بەهارات

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-25-01:16:00 - کۆدی بابەت: 6704
بەهارات

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی بەهارات

بەهارات بریتییە لە تۆو، میوە، ڕەگ، توێکڵ، یان بەشی دیکەی رووەک جگە لە گەڵاکەی بە شێوەیەکی بنچینەیی بەکاردێت بۆ پێدانی تام و بۆن و ڕەنگ بە خواردن، بەهارات جیاوازە لە دەرمانی گیایی کە لە گەڵا، گوڵ، یان لقی ڕووەکەوە بەرهەم دەهێنرێت و بەکاردێت بۆ تام خۆشکردن یان بۆ مەبەستی ڕازاندنەوە، بەهارات جگە خواردن هەندێک جار وەک دەرمان یان لە ڕێوڕەسمە ئایینەکاندا بەکاردێت، یان لە دروستکردنی بابەتی جوانکاری خانمان و بۆندا بەکاردێت.

مێژووی بەهارات

تەکنیکی دروستکردنی بەهارات بە شێوەیەکی ڕەسەن نزیکی ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین بە دروستکردنی دارچینی و بیبەری ڕەش لە هیندستانەوە و دروستکردنی بەهاراتی بیبەر لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا سەری هەڵداوە، میسرییە کۆنەکان دەرمانی گیاییان بەکارهێناوە بۆ مۆمیاکردنی مردووەکانیان، داخوازی زۆری ئەوان بۆ بەهارات و دەرمانی گیایی یارمەتیدەربوو بۆ گەشەکردنی بازرگانی جیهانی لەو بوارەدا، نزیکی ١٠٠٠ ساڵی پێش زایین سیستمی چارەسەر بە بنچینەی دەرمانی گیایی لە کۆریا و چین و هیندستان دەستی پێکرد، لە کۆندا بەکارهێنانی بەهارات پەیوەست بوو بە مەبەستی جادوو و چارەسەر و ئایینی و نەتەوەیی.

تایبەتمەندی تام لە بەهاراتدا

بەبێ بەهارات زۆربەی زۆری خواردنەکان بێتام و ناخۆش دەبن، بەهارات بۆن و تام و ڕەنگ دەدات بە خواردن و هەندێک جار وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی خواردن وایە، هەر جۆرێکی بەهارات پێکهاتەیەکی کیمیایی تایبەت بەخۆی هەیە کە ئەم تایبەتمەندییە کوالیتی بەهاراتەکە بۆ ئەو هەستەوەرانەی کە بەلای مرۆڤەوە گرنگن دیاری دەکات، بۆنی جیاوازی بەهارات زۆرجار هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی تامەکەی، تام بە شێوەیەکی سەرەکی چوار جۆری هەیە کە زمانی مرۆڤ دەیچێژێت، تاڵ و سوێر و ترش و شیرین و توون، تام کاردانەوەی زمانە کاتێک خواردن بەر هەستەوەرەکانی سەر زمان دەکەوێت و تێکەڵ بە بۆنەکەی دەبێت.

ئایا بەهارات بەسەردەچێت؟

لە کاتێکدا کە بەهارات بە شێوەیەکی کیمیایی خراپ نابێت و بۆگەن نابێت، بەڵام بە پێی تێپەڕبوونی کات تامەکەی لە دەست دەدات، بەهارات بە شێوەیەکی گشتی بە وردکراوی دەکرێتە خواردنەوە بۆ پێدانی تام و بۆنێکی خوازراو بە خواردن، باشترە کە لە کاتی گونجاودا بەکاربێت پێش ئەوەی تام و بۆنەکەی لەدەست بدات، ئەگەر گونجاوبێت بۆ کەسی بەکارهێنەر کە خۆی بەهارات دروست بکات و بیهاڕێت ئەوا بەهاراتێکی بە چێژتر و خۆشتری دەست دەکەوێت، کاتی بەسەرچوون واتە لەدەست دانی تام و بۆنی بەهارات بە شێوەیەکی گشتی سێ ساڵە، ئەو بەهاراتانەشی کە بە تەواوی وشککراوەن بۆ ماوەی چوار ساڵ تامەکەیان لەدەست نادەن.

شێوازی گونجاو بۆ هەڵگرتنی بەهارات

بەهارات بە شێوازی جیاواز بەردەستە (وشکنەکراو یان تەواو وشککراو یان وردکراو)، بە شێوەیەکی گشتی بەهاراتەکان وشک دەکرێنەوە، بۆ ئاسانکاریش زۆربەی بەهاراتەکان دەهاڕدرێن بۆ تۆز، ئەو بەهاراتانەی کە بە تەواوی وشک دەکرێنەوە زیاتر دەمێننەوە و درەنگتر تام و بۆن لەدەست دەدەن، هەروەها شوێنی کەم دەگرن بۆ هەڵگرتن و گواستنەوە، بەرهاراتی وشکنەکراوی وەک زەنجەفیل تامی زیاترە لە جۆرە وشککراوەکەی، بەڵام ئەو بەهاراتانەی وشک ناکرێنەوە نرخیان گرانترە و زووترە تامەکەیان لەدەست دەدەن، هەندێک جۆری بەهاراتی وەک زەردەچەوەش هەرگیز بە شێوەی وشک یان تەڕ بەردەست نین بەڵکوو تەنها بە شێوەی تۆز بەردەستن، هەندێک جۆری دیکەش وەک تۆوی شویت بە شێوەی وشککراو و تۆزیش بەردەستن.


سەرچاوەکان



1393 بینین