چوار ڕێبازەکەی ئیسلام 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-02-14:40:00 - کۆدی بابەت: 6771
چوار ڕێبازەکەی ئیسلام 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لە ئیسلامدا چوار ڕێبازی سەرەکی هەیە ئەوانیش (شافعی، حەنەفی، مالیکی و حەنبەلی)، واتای "مذهب" یاخود ڕێباز بریتییە لە شوێنکەوتنی یەکێك لەو ڕێبازانە و جێبەجێکردنی بنەما شەرعییەکانی ئایینی ئیسلام بەپێی یەکێك لەو ڕێبازانە، گرنگترین ئەو بنەما و بنچینە سەرەکیانەی کە هەر چوار پێشەواکە لە دانانی ڕێبازەکاندا پشتیان پێ بەستووە بریتین لە:

- قورئانی پیرۆز.
- ڕێباز و سوننەتی پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد(د.خ).
- (رواية) گێڕانەوەکانی هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ). 

ڕێبازی حەنەفی

یەکەمین ڕێبازە کە دانراوە، دانەرەکەی ناوی ئەبوو حەنیفە نوعمانی کوڕی سابتە، لە ساڵی 80ـی کۆچی لە شاری کوفەی وڵاتی عێراق لەدایکبووە، بنچینە و ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی فارس، لە ساڵی 180ـی کۆچی لە شاری بەغداد کۆچی دوایی کردووە، لە سەرەتای ژیانیدا پیشەی بازرگانی بووە، دواتر هەموو کاتەکانی تەرخان کردووە بۆ فێربوونی زانستە شەرعییەکان و قوڵبوونەوە لە بنەماکانی ئاینی ئیسلام، لەسەر دەستی چەندان شێخ و زانای ئیسلامی ناودار زانستە شەرعییەکانی خوێندووە، زۆر لێهاتوو و لێزان و زیرەك بووە، هەروەها کەسایەتییەکی سەرڕاست و ڕاستگۆ و بە ئەمەك بووە، بنەمای ئەم ڕێبازە (ئیجتهاد/ پەیڕەوییە) پشتی بەستووە بە قورئانی پیرۆز و سوننەت و ڕێبازی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) و پاشان قسە و وتەکانی هاوەڵان.

گرنگترین ئەو قوتابیانەی ئیمامی ئەبوو حەنیفە کە ئەم رێبازەیان بڵاوکردەوە

  • ئەبوو یوسفی کوڕی یەعقوبی حەبیبی ئەنساڕی یەکەمین کەس بووە کە فیقهی ڕێبازی حەنەفی نووسیەتەوە و تۆماریکردوە، گرنگترین کتێبەکانی: كتێبی"الخراج".
  • موحەمەدی کوڕی حەسەنی شێبانی، لە شاری واستی وڵاتی عێراق لەدایکبووە و زۆربەی بنەماکانی ئەم ڕێبازەی نووسیوەتەوە و تۆماریکردووە و ڕێکیخستووە.

گرنگترین زاناکانی ئەم ڕێبازە

ئەلتەحاوی، شەمسی ئەئیمەی حەلوانی، فەخری ئیسلام بزدەوی، ئەبوو حەسەنی کەرخی، ئەئیمەی سەرخەسی و ئەبوبەکری ڕازی و چەندانی تر. 

گرنگترین ئەو شوێنانەی کە ئەم ڕێبازەی تێدا بڵاوبووەوە

بە هۆی زانای ناودار ئەبو یوسف لە سەرەتادا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات بڵاوبووەوە، پاشان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتی میسڕ ئەم ڕێبازە ناسێنرا. 

ڕێبازی مالیکی

دانەر و بنیاتنەری ئەم ڕێبازە ئیمامی مالیکی کوڕی ئەنەسی ئەسبەحییە، لە ساڵی 93ـی کۆچی لەدایکبووە لەگەڵ باوباپیرانی کۆچیان کردووە بۆ شاری مەدینەی پیرۆز، هەر لەو شارە ژیاوە هەرگیز ئەو شارەی بەجێ نەهێشتووە تەنها بۆ حەج کردن نەبێت، لە ساڵی 179ـی کۆچی، کۆچی دوایی کرد.

لەسەر دەستی چەندان گەورە زانا و شێخی ئاینی شاری مەدینەی پیرۆز فیقهی ئیسلامی و بنەماکانی ئاین خوێندووە و کەسایەتیەکی زۆر ژیر و زانا بووە و هەروەها باپیرە گەورەی لە هاوەڵانی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) بووە، سەرجەم یاسا و فەتواکانی لە قورئان و سونەت و ڕێبازی پێغەمبەر وەرگرتووە.

