داریوش ئیقباڵی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-04-23:01:00 - کۆدی بابەت: 6792
داریوش ئیقباڵی

ناوه‌ڕۆك

داريوش

داریوش ئیقباڵی (بە فارسی: داریوش اقبالی) گۆرانیبێژ و ئەکتەر و چالاکوانێکی ئێرانییە، ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژی و لە زەمینەی مۆسیقای ڕۆک و پۆپی ئێرانی خزمەتی کردووە، جۆری دەنگی بەیسە و ئەندامی ڕێکخراوی لێبووردنی جیهانییە.

ناو داریوش مەحموود ئیقباڵی
ناو بە ئینگلیزی Dariush Eghbali
لەدایکبوون ١٩٥١/٢/٤
جۆری وتن پۆپ، ڕۆک
وێبگە https://dariush2000.com

ژیان

داریوش لە ڕۆژی شەممەی ١٩٥١/٢/٤ لە شاری تاران لە شانشینی ئێران لەدایکبووە، منداڵی لە کەرەج و میانە بەسەربردووە، بۆ یەکەمین جار لە تەمەنی ٩ ساڵیدا لە ئاهەنگێکی قوتابخانەکەیدا دەڕواتە سەر ستەیج و دواتریش لە چەند ئاهەنگ و بۆنەیەکی هونەری بەشداری دەکات.

ساڵی ١٩٧٠ بە حەسەن خەیاتباشی ئاشنا دەبێت و لەوێوە کاری هونەری دەستپێدەکات، لە تەمەنی ١٩ ساڵی بە گۆرانی به من نگو دوستت دارم -بە من مەڵێ خۆشتدەوێم- بە ئاوازدانەری مستەفا جاویدان بەناوبانگ بوو، یەکەمین گۆرانی سەربەخۆی بەناوی به‌نام نبسته پیمان بە شیعرێکی عەلی گزرسەر و ئاوازی خۆی خوێند.

پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران

داریوش لە سەردەمی پادشایەتی ئێران بەهۆی گۆرانییە سیاسییەکانی وەک: "جنگل، بن‌بست، بوی گندم، علی کنکوری و گل بارون‌زده" ماوەیەک زیندانی کرا، لە هەڵبژاردنی گۆڤاری گەنجانی ساڵی ١٩٧٧ بە خۆشەویستترین گۆرانیبێژی ئێران هەڵبژێردرا.

داریوش لەگەڵ زۆرێک لە ڕووخسارە دیارەکانی ئێران کاری هونەری ئەنجامداوە وەک: منوچهر چشم آذر، بابک بیات، فرید زلاند، واروژان، پرویز مقصدی ،بابک افشار، آندرانیک آساطوریان و صادق نوجوکی، هەروەها لەگەڵ بەناوبانگەکانی وەک: ئیرەج جەننەتی عەتایی و شەهریار قەنبەری و ئەحمەد شاملۆ و ئەردەلان سەرفرازدا کاری هاوبەشی ئەنجامداوە.

دوای شۆڕش

کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕوویدا لە ساڵی ١٩٧٩ داریوش ئەوکات بۆ چارەسەری ڕووخساری خۆی بەهۆی ڕووداوێکەوە گەشتی کردبوو بۆ شاری لەندەن، دوای ئەوەی دەزانێت شۆڕش ئەنجامدراوە بڕیار دەدات ئیتر نەگەڕێتەوە و بۆ هەمیشە لە دەرەوەی وڵات دەژی.

لەو کاتەوە هەمیشە خزمەتکاری پەنابەرانی ئێرانی بووە و بۆ مافەکانیان هەوڵی داوە، هەروەها بە دروستکردنی چەند ڕێکخراوێک بەتایبەت (اینە) هاوکاری ئەو کەسانەی کردووە کە ئالوودەبوون.

گۆرانییەکانی

بەهۆی ئەوەی داریوش سوودی لە شیعری کەسانی وەک ئەردەلان سەرفراز و ئیرەج عەتایی و شەهریار قەنبەری و سیمین بەهبەهانی و مینا جەلالی و هوما میرئەفشار و زویا زاکاریان و مەولانا و حافزی شیرازی وەردەگرت، و شیعر و گۆرانی و چالاکییەکانی بۆ خەڵکی ستەمدیدە و عاشق و بابەتەکانی ئازادی و هەژاری و ئالوودەبوون بوون و خاوەن دەنگێکی گڕ و خۆشە، ئەم هۆکارانە ئەویان کردووە بە یەکێک لە دڵخوازترینەکانی ئێران و دەرەوە.

