ئاسک

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-30-13:47:00 - کۆدی بابەت: 6755
ئاسک

ناوه‌ڕۆك

ئاسکەکان

ئاسک یاخود مامز (بە ئینگلیزی: deer)، ئاژەڵی شیردەری سمدارن، ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی هەیە و لە ژێر ناوی خێزانی جیاوازدا دانراون، لە زۆرینەی نشینگە جیاوازەکاندا دەژین وەک ناوچەکانی هێڵی کەمەرەیی و دارستانە باراناوییەکان و ساڤانا و ڕێڕەوە ئاوییە بە بیابان دەورەدراوەکان و زۆر جێگەی دیکەش، بەڵام زۆرینەیان لە دارستانە مامناوەندەکان و لەوەڕگا فراوانەکاندا دەژین، تایبەتمەندی ناوازەی ئاسکەکان هەبوونی شاخەکانیانە لە نێرینە و مێینەکانیش، تەنها یەک جۆر ئاسک شاخی نییە، ئەویش مێینەی ئاسکە ئاوییەکانی چینە، لە کاتێکدا مێینەی هەندێک لە جۆرەکانی دیکە گەشەی شاخەکانیان بە درێژایی تەمەنیان بەردەوام دەبێت، مرۆڤەکان زۆر لە مێژوویەکی دێرینەوە بە ئاسکەکان ئاشنابوون، کە تابلۆ و وێنەی کێشراویان لە ئەشکەوتەکاندا دۆزیوەتەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی کۆن، هەروەها ئاسک ڕۆڵی هەبووە لە ئەفسانە و ئاین و ئەدەب و دروشمەکانی بەهێزیدا، هەتا ئێستاش گرنگی و ڕۆڵی لە چەندنین بواردا ماوەتەوە.

سودەکانی ئاسک

سەرەڕای ئەوەی ڕاوکردنی قورسە و دواتریش فرۆشتنی بە نرخێکی بەرز دەبێت، بەڵام مرۆڤەکان بە بەردەوامی خواستی زۆریان بۆ ئاسکەکان هەیە، گۆشتەکەی بەتامە و بۆ خواردن دەشێت، فەرووەکەی نەرمە و بەهێزە و توندە بۆ دروستکردنی جلوبەرگ سودی لێدەبینرێت، هەروەها شاخەکانیشی بۆ دروستکردنی پیشەسازی چەقۆ و ئامێرەکانی هاوشێوەی بەکاردێت، بۆیە لە ڕابردوودا و هەتا ئێستاش ڕاوکردنی ئاسکەکان بازرگانییەکەی سودبەخش بووە و مرۆڤەکان بەردەوامن لە بەدەستهێنانی ئابوورییەکی باش لە ئاسکەکانەوە.

شێوەی دەرەوەی

قەبارەیان بە گوێرەی جۆرەکان و ڕەگەز و تەمەنیان دەگۆڕێت، بچووکترین جۆری لەکاتی پێگەیشتندا کێشەکەی دەگاتە ٩ کگم و بەرزییەکەشی دەگاتە ٣٦ سم، لە کاتێکدا گەورەترین جۆری بەرزییەکەی دەگاتە ٢م و کێشی نزیک دەبێتەوە لە تەنێک، ئاسکەکان ٤ پەلیان هەیە کە جەستەیانی لەسە ڕاگیر بووە، و لە دواوەی کلکێکی بچووک و کورتی هەیە، لە کۆتایی پەلەکانیدا سمی هەیە کە دابەشبوو بۆ دووبەش، ئەمەش هاوکاری دەکات لە ڕاکردنی خێرا و بازدانی بەرز و ڕاگیربوونی لە ناوچە سەختەکاندا، لە بەشی سەرەوەی سەریاندا ئاسکەکان دوو شاخی بەرز و پتە و بەهێزیان هەیە، شێوازی جیاوازیان هەیە و لە هەمان کاتدا سیمایەکی جوان دەبەخشێت بە ئاسکەکان، ئەم شاخانە پێکهاتەیەکی هاوشێوەی ئێسکی مرۆڤەکانە و دەمار و لوولە خوێنەکانیشی تێدایە، لە ئەگەری گیربوونی لە درەخت و گیرسانەوەی لە نێوان بەردەکاندا ئەوا شاخەکان دەشکێن و ئازاری پێدەگات، بەڵام دواتر بە تێپەڕبوونی کات زۆرینەیان ساڕێژ دەبنەوە.

خۆراک

ئاسکەکان بەشێوەیەکی گشتی ئاژەڵی ڕووەکخۆرن، و خواردنی پەسەندیان بریتییە لە گەڵاکان، ئەمەش بە هۆی قەبارەی بچووکی گەدەی کە توانای هەرسکردنی بڕی زۆری خۆراک و گۆشتی نییە، دەتوانن هەریەک لە خونچە و گەڵا نوێیەکانی درەختەکان و چڵە نەرمەکان و قارچک و میوەکانیش بخۆن، هەروەها لەبەر شێوازی پێکهاتە و نوێبوونەوەی جەستەیان پێویستە ئاسکەکان خۆراکی دەوڵەمەند بە کانزاکان بخۆن.

