مافی دراوسێ

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-09-30-15:35:00 - کۆدی بابەت: 6759
مافی دراوسێ

ناوه‌ڕۆك

پێناسەی دراوسێیەتی

دراوسێ بەو کەسانە دەوترێت کە هاوبەشتن، جا ئایا لە ماڵدا بێت یا لە بازرگانی یا لە قوتابخانەدا یا لە هەر شتێکی تردا، دراوسێش وەک هەموو کەسێکی تر مافی هەیە بەسەرمانەوە، بەو پێیەی کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و لەبەر ئەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان وەک تۆڕی چڕ و پڕ وان، هەر بۆیە پێویستە ئاگاداریان بین، مرۆڤ زۆر تێکەڵی کەسانی تر دەکات بۆ ئەوەی ژیان بکات، کەواتە پەیوەندیەک هەر دەبێت لە نێوان کەسەکاندا، جا برایەتی بێت یا دراوسێیەتی بێت یا لە ڕووی خوێن و نەژادەوە نزیکن و کەسی یەکترن، یەکێک لە گرنگترین ئەو پەیوەندیانەش دراوسێیەتیە، کاتێک تۆ بوویتە دراوسێی کەسێک ئەوا ئەوکات ناچار دەبیت کە بیبینیت و مامەڵەت هەبێت لەگەڵیدا، هەر بۆیە خودای گەورە کۆمەڵێک مافی دانەوە بۆ ئەوەی دراوسێکان لە نێو خۆیاندا جێبەجێی بکەن و هەر دراوسێیەک ئەو مافانە بە دراوسێکەی تر بدات و بیانپارێزێت، خودای گەورە وەسیەتمان بۆ دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ دراوسێکانمان زۆر باش بین، وەک دەفەرموێت: (وَاعْبُدُواْ اللّهَ وَلاَ تُشْرِكُواْ بِهِ شَيْئًا وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا وَبِذِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينِ وَالْجَارِ ذِي الْقُرْبَى وَالْجَارِ الْجُنُبِ وَالصَّاحِبِ بِالجَنبِ)(النساء: 36). هەروەها بە هەمان شێوە پێغەمبەر محەمەد ﷺ ئامۆژگاریمان دەکات بە چاکبوون لەگەڵیان, وەک دەفەرموێت: عن عائشة -رضي الله عنها-, وعبد الله بن عمر-رضي الله عنهما- قالا: قال رسول الله -صلى الله عليه وسلم-: «ما زال جبريل يوصيني بالجار، حتى ظننت أنه سيورِّثه. [متفق عليه من حديث ابن عمر -رضي الله عنهما-، ورواه مسلم من حديث عائشة -رضي الله عنها-.] واتە: لە عائیشەوە (ڕەزای خوای لێبێت) و لە عبداللەی کوڕی عومەرەوە (ڕەزای خوایان لێبێت) کە پێغەمبەری خودا (صلى اللە علیە وسلم) دەفەرموێت: «جبریل -علیه السلام- بەردەوام ئامۆژگاری و وەسیەتی دەکردم سەبارەت بە دراوسێ؛ هەتا گومانم وابوو کە دەیکات بە میراتگریش، پێشەوا زەهەبی (ڕەحمەتی خودای لێبێت) دەفەرموێت: ئەم فەرموودەیە گەورەیەتی مافی دراوسێ دەردەخات لە ئیسلامدا و وەسیەتمان پێدەکات کە چاک بین لەگەڵیان.