زیندان

داریوش لە سەردەمی شانشینیدا بەهۆی وتنی گۆرانی سیاسییەوە چەندین جار دەستگیر دەکرێت، بۆ یەکەمین جار بە فرمانی پادشای ئێران بۆ ماوەی شەش مانگ لە زیندانی تاکەکەسی دەستگیر دەکرێت و دوای نۆ مانگ ئازاد دەکرێت، بە کۆی گشتی ماوەی ٢٦ مانگ دەستگیرکراوە.

وازهێنان لە ماددەی هۆشبەر

دوای چەندین ساڵ ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەرەوە لە ساڵی ٢٠٠٠ وازهێنانی خۆی لە ئالوودەیی ڕاگەیاند، هەر بەو هۆیەشەوە گۆرانییەکی بەناوی معجزه خاموش بڵاوکردەوە، دواتریش لە ساڵی ٢٠٠٣ یەکەمین بەرنامەی بەناوی ئاینە لە ڕادیۆی AFN و دروستکردنی ماڵپەڕی بهبودی دروستکرد، کە ماڵپەڕەکە یەکەمین وێبگەی ئێرانییە بۆ یارمەتیدانی ئالوودەبووان و خێزانەکانیان، بە هاوکاری دوو پزیشکیش ڕێکخراوی ئاینەی دامەزراند بۆ یارمەتیدانی ئالوودەبووان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، بەهۆی ڕێکخراوەکەوە زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس وازی لە ماددەی هۆشبەر هێناوە، لەدوای ئەوەشەوە بەرنامەی ئاینە دەخاتە کەناڵە ٢٤ کاتژمێرییەکانی تەلەفزیۆن و لە زۆرینەی بۆنە و مەراسیمەکانی دژایەتی ئالوودەبوون بەشدارە.

جیا لەوە ئەو ئەندامی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتییە و گرنگی بە تەرککردنی ماددەی هۆشبەر و کێشەی خێزانی و کێشەی پەنابەرانی ئێرانی و ڕێکخراوەکانی منداڵان و نەوجەوانان دەدات.

ئەلبوومی گۆرانییەکان

  • به من نگو دوست دارم (۱۹۷۱/۱۹۷۸)
  • چشم من (۱۹۷۳/۱۹۷۴)
  • مسبب (۱۹۷۵)
  • شقایق (۱۹۷٥/۱۹۷۶)
  • سال ۲۰۰۰ (۱۹۷۷)
  • فریاد زیر آب (۱۹۷۷)
  • جنگل (۱۹۷۸)
  • داریوش از وطن می‌گوید (۱۹۸۰)
  • سلام ای خاک خوب مهربانی (۱۹۸۰)
  • ندیم (۱۹۸۲)
  • پرنده مهاجر (۱۹۸۳)
  • امروز (۱۹۸۴)
  • نازنین (۱۹۸۶)
  • خاموش نمی‌رید (۱۹۸۷)
  • خاک خسته (۱۹۸۹)
  • نون و پنیر و سبزی (۱۹۹۰)
  • زندونی (۱۹۹۱)
  • امان از (۱۹۹۲)
  • سفره سین (۱۹۹۴)
  • بچه‌های ایران (۱۹۹۵)
  • آشفته بازار (۱۹۹۶)
  • آهای مردم دنیا (۱۹۹۷)
  • گل بیتا (۲۰۰۰)
  • معشوق همین جاست (رومی) (۲۰۰۳)
  • دوباره می‌سازمت وطن (۲۰۰۳)
  • راه من (۲۰۰۵)
  • معجزه خاموش (۲۰۰۹)
  • دنیای این روزای من (۲۰۱۰)
  • انسان (۲۰۱۱)
  • معشوق همین جاست (حافظ) (۲۰۱۲)
  • صفر (۲۰۱۶)
  • گرگ (۲۰۲۱)

باشترین گۆرانی

بەپێی زۆرینەی تێروانین و هەڵسەنگاندن و ڕاپرسییەکان لەلایەن خەڵکی و هەوادارانەوە بەتایبەتیش لە ماڵپەڕی من و تو لە نێو ١٠٠ گۆرانی مێژوویی ئێران، گۆرانی دستای تو ـی داریوش بە باشترین گۆرانی مێژووی ئێران دیاریکراوە.