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی یەکگرتن بە گشتی لە کۆتایی هاوینەوە دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت هەتا کۆتایی ساڵەکە، دوای یەکگرتنی نێرینە و مێینەکان، بە دوایدا ماوەی سکپڕییەکە ١٠ مانگ دەخایەنێت و لە هەر جارێک بێچوویەک یان دووانی دەبێت، لە سەرەتادا بێچووەکان خاڵی سپییان لەسەرە بەڵام دواتر لەگەڵ پەرەسەندن و گەورەبوونیاندا خاڵەکان نامێنن، سەرەتای لەدایکبوون دایکەکە بێچووەکەی پاکدەکاتەوە بە زمانی و دەیلێسێتەوە، دواتر بە هێواشی پاڵیپێوە دەنێت بۆ ئەوەی بێچووەکە بتوانێت هەستێت و بجووڵێت، لە  هەفتەی سەرەتادا بێچووەکە بە بەردەوامی لە گژوگیادا شاراوەتەوە، دواتر توانای ڕۆشتنی هەیە لەگەڵ دایکەکەدا، دوای ئەوەی تەمەنی دەگاتە ساڵێک قۆناغی پشتبەخۆبەستن دەستپێدەکات و بێچووەکە لە دایکی دوور دەکەوێتەوە، بەڵام لە کۆمەڵەی بچووکدا دەژین و لەکاتی یەکگرتن و هەبوونی مەترسیدا پێکەوە دەبینرێن.

ئاسکی ئێرلەندی

ئاسکە ئێرلەندییەکان بە یەکێک لە گەورەترین ئاسکەکان دادەنرێت کە لەسەر زەوی لە لەوەڕگاکانی ئۆراسیا لە ئێرلەندادا ژیاون، بەجۆرێک بوون کە بەرزییەکانیان دەگەشتە ٨ پێ و کێشیان لە نێوان ٥٠٠-١٥٠٠ پاوەنددا بووە، شاخەکانی زۆر گەورە و لەهەمان کاتدا نەخشداربوون، بە جۆرێک گەورەبوون کە مەودای نێوانیان ١٢ پێ بووە، ئەم ئاسکە توانای هاوسەنگی ڕاگرتنی جەستەی هەبووە لە کاتی ڕاکردن و جووڵەکانی دیکەیدا، تەنانەت لە چاخی بەستەڵەکیشدا ئاسکە ئێرلەندییەکان ژیاون دواتر لە سەردەمی نوێوە لەناوچوونیان دەستی پێکرد، هۆکارەکەش ڕاوکردنی بێ مۆڵەت و نەمانی سەرچاوەی خۆراکیان بووە، بۆیە کتوپڕ ئەم جۆرانە لەناوچوون، لە ئێستادا ژمارەیەکی دیاریکراویان ماوە، زاناکان لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە لەسەر بۆماوە ماددەی زانیارییەکانی دەکەن، و دەیانپەڕێنن لە پێناو هێشتنەوەیان و ڕێگری کردن لە لەناوچوونی تەواوەتییان.

جوانترین جۆرەکانی ئاسک

  • ئاسکی ئاوی: یان پێی دەوترێت خوێن مژ، ئەم جۆرە شاخی نییە بەڵام دوو کەڵبەی درێژ و دیاری هەیە، کە نێرینەکانی بۆ ترساندنی ئاژەڵە دڕندەکان دەریدەخات و لە کاتی شەڕکردنیشدا بەکاریدەهێنێت.
  • ئاسکی بودو: لە بچووکترین جۆرەکانی ئاسکە کە بەرزییەکەی دەگاتە نزیکەی ٣٠ سم.
  • ئاسکی مونتجاکی هیندی: جۆرێکی بچووکی ئاسکە شاخدارەکانە، بە گشتی لە دارستانە چڕەکاندا دەژی، هەروەها توانای دەرکردنی دەنگێکی زۆر بەرزی هەیە کە وەک ئاگادارکردنەوە بەکاریدەهێنێت.
  • ئاسکی بروکیتی کورتەباڵا: لە یەکەمجاری بینینیدا لەوانەیە زۆرینەی خەڵکی هەست بکەن کە ئاسکی مونتجاکی هیندییە، چونکە لە چەند خاڵێکدا هاوبەشن بەتایبەتی هەبونی هەردووکیان لە دارستانە چڕەکاندا، بەڵام ئەم جۆرە لە ناوچەکانی ئەمریکادا هەیە.
  • ئاسکی سوور: بە یەکێک لە گەورەترین شیردەرەکانی بەریتانیا هەژماردەکرێت، کێشی دەگاتە ١٩٠ کگم و بەرزییەکەشی بە نزیکەیی هەتا شانەکانی ١٤٠ سم دەبێت.
  • ئاسکەکانی سیکا: هەتا ئێستا نزیکەی ١٣ نەوەی جیاوازیان ناسراوە، کە زۆرینەیان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە لە نشینگە بنەڕەتییەکانیاندا.


سەرچاوەکان



4063 بینین