ئەبوبەکری سدیق

له‌لایه‌ن: - ماری عەدنان - به‌روار: 2021-10-10-14:57:00 - کۆدی بابەت: 6845
ئەبوبەکری سدیق

ناوه‌ڕۆك

ژیاننامەی ئەبوبەکری صديق

خەلیفەی یەکەم ئەبوبەکری صديق ناوى عەبدوڵا، كوڕى عوسمانی كوڕى عامرە، نازناوى بە ئەبوبەكر دەركردوه، ئەبوبەكر کۆمەلێك نازناوى لێ نراوە هەر يەكەيان گەورەیى و مەزنى و شكۆدارى و نەژاد بەرزى ئەو دەگەيەنێت لەوانه، العتيق: واتە ڕزگاربوو پێغەمبەرى خوا ئەم نازناوەى لێ ناوە پێى فەرمووه (أنت عتيق الله من النار) واتا تۆ ڕزگار بوى خوداى له ئاگر، الصديق: پێغەمبەرى خوا ئەم نازناوەى لێناوە لە فەرمودەيەکدا کە ئەنەس دەیگێرێتەوه كە پێغەمبەرى خوا لەگەڵ ئەبوبەكر و عومەر و عوسمان چوەتە سەر کێوی ئوحود، ئوحود لەرزەیەكى كرد، پێی فەرموو ڕاوەسته ئوحود مەجوڵێ چونكە پێغەمبەر و (صديق)ـێك و دوو شەهيدت لەسەرەوەيه.

الصاحب: واتا هاورێ خوداى گەوره ئەم نازناوەى لێناوە لە قورئانی پيرۆز وەك دەفەرموێت (إِلَّا تَنصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ الَّذِينَ كَفَرُوا ثَانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِي الْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا ۖ فَأَنزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ وَأَيَّدَهُ بِجُنُودٍ لَّمْ تَرَوْهَا وَجَعَلَ كَلِمَةَ الَّذِينَ كَفَرُوا السُّفْلَىٰ ۗ وَكَلِمَةُ اللَّهِ هِيَ الْعُلْيَا ۗ وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ (٤٠)، (تەوبه:٤٠) ئه‌گه‌ر ئێوه‌ پشتگیری پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) نه‌که‌ن و یارمه‌تی نه‌ده‌ن، ئه‌وه‌ به‌ڕاستی خودا پشتگیری کرد و سه‌ری خست، کاتێک ئه‌وانه‌ی بێ باوه‌ڕ بوون ده‌ریان کرد له‌ شاری مه‌ککه‌ و یه‌کێک بوو له‌و دوو که‌سه‌ کاتێک هه‌ردووکیان له‌ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌دابوون کاتێک بێ باوه‌ڕه‌کان گه‌شتبوونه ‌ده‌وروبه‌ری ئه‌شکه‌وته‌که‌ ئه‌بوبه‌کری هاوه‌ڵی خه‌می لێهات پێغه‌مبه‌ریش دڵی دایه‌وه‌ پێی فەرموو: خه‌فه‌ت مه‌خۆ، دڵنیابه‌ خوامان له‌گه‌ڵە ئه‌وسا ئیتر خوا ئاسووده‌ی و ئارامی خۆی  دابه‌زانده‌ سه‌ری و پشتگیری بەهێزی کرد به‌ سه‌ربازانێک که‌ ئێوه‌ نه‌تان ده‌بینین و به‌رنامه‌و ئاینی بێ باوه‌ڕانی دانەواند و ڕسواتری کرد، به‌رنامه‌ و ئاینی خودایش هه‌میشه‌ به‌رز و بڵندتره‌، خودایش هه‌میشه‌ باڵاده‌ست و دانایه‌، الأتقى: واتا لەخوا ترس ترين ئەم نازناوەش ديسان خواى گەوره  لێیناوە، وەك دەفەرموێت: (وسيجنبها الأتقى)(الليل:١٧) واتا: لەخوا ترسەکان لەو سزايەى خوا بە دوور دەبن.

لەدایك بوون و ژیاننامەکەی

زانايان دەڵێن لە دوای ساڵی فیل لەدایكبووە و سیما و شێوەی بە سپی پێست وەسفیان کردوە، لەشی باریك و لاواز بووە، باوکی ناوی عوسمان کوڕی عامر، بە ئەبو قوحافە ناوبانگی دەرکردوە، لە ڕۆژی فەتحی مەککە موسڵمان بووە، دایکی ناوی سەلمای کچی صەخری کوڕی عەمر، زوو موسڵمان دەبێت، ئەبوبەکری صديق له ژیانیدا چوار خێزانی هەبووە سێ کوڕ و سێ کچی لێیان بووە.

