ئامادەکاری پێش منداڵبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-10-11:55:00 - کۆدی بابەت: 6843
ئامادەکاری پێش منداڵبوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چەند ڕۆژێک پێش منداڵبوون دەبێت چەند کارێکی گرنگ هەیە کە ئەنجامیان بدەیت تاکوو پڕۆسەی منداڵبوونەکە بە سەرکەوتووی تێبپەڕێنێت، هەروەها هەندێک کار هەیە کە دوای لەدایکبوونی منداڵەکەت ناتوانیت بیکەیت.

هەڵبژاردنی نەخۆشخانە

هەڵبژاردنی نەخۆشخانەیەک و ڕۆشتن بۆ لای پزیشکەکەت و دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئایا کۆتا بڕیار چییە دەربارەی منداڵبوونەکەت کە بە سروشتی دەبێت یاخود نەشتەرگەری، هەروەها گرنگە کە ئەو نەخۆشخانە هەڵبژێریت کە دەتەوێت منداڵت ببێت تێیدا، کە ئەمە زۆر جار لەوانەیە پزیشکەکە هەڵیبژێرێت و بڕیار بدات، و ئەگەر خۆت هەڵتبژارد واباشترە نەخۆشانەیەک بێت کە خزمەتگوزاری باشی تێدا بێت و هەروەها نزیک بێت لە ماڵی خۆتانەوە.

دۆزینەوەی یاوەرێک

پێش چەند ڕۆژێک گرنگە یەکلای ببیتەوە کە کێ دێت لەگەڵت بۆ نەخۆشخانە و کاتی منداڵبوون، تاکوو هەردوولا پێکەوە ئامادەبن، خانمی دووگیان ناتوانێت خۆی بە تەنها بێت لە نەخۆشخانەدا کاتی منداڵبوون و بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە دوو کەس هەیە بۆ چاودێری و یارمەتیدانی.

ئامادەکردنی ژووری منداڵەکە

ژووری منداڵەکەت ڕێک بکە و هەموو شتێکی تێدا ئامادە بکە، چونکە دوای منداڵبوون هیچ کاتت نابێت تاکوو ڕێکی بکەیت.

جانتا و کەلوپەلی منداڵبوون

پێویستە چەند ڕۆژێک پێشتر جانتایەکی تەواو پڕ بکەیت لە هەموو پێداویستییەک بۆ کاتی منداڵبوون، کە پێک هاتبێت لە ناسنامە و بەڵگەنامەی پێویست و پارە و جلوبەرگ بۆ خۆت و منداڵەکەت و دایبی و سانتی و پەڕۆ و شیر و چەندەها شتی پێویستی دیکە کە ناکرێت لە ڕۆژی منداڵبووندا ئەمانە ئامادە بکەیت.

پاککردنەوەی ماڵ

وەک جەژنێک وایە کە کەسێکی نوێ دێتە خێزانەکەوە بۆیە وا خۆشترە کە ماڵەکە هەمووی پاکبکرێتەوە، هەروەها دوای منداڵبوون دایکەکە بە هۆی چاودێری کردنی منداڵەکەیەوە و ئازار و کێشەکانی دوای منداڵبوونەوە ناتوانێت ماڵ پاک بکاتەوە بەوشێوەیە تاکوو ماوەیەک، خانمەکە دووگیانە و لە مانگەکانی کۆتاییدا بۆیە دەبێت کەسێک یارمەتی بدات، هاوسەر یاخود کەسی نزیکی خێزانەکە دەبێت هاوکاری بن و کارە قورسەکان بکەن.

دوایین زانیاری 

زانینی دواین زانیاری لەسەر تەندروستی خۆت و منداڵەکەت و بوونی هەر کێشەیەک بۆ ئەوەی لە ڕۆژی منداڵبووندا نەشڵەژێیت و ئەگەر شتێک هەبێت زووتر بتوانن چارەسەری بکەن، هەرچەندە لە هەندێک حاڵەتەدا لەناکاو ڕۆژی منداڵبوون ئەوە ڕوودەدات بەڵام گرنگە چەند ڕۆژێک پێش منداڵبوون پشکنین بکەیت بۆ خۆت و منداڵەکەت.

گرنگیدان بە خود

گرنگە دایکەکە جەستەی پاک بکاتەوە و ئامادە بێت بۆ منداڵبوون و جلی گونجاو هەڵبژێرێت، هەروەها ڕۆژێک پێش منداڵبوون گەرماوێکی باش بکات و خۆی بشوات.

بەسەربردنی کات لەگەڵ هاوسەرەکەیدا

ڕۆژانی کۆتایی هەوڵبدە زۆر جار هاوسەرەکەت لە ماڵەوە بێت و پێکەوە قسە بکەن و زۆربەی کاتەکانتان بەیەکەوە بەسەر ببەن ئەمە ئاسوودەت دەکات و منداڵبوونێکی ئاسانترت دەبێت و دوور دەبیت لە پەستانی دەروونی، هەروەها ئەگەر حاڵەتێکی لەناکاو و ڕوویدا یاخود منداڵبوونی پێشوەختە هاوسەرەکەت لەوێ دەبێت و دەتوانێت بتگەیەنێتە نەخۆشخانە.

مەساج کردن

گرنگە ڕۆژانی کۆتایی خۆت بە ئاوی گەرم بشۆیت و بەردەوام مەساج و وەرزشی تایبەت بکەیت بۆ کەمکردنەوەی ژانی منداڵبوون و نەمانی ترس و دڵەڕاوکێ.


سەرچاوەکان



8809 بینین