زنجیرە خواردنگەکانی KFC

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-26-22:36:00 - کۆدی بابەت: 6722
زنجیرە خواردنگەکانی KFC

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زنجیرە خواردنگەکانی مریشکی کینتاکی یان کەی ئێف سی KFC کورتکراوەی (Kentucky Fried Chicken) واتا مریشکی کینتاکی برژاو، ئەم خواردنگەیە تایبەتە بە خواردنی خێرا و تایبەت ترە بە مریشکی برژاو، لقی سەرەکی لە شاری لویفێڵە لە ویلایەتی کینتاکی وڵاتی ئەمریکایە، و بە دووەم گەورەترین زنجیرە خواردنگەکانی جیهان دادەنرێت لە پاش زنجیرە خواردنگەکانی ماکدۆناڵدز لە ڕووی پڕ فرۆشی و داهاتەوە، ئەم خواردنگەیە نزیکەی بیست هەزار لقی هەیە کە دابەشبوونەتە سەر 123 وڵاتی جیهاندا و ڕۆژانە لقەکانی نزیکەی 12 ملیۆن سەردانیکەری هەیە.

خواردنەکانی KFC

لە زنجیرە خواردنگەکانی KFC بە شێوەیەکی سەرەکی مریشکی برژاو پێشکەش دەکرێت و گرنگی زۆری پێ دەدرێت، ئەم خواردنە تایبەتە پێکهاتووە لە بەشەکانی مریشك و لە تێکەڵەی داودەرمانی تایبەت کە دەکرێتە سەر مریشکەکە و پاشان دەبرژێت و سووردەکرێتەوە تاکوو ڕەنگێکی ئاڵتوونی وەردەگرێت، لەگەڵ ئەوەی کرسپییە و تامێکی جیاوازی هەیە، جگە لە مریشکی برژاو چەند جۆرە خواردنێکی تریش پێشکەش دەکرێت وەکوو هەمبەرگەر و زەڵاتە و شیرینی و چەند جۆرە خواردنێکی تریش، بە گشتی جۆری ئەو خۆراکانەی کە پێشکەش دەکرێت تا ڕادەیەك پشت دەبەستێت بە ناوچەی جوگرافی شوێنەکە، بۆ نموونە لە دەرەوەی ئەمەریکای باکوور خواردنی پێشکەشکراو پشت دەبەستن بە گۆشتی گا نموونەی: هەمبەرگر و کەباب، لە هەندێك ناوچەی وڵاتی ئەمەریکا و  وڵاتی چین خواردنەکان پشت دەبەستن بە گۆشتی بەراز وەکوو پەراسوو و خۆراکە ناوچەیی و باوەکانی ئەو وڵاتانە.

مێژووی دروستبوونی KFC

کۆلۆنێل هارلاند (الكولونيل هارلاند ساندرز) یەکەمین لقی ئەم خواردنگەیەی لە ساڵی 1952 کردەوە، بەڵام بیرۆکەکەی لە ساڵی 1930وە هەبووە، دامەزرێنەری ئەم زنجیرە خواردنگەیە ناوی هارلاند ساندرز بووە لە ساڵی 1890 لە کێڵگەیەکی نزیك ویلایەتی کینتاکی وڵاتی ئەمەریکا لەدایکبووە، لە تەمەنی پێنج ساڵی باوکی کۆچی دوایی کردووە، لە منداڵییەوە پشتی بەخۆی بەستووە ئارەزووی لە خواردن درووستکردن هەبووە، لە سەرەتای لاویدا چەندان کاری جیاوازی تاقیکردووەتەوە و ژیانێکی زۆر قورس و دژواری هەبووە، سەربازی کردووە و خوێندنی یاسای تەواو کردووە، لە دوای دەربەدەری و دژوارییەکی زۆر لە ساڵی 1930 خواردنگەیەکی بچووکی دانا لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە ویلایەتی کینتاکی بۆ فرۆشتنی مریشکی برژاو بە گەشتیاران، و هەمیشە ئەم وتەیەی بە خۆی وتووە (هەر دەبێت سەرکەوتوو بیت)، بۆیە پلە بە پلە خواردنگەکەی فراونتر کرد.

پاشان تێکەڵەیەكی داودەرمانی نهێنی تایبەت بە خۆی دانا کە بەکاری دەهێنا لە کاتی درووستکردنی مریشکەکانی تاکوو ئێستا ئەو تێکەڵە نهێنییە بەکاردەهێنرێت کە پێکدێت لە 11 جۆر بەهارات و داودەرمانی سرووشتی و تایبەت کە ساندرز خۆی هەندێکیانی درووست کردووە، لە ساڵی 1952 کاتێك هارلاند تەمەنی 62 ساڵ بوو یەکەم لقی سەرەکی فەرمی KFC كردەوە، تاکوو ساڵی 1960 ژمارەی زنجیرە خواردنگەکانی KFC  لە ئەمەریکا و کەنەدا گەیشتە 600 لق، هارلاند لە ساڵی 1980 لە تەمەنی 90 ساڵی بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن کۆچی دوایی کرد، تاکوو ئێستا ئەو تێکەڵە نهێنییە هەر ماوە و لە بنکەی سەرەکی خواردنگەکەیە لە شاری لوێس لە ویلایەتی کینتاکی پارێزراوە.

لقەکانی زنجیرە خواردنگەکانی KFC لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا 

یەکەمین لقی ئەم خواردنگەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 1973 لە وڵاتی کوەیت کرایەوە، پاشان دوابەدوای ئەوە لە وڵاتی سعودیە لقێکی تر کرایەوە، لە ساڵانی دواتر لقەکانی ئەم زنجیرە خواردنگەیە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرایەوە نموونەی وڵاتی ئیماڕات و میسڕ و قەتەڕ و بەحرەین و عوممان و ئوردن و لوبنان و یەمەن و مەغریب و عێڕاق، کۆتا دوو وڵاتیش وڵاتی تونس بوو، کە لە ساڵی 2017 یەکەم لق لەو وڵاتە کرایەوە، پاشان لە ساڵی 2019 لە وڵاتی لیبیا یەکەمین لقی ئەم خواردنگەیە کرایەوە. 

ڕەخنە و تێڕوانین

بە هۆی ئەوەی زۆرینەی بەرهەمەکانی ئەم خواردنگەیە ئاژەڵین و تا ڕادەیەکی زۆر ناتەندرووستە چونکە لە درووستکردنی بەرهەمەکانی بڕێکی زۆر لە ڕۆن و چەوری بەکاردەهێنرێت، هەمیشە پسپۆڕانی تەندروستی بە یەکێك لە سەرەکیترین هۆکارەکانی قەڵەوی و نەخۆشییەکان دایدەنێن.


سەرچاوەکان



2065 بینین