خێزانەکانی ئەبوبەکر

- قتیلە کچی عبدالعزی: جیاوازی هەیە لە موسوڵمان بونیدا، ئەم ئافرەتە دایکی عەبدوڵا و ئەسمایە، ئەبوبەکر لەسەردەمی نەفامی تەڵاقی داوە. 

- ئووم روومان کچی عامر: لە هۆزی بەنی کەنانەی کوڕی خەزیمە، مێردەکەی ناوی حارسی سەخبەرە بوو لە مەککە کۆچی دوایی کردبوو، پاشان ئەبوبەکر مارەی کرد، زوو موسڵمان بوو، دایکی عبدولڕەحمان و عائیشەیە (رەزای خوایان لێ بێت) لە سەردەمی پێغەمبەری ساڵی شەشەمی کۆچیدا کۆچی دوای کردووە. 

- حبیبه كچی خارجە: ئەم خێزانەی لە پشتیوانانە و لە هۆزی خەزرەجە بوو، پاش وەفاتی ئەبوبەکر ئوم کەلسومی بوو. 

- ئەسمای کچی عوومەیس: بە ئوم عەبدوڵا ناسراوە، لە کۆچەریانی دێرێنە، زوو موسڵمان بووە، پەیمانی بە پێغەمبەر داوە، لەگەڵ جەعفەری کوڕی ئەبو تاليبی هاوسەریدا كۆچی کردوە بۆ حەبەشە، پاشان لەگەڵیدا کۆچ دەکا بۆ مەدینە، لەجەنگی موئتە هاوسەرەکەی شەهید دەبێت، پاشان ئەبوبەکر دەیخوازێت محمدی لێ دەبێت. 

كوڕ و کچەکانی ئەبوبەکر

- عەبدورەحمانی كوڕی ئەبوبەکر: گەورەترین کوڕی ئەبوبەکرە و لە ڕۆژی حودەيبيەدا موسڵمان بوو. موسڵمانیەتێکی زۆر چاك، هاوەڵێتی پێغەمبەری خوای کردوەو بە ئازا و نەبەرد ناوی دەرکردوە. 

- عەبدوڵا كوڕی ئەبوبەکر: خاوەنی ڕۆڵێکی گرنگ بوە لە ڕۆژی کۆچدا، بە ڕۆژ لە مەککەدا دەمایەوە بۆ کۆکردنەوەی هەواڵ و لەوێش بەدزیەوە خۆی دەگەیاندە ئەشکەوتی سەور و هەواڵەکانی دەگەیاندە پێغەمبەری خودا و باوکی، هەر کە ڕۆژ دەبویەوە دەگەڕایەوە بۆ مەککە، لە جەنگی تائیفدا تیرێکی بەردەکەوێت، بە کاریگەری ئەو تیرەوە لە سەردەمی خیلافەتی باوکیدا لە مەدینە بە شەهیدی گیان دەسپێرێت.

- محمدی کوڕی ئەبوبەکر: دايكی ناوی ئەسمایە، لە ساڵی حەجی ماڵئاوایدا لەدایك بووە، لەژێر سایەی عەلی کوڕی ئەبو تالب دا گەورەبووە پاشانیش کردی بە والی و سەرکردەی میسڕ هەر لەوێش کوژرا.

- ئەسمای کچی ئەبوبەکر: نازناوى خاوەن دوو پشتێن بوو، لە عائیشە گەورەترە، پێغەمبەری خودا (د.خ) ناوی ناوە (ذات النطاقين) واتە خاوەن (دوو پشتوێن) چونکە لەکاتی کۆچدا پیاسکەی خواردنی بۆ پێغەمبەر و باوکی ئامادە دەکرد، نەیدەزانی بە چییەوە بیبەستێت بە خۆیەوە بۆ ئەوەی نەکەوێت ناچار پشتوێنەکەی خۆی کرد بە دوو لەتەوە و لەتێکیان پیاسکەی پێبەست. پێغەمبەری خواش ئەوناوەی لێ نا، مێردەکەی ناوی زوبێر کوڕی عەوام بوو (رەزای خوای لێ بێت) کۆچی کرد بۆ مەدینە، پاش کۆچەکەی عبداللەی کوڕی لەدایك بوو، ئەسما تەمەنی دەگاتە ١٠٠ ساڵ بەڵام نە عەقڵی دەکەوێت نە ددانی، زۆر خێرۆمەند و بەخشندە بووە، لەساڵی ٧٣ـی کۆچی لە مەککە کۆچی دوای دەکات. 

