باشترین هەڵسوکەوت کاتێک سوکایەتیت پێدەکرێت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-24-22:00:00 - کۆدی بابەت: 6701
باشترین هەڵسوکەوت کاتێک سوکایەتیت پێدەکرێت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆمەڵگا پڕە لە مرۆڤی جیاواز کە هەر یەکە و پەروەردە و ڕەوشتێکی جیای هەیە، ڕۆژانە بە بەرکەوتن لەگەڵ ئەم کەسانەدا تووشی زۆر شتی خۆش و ناخۆش دەبینەوە، دەکرێت ڕۆژانە دووچاری سووکایەتی پێکردن ببینەوە لەلایەن چەند کەسێکەوە کە ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە و بە گشتی هەموو کەسێک ئەمەی بەسەردا دێت بەڵام گرنگە بزانیت چۆن ڕوبەڕووی ئەم حاڵەتە دەبیتەوە.


باشترین ڕوبەڕوبوونەوەت لەگەڵ سووکایەتی کردن

ئارامبە

کاتێک کەسێک سووکایەتیت پێ دەکات و سنوور دەبەزێنێت دەمە دەمەی لەگەڵدا مەکە و زۆری لەسەر مەڕۆ و خۆت کۆنتڕۆڵ بکە، ئەمە ئاسان نییە لەوکاتەدا بێدەنگ بیت بەڵام ئەنجامێکی باشی هەیە بۆیە لەوکاتەدا هەناسەی قووڵ هەڵمژە و ئەوپەڕی توانات بەکاربهێنە بۆ زاڵبوون بەسەر خۆتدا و توڕە مەبە.

خۆت لا مەدە

هەرگیز لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانەدا بە شێوازی توانج لێدان و خۆلادان و شاردنەوەی قسەی سەرەکیت قسە مەکە، بەڵکوو بە شێوەیەکی لەسەرخۆ و بە بێ پێچ و پەنا پێی بڵێ کە لەو قسەیەی بێزار بوویت و ئازاری داویت، ڕەنگە ئەو کەسە مەبەستی لەوە نەبووبێت و ئەگەریش مەبەستی بووبێت ئیتر دووبارەی ناکاتەوە.


لەبیری بکە

زۆر جار ناتوانیت کەسێکی بێ ڕەوشت ناچار بکەیت کە ڕێزی خۆی بگرێت و سوودی نابێت، بۆیە لەبیری بکە و گرنگی پێ مەدە.


هیچ وەڵامدانەوەیەکی هەستیارانە پیشان مادە

هەندێک کەس ئامانجیان تەنها ئەوەیە کە بێزار و توڕەت بکەن، بۆیە کاتێک شتێکت پێ دەڵێن خۆت تێک مەدە و هیچ جۆرە وەڵامدانەوەیەکی جیاوازت نەبێت و زاڵ بە بەسەر خۆتدا و هەرگیز توڕە مەبە چونکە ئەو توڕەبوونی تۆی دەوێت.


ڕووت وەرگێڕە لێی

کاتێک سووکایەتی دەکات ڕووی لێ وەرگێڕە و سەیری چاوی مەکە هەرگیز، و سەیری زەوی مەکە و سەری خۆت شۆڕ مەکە بەڵکوو سەرت بەرز ڕابگرە و بەمەش کەسێک دەردەکەویت کە زۆر متمانەی بە خۆیەتی.


بە گاڵتە کردنەوە قسەکەت بکە

کاتێک دەتەوێت وەڵامی بدەیتەوە بە گاڵتە کردن و نوکتە وتنەوە وەڵامی بدەرەوە، بەڵام نابێت گاڵتەکانت وشەی ناشرینی تێدا بێت و تۆش هەمان ڕەفتاری ئەو دووبارە بکەیتەوە، تەنها ئەوەی بۆ بسەلمێنە کە ئەم بابەتە لەلای تۆ ئەوەندە گرنگ نییە.


دوورکەوە لە ڕەفتاری ناشرین و هەڵەشانە

هەرگیز ئاستی خۆت مەهێنە خوارەوە بۆ کەس بەرامبەرت کاتێک سووکایەتیت پێ دەکات، تۆش قسەی پێ مەڵێ و هەڵەشە مەبە و دوورکەوە لە بەکارهێنانی وشەی ناشیرین، بەڵکوو بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە زەردەخەنە بکە و بە جوانی قسەی لەگەڵدا بکە.

لێی بپرسە کە هۆکاری ئەم کارەی چییە

زۆر جار هەندێک لەو کەسانەی بەردەوام کە سووکایەتی دەکەن و قسە بە خەڵک دەڵێن پێویستیان بە گوێیەکە کە قسەکانی دڵیان ببیستێت و دەردە دڵ بکەن، دەتوانیت پێی بڵێیت کە هۆکاری ئەم سووکایەتی پێکردنە چییە؟ ئایا کێشەیەکت هەیە؟ هەوڵبدە بە شێوازێکی دڵسۆزانە و هاوڕێیانە ئەمانەی پێ بڵێیت.


بە ڕەوشتێکی جوانەوە ڕای خۆت بڵێ

دوای ئەوەی کە پرسیارت لێ کرد و گوێت بۆ گرت، هەوڵبدە بە شێوازێکی زۆر جوان قسەی لەگەڵدا بکەیت و یارمەتی بدەیت.
دوورکەوە لە بەکارهێنانی وشەی "تۆ" کاتێک قسەی لەگەڵدا دەکەیت و هەر ئەو بە هۆکار مەزانە بەڵکوو بڵێ ئەوەی کە تۆ ئەم ڕەفتارانە دەنوێنیت هۆکاری دیکەیشی هەیە و تەنها هۆکارەکە تۆ نیت.
وە هەوڵ بدە کە بە تەنها قسەی لەگەڵدا بکەیت و لەناو کۆمەڵدا نەبێت.


لێی دوورکەوەرەوە

ئەگەر هاتوو دوای ئەو هەموو ڕێگایە ئەو کەسە یارمەتیشی نەویست و بەردەوام بوو لە ڕەفتارەکانی هەرگیز وەک ئەو ڕەفتار مەکە و خۆت مەخە ئاستی ئەو بەڵکوو لێی دوورکەوەرەوە بۆ هەمیشە.


لەبیری تۆڵە کردنەوەدا مەبە

هەرگیز بیر لەوە نەکەیتەوە کە تۆڵەی لێ بکەیتەوە و هەمان ڕەفتارت هەبێت، چونکە لەگەڵ ئەودا جیاوازیت نابێت، هەروەها بە خراپی بیر لەهەموو قسەیەکی بەرامبەرەکەت مەکەرەوە، دەکرێت ئەو کەسە لەوکاتەدا مەبەستی ئەوە نەبووبێت.


سەرچاوەکان



1124 بینین