بەکارهێنانی کلێنسی تەڕ بۆ منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-22-01:08:00 - کۆدی بابەت: 6665
بەکارهێنانی کلێنسی تەڕ بۆ منداڵ

ناوه‌ڕۆك

کلێنسی تەڕ

کلێنسی تەڕ جۆرە کلێنسێکە کە شێدار و تەڕە و بۆنێکی خۆشی هەیە و بە ئاسانی پێست پاک دەکاتەوە، لە پێکهاتەی ئەم کلێنسانەدا ئەلکهول بوونی نییە، بەکارهێنەرانی ئەم جۆرە کلێنسە زۆرن و زۆرینەی خانمان بەکاری دەهێنن بۆ پاککردنەوەی منداڵ.
ئەم پاککەرەوەیە هەرگیز جێگای ئاو و سابوون ناگرێتەوە و نابێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەکاربهێنرێت تەنها دەبێت لە کاتی پێویستدا بەکاربێت.

پاککردنەوەی منداڵ بە کلێنسی تەڕ

وا باشترە کە دایک و باوک دوای ئەوەی منداڵەکەی میز یاخود پیسایی دەکات بە ئاوی شلەتێن بیشوات هەموو جارێک، نەک کلێنسی تەڕی بۆ بەکاربهێنێت، چونکە کلێنسە تەڕەکە زۆر جار پیساییەکە بە باشی پاک ناکاتەوە، ئەگەریش بتەوێت پاکی بکەیتەوە بە باشی دەبێت کلێنسی زۆر بەکاربهێنیت و هەروەها بە توندیش بیهێنیت بە پێستی منداڵەکەدا، کە ئەمەش زیانێکی زۆری دەبیێت بۆ پێستی منداڵەکە، بۆیە واباشترە کە تەنها لە کاتی پێویستیدا و گەشت کردن و بەپەلە بووندا کلێنسی تەڕ بەکاربهێنرێت بۆ منداڵ، ئەگەریش توانیت دوای ئەوە منداڵەکە بە ئاوی شلەتێن بشۆ.

چ جۆرە کلێنسێکی تەڕ بەکاربهێنرێت بۆ منداڵ؟

تاکوو بتوانن دایکان کلێنسی تەڕ بەکارنەهێنن بۆ منداڵەکەیان، ئەگەر هاتوو کلێنسی تەڕیان بەکارهێنا واباشترە کە ئەو کلێنسانە بەکارنەهێنن کە هەندێک ماددەی وەک (Paraben) و (SLS) و ماددەی سابوون لە پێکهاتەکەیاندا هەیە، چونکە ئەم ماددانە دەبنە هۆی زیادبوونی هەستیاری.
کلێنسێکی تەڕ بەکاربهێنن بۆ منداڵەکەتان کە ماددەی (Formulation) و هەروەها ڤیتامین E تێدا بێت، کە نەرمی دەبەخشێت بە پێستەکە و هەستیاری دروست ناکات، هەروەها واباشترە جۆرە کلێنسێک بێت کە سەرەکەی بە چەسپ دانەخرێت چونکە ئەمە دوای کردنەوەی و بەکارهێنانی هەوای تێ دەچێت و کلێنسەکانی دیکە خراپ دەبن.

زیانەکانی بەکارهێنانی کلێنسی تەڕ بۆ منداڵ

هەستیاری خۆراکی

دەرکەوتووە کە زۆر بەکارهێنانی کلێنسی تەڕ بۆ منداڵ مەترسی هەستیاری بە خۆراک لە منداڵەکەدا زیاد دەکات.

هەستیاری پێستی

ماددەکانی پێکهاتەی ئەم کلێنسە لەسەر ڕووی پێستی منداڵەکە دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی هەستیاری دروست بکات لە پێستەکەدا، ئەگزیمای پێستی منداڵ یەکێکە لە کێشە باوەکان کە بە هۆی بەکارهێنانی ئەم کلێنسەوە ڕوودەدات.

هەستیاری توند

توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە کە کۆمەڵێک ماددە لە پێکهاتەی کلێنسی تەڕدا هەیە کە زیان دەگەیەنێت بە پێستی منداڵەکە، وەک (Isothiazolinone) کە ماددەیەکە بە توندی هەستیاری دروست دەکات لەسەر پێست بە تایبەت لەسەر پێستی ئەندامەکانی زاوزێی منداڵی کچدا، هەروەها پاککردنەوەی سمت و ئەندامەکانی زاوزێ و دەمی منداڵ بە کلێنسی تەڕ منداڵەکە تووشی هەستیاری توند دەکەنەوە.

هەستیاری بە بۆن

کلێنسی تەڕ کۆمەڵێک ماددە لە پێکهاتەیدا هەیە وەک بۆن و ماددەی کیمیایی کە هەڵبەتە ئەم بۆنە خۆشەی کلێنسەکە لە خەڵوز و کۆمەڵێک پێکهاتەی ناو نەوت دروست دەکرێت کە زۆر بەکارهێنانی کێشەی هەناسەدان بۆ منداڵەکە دروست دەکات وەک ڕەبۆ، هەروەها زیان گەیاندن بە پێست و چاوی منداڵەکە.


سەرچاوەکان



3501 بینین