- عائیشەی کچی ئەبوبەکر: ڕاستگۆی کچی ڕاستگۆ، عائیشە هەر بە مناڵی ئیسلامی پێ گەیشت، هاوسەرگیری پێغەمبەری خودا (د.خ) لەگەڵ عائیشە پێش کۆچی پێغەمبەری خودا (د.خ) بوو بۆ مەدینە، نزیکەی ساڵ و نیوێک یان دوو ساڵ پێش هیجرەت بوو کە عائیشەی مارەکرد، دواتر لە مانگى شەوالى ساڵی دووەمى کۆچی و پاش گەڕانەوەى لە غەزاى بەدر ئینجا گواستییەوە، بە زاناترینی  ئافرەتان ناوبانگی هەیە، پێغەمبەر بە دایکی عبداللە بانگی کردوە و ئەوەندەی خۆش ویستووە ببووە بە نموونەی ئافرەتی چاك، ٦٣ ساڵ و چەند مانگێك ژیاوە و لەساڵی ٥٧ـی کۆچیدا کۆچی دوای کردوە.

- ام کلثوم کچی ئەبوبەکر: دایکی ناوی حەبیبەیە، ئەبوبەکر لە کاتی سەرەمەرگدا بە عائیشەی وت ئەو دووانە هەردووکیان براتن، ئەو دوانەش هەردووکیان خوشکتن، عائیشەش پیێ وت: ئەوە ئەسمایە دەیناسم ئەی خوشکەکەی ترم کێیە؟ ئەویش وتی سکەکەی کچەکەی خارجە، بەڕاستی دڵم خەبەری داوە وادەزانم کچە، هەرواش دەرچوو، ئەو کچەش پاش مردنی ئەبوبەکر لەدایك بوو، پاشان گەورەبووە و تەلحه كوڕی عوبەیدوڵڵا مارەیکرد بەڵام لە جەنگی جمل شەهید بوو، عائیشە لە کاتی عیددەی دا دەیبات بۆ مەککە حەجی پێ دەکات. 

سەردەمی نەفامی

ئەبوبەکر گەورە بوو لە مەککە، و لەکاتی لاویدا جلی دەفرۆشت و سەرکەوتوو بوو لە بازرگانیەکەیدا و دەستکەوتێکی زۆری ھەبوو، و بازرگانیەکەی فراوان دەبوو و لە دەوڵەمەندەکانی قوڕەیش بوو، و لە سەر گەورە و پێشەواکانیان بوو، بە دانایی و ھۆشیاری ناسرا بوو، و لەوانەبوو کە شەرابیان لە خۆیان حەرام کردبوو لە سەردەمی نەفامیدا، و حەنیفی بوو و خوای دەپەرست لەسەر ڕێبازی ئیبراھیم و ئەبوبەکر لە گەڕەکێکدا ئەژیا کە بازرگانەکانی تیا دەژیان، و پێغەمبەریش لە ھەمان شوێن دەژیا، و لەوێوە ھاوڕێیەتیان دەستی پێکرد، کە نزیک بوون لە یەکەوە لە تەمەن و بیرکردنەوەو زۆر ئاکار و ڕەوشتدا. 