گەورەیەتی مافی دراوسێیەتی لە ئیسلامدا

لە قورئان و فەرموودەدا وەسیەتی چاکبوون لەگەڵ دراوسێدا کراوە، وەک پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: (ومَن كانَ يُؤْمِنُ باللهِ والْيَومِ الآخِرِ فَلْيُكْرِمْ جارَهُ)، واتە: ئەوەی باوەڕی بە خودای گەورە و ڕۆژی دوایی هەیە ئەوا با ڕێز لە دراوسێکەی بگرێت، یان لە فەرموودەیەکی تردا کە پێشەوا ئەبو هورەیرە دەگێڕێتەوە: پیاوێک وتی ئەی پێغەمبەری خودا ﷺ فڵانە ئافرەت زۆر نوێژ و ڕۆژوو و خێر دەکات، بەڵام بە زمانی ئازاری دراوسێکەی دەدات، فەرمووی ﷺ: ئەو ئافرەتە لە دۆزەخدایە، پیاوەکە وتی ئەی پێغەمبەری خودا ﷺ فڵانە ئافرەت کەم نوێژ و ڕۆژوو و خێر دەکات، وە بە زمانی ئازاری دراوسێکەی نادات، فەرمووی ﷺ: ئەو ئافرەتە لە بەهەشتدایە.

پلەکانی مافی دراوسێیەتی لە ئیسلامدا

پلەکانی مافی دراوسێیەتی لە ئیسلامدا دەبێت بە سێ پلەوە، لە خوارەوە بۆ سەرەوە بەم شێوەیە:-

- پلەی یەکەم: ئازار نەدانی دراوسێ، کە ئەمەش کەمترین شتە کە مرۆڤی باوەڕدار بەرامبەر دراوسێکەی بیکات.

- پلەی دووەم: ئەگەر دراوسێکەت ئازاری دایت ئەوا تۆ چاوپۆشی لێبکەیت و لێی ببووریت.

- پلەی سێیەم: کە ئەمەش بەرزترین پلەیە، ئەویش ئەوەیە کە چاکە و سوودت بۆ دراوسێکەت هەبێت.

جۆرەکانی دراوسێ

پێشەوا ئیبن حەجەر ڕەحمەتی خودای گەورەی لێبێت دەفەرموێت: ناوی دراوسێ باوەڕدار و بێباوەڕ و دۆست و دوژمن و هاوڵاتی و کەسی غەریب و چاک و خراپ دەگرێتەوە، ئەگەر دراوسێکەت کەسێکی باوەڕداری لە خواترس بوو ئەوە پلەیەکی بەرزتری هەیە و زیاتر پێویستە ڕێزی لێ بگیرێت.

زانایان دراوسێیان دابەشی سێ بەش کردووە، ئەوانیش ئەمانەن:-

- دراوسێی باوەڕداری ناسراو (خزم)، ئەمەش سێ مافی هەیە بەسەرمانەوە، مافی موسڵمانێتی، مافی خزمایەتی، مافی دراوسێیەتی.

- دراوسێی باوەڕداری نەناسراو یا دراوسێی بێ باوەڕی ناسراو (خزم)، کە ئەمەش دوو مافی هەیە بەسەرمانەوە، یەکەمیان مافی موسڵمانێتی و مافی دراوسێیەتی، دووەمیشیان مافی دراوسێیەتی و مافی خزمایەتی.

- دراوسێی بێباوەڕی نەناسراو، کە ئەمەش مافێکی هەیە بەسەرمانەوە، ئەویش مافی دراوسێیەتییە.

کاریگەرییەکانی چاکبوون لەگەڵ دراوسێدا

چاکبوون لەگەڵ دراوسێدا شوێنەوار و پاشماوەی زۆر باش لە کۆمەڵگەدا بەجێ دەهێڵێت، لەوانەش:-

- کاتێک کە دراوسێکان لەگەڵ یەکتردا باش بوون ئەوا کۆمەڵگە ئەوکات خۆشەویستی لەناویدا زیاتر دەبێت.

- کۆمەڵگە لە کۆمەڵێکی زۆر ماڵ پێکهاتووە، کە ئەم ماڵانەش دراوسێی یەکن، گەر مافی دراوسێیەتی پەیڕەو بکەن ئەوکات کۆمەڵگە بەرەو چاکسازیەکی گەورە دەڕوات و کۆمەڵگە وەک دەستەیەکی یەکگرتووی لێدێت.

- ئەگەر دراوسێکان لەگەڵ یەکتردا باش بن، ئەوکات پێکەوە دەتوانن باشتر ڕووبەڕووی خراپە ببنەوە.

