شێرپەنجەی سییەکان

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-09-29-11:52:00 - کۆدی بابەت: 6751
شێرپەنجەی سییەکان

ناوه‌ڕۆك

هەڵسەنگاندنی گشتی

شێرپەنجەی سییەکان ئەو جۆرەی شێرپەنجەیە کە لە سییەکانەوە دەست پێدەکات و دەگوێزرێتەوە بەناو بەشەکانی لەشدا، لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا گەر هۆکاری مردن شێرپەنجە بێت ئەوا بەهۆی شێرپەنجەی سییەکانەوەیە، شایەنی باسە ڕێگالێگیراوترین جۆری شێرپەنجەشە بە دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و دوورکەوتنەوە لە کەسانی جگەرەکێش (جگەرەکێشانی ناڕاستەخۆ)، نەخۆشیەکە زۆرینەی جار لە دیوارە ئیسفەنجی و ڕەنگ پەمەییەکەی ڕێڕەوی هەوای سییەکانەوە دەست پێدەکات کە بە بۆری هەوا ناودەبرێن یاخود لە سیکڵدانۆچەکەکانی هەواوە دەست پێدەکات.

جۆرەکانی شێرپەنجەی سی

شێرپەنجەی خانە گەورەکان لە سییەکاندا

- حاڵەتی Adenocarcinoma  باوترین جۆری شێرپەنجەی خانە گەورەکانی سییە، ٤٠٪ـی بارەکانی شێرپەنجەکە پێکدێنێت، بەشێوەیەکی سەرەکی لە کەسانی جگەرەکێشدا بوونی هەیە و جۆری یەکەمی شێرپەنجەشە لەوانەی کە جگەرەکێشی ناڕاستەخۆن، لە ئافرەتان دا باوترە وەک لە پیاوان هەروەها گەنجان زیاتر تووشدەبن بەبەراورد لە تەمەنەکانی دیکە، شێرپەنجەکە دەتوانێت بۆ ئەندامی وەکو ئێسک و لیمفەگرێ و تەنانەت جگەریش بگوێزرێتەوە.

- حاڵەتی Squamous cell carcinoma لە بۆری هەواوە دەستپێدەکات کە بە بۆری هەوای ناوەند ناودەبرێت، ئەم حاڵەتە ڕێژەی ٣٠٪ـی شێرپەنجەی سییەکان پێکدەھێنێت و لە پیاواندا باوترە و بەشێوەیەکی گشتی لە جگەرەکێشەکاندا هەیە، شێرپەنجەکە دەشێت بۆشایی لە نێو لوو (گرێ) کاندا دروست بکات، زۆرجار ڕێڕەوە گەورەکانی هەوا دەگرێتەوە لە سییەکان دا و دەبێتە هۆی دەرچوونی خوێن لە کاتی کۆکەدا، هاوشێوەی حاڵەتی پێشوو ئەمەش دەتوانێت بۆ ئێسک و لیمفەگرێ و جگەر بگوازرێتەوە و تەشەنە بکات.

شێرپەنجەی خانە زەبەلاحەکان لە سییەکاندا

کۆمەڵە نەخۆشییەکی شێرپەنجەیین لە خانەی زۆر گەورەی سییەکاندا، کە لە لێواری دەرەوەی خانەکانی سییەوە دەستپێدەکەن، جۆرەکە دەگمەنە و لە ١٠-١٥٪ـی شێرپەنجەی سییەکان پێکدەهێنێت و زووتر گەشەدەکات و ئاسانتر دەچێتە لیمفەگرێ و بەشە دوورەکانی ناو لەش بەبەراورد بە شوێنی گرێکە.

شێرپەنجەی خانە بچووکەکان لە سییەکاندا

چالاکترین جۆری نەخۆشییەکەیە و لە بۆری هەوای بنچینەییەوە دەستپێدەکات و ئەوانەی تووشی ئەم جۆرە دەبن جگەرەکێشن، زۆر خێرا بڵاودەبێتەوە و دەشێت بڵاوبوونەوەکەی پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی بێت، زۆرینەی جار تەشەنەدەسێنێت بۆ جگەر و ئێسک و تەنانەت مێشکیش، ڕێژەی ١٠-١٥٪ـی شێرپەنجەی سیی پێکدێنێت.

هۆکارەکانی تووشبوون

- جگەرەکێشان سەرەکیترین هۆکاری تووشبوونە و ٨٥٪ـی حاڵەتەکان بەهۆی کێشانی جگەرەوەیە، وازهێنان لێی مەترسی تووشبوونەکە کەم دەکاتەوە.
- تێکچوونی بۆماوەیی.
- دووکەڵی تووتن یەکێکە لە هۆکارەکان و ئەوانەی لەگەڵ کەسانی جگەرەکێشدا دەژین مەترسی تووشبوونیان بەڕێژەی ٢٠-٣٠٪ـی زیاترە بەبەراورد بەو کەسانەی کە کەسی جگەرەکێش لەگەڵیان ناژی.
- تیشک.
- بەرکەوتن بە هەندێ ماددەی کیمیایی وەک ئەزبێستۆس کە ماددەیەکی کوشندەیە، یۆرانیۆم و گازی ڕادۆنی تیشکدەر.
- نەخۆشی کە زیان بە بەشێکی سییەکان دەگەیەنێت و دەبێتە ھۆی میکڕۆبەهەوکردن و مەترسی درووستبوونی گرێ زیاد دەکات.
- دەشێت ژەمی خۆراکیش کاریگەری هەبێت بەڵام تاکو ئێستا ڕوون نییە.

نیشانەکان

لە قۆناغەکانی سەرەتای شێرپەنجەکە هیچ نیشانەیەک دەرناکەوێت، بەڵام لە حاڵەتی مەترسیداردا دەشێت ئەمانەی دێن لە نیشانەکانی بن:

• هەناسەکورتی.
• کۆکەی بەردەوام.
• خیزەخیزی سنگ.
• کۆکەی خوێناوی.
• ئازاری سنگ.
• تا.
• کەمبوونەوەی کێشی لەش لەگەڵ نەمانی ئارەزووی خواردن.
• گۆڕانی دەنگ.
• بێهێزی و ئازاری شان و قۆڵ.
• کێشەی قووتدان.
• ئازارێکی نائاسایی لە ئێسکدا.

ئایا بەهۆی چییەوە نەخۆشیەکە لە قۆناغی سەرەتا دیاری دەکرێت؟

جۆرێکی تایبەتی CT-SCAN کە بە لوولەیی ناودەبرێت ڕێگاخۆشکەرە بۆ دیاریکردنی نەخۆشیەکە لە قۆناغەکانی زووی گەشەکردنیدا.

چارەسەر

چارەسەرەکە پشت دەبەستێت بە جۆری شێرپەنجەی سییەکە و قۆناغی نەخۆشییەکە، ئەگەر هاتوو تەشەنەی نەسەندبێت بۆ ئەندامەکانی دیکەی لەش ئەوا نەشتەرگەری ئەنجامدەدرێت بۆ دەرهێنانی گرێکان، بەڵام ئەگەر تەشەنەی سەندبوو بۆ ئەندامە گرنگەکانی لەش ئەوا تیشک و دەرمانی کیمایی و ئازارشکێنەکان بژاردەی لەپێشینەن بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە.


سەرچاوەکان



6033 بینین