موسوڵمانبوونی

ئەبوبەکر یەکەم پیاو بوو موسڵمان بووە، لەدوای ئەوەی موسڵمان بوو، پشتگیری پێغەمبەری کرد لە بانگەوازەکەی و سوودی لە شوێن و خۆشەویستی خۆی وەرگرت لە ناو قوڕەیشدا و زۆر کەس لەسەر دەستی موسڵمان بوون، لەوانه پێنج لە وانەی کە مژدەی بەھەشتیان پێدراوە، کە ئەوانیش عوسمانی کوڕی عەفان، زوبێری کوڕی عەوام، و عەبدوڕەحمانی کوڕی عەوف، و سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس، تەڵحەی کوڕی عوبەیدولڵا. ھەروەھا سەروەتەکەی لەڕێگەی ئیسلامدا دەبەخشی ھەروەک ھەستا بەکڕین و ئازادکردنی زۆر لەو بەندە لاوازانەی موسڵمان بووبوون، وەك بیلالی کوڕی ڕەباح، و عامری کوڕی فەھیرە و زۆری تر، و ڕووبەڕووی ئازارێکی زۆر بوویەوە بە دەستی ئەو قوڕەیشییانەی دژایەتی موسڵمانانیان دەکرد و لە ھەڵوێستە گرنگەکانی، باوەڕی بە پێغەمبەر محەمەد کرد لە ڕووداوی ئیسرا و میعراجدا لەگەڵ بە درۆخستنەوەی قوڕەیش بوو، و ئەو کاتانە پاڵپشتی تەواوی دەربڕی بۆ پێغەمبەر و باوەڕی پێدەکرد لە ھەموو شتێکدا، لەبەر ئەوە ناونرا صديق، ئەبوبەکر لە مەککە مایەوە و نەڕۆشت بۆ حەبەشە کاتێک پێغەمبەر مۆڵەتیدا بە هەندێك لە ھاوەڵان کۆچبکەن بۆ حەبەشە، و کاتێک پێغەمبەر بڕیاری کۆچیدا بۆ مەدینە، ئەبوبەکر ھاوەڵی کرد لەو کۆچکردنە.

کۆچکردنی

زۆر لە موسڵمانان کۆچیان کرد بۆ مەدینە، پێغەمبەر لە مەککە مایەوە لەگەڵ هەندێك لە موسڵمانان لەوانه ئەبوبەکر، کە چاوەڕێی بڕیاری کۆچکردنی پێغەمبەری ئەکرد تا لەگەڵیدا کۆچ بکات، و شەوی کۆچکردن پێغەمبەر دەرچوو لە سێ یەکی کۆتایی شەو ئەبوبەکر چاوەڕێی ئەکرد و ھاوڕێیەتی کرد لە کۆچکردن کە لە ئەشکەوتی سەور مایەوە لەگەڵی سێ ڕۆژ تاکوو قوڕەیش ھێوربوونەوە لە گەڕان بە شوێنیاندا پاشان ڕێگەکەیان تەواو کرد بۆ مەدینە، ئەگێڕنەوە لە ماوەى ئەو سێ ڕۆژەدا بێ باوەڕەکانی قوڕەیش گەڕان بە دوایان لە ئەشکەوتی سەور، بەڵام خودا فەرمانی کرد بە جاڵجاڵۆکە کە بەردەم ئەشکەوتەکە بگرێت و فەرمانی بە کۆتر کرد کە ھێلکە لە تەنیشتیا دابنێت تا بێباوەڕان وابزانن ئەشکەوتەکە چۆڵە، و بە پێی گێڕانەوەکان ئەبوبەکر بە پێغەمبەری ووتووە (ئەگەر یەکێکیان سەیری بەر پێی بکات ئەمان بینێت) پێغەمبەر دڵنیای کردووە و فەرمویەتی: (ئەبوبەکر شکت چۆنە بۆ دوو کەس کە خودا سێیەمیان بێت؟ دڵتەنگ مەبە خوامان لەگەڵە).

بەشێك لەو ئایەتانەی کە باسی فەزڵ و گەورەی ئەبوبەکر دەکەن

إِلَّا تَنْصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ الَّذِينَ كَفَرُوا ثَانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِي الْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا ۖ فَأَنْزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ وَأَيَّدَهُ بِجُنُودٍ لَمْ تَرَوْهَا وَجَعَلَ كَلِمَةَ الَّذِينَ كَفَرُوا السُّفْلَىٰ ۗ وَكَلِمَةُ اللَّهِ هِيَ الْعُلْيَا ۗ وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ (40)) (سورة التوبة:٤٠) ئه‌گه‌ر ئێوه‌ پشتگیری پێغه‌مبه‌ر (د.خ) نه‌که‌ن و یارمه‌تی نه‌ده‌ن، ئه‌وه‌ به‌ڕاستی خودا پشتگیری کرد و سه‌ری خست، کاتێک ئه‌وانه‌ی بێ باوه‌ڕبوون ده‌ریان کرد له‌ شاری مه‌ککه‌ و یه‌کێک بوو له‌و دوو که‌سه‌ کاتێک هه‌ردووکیان له‌ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌دا بوون بوون (کاتێک بێ باوه‌ڕه‌کان گه‌شتبوونه‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌شکه‌وته‌که‌ ئه‌بوبه‌کری هاوه‌ڵی خه‌می لێهات) پێغه‌مبه‌ریش (د.خ) دڵی دایه‌وه‌ و پێی وت: خه‌فه‌ت مه‌خۆ، دڵنیابه‌ خوامان له‌گه‌ڵه‌، ئه‌وسا ئیتر خوا ئاسووده‌ی و ئارامی خۆی دابه‌زانده‌ سه‌ری و پشتگیری و به‌هێزی کرد به‌ سه‌ربازانێک که‌ ئێوه‌ نه‌تانده‌بینین و به‌رنامه‌ و ئاینی بێ باوه‌ڕانی دانه‌واند و ڕیسواتری کرد، به‌رنامه‌ و ئاینی خودایش هه‌میشه‌ به‌رز و بڵندتره‌، خودایش هه‌میشه‌ باڵاده‌ست و دانایه‌.