- کاتێک کە مافی دراوسێیەتی جێبەجێکرا لە نێو کۆمەڵگەدا، ئەوا ئەوکات دراوسێکان ئاگاداری منداڵەکانی یەکتر دەبن و ناهێڵن بکەونە هەڵەیەکی گەورەوە، لەبەر ئەوەی کە دراوسێکە خۆی وەک دایک و باوکی منداڵەکە هەژمار دەکات و منداڵەکانیش گوێ لە ڕێنماییەکانی دراوسێکەیان دەگرن چونکە دەزانن پێویستە ڕێز لە دراوسێکانیان بگرن.

مافەکانی دراوسێیەتی

- ئازار نەدانی یەکتر، پێویستە کەسی موسڵمان ئازار بە دراوسێکەی نەگەیەنێت بە هیچ شێوازێک، نە بە قسە، نە بە کردار.

- پێشکەش کردنی دیاری و شتی باش و جوان بە یەکتری، لە خواردن، لە جل و بەرگ، لە هەموو شتێک، لەم ڕێیەوە خۆشەویستی لە نێو دراوسێکاندا زیاد دەکات و کاریگەریەکی گەورە لەسەر دڵ و دەروونیان جێدەهێلێت و ڕق و قینە هەڵدەکەنێت و لەناوی دەبات.

- خێر و چاکەی بۆ دراوسێکەی بوێت و حەزنەکات هەرگیز خراپەیەکی بەسەربێت.

- هاوکاری پێشکەش بە دراوسێکەی بکات، بەتایبەت لە ڕووی ماددیەوە کاتێک کە پێویستیان بوو، ئەوکات یارمەتی بدەیت هەروەک وابزانی ئەو حاڵەتە بەسەر خۆتدا هاتووە.

- پێویستە دراوسێ شوێن نهێنیەکانی دراوسێکەی نەکەوێت و جاسوسیان بەسەرەوە نەکات.

- پێویستە دراوسێکان پارێزگاری لە شەرەف و نامووسی یەکتر بکەن و خیانەت بە هیچ جۆرێک لە یەکتر نەکەن.

- بەشداری کردن لە خۆشی و ناخۆشیان و خۆی بە یەکێک لەوان بزانێت بەتایبەت کە حاڵەتێکی نەخوازراویان بەسەردا دێت.

- بانگکردنی بۆ ئیسلام بە شێوەیەکی زۆر جوان ئەگەر بێباوەڕ بوو .

- چاکبوون لەگەڵیدا و خراپە نەکردن بەرامبەری.

- سڵاوکردن لێی و ڕێزگرتنی کاتێک پێی دەگەیت.

- سەردانی کردنی بەتایبەت کاتێک کە ناساغ بێت.

- بەشداریکردن لە خۆشی و ناخۆشیەکانی.

- چاوپۆشیکردن لە هەڵە و کەم و کورتیەکانی.

- ئامۆژگاریکردنی بە چاکە و دووعاکردن بۆی.

- پەردەپۆش کردنی بەتایبەت کاتێک کە تاوانێکی ئەنجامدا.

- جێبەجێکردنی پێداویستیەکانی.

- شوێنکەوتنی جەنازەکەی کاتێک کە کۆچی دوایی کرد.

- حەسوودی نەبردن پێی، بەتایبەت ئەگەر خودای گەورە بەهرەمەندی کردبوو لە شتێک.

- غەیبەت نەکردنی و بە خراپە باس نەکردنی.

- یارمەتیدانی و سەرخستنی.

- بەرگەگرتنی ئازاردانی دراوسێ، ئەمەش یەکێکە لە سیفاتەکانی کەسە بەڕێزەکان، زۆر گرنگە و زۆر بەنرخە ئەگەر دراوسێکەت ئازاری دایت و تۆش ئارامت گرت لەسەر ئازاردانەکانی، لەبەر ئەوەی هەموو کەسێک ناتوانێت ئەوە ئەنجام بدات، وە بەو هۆیەوە بە ئیزنی خودای گەورە پلەی زۆر بەرز بەدەستدەهێنیت، وەک پێشەوا حەسەنی بەصری دەفەرموێت: (ليس حُسْنُ الجوار كفّ الأذى، حسن الجوار الصبر على الأذى)، واتە: چاکبوون لەگەڵ دراوسێدا ئەوە نیە کە ئازاری دراوسێکەت نەدەیت، بەڵکو چاکبوون لەگەڵ دراوسێدا ئەوەیە کە ئارام لەسەر ئازاردانەکانی بگریت.