چەند گۆرانییەکی دیکەی بەناوبانگ: دست‌های تو، شقایق، چشم من، دوباره می‌سازمت وطن، بچه‌ها، بوی گندم، به من نگو دوست دارم، خانه، یاور همیشه مؤمن، شام مهتاب، فریاد زیر آب، شکنجه‌گر، جشن دلتنگی، ای عشق، نون و پنیر و سبزی، سال سقوط سال فرار، دنیای این روزای من و سراب رد پای تو.

فیلم

داریوش لە گەنجیدا بەشداری لە چەند فیلمێکدا دەکات، هەریەک لە فیلمەکانی (یاران) و (فریاد زیر اب) لە کارەکانی داریوشن کە گۆرانی فیلمی دووەمیان لەلایەن داریوشەوە وتراوە.

هاوسەرگیری

داریوش تا ئێستا سێ جار هاوسەرگیری كردوە، بە وتەی خۆی، تەنها یەك جار ئاشق بووە، بەڵام خۆشەویستەكەی لە ڕوداوێكی هاتوچۆدا گیانی لەدەستداوە بەهۆی ئەوەشەوە گۆرانی شەقایقی بۆ ئەو وتووە، سەرەتا لەگەڵ گوگوشی گۆرانیبێژ مارەدەبڕدرێن بەڵام ساڵ و نیوێک دەمێننەوە و بەهۆی ڕووداوی تێزاب پێداکردنەکەوە داریوش ناچار دەبێت وڵات بەجێبهێڵێت بۆ چارەسەر و دواتریش ناگەڕێتەوە، لەگەڵ هاوسەری دووەمی بەناوی (فەیروزە) و كچەكەی بەناوی (بیتا) لە كالیفۆرنیا ژیانیان بەسەربردووە، لە ساڵی ٢٠٠٣وە هاوسەرگیری سێیەمی لەگەڵ خانمێك بەناوی (ژینوس) پێكهێناوە.

هێرش بە تێزاب

لە تەمووزی ساڵی ١٩٧٧ لە یەکێک لە کۆنسێرتەکانیدا یەکێک لە هەوادارەکانی بەناوی مەریەم کە داریوشی خۆشویستووە، بە پەرداخێک تێزاب هێرش دەکاتە سەر هونەرمەندەکە و کەسێک لەوێ بەمشێوەیە ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە:

"کاتژمێری ١١ـی دوای نیوەڕۆی چوارشەممەبوو، داریوش تازە هاتبوویە سەر ستەیج و دوو گۆرانی وتبوو و خۆی ئامادەدەکرد بۆ گۆرانی سێیەم کە گۆرانی نفرین بوو، لەوکاتەدا ژنێک کە لەسەر مێزێک بەرامبەر ستەیج دانیشتبوو لە شوێنی خۆی هەستایەوە و بە خێرایی هاتە سەر ستەیج. داریوش وەک هەمیشە لەکاتی گۆرانی وتن چاوەکانی داخستبوو و سەرقاڵی گۆرانی وتن کە ژنەکە پەرداخێک تێزابی بەسەردا ڕژاند، هەر ئەوەندەمان بینی کە ژنێک پەرداخێکی بەسەر داریوشدا کرد و داریوش وتی: سووتام!".

بەهۆی ئەم ڕووداوەوە داریوش هەتاوەکوو ساڵی ١٩٧٩ چارەسەری وەرگرت بەڵام بە ڕێژەیەکی کەم لە ڕووخسار و ملی دەدات و شێوەی تێکنادات.

دڵسۆزی بۆ گەلی ڕۆژئاوای کوردستان

بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان داریوش لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، گۆرانییەكی پێشتر تۆماركراوی كە لەگەڵ هونەرمەندی كورد رۆژان فەیزی بە هاوبەشی لەبارەی شۆڕگێڕانی كوردەوە تۆماریان كردبوو بەناوی "300 گوڵی سوور، یەك گوڵی نەسرانی" بڵاو كردووەتەوە و پێشكەش بە بەرگریكارانی رۆژئاوای کرد، داریوش لە پۆستەكەیدا نووسیویەتی، "سەیری هەر شوێنێك دەكەم خوێنی لێ دەچۆڕێت" و لەگەڵ دانانی كلیپەكەی بە بەكارهێنانی هاشتاگی رۆژئاوا پشتیوانی خۆی بۆ رۆژئاوای كوردستان لە بەرانبەر هێرش و پەلامارەكانی توركیا دەربڕی.


سەرچاوەکان



6000 بینین