(فَأَمَّا مَنْ أَعْطَىٰ وَاتَّقَىٰ(5)وَصَدَّقَ بِالْحُسْنَىٰ(6)فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْيُسْرَىٰ) (سورة الليل:٧،٦،٥)، واتا: كه‌سێك ئه‌و ماڵه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی له‌ پێناو خوای گه‌وره‌دا بیبه‌خشێ وه‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌‌ بكات وه‌ خۆی له‌ حه‌رام و سه‌رپێچی و تاوان بپارێزێت وه‌باوه‌ڕی به ‌پاداشتی خوای گه‌وره‌ هه‌بێت كه‌ ئه‌م كاتێك كه دەبه‌خشێت خوای گه‌وره‌ ئه‌جرو پاداشتی دەداتەوە، یاخود باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ خودای گه‌وره‌ جێگای بۆ پڕ دەکاتەوە، یاخود باوه‌ڕی به‌ (لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ) هه‌بێت، یان باوه‌ڕی به‌و نیعمه‌تانه هه‌بێت كه‌ خوای گه‌وره پێی به‌خشیووه‌، یاخود باوه‌ڕی به به‌هه‌شت هه‌بێ.هه‌ر كه‌سێك ببه‌خشێ و ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكات و باوه‌ڕی به‌و شتانه‌ هه‌بێت ئه‌وه‌ ئێمه‌ش كرده‌وه‌ی چاك و عیباده‌ت و خواپه‌رستی و خواناسی و چاكه‌ی بۆ ئاسان ئه‌كه‌ین، یاخودڕێگای به‌هه‌شت و چوونه‌ به‌هه‌شتی بۆ ئاسان ده‌كه‌ین، یاخود وتراوه‌: پاداشتی چاكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ یارمه‌تیت ده‌دات له‌ دوای چاكه‌ چاكه‌ بكه‌ی، هه‌روه‌كو چۆن یه‌كێك له‌ سزاكانی خراپه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ دوای خراپه‌ خراپەی تری به‌دوادا دێت و مرۆڤ ڕادەكێشێت بۆ خراپه‌ی تر ئه‌وه‌ خۆی له‌ خۆیدا سزای خوای گه‌وره‌یه‌ بۆی، ئه‌م ئایه‌تانه‌ له‌سه‌ر (ئه‌بوبه‌کری صدیق) دابه‌زیوه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئیسلامدا ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ی كه‌ كۆیله‌ بوونه‌ و له‌ ژێر ده‌ستی كافراندا بوونه‌ (ئه‌بوبه‌كری صدیق) ئه‌یكڕین و له‌ پێناو خودای گه‌وره‌ ئازادی ده‌كردن به‌ تایبه‌تی ژن و پیره‌ژن و به‌ساڵاچوانی ده‌كڕی و ئازادی ده‌كردن له‌ پێناو خودای گه‌وره‌، تا باوكی دەیوت ئه‌ی ئه‌بوبه‌كر ئه‌گه‌ر تۆ هه‌ر كۆیله‌ش ئازاد ده‌كه‌یت كۆیله‌ی به‌هێز ئازاد بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگریت لێ بكه‌ن و له‌ ئیش و كاردا یارمه‌تیت بده‌ن، دەیفه‌رموو: ئه‌ی باوكه‌ من مه‌به‌ستم ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌یه‌، خوای گه‌وره‌ ئه‌و ئایه‌تانه‌ی له‌سه‌ر (ئه‌بوبه‌كری صدیق) دابه‌زاندووه‌ (ڕه‌زاو ڕه‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌یه لێ بێت)، (وَسَيُجَنَّبُهَا الْأَتْقَى)اللیل :17 واتا وە به‌ته‌قواترین كه‌س له‌و ئاگره‌ گڕ و بڵێسه‌داره‌ خۆی دوور ده‌خاته‌وه‌، كه‌ زۆربه‌ی موفه‌سیرین دەفه‌رموون مه‌به‌ست لێی (ئه‌بوبه‌كری صدیق)ـه‌، به‌ڵكو هه‌ندێكیان كۆده‌نگی زانايان موفه‌سیر نقڵ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م ئایه‌تانه‌ له‌سه‌ر (ئه‌بوبه‌كری صدیق) دابه‌زیوه‌ كه‌ له‌ هه‌موو كه‌س به‌ ته‌قواتر بووه‌ له‌ پاش پێغه‌مبه‌ری خودا (د.خ)، [إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ] (الْحُجُرَات: 13) وه‌ به‌ڕێزترینیش لای خودای گه‌وره‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ به‌ته‌قواترین بێت، كه‌واته‌ به‌ڕێزترین کەس لای خوای گه‌وره‌ له‌ پاش پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ئه‌بوبه‌كر بووه‌، به‌ڵكو له‌ پاش هه‌موو پێغه‌مبه‌ران باشترین و به‌ ته‌قواترین و چاكترین و به‌ڕێزترین و پاكترین و شیاوترین كه‌س (ئه‌بوبه‌كری صدیق) بووه‌.