- دەنگ بەرزنەکردنەوە بەسەریدا و بێزار نەکردنی بە دەنگی تەلەفزیۆن یا هەر شتێکی دیکە.

- گومانی باش بردن پێی.

فەزڵی چاکبوون لەگەڵ دراوسێدا

دراوسێکان نزیکترین کەسن لە یەکتریەوە و بە حاڵ و گوزەرانی یەکتر دەزانن، بۆیە هیچ کەسێک نیە کە نکووڵی لەوە بکات کە پێویستی بە دراوسێ دەبێت، مافی دراوسێیەتیش گەورەیە، عەرەبەکان لە سەردەمی نەفامیدا شانازیان بەوەوە دەکرد کە لەگەڵ دراوسێکانیاندا باشن و ڕێزیان لێدەگرن، کاتێکیش کە ئیسلام هات جەختی لەسەر مافی دراوسێیەتی کردەوە و ڕوونی کردەوە کە مافی دراوسێیەتی مافێکی گەورەیە، وەک خودای گەورە دەفەرموێت: (واعْبُدُوا اللَّهَ وَلَا تُشْرِكُوا بِهِ شَيْئًا وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا وَبِذِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينِ وَالْجَارِ ذِي الْقُرْبَى وَالْجَارِ الْجُنُبِ وَالصَّاحِبِ بِالْجَنبِ)(النساء: 36)، خودای گەورە وەسیەتی کردووە بۆمان کە لەگەڵ دراوسێکانماندا باش بین، بەبێ ئەوەی گوێ بدەینە ئەوەی پلەی نزیکی و خزمایەتیەکەی چەندێکە، بێ ئەوەی گوێ بدەینە ئاین و ڕەنگ و نەژادی ئەو کەسە، وەک عەرەب دەڵێت: "جارك القريب أقرب إليك من أخيك البعيد"، واتە: دراوسێیەک کە نزیکە لێتەوە بۆ تۆ نزیکترە لە برایەکی دوورت.

سنوری دراوسێیەتی

زانایان و فەقیهەکان ڕای جیایان هەیە لەسەر ئەوەی ئایا سنوری جوگرافی دراوسێیەتی چەندێکە، چەند ڕایەک هەیە، لەوانە:-

- شافیعیەکان و حەنبەلیەکان بۆ ئەوە دەچن کە سنوری دراوسێیەتی 40 ماڵە لە هەر لایەکەوە، واتە لە ڕاستەوە 40 ماڵ، لە چەپەوە 40 ماڵ، لە لە پێشەوە 40 ماڵ، لە دواوە 40 ماڵ، ئەو فەرموودەش بە بەڵگە دەهێننەوە کە پێغەمبەر محەمەد ﷺ فەرموویەتی: (حَقُّ الجارِ أربعونَ دَارًا هَكَذا وَهكَذا وَهكَذا وَهكَذا يَمينًا وشِمالًا وقُدَّامًا وخَلْفًا).

- مالیکیەکان بۆ ئەوە دەچن کە دراوسێ ئەوەیە کە ماڵەکەی لکاوە پێتەوە لە هەر لایەکەوە، یا ماڵێکە کە بەرامبەرت بێت بە شێوەیەک کە تەنیا شەقامێکی تەسک هەبێت لە نێوانتاندا، واتە بەربەستێکی گەورە نەبێت لە نێوانایاندا، وەک: بازاڕ، دەریا.

- پێشەوا ئەبو حەنیفە و زوفر بۆ ئەوە دەچن کە دراوسێ ئەوەیە کە  ماڵەکەی لکابێت پێتەوە.


سەرچاوەکان



2961 بینین