هۆکاری لەکارکەوتنی بەرنامەکانی کۆمپانیای فەیسبووک

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-06-13:27:00 - کۆدی بابەت: 6807
هۆکاری لەکارکەوتنی بەرنامەکانی کۆمپانیای فەیسبووک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە پاش لەکارکەوتنی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی فەیسبووك و ئینستاگرام و وەتسئەب بۆ ماوەی شەش کاتژمێر و ملیاران بەکارهێنەریان لێ دابڕان، ئەم ڕووداوەیش زیانی ملیاران دۆلاری بە کۆمپانیای فەیسبووک گەیاند، لێکدانەوە و بیرۆبۆچۆنی جیاواز و هۆکار و گومانی جیا جیایان لەسەر ئەم بارودۆخە خستەڕوو، لە سەرەتادا گومانەکان لەبارەی بوونی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە بوو، وڵاتانی چین و ڕووسیا تۆمەتبارکران، بەڵام دواتر ڕوون بووەوە کە کێشەکە کێشەیەکی تەکنیکی بووە کە لە تۆڕەکانی پەیوەندیکردن دروستبووە، بەهۆی کارمەندێکی کۆمپانیای فەیسبووک خۆیەوە روویداوە کاتێك ویستوویەتی فەیسبووک نوێ یاخود ئەپدەیت بکاتەوە، بەڵام بەهۆی هەڵەیەکەوە Domain Name System و IP نەماون و ئەمەش بووەتە هۆی سڕینەوەیان. 

هۆکاری لەکارکەوتنی بەرنامەکانی کۆمپانیای فەیسبووك

کێشەی سەرەکی لە پرۆتۆکۆلی دەروازەیی سنوردارکراو بوو Border Gateway Protocol (BGP)، ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی سادەتر BGP ڕوون بکەینەوە، وەکوو نامەیەکی نێردراو وایە کاتێک دەتەوێت پەیامێک بنێریت بە ئیمەیڵ، پۆستەچییەکە هەوڵ دەدات خێراترین ڕێگا بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بە کەسی وەرگر بگەیەنێت، هاوشێوەی ئەم نمونەیە، کاتێک کەسێک لە نێو ئینتەرنێتدا داتایەك دەنێرێت، BGP بەرپرسیارە لە دیاریکردنی هەموو ڕێگا بەردەستەکان کە دەکرێت ئەو داتایەی پێبگوازرێتەوە و باشترین ڕێگا هەڵدەبژێرێت کە بە شێوەیەکی ئاسایی و ئاسان داتاکان بگوازێتەوە بۆ کەسی وەرگر، BGP پڕۆتۆکۆلێکە کە ئینتەرنێت کارادەکات لە ڕێگەی بە تواناکردن و ئاڕاستەکردنی داتاکان لەسەر ئینتەرنێت، واتا بۆ نموونە ئەگەر بەکارهێنەرێك لە وڵاتی عێراق وێبسایتێک دابگرێت (داونلۆد) بکات لە سێرڤەرێکی سەرەکی لە وڵاتی بەریتانیا، BGP ئەو کردار و پەیوەندییە بە ئاسانی و بە باشترین ڕێگا بە ئەنجام دەگەیەنێت، "داگ مادۆی Doug Madory" بەڕێوەبەری شیکردنەوەی ئینتەرنێت دەڵێت: یەکێک لە کارمەندەکانی فەیسبووك هەستاوە BGP ئەپدەیت یاخود نوێ کردووەتەوە، ئەم کارە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو شوێنەی لەناوبردووە کە  داواکارییەکان و داتاکانی پێدەگەیشت، ئەگەر نموونەیەکی ڕوونتر بێنینەوە، ئەگەر کەسێک پەیامێکی نارد بە پۆستەچییەك، پۆستەچییەکە هەوڵیدا بە خێراترین کات ئەم پەیامە بگەیەنێتە دەستی وەرگر و بۆ دۆزینەوەی ڕێگای گونجاو نەخشەی گۆگڵی (Google Map) بەکارهێنا بۆ گەیشتن، بەڵام لە ناکاوا (Google Maps) نوێکرایەوە و هەموو ئەو ڕێگایانەی کە بەرەو وەرگرەکە دەبران دیار نەمان و سڕانەوە و لەناوچوون، هەر بۆیە فەیسبووک و ئاپەکانی لەکارکەوتن، تاکوو ئێستا ڕوون نییە کە کارمەندەکەی فەیسبووک ئەم کارەی شێوەیەکی ڕێکەوت یان بە ئەنقەست ئەنجامداوە.

وێنەی منداڵە چینییەکە

ژمارەیەک لە لاپەڕەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەکیان بڵاوکردۆتەوە کە گوایە هی منداڵێکی چینیە بە ناوی "سەن جی سو" وەکوو هاککەری بەرنامەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسئەب ناویان هێناوە، بەڵام لە ڕاستیدا وێنەکە هی کوڕێکی چینی تەمەن 12 ساڵە بەناوی "وانگ جینگیانگ" لە ساڵی 2014 "وانگ" توانی سیستمی کۆمپیوتەری قوتابخانەکەی و ماڵپەڕێکی کڕین هاک بکات، هیچ پەیوەندی بە هاککردنی فەیسبووک و ئاپەکانیەوە نییە.

لەکارکەوتنی فەیسبووک لە ساڵانی پێشوودا

ـ لە ساڵی 2008 ژمارەی بەکارهێنەرانی فەیسبووک تەنها 80 ملیۆن کەس بوون، بەهۆی جۆرە ڤایرۆسێکەوە تۆڕی فەیسبووک بۆ ماوەی رۆژێک لەکارکەوت. 
ـ لە ساڵی 2019 بەهۆی کێشەی گۆڕینی سێرڤەرەکانی فەیسبووک، بۆ نزیکەی کاتژمێرێک تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەکارکەوت. 

ڕکابەرەکانی فەیسبووک 

ـ تویتەر: بە کەمتر لە رۆژێکدا ملیۆنان بەکارهێنەری فەیسبووک روویان لە تۆڕی تویتەر کرد.
ـ تیلیگرام: لە ڕیزبەندی 56‌ گەیشتە ڕیزبەندی پێنجەم تۆڕی بەکارهێنانی پەیوەندی لە وڵاتی ئەمریکا.
ـ تۆڕی سیگناڵ: بە ملیۆنان بەکارهێنەری بەدەستهێنا. 


سەرچاوەکان



966 بینین