إِنَّ الَّذِينَ قَالُوا رَبُّنَا اللَّهُ ثُمَّ اسْتَقَامُوا تَتَنَزَّلُ عَلَيْهِمُ الْمَلَائِكَةُ أَلَّا تَخَافُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَبْشِرُوا بِالْجَنَّةِ الَّتِي كُنْتُمْ تُوعَدُونَ، واتە: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌لێن په‌روه‌ردگاری ئێمه‌ ته‌نها (الله)ـیه‌، پاشان ئیستیقامه‌یان هه‌یه‌ و جێگیر و چه‌سپاو و دامه‌زراون له‌سه‌ر یەکتاپەرستی و كرده‌وه‌ی چاك و جێبه‌جێ كردنی فه‌رزه‌كان، فریشته‌كانی خوای گه‌وره‌ لەکاتی گیانكێشان و زیندوو بوونه‌وه‌ و ده‌رچوون له‌گۆڕ و چوونه‌ به‌هه‌شت دادەبه‌زنه‌ سه‌ریان و پێیان دەڵێن ئێوه‌ مه‌ترسێن ترستان له‌سه‌ر نییه‌ له‌مه‌ودوا ئه‌مین دەبن وه‌ خه‌فه‌تیش مه‌خۆن له‌وه‌ی كه‌ له‌ دونیا به‌ جێتان هێشتووه‌ له‌ سه‌روه‌ت و سامان و منداڵ و خێزان، چونكه ‌خوای گه‌وره‌ باشترتان پێ دەبه‌خشێت وه‌موژده‌ بێ لێتان به‌و به‌هه‌شته‌ی كه‌ ئێوه‌ بەڵێنتان پێ درابوو.

وَالسَّابِقُونَ الْأَوَّلُونَ مِنَ الْمُهَاجِرِينَ وَالْأَنْصَارِ وَالَّذِينَ اتَّبَعُوهُمْ بِإِحْسَانٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ وَأَعَدَّ لَهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي تَحْتَهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَدًا ۚ ذَٰلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ سورة التوبة:100  واتا: پێشه‌نگه‌ سه‌ره‌تاكان له‌ كۆچكه‌ره‌كان و پشتیوانان ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌ حوده‌یبیه‌ به‌شدارى به‌یعه‌ى ریزوانیان كردووه‌، یان ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خوا (د.خ) نوێژیان كردووه‌ ڕووه‌و هه‌ردوو قیبله‌كه‌ وه‌ ئه‌وانه‌یش كه‌ له‌ دوای ئه‌وان هاتوونه‌ و شوێنیان كه‌وتوونه‌ به‌ چاكه‌  خوای گه‌وره‌ لێیان ڕازی بووه‌ (ئیتر چۆن ده‌بێت توانج و جوێن و قسه‌ى ناشیرین به‌ صه‌حابه‌ بوترێت كه‌ خواى گه‌وره‌ لێیان رازى بووه‌، وه‌ به‌هه‌شتى بۆیان ئاماده‌كردووه‌) وه‌ ئه‌وانیش به‌و نیعمه‌ت و فه‌زڵه‌ی خوای گه‌وره‌ پێی به‌خشیوون ڕازین وه‌ خودای گه‌وره‌ باخ و باخاتی له‌ به‌هه‌شتدا بۆ ئاماده‌ كردوون كه‌ جۆگه‌له‌ ئاو به‌ژێر داره‌كان و ماڵه‌كانیاندا دەڕوات و به‌ نه‌مری و به‌ هه‌میشه‌یی تیایدا ده‌مێننه‌وه‌ (ئه‌م ئایه‌ته‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا به‌هه‌شت دروستكراوه‌ و ئاماده‌كراوه‌ ئا ئه‌مه‌ بردنه‌وه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌.

