرۆرست کە مەترسین بۆ سەر جیهان، لەگەڵ ئەوەی هەندێکیان بە هەڵە دەستگیرکراون و تەنیا گومانیان لەسەرە بەڵام چەندین ساڵ بە بێتاوان هێڵراونەتەوە.

مێژوو

ساڵی ١٩٠٣ ئەم ناوچەیە بەدەست هێزەکانی ئەمریکاوە بووە و لەدوای شۆڕشی کوبا لە ١٩٥٠ حکوومەتی کوبا ویستی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی هەبوو، بەڵام ئەمریکا بە پێدانی بڕێک پارەی ساڵانە ناوچەکەی بە کرێ وەرگرت، دوای داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١ و دوای هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر، ئەو کەسانەی کە کاری تیرۆرستی و نیەتی تیرۆرستییان هەبوو گوازرانەوە و لەوێدا دەستگیرکران.

زانیاری گشتی

گرتووخانەکە هیچ مافێکی مرۆڤی تێدا نییە و یەکێکە لە قورسترین زیندانەکانی جیهان و لەلایەن ڕێکخراوی جیهانی مافی مرۆڤ ڕەتکراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو کەسانە دوژمنی سەربازی نین و وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، مافی دیلەکانیان نییە و بۆیان نییە لە زیندانەکانی ئەمریکا بن، هەروەها نەیاندەتوانی ببنە خاوەنی پارێزەر.

باراک ئۆمابا لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بڕیاری دا کە چارەنووسی گرتووخانەکە و زیندانییەکانی یەکلایی بکاتەوە، هەرچەند بڕیاری داخستنی دا بەڵام بە ڕای دژی کۆنگرێس ڕەتکرایەوە، بەڵام ژمارەی زیندانییان لە ٢٤٥ زیندانی کەمبوویەوە بۆ ٤١ کەس، و لە سەردەمی ترەمپیشدا یەک کەس ئازادکرا و گوازرایەوە و بەوەش ژمارەیان بووە ٣٩ کەس.

ئەشکەنجەکان

بەپێی دانپێدانانی یەکێک لە زیندانیان گرتووخانەکە لە ١٢ زیندان پێکهاتووە و چەندین تەمەنی جۆراوجۆری تێدابووە، هەریەکێک لەو زیندانانە سیاسەتی تایبەتی خۆی لەگەڵ زیندانیان هەیە، زیندانیان جلێکی پڕتەقاڵییان لەبەردایە و دەست و پێیەکانیان بە زنجیر بەستراون، سەرەتا بە بەستنی دەموچاو و بەستنەوەی دەست و پێیەکان سزا دەدرێن، هەروەها سزایەک هەیە کە ناهێڵن زیندانییەکە بخەوێت، لەکاتی بێخەوی زۆریشدا ناهێڵن دابنیشێت و بەردەوام ئاوی پێدادەکەن، ناهێڵن لەگەڵ ئەوانی دیکە قسەبکات و زۆربەی کات لە تاریکی دەیهێڵنەوە، لە شەودا هەڵیدەستێنن و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەن، ناهێڵن خۆی بشوات و ئاوی سوێری پێدەدەن، پەڕۆ بەسەر ڕووخساری دەدەن و ئاوی بەسەردا دەکەن تاوەکوو نزیک ببێتەوە لە خنکان بۆ ئەوەی قسەبکات، هەروەها ناهێڵن ڕۆژوو بگرێت و قورئان بخوێنێت و نوێژەکانی بکات، بە درێژایی ڕۆژ بەپێوە دەیهێڵنەوە و لە پشت دیوارەکانەوە دەنگی بۆ دروست دەکەن، یان لە پشتەوە قسەی سامناک دەکەن کە بیبیستێت، هەروەها هەندێکجار لە ژوورێکی سارددا دەیهڵێنەوە بۆ چەندین کاتژمێر، یەکێکی دیکە لە سزاکان ئەوەیە زیندانییەکە دەخەنە نێو ئاو و لەوێدا دەخوات و دەخەوێت و خۆی پیس دەکات و ڕۆژانەی بەسەر دەبات، هەمیشە جنێو و قسەی ناشرینی پێدەوترێت و سوکایەتی بە خۆی و پیرۆزییەکانی و مێینەکانی خزم و کەسی دەدرێت، دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر و هەڕەشەی کوشتنی خێزان و دەستدرێژی بۆ سەر دایک و خوشکی لێدەکرێت.  

جەنگاوەری دوژمن

لە سەردەمی جۆرج دەبلیوو بووش زیندانییانی زیندانەکە بە ناوی "جەنگاوەری دوژمن" زیندانی کران، لە دەستووری ئەمریکادا ئەو کەسەی کە وڵاتەکەی لە جەنگی دژی ئەمریکا نەبێت و چەک دژی ئەمریکا هەڵبگرێت پێی دەوترێت جەنگاوەری دوژمن و مافی نییە، لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەم دەستەواژەیە لەسەر زیندانییانی گوانتانامۆ لابرا.

ساڵی ٢٠١٣ دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنی خواردن لەلایەن زیندانییانەوە بڵاوکرایەوە کە ژمارەی زیندانیان گەیشتۆتە ١٦٦ کەس و کەمبووەتەوە.

هێڵی کاتیی زیندانەکە

  • ٢٠٠٢/١/١١ یەکەمین زیندانی دەگوازرێتەوە بۆ زیندانەکە.
  • ٢٠٠٢/٢/٧ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاردەدات ئەو کەسانەی کە زیندانی قاعیدە و جەنگاوەری دوژمنن مافیان نەبێت بەڵام وەک مرۆڤێک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
  • لە ٢٠٠٣/١٢/١٨ دادگای کالیفۆڕنیا بڕیاردەدات کە زیندانیان دەتوانن ببنە خاوەنی پارێزەر.
  • ٢٠٠٤/٦/٢٤ بڕیاردەدرێت کە زیندانیان دەتوانن سکاڵا بکەن لە دەستگیرکردنیان.
  • ٢٠٠٦/٦/١٠ مردنی سێ زیندانی لە زیندانەکە.
  • ٢٠٠٦/٦/١٢ جۆرج بووش بڕیار دەدات یاساکانی جنێڤ لە زیندانەکە بەکارببرێن.
  • ٢٠٠٧/٣/١٠ خالید شێخ محەمەد دان بە تاوانەکانیدا دەنێت.
  • ٢٠٠٨/١١/١٦ باراک ئۆباما بەڵێن دەدات زیندانی گوانتانامۆ دابخات گەر ببێتە سەرۆک کۆمار.


سەرچاوەکان



631 بینین