لیتوانیا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-22-13:40:00 - کۆدی بابەت: 6668
لیتوانیا

ناوه‌ڕۆك

لیتوانیا

وڵاتی لیتوانیا (بە ئینگلیزی: Lithuania) کە بە شێوەیەکی فەرمی پێی دەوترێت کۆماری لیتوانیا، وڵاتێکی هەڵکەوتەی ڕۆهەڵاتی کیشوەری ئەورووپایە، لەپاڵ وڵاتانی لاتیڤیا و ئیستۆنیادا سێیەم وڵاتی هەرێمی بەڵتیکە کە بەو وڵاتانە دەوترێت کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی دەریای بەڵتیکەوە، لە باکوورییەوە وڵاتی لاتیڤیا هەڵکەوتووە، وڵاتی بیلاڕووس لە ڕۆژهەڵات و باشوورییەوە سنووری هاوبەشی هەیە، پۆڵەندا دەکەوێتە باشوورییەوە و بەشێک لە خاکی ڕووسیاش کە ناوچەی کالینینگراد یاخود پێشی دەوترێت ستالینگراد دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە، ڕووبەری خاکەکەی ٦٥ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە و نزیکەی ٣ میلیۆن کەسی لێ دەژی، شاری ڤیلنیوس پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتەکەیە، شارە سەرەکییەکانی تری وڵات بریتین لە کاوناس و کلایپێدا، خەڵکی لیتوانیا یەکێکن لە گرووپە ڕەگەزییەکانی ناو گرووپەکانی بەڵتیک، بە لیتوانی قسە دەکەن کە یەکێکە لە زمانە زیندووەکانی ناو گرووپی زمانی بەڵتیک.

زانیاری گشتی

ناو کۆماری لیتوانیا
پایتەخت ڤیلنیوس
زمانی فەرمی لیتوانی
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ٪٨٦ لیتوانی
  • ٪٦ پۆڵەندی
  • ٪٥ ڕووسی
  • ٪١ ئۆکرانی
  • ٪١ بیلاڕووسی
  • ٪١ نەتەوەی تر
ئایین
  • ٪٩٣ مەسیحی
  • ٪٦ بێ ئایین
  • ٪ ئایینەکانی تر
دامەزراندن ١٠٠٩ زایینی
سەربەخۆیی ١٦/٢/١٩١٨
بوون بە خاکی سۆڤیەت ١٩٢٢
دەرچوون لەژێر دەسەڵاتی سۆڤیەت ١٩٩٠
ڕووبەر ٦٥ هەزار و ٣٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە
ژمارەی دانیشتووان ٢,٧٨٤,٢٧٩ کەس
چڕی دانیشتووان ٤٣ کەس/ کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ٥٦ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٢٢,٧٥٢ دۆلار
دراو یۆرۆ
کات UTC +2
کاتی هاوینە UTC +3
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٣٧٠

جوگرافیا

وڵاتی لیتوانیا وڵاتێکی هەڵکەوتەی ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەورووپایە و لەناو هەرێمی بەڵتیکدا هەڵکەوتووە، لەڕێی وشکانییەوە هاوسنوورە لەگەڵ ڕووسیا، لاتیڤیا، بیلاڕووس و پۆڵەندادا، لەڕێی دەریای بەڵتیکەوە سنووری هەیە لەگەڵ وڵاتانی ئەسکەندەناڤیادا لەوانە دانیمارک و سوید و فینلەندا، ڕووبەری خاکەکەی ٦٥ هەزار کیلۆمەتر دووجایە و نزیکەی ٣ میلیۆن کەسی لێ دەژی بەپێی داتای ساڵی ٢٠٢١، ئەم وڵاتە لەنێوان هێڵی درێژی ٢١ بۆ ٢٧ ی ڕۆژهەڵات و هێڵی پانی ٥٣ بۆ ٥٧ ی باکوور هەڵکەوتووە، ٩٩ کیلۆمەتر کەناری لمینی هەیە کە تەنها ٣٨ کیلۆمەتری لەسەر دەریای بەڵتیک هەڵکەوتووە و کەمترە لە درێژی کەنارەکانی هەردوو وڵاتەکەی تری بەڵتیک، ڕێژەکەی تری کەنارەکانی لەسەر نیمچەدوورگەی لمی کورۆنیانە.

سەرەکیترین و گەورەترین ڕووباری وڵاتەکە ڕووباری “نیموناس”ـە، ئەم وڵاتە دەکەوێتە ناو تەختاییەکانی باکووری ئەورووپاوە و بەرزترین خاڵی وڵاتەکە تەنها ٢٩٤ مەتر بەرزە کە گردی “ئەوکشتۆجاس”ـە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا، ژمارەیەکی زۆر دەریاچە و دارستانی تیا هەڵکەوتووە کە ڕووبەری ٪٣٣ ی خاکەکانی لیتوانیا دەگرێتەوە، “دورکشیای” گەورەترین دەریاچە و “تەوراگناس” قووڵترین دەریاچە و “ئەسڤێجا” درێژترین ڕووبارەکانی وڵاتەکەن.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی لیتوانیا وەک هەموو وڵاتانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەورووپا و گرووپی وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات کەشی دەریا و زەریا بەسەریدا زاڵە و شێی هەیە، ئاو و هەوا لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دەگۆڕێت، تێکڕای پلەی گەرمی لە کەنارەکانی وڵات لە مانگی ١ دا -٢.٥ پلەی سیلیزییە و لە مانگی ٧ دا ١٦ پلەیە، لە پایتەختی وڵات پلەی گەرمی مانگی یەک -٦ و لە مانگی حەوتدا ١٧ پلە دەبێت، ڕۆژانی هاوین پلەی گەرمی ٢٠ پلە و شەوانی ١٤ پلە دەبێت، لەم ساڵانەدا پلەکان گەشتوونەتە ٣٠ و ٣٥ پلە، لە وەرزی زستاندا بە شێوەیەکی گشتی پلەکان دەچنە -٢٠ پلەی سیلیزی و هەندێکجار زۆر سارد دەبێت و پلەکان دەچنە ٣٤ پلە ژێر سفر لە کەنارەکان و لە ڕۆژهەڵاتی وڵات و نزیک سنوورەکانی بیلاڕووس کەشوهەوای وڵاتی ڕووسیا و سیبیری بەسەریدا زاڵە و دەچنە ٤٣ پلە ژێر سفر، تێکڕای بارینی ساڵانەی بەفر و باران ٨٠٠ میلیمەتر دەبێت، بەفر لە هەموو زستانێکی وڵاتدا دەبارێت و لە مانگی تشرینی یەکەمەوە (مانگی ١٠) دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ مانگی نیسان (مانگی ٤) و لە هەندێک ساڵی زۆر سارددا مانگەکانی ٩ و ٥ یش دەگرێتەوە.


سەرچاوەکان



999 بینین