هەندێك لەو فەرموودانەی باسی ئەبوبەکر دەکەن

1)عن ابن عمر(رضي الله عنه) قال: قال رسول الله (صلی اللە عليه وسلم) (من جر ثوبه خيلاء لم ينظر الله اليه يوم القيامة) فقال ابو بكر: ان احد شقي ثوبي يسترخي الا ان اتعاهد ذلك منه فقال رسول الله(صلی اللە عليه وسلم( انك لست تصنع الخيلاء) واتا: له عەبدوڵای کوڕی عومەرەوە دەڵێت: پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرمویەتی: هەر کەسێك جلەکانی بخشێنێت بۆ فیز و خۆهەڵنان، خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا سەیری ناکات، لێرەدا ئەبوبەکر وتی من لایەکی جلەکانم لە زەوی دەخشێت بەڵام هەرخۆم پێوە گرتووە پێغەمبەری خودا فەرموی تۆ لەو کەسانە نیت کە بۆ فیزو خۆبەزلزانی دەیکەن.

عن انس بن مالك قال :أنَّ رسولَ اللَّهِ صلَّى اللَّهُ علَيهِ وسلَّمَ صعِدَ أُحدًا وأبو بَكْرٍ وعمرُ  فرجفَ بِهِم فقالَ رسولُ اللَّهِ صلَّى اللَّهُ علَيهِ وسلَّمَ : اثبت أُحُدُ فإنَّما عليكَ نبيٌّ وصدِّيقٌ وشَهيدانِ.  واتا: ئەنەس دەگێرێتەوه كە پێغەمبەرى خودا لەگەڵ ئەبوبەكر و عومەر و عوسمان چووە سەر ئوحو، ئوحود لەرزەیەكى كرد، پێی فه رموو راوەسته ئوحود مەجولێ چونكە پێغەمبەر و (صديق)ـێك و دوو شەهيدت لەسەرەوەيه.

عائشةَ قالت: دخلَ عليّ رسولُ اللهِ وعندي جاريتانِ تُغنّيانِ بغناءِ بُعاثٍ فاضطجعَ على الفراشِ وحوّلَ وجههُ ودخلَ أبو بكرٍ فانتهزني وقال مزمارةُ الشيطانِ عند النبي فأقبلَ رسولُ اللهِ فقال دعهمَا ، فلما غفل غمزتهُما فخرجتا. واتا: ئەبوبەکر لە ڕۆژی جەژن خۆی کرد بەماڵی عائشە، دوو کیژی ئەنصاری گۆرانیان بۆ دەگوت، ئەبوبەکر وتی ئاوازی شەیتان لەماڵی پێغەمبەردایە، پیغەمبەریش لە ژوورەوە بوو ڕووی لەدیوارەکە بوو فەرمووی: وازیان لێ بێنە ئەبوبەکر، هەموو گەڵێك جەژنی خۆی هەیە ئێمەش ئەمە جەژنمانە جەژنی ئیسلام. 

ئەبوبەکر لە زاری هاوەڵاندا

عن جابر بن عبدالله أنَّ النبيَّ صَلَّى اللَّهُ عليه وَسَلَّمَ، كانَ يَخْطُبُ قَائِمًا يَومَ الجُمُعَةِ، فَجَاءَتْ عِيرٌ مِنَ الشَّامِ، فَانْفَتَلَ النَّاسُ إلَيْهَا، حتَّى لَمْ يَبْقَ إلَّا اثْنَا عَشَرَ رَجُلًا، فَأُنْزِلَتْ هذِه الآيَةُ الَّتي في الجُمُعَةِ: {وَإِذَا رَأَوْا تِجَارَةً أَوْ لَهْوًا انفَضُّوا إِلَيْهَا وَتَرَكُوكَ قَائِمًا ۚ قُلْ مَا عِندَ اللَّهِ خَيْرٌ مِّنَ اللَّهْوِ وَمِنَ التِّجَارَةِ ۚ وَاللَّهُ خَيْرُ الرَّازِقِينَ}[الجمعة:11]. وفي رواية: قالَ وَرَسولُ اللهِ صَلَّى اللَّهُ عليه وَسَلَّمَ: يَخْطُبُ وَلَمْ يَقُلْ قَائِمًا.