گرنگترین ئەو قوتابیانەی ئیمامی مالیك کە ئەم رێبازەیان بڵاوکردەوە

  • عەبدوڵڵای کوڕی وەهەب ئەم ڕێبازەی لە وڵاتانی مەغریب و میسڕ بڵاوکردەوە.
  • عەبدولڕەحمانی کوڕی قاسمی میسڕی، بەشێکی زۆری زانستی ئەم ڕێبازەی نووسیوەتەوە و تۆماریکردووە.
  • ئەبوو حەسەنی قوڕتووبی کتێبی"الموطأ"ـی لە وڵاتی ئەندەلوس بڵاوکردەوە. 

گرنگترین زاناکانی ئەم ڕێبازە

عەبدوڵڵای کوڕی وەهەب، زیادی کوڕی عەبدولڕەحمان و عەبدولمەلیکی کوڕی ماجیشۆن، عوسمانی کوڕی حەکەم، عەبدولمەلیکی کوڕی حەبیب و چەندانی تر.

گرنگترین ئەو شوێنانەی کە ئەم ڕێبازەی تێدا بڵاوبووەوە

لە وڵاتی مەغریب و سوودان و میسڕ و ڕۆژهەڵاتی نیمچەدوورگەی عەرەبی. 

ڕێبازی شافیعی

دانەری ئەم ڕێبازە ئیمامی شافیعییە، ناوی تەواوی ئەبوو عەبدوڵڵای کوڕی محەمەدی ئیدریسی شافعییە لە شاری غەززەی وڵاتی فەڵەستین لە ساڵی 150ـمی کۆچی لەدایکبووە، شافعی بێ باوك بووە، لە تەمەنی لاویدا دایکی بردوویەتی بۆ شاری مەدینەی پیرۆز بۆ فێربوونی زانستی شەرعی، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا بە هۆی ژیری و زیرەکی هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە، لەسەر دەستی کۆمەڵێك زانا و شێخی گەورە زانستە شەرعییەکانی خوێندووە، قوتابی ئیمامی مالیك بووە، چەندان وڵات گەڕاوە بۆ دەستکەوتنی زانستی فەرموودەو زانستی فیقهی لەوانە وڵاتی یەمەن و میسڕ و عێراق، چەندان گەورە زانای بینیووە و زانستی فیقهی و شەرعی و ئاینی لێوەرگرتوون، لە وڵاتی میسڕ کۆچی دوایی کردووە لە ساڵی 204ی کۆچی، نەماکانی یاسادانان لەم ڕێبازە پەیوەست بووە بە قورئان و سوننەت و ڕێبازی پێغەمبەر، هەروەها (قیاس/ پێوەر) و (ئیجتهاد/ پەیڕەوی) بەکارهێناوە. 

گرنگترین ئەو زانایانەی کە ڕۆڵیان هەبووە لە نووسینەوە و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕێبازە

ڕەبیعی سلێمانی مورادی، یوسفی کوڕی یەحیای بوەیتی و ئیسماعیلی مەزنی و حەسەنی زەعفەرانی و حسێنی کەرابیسی.

گرنگترین زاناکانی ئەم ڕێبازە

ئەحمەدی کوڕی حەنبەل،  ڕەبیعی سلێمانی جیزی و ئەبوبەکری شاشی و چەندانی تر.

ئەو شوێنانەی کە ئەم ڕێبازەی تێدا بڵاوبووەوە

وڵاتی عێراق و میسڕ و خوراسان.

ڕێبازی حەنبەلی

کۆتا ڕێبازی ئاینی ئیسلامە، دانەرەکەی ناوی ئەبوو عەبدوڵای ئەحمەدی کوڕی محەمەدی حەنبەلی شیبانییە، لە شاری بەغداد لە ساڵی 164ـی کۆچی لەدایکبووە بێ باوك بووە و لە خێزانێکی زۆر هەژار پەروەردەکراوە، قوتابی ئیمامی شافیعی بووە، زۆر لێهاتوو و بە توانا بووە لە کۆکردنەوەی فەرموودە و سوننەت و ڕێبازی پێغەمبەر محەمەد (د.خ)، کەسایەتییەکی زۆر هێمن و ئارام و زیرەك بووە، لە ساڵی 241ی کۆچی کۆچی دوایی کردووە، بنەماکانی یاسادانان لەم ڕێبازە پەیوەست بووە بە قورئان و سوننەت و ڕێبازی پێغەمبەر، هەروەها (قیاس/ پێوەر) و (ئیجتهاد/ پەیڕەوی) بەکارهێناوە. 

گرنگترین زاناکانی ئەم ڕێبازە

ئیبراهیمی حەربی، ئیسحاقی نیسابووری و ئەحمەدی مشکانی و چەندانی تر.

گرنگترین ئەو شوێنانەی کە ئەم ڕێبازەی تێدا بڵاوبووەوە

وڵاتی شام و عێراق و میسڕ و نیمچە دوورگەی عەرەبی. 


سەرچاوەکان



1398 بینین