باشترین ڕەفتار لەگەڵ هاوسەرەکەت لە کۆمەڵدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-23-21:44:00 - کۆدی بابەت: 6688
باشترین ڕەفتار لەگەڵ هاوسەرەکەت لە کۆمەڵدا

ناوه‌ڕۆك

ڕێزگرتن

یەکێک لە ڕەفتارە جوانەکان بریتییە لە ڕێزگرتن لە نێوان هاوسەراندا، ئەگەر هاتوو هەر پەیوەندییەک ڕێزگرتنی تێدا نەبوو هەر زوو لەناو دەچێت و کۆتایی پێ دێت، بۆیه گرنگە کە ژن و مێرد چ بە تەنها و چ لەناو کۆمەڵ و خەڵکدا بێت ڕێزی یەکتری بگرن.


لەناو کۆمەڵدا پێویستە چۆن مامەڵە بکەیت لەگەڵ هاوسەرەکەتدا؟


وەک منداڵێک ڕەفتار مەکە لەگەڵ هاوسەرەکەتدا

ئەم حاڵەتە زیاتر لەناو خانماندا باوترە، پێویستە ئاگاداربیت کە تۆ لەگەڵ پیاوێکدا هاوسەرگیریت کردووە نەک منداڵێک تاکوو بە دڵی خۆت فەرمانی بەسەردا بکەیت و ڕاست و هەڵەی بۆ دیاری بکەیت.

هاوسەرەکەت فەرامۆش مەکە

زۆرێک لە هاوسەران کاتێک دەچنە ناو کۆمەڵێکەوە ئیتر ئەو کۆمەڵە چ هاوڕێ یاخود خێزانەکەی بێت، هاوسەرەکەیان لەبیر دەکەن و ئیتر هیچ سەرنجێکیان لەسەری نابێت، لەوانەیە ئەمە سادە بێت و گوێی پێ نەدەیت بەڵام گوێ نەدان بە هاوسەر لەناو کۆمەڵدا بێڕێزی کردنە بە هاوسەرەکەت، گرنگە لە هەر کۆمەڵێکدا بوویت ڕێزی هاوسەرەکەت بگریت و شانازی بکەیت بە بوونییەوە.


خیانەتی لێ مەکە

لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا کێشەکانی خۆتان لەناو کۆڕ و کۆمەڵدا باس مەکە، چونکە باس کردنی کێشەکان و هەڵەکانی ئەو جۆرێکە لە خیانەت کردن لێی.


لە کاتی پێشوازیکردن هاوسەرەکەتت لەبیر نەچێت


کاتێک لە کۆبوونەوەیەکی هاوڕێیانە یاخود خێزانیدا دانیشتوویت هاوسەرەکەت لەبیر مەکە و کاتێک میوە یاخود خواردنێک دەگێڕن ئەوت لەبیربێت و ئەگەر لەلای دانیشتوویت سەرەتا بۆ ئەوی هەڵگرە، یاخود ئەگەر لە ماڵەوە میوانتان هاتبوو هەرگیز کاتی پێشوازی کردن لە میوانەکان هاوسەرەکەشتت لەبیرنەچێت.


ڕەفتارت کۆمەڵایەتییانە بێت

زۆر کەس لەناو خەڵکیدا وەک ڕۆبۆتێک مامەڵە دەکەن لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا و نە قسە دەکەن و نە هیچ کارێک ئەنجام دەدەن، چۆن بۆ میوان قسەی خۆش دەکەیت و پێدەکەنیت و لێیان نزیک دەبیتەوە، بەهەمان شێوە دەبێت ئەم ڕەفتارانەشت هەبێت لەگەڵ هاوسەرەکەتدا.


لە ناو کۆمەڵدا گلەیی لە هاوسەرەکەت مەکە

زۆر جار لەوانەیە کۆبوونەوەی کەسانی زۆر نزیکت بێت، بۆیە بە ئاسوودەیی قسەی دڵت دەکەیت بەڵام دەبێت ئاگادار بیت و هەمیشە سنوورێک دابنێیت، گلەیی کردن و ئاشکراکردنی کەموکوڕییەکانی هاوسەرەکەت زۆر هەڵەیە، چونکە هیچ کەسێک بێ کەموکوڕی نییە.


قسە بە هاوسەرەکەت مەبڕە

هەندێک کات لەوانەیە بۆ گاڵتەکردن قسە بە هاوسەرەکەت ببڕیت و گاڵتەی پێ بکەیت کاتێک قسە دەکات، بەڵام ئەمە زۆر هەڵەیە ئەگەر بێت و لەناو کەسانێکی زۆر نزیکی خۆشتاندا بن.


ئاگاداری سنووری کەسایەتی به 

هاوسەران لە ماڵەوە زۆر قسەی نهێنییان هەیە پێکەوە کە هیچ پێوێست ناکات هیچ کەسێکی دیکە بیزانێت، باسکردنی قسە تایبەتییەکان و تێپەڕاندنی سنوور و باسکردنی زۆر تایبەتمەندی هاوسەرەکەت جوان نییە و سنووری ئەوت شکاندووە.
نابێت ئەو گاڵتانەی کە لە ماڵەوە لەگەڵ هاوسەرەکەتدا دەیکەیت لەوێشدا بیکەیت.


باس نەکردنی بابەتی جەستەیی

بە هیچ شێوەیەک لەناو کۆمەڵدا ئەگەریش هەموویان ڕەگەزی خۆت بوون، باسی ئەندامەکانی جەستەی هاوسەرت و پەیوەندی خۆشەویستی و سەرجێی کردنتان مەکەن.


هاوسەرەکەت بەراورد مەکە بە کەس


یەکێک لەو کارانەی کە هاوسەرەکەتی پێ دەشکێتەوە لەناو کۆمەڵدا بەراورد کردنییەتی بە کەسانی دیکە و گاڵتە کردن بە ڕووخسار و جەستە و چۆنیەتی کار کردنی لە ماڵەوە و بەراورد کردنی ئەمانە بە کەسێکی دیکە.


سەرچاوەکان



760 بینین