واتا: جابری کوڕی عبداللە دەڵێت: لە کاتێکدا پێغەمبەر (د.خ) وتاری ڕۆژی هەینی دەخوێندەوە، قافڵەی بازرگانی شام گەیشتە ناو شار، هەموو هاوەڵانی پێغەمبەر ڕۆشتن بە دەمیەوە کەس بە تەنها لە مزگەوت نەما تەنها دوانزە کەس نەبێت، ئەم ئایەتە دابەزیە خوارەوە (وَإِذَا رَأَوْا تِجَارَةً أَوْ لَهْوًا انفَضُّوا إِلَيْهَا وَتَرَكُوكَ قَائِمًا ۚ قُلْ مَا عِندَ اللَّهِ خَيْرٌ مِّنَ اللَّهْوِ وَمِنَ التِّجَارَةِ ۚ وَاللَّهُ خَيْرُ الرَّازِقِينَ). عن عائشة أن أبا بكر رضي الله عنه لم يكن يحنث في يمين قط حتى أنزل الله كفارة اليمين وقال لا أحلف على يمين فرأيت غيرها خيرا منها إلا أتيت الذي هو خير وكفرت عن يميني

عائشە دەڵیت :ئەبوبەکر هەرگیز سوێندی خۆی نەشکاندووە، تا ئایەتی کەفارەتی سوێند هاتە خوارەوە، وتی سوێند بۆ هەمو شتێکی تر بخۆم بزانم خێر لە شتێکی تردایە ئەوە سوێندەکەم دەشکێنم ئەو کارە خێرە دەکەم کەفارەت سوێندەکەم دەدەم.

کۆکردنەوەی قورئان

لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر محەمەد زۆرێک لە عەرەبەکان لە ئاین پاشگەز بوونەوە، کە ئەبوبەکر بەرەنگاری ھەموویان بوویەوە لەوانەی کە بە تەواوی لە ئاین پاشگەز بووبونەوە، و ئەوانەی کە وازیان لە ھەندێک دین ھێنابوو وەک زەکات دان و ئەوانەش کە بانگەوازی پێغەمبەرایەتیان دەکرد، بەم شێوەیە شەڕێکی گەورە ڕوویدا و لەو شەڕانەدا ژمارەیەکی زۆر موسڵمان بوونە قوربانی کە بەپێی گێڕانەوەیەک ٧٠ کەس لەوانەی ھەموو قورئانیان لەبەر بوو کوژران، هەر لەبەر ئەوە عومەری کوڕی خەتاب پێشنیاری بۆ ئەبوبەکری سدیق کرد کە ھەموو قورئان لە یەک بەرگدا (مصحف) بنوسرێتەوە، بەم شێوەیە ئەبوبەکر لیژنەیەکی دورست کرد کۆکردنەوەی قورئان کە لە عومەری کوڕی خەتاب و زەیدی کوڕی سابت پێك ھاتبوون بۆ کۆکردنەوەی قورئان و ژمارەیەك لە ھاوەڵان دەست نیشان کران بۆ نوسینەوە، نزیکەی دوو ساڵ خەریکی کۆکردنەوەی ھەموو ئەو بەرگانەی قورئان بوون.

مردنی و دانانی عومەر بە جێنشینی خۆی

پێش کۆچی دوایی ئەبوبەکر، ڕاوێژی بە کۆمەڵێک لە دووربین و ڕاوێژکارەکان کرد لە ھاوەڵەکان، ھەموو کۆك بوون لەسەر ئەوەی خەلافەت بدرێت بە عومەری کوڕی خەتاب، بە خەڵکیان ڕاگەیاند و ھەموو ڕازی بوون، کە ئەبوبەکر بینی ھەموو خەڵك ڕازین داوای لە عوسمانی کوڕی عەفان کرد کە بینوسێت، ئەبوبەکر کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٣ی کۆچی بەرامبەر ٦٣٤ ز لە مەدینە لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا، و ماوەی خەلافەتەکەی دوو ساڵ و سێ مانگ و سێ ڕۆژ بوو، و لە ماڵی عائشە نێژرا لە تەنیشتی پێغەمبەر محەمەد.


سەرچاوەکان